مێژووی یارسان و دێرینەکەی بۆ پسپۆرانی مێژووناس بەجێ دەهێڵین ،کات بەرتەنگە، من دەمهەوێ ڕەهەندێکی جیاوازتر باس بکەم
دەمهەوێ لەو نووسینەدا ئەو ئامانجە بپێکم فەلسە بنەڕەتیەکانی ئەو دینە سەر زەوییە شیبکەمەوە.
مێژووی یارسانەکان بەپێی ”کەڵام” ئەو کتێبەی کە وەکوو موقەدەساتی خۆیان باوەڕیان پێیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەکانی حەووت، دامەزرێنەری ئەم دینە کەسێکە بەناووی ”سوڵتان ئسحاق”(ساهاک) کوڕی شێخ عیسا لە ناوچەی بەرزنجی باشووری کوردستان ساڵی ۱۲۷٦ی میلادی لەدایک دەبێ، بە مێرمنداڵی تا ئەوکاتەی کە گەورە دەبێ لەگەڵ فەلسەفە و ئەدەبیات خۆی ڕا دێنێ، بە کەسایەتییەکی بەناوبانگ دەناسرێت، کاتێک لەگەڵ برا ناتەنییەکانی بەهۆی ئەوەی کە ئیرەیی پێ دەبەن تووشی کێشە دەبێ، لەگەڵ یارانی ڕوولە ”پردی وەر”(ئەوبەری ئاو)لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوچەی هەورامان دەکات،
یارسانەکان بە چەن نازناوێک دەناسرێن”ئەهلی حەق،قەڵخانی،کاکەیی”بەڵام لە ڕاستی دا زۆرتر خۆیان بە ئەهلی حەق دەناسێنن لەبەر ئەوەی شوێنکەوتووانی سوڵتان ساهاکن، پێیان وایە سوڵتان ساهاک کەسێکە ڕێگای ڕاستی و حەقی هەڵبژاردووە،
ڕووکنی سەرەکی دینی یارسان لەسەر چوار کۆڵەکە بونیاد نراوە ”ڕاستی،نەبوون،پاکی،ڕەدا”
ڕاستی؛ هەڵگرتنی هزری ڕاستی و لە درۆ و خییانەت خۆ بپارێزی
نەبوون؛ لە ناوبردنی هەوەس و خۆشی، تامووچێژی دونیا، بێجگە لەوەی کە خودا ڕازی بێ هیچی دیکە گرنگ نیە، ئێمە لە بەرامبەری خودای خۆمان هیچ نین
پاکی؛ ئەهلی حەق دەبێ لە ناخەوە لە دەرەوە لە هەموو ڕەهەندێکەوە پاک و بێگەرد بێت، لە ناخەوە هزر،وتار، کرداری هەمووی بێ خەت و خەش بێت
ڕەدا؛ خزمەت،هاوکاری،بێ بەرامبەر، بێ چاوەڕوانی هەرچەشنە پاداشتێک
یەکێکی دیکە لە گرنگترین ترین هێماکانی ئەم دینە هێشتنەوەی ”سمێڵ”ە بۆ ناساندن و پەرەپێدانی خۆیان لەنێو خڵک دا وەهەروەها فەلسەفەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتی کە سوڵتان ساهاک بە یارانی خۆیی دەڵێ ڕدێن بتاشن و سمێڵ بهێڵنەوە بۆ ئەوەی ببێتە هێمای ناساندنی دینێکی تایبەت لە نێو خەڵکدا
یارسانەکان باوەڕێکی قووڵیان بە ”دونایدوون”هەیە هزری ئەوان بەم شێوەیە شرۆڤەی دونایدوون دەکا؛ دینی یاریەکان دینێکی تایبەتە، ئەوان پێیان وایە بەهەشت و جەهەندەمێک بوونی نیە، ڕۆحێک کاتێک لەدایک دەبێ و دەچێتە جەستەی مرۆڤێکەوە”هەزار و یەک جار” لەدایک دەبێ و دووبارە دەمرێتەوە
بەدرێژای ئەم هەزار و یەکجار زیندوبوون و مردنەوەیە، ئەو مرۆڤە ئەگەر کەسێکی باش بێت و بمرێ ڕۆحی دەچێتە جەستەی مرۆڤێکی تازە لە دایک بوو ، بەڵام ئەگەر کەسێکی خراپ بووبێ و ئەو ڕووکنە سەرەکیانەی کە کۆڵەکەی دینی یارسانە جێبەجێی نەکردبێ،ڕۆحی دەچێتە جەستەی ئاژەڵێکەوە.
ئەو فەلسەفە بەقووڵی دەمانباتە ناخی هەڵوێستەیەکی ئەرێنی کە مرۆڤ هان دەدا تەنیا چاکە بکەن، وا هەست پێدەکرێ ئەوە پاڵنەرێکی ئەوەندە بەهێز بێت کە دینەکەی ڕەوایی مادی پێ دەدا ئەوەش دەبێتە هۆکار تا ژیان تەنیا بەجوانی بخەمڵێ
فەلسەفەی دینی یاری لە کۆمەڵە چەمکێک پێک هاتووە بۆ نموونە؛ جەژن یان سێ ڕۆژەی خاوەنکار، فەلسەفەی ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ هاودەردی ئەو کاتی کە سوڵتان ساهاک بەهۆی نەیارانییەوە لە دەستی سوپای چیچەک و برایەکانی هەڵدێن و ڕوو لە مەغاری نوو دەکەن، لە و مەغارەدا سێ شەو و سێ ڕۆژ سوڵتان ساهاک و یارانی لەگەڵ سوپای چیچەک بەشەڕ دێن بەبێ خەوو و خۆراک،دوای سێ ڕۆژ و شەو شەڕکردن و شکست دانی سوپای چیچەک، دایکی سوڵتان ساهاک کەڵەباب و مەنێک برنج دێنێت بۆ سوڵتان و یارانی، بۆیە یاریەکان ئەو سێ ڕۆژە بە ڕۆژی سەرکەووتن دەزانن و پێیان وایە دەبێت هەموو ساڵێک یادی ئەو جەژنە بکەن
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم دینە ئەوەیە؛ ئەگەر کەسێکی دینی یاری بگۆڕێ چیدی ناتوانێ تەوبە بکات، ئەو دینە هەڵببژێرێتەوە و ببێتەوە بە یاری
ئەمە لە فەلسەفە و هزری خۆیاندا گونجاندوویانە
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیەکانی دینی یارسان کەڵکوەرگرتن لە ئامێری تەمبوورە، ئەم ئامێرە کاتی لەدایک بوونی منداڵ و لە بۆنە و جێژنی خاوەنکار و بۆنەی ڕاز و نیاز لەگەڵ خودای خۆیان دا بەکاری دێنن
سەرەکیترین تایبەتمەندی ئەم دینە ئەوەیە کە مرۆڤ ناتوانێ هاوکات دوو ژنی هەبێت،
کۆبەند؛(ئاینی یارسان ئاینێکی بەهێز و سەرکەوتووە پێڕەوانی ئەو دینە بەهیچ چەشنێک هێرش ناکەنە سەر هیچ ئاین و ئاینزایەکی دیکە، لەهەمانکاتیش دا دینێکی ئەوەندە ئازادانەیە کە باسی داگیریکردن و تاڵانکردنی بایخە دینیەکانی دیکە ناکات، دینێکە باس لە پەرەپێدانی خۆیی ناکا بەواتایەکی دیکە بەسەر خەڵکی دیکەی دا ناسەپێنێ.
پاڵپشتی ئەو دینە دەتوانێ لە چوارچوێوەی چەمکی ئینسان بوون دا پێناسەی بەرین هەڵگرێ