"an independent online kurdish website

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە دوا کۆنگرەی خۆی دا، کۆنگرەی شازدە، بڕیاری داوە کار بۆ ئەوە بکا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەشداریی لە ڕیفڕاندۆمێک دا هان بدا کە پێوەندیی بە چارەنووسی خۆیانەوە هەبێ. دەقی بڕیارەکە پێمان دەڵێ:” refrandom_kurdistan

لە حاڵێکدا سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندی لە تاران (هەر دەوڵەتێک بێ) هەروا لە سەر حاشا کردن لە بوونی نەتەوەی کورد لە ئێران و مافە رەواکانی بەردەوام بێ، ئێمە بە حەقی بێ ئەملا و ئەولای خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی دەزانین لە دەرفەتی گونجاودا راپرسی گشتی بە پشتیوانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و بیروڕای گشتیی مرۆڤایەتیی پێشکەوتوو لە سەر چارەنووسی کورد لەم بەشەی کوردستاندا وەڕێ بخا و بڕیار بدا”
بەپێی ئەو باسانەی لەو پێوەندییەدا لە زمان بەڕێز کاک خالیدی عەزیزی سکرتێری گشتیی حدک بیستوومە، هۆی ئەو بڕیارەی کۆنگرەی شازدە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەتا ئێستا نە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕووی خۆشی بە داواکانی خەڵکی کوردستان نیشان داوە و نە ئوپۆزیسیۆنی سەراسەریی ئێران دەرکێکی دروستی لە مافەکانی کورد هەیە. هەر بۆیە کۆنگرەی شازدە وای بڕیار داوە کە ئەو باسە بگەڕێنێتەوە لای خەڵكی کورد و خۆیان بکاتە سەرپشک کە شکڵی مانەوەی خۆیان لە نێو ئێرانی سبەینێدا دیاریی بکەن.
بێگومان دەرکردنی ئەو بڕیارە لە لایەن حیزبێکی لە حاڵی خەبات دا، هەست بە بەرپرسایەتیی زیاتر بەرامبەر چارەنووسی خەڵکی کوردستان لە لایەن ئەو حیزبەوە نیشان دەدا و دەتوانێ نیشانەی پێداگریی زیاتر لەسەر ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بێ. بڕیارەکە خۆی لەخۆی دا نەک ئیشکالێکی نیە، بگرە ئەگەر کاری بۆ بکرێ و پلانی باشی بۆ دابرێژرێ، دەتوانێ دەنگی خەڵک بێنێتە نێو کایە سیاسییەکەوە و لەڕێگای خۆیانەوە مەسەلەیەکی گرینگی چارەنووس ساز یەکلا کاتەوە.
هەتا ئێرە من دەگەڵ بڕیارەکەم و وەک خۆی، ڕیفڕاندۆم بۆ پرسی یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە ڕێگایەکی دروست دەزانم. بەڵام ئەو بڕیارە هێندێک پرسیار و تێبینی دروست دەکا کە پێویستە ڕێبەرایەتیی حدک خۆی پێوە ماندوو بکا و هەوڵ بدا کاریان لەسەر بکا:
پێش هەموو شتێک پرسی ڕیفڕاندۆم و هێنانە مەیدانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ بەشداریی لە ڕیفڕاندۆم کاری حیزبێک و دوان نیە و پێویستە کۆدەنگییەکی تەواوی لەسەر هەبێ. نموونەی زەقی باشووری کوردستان لەپێوەندیی دەگەڵ باسی ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆییمان لەبەر چاوە کە چۆن لایەنێک بە تەنیا ناتوانێ ئەو پرسە یەکلا بکاتەوە. کەوابوو حدک کاتێک بڕیار دەدا پێویستە بیر لە چۆنیەتیی جێبەجێ کردنیشی بکاتەوە.
دووهەم تێبینی لەو پێوەندییەدا ئەوەیە بۆ دەبێ حیزبێکی سیاسیی کورد حەقی کەڵک وەرگرتن لە ڕیفڕاندۆم بە خەڵکی خۆی بدا؟ یانی ئەگەر حیزب ئەو بڕیارەی نەدابا، خەڵک مافی ڕیفڕاندۆمی نەبوو؟ ئەوە زیاتر وەک ئەوە دەچێ کە بڕیار بدەین مافی نان خواردن بدەین بە خەڵک ئیدی بیر لەوە ناکەینەوە بۆ مەگەر خەڵک بێ نان خواردن دەتوانن بژین؟ بە باوەڕی من کۆنگرەی شازدەی حدک لەجیاتی بڕیارێک کە هیچ دەراوێکی ڕوونی لێ دیار نیە، دەبوو وەک ماددەیەک لە بەرنامەی خۆیدا بیگونجێنێ و لەسەر خۆی بکاتە ئەرک کە کاری بۆ دەکا.
سێهەم تێبینی لەو بارەوە ئەوەیە بۆ دەبێ مەسەلەی پرسی دیاریی کردنی چارەنووسی خۆمان بە هەڵوێستی ڕیژیمی ئێران و ئوپۆزیسیۆنە نادیارەکەی ببەستینەوە؟ بە باوەڕی من ئەوە کەمایەسییەکە و هەتا ئەحزابی سیاسیی کورد و یەک لەوان حدک ئاوا بیر بکاتەوە خەڵکی کورد لە خۆرهەڵات ناتوانن بڕیار بۆ چارەنووسی خۆیان بدەن.
بەڵام جگە لەو تێبینییانە، هەر لەسەر پرسی ڕیفڕاندۆم هێندێک پرسیار دێنە پێشێ کە هیوادارم بە وردی بیریان لێ بکرێتەوە و بۆ وەڵام دانەوەیان ڕێگای دروست بگیرێتە پێش:
١. ئایا حیزب دەیەوێ ڕیفڕاندۆم لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا بۆ یەکلا کردنەوەی پرسی کورد بەڕێوە بچێ یان چی؟ ئەگەر ئەوەیە چۆن و بە چ پلانێک؟
٢. ئایا حیزب هەتا کەنگێ چاوەڕێی هەل و دەرفەت دەبێ و ئەگەر ئەو هەل و دەرفەتە هەر نەڕەخسا، چ دەکا و چ ڕێگایەک نیشانی خەڵک دەدا؟
٣. با وای دابنێین مانگێکی دیکە دەرفەت ڕەخساوە و خەڵک ئامادەی چوونە سەر سەندووقن هەتا چارەنووسی خۆیان دیاریی بکەن.لەو حاڵەتەدا حدک چیان پێ دەڵێ و دەیەوێ داوای چی بکەن؟ ئەگەر دەیەوێ باسی سەربەخۆیی بکەن لەو بارەوە کەمترین تەبلیغی کردوە و دەیکا؟ داخوا دەفکری ئەوەدایە کە لە ئێستاوە بیر و مێشکەکان بۆ ئەو مەسیرە تەربییەت بکا و هەرکات دەرفەت ڕەخسا مەسیری ڕیفڕاندۆم بەو جۆرە دیاریی بکا کە بە قازانجی خەڵکە؟ ئەگەر ئەوەی ناوێ ئەدی چی دەوێ؟
٤. ئایا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و ڕێبەریی دوای کۆنگرەی شازدە دەبەرنامەی دا هەیە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو و حیساب کراو لەسەر ئەو باسە کار بکا و وەک ئەرکێکی نەتەوەیی وەپشت گوێی نەدا؟ ئەگەر وایە جێی دڵخۆشییە و هیوادارم لانیکەم حەوتوانە لانیکەم شتێکی لە بارەیەوە ببینین و مێشکمان دەگەڵی بار بێ.
من وەک ئەندامی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئەو زەرفییەتە دە حیزبەکەم دا دەبینم خۆی بەو پرسە گرینگەوە ماندوو بکا و هەر لە ئێستاوە بیکاتە مەسەلەی جێی باسی نێو کۆڕو کۆبوونەوەکان. بۆ ئەوەش پێویستە دەپێشدا خۆی ساغ کاتەوە چی دەوێ. چاو داگرتن لە لایەنێکی دەسەڵات و دڵخۆشکردن بە هێندێک کەس و لایەنی بێ بەرنامەی ناڕوون، ناتوانێ هاندەرمان بێ بۆ بەڕێوە چوونی ڕیفڕاندۆمێک کە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانی تێدا مسۆگەر بێ.

سەرچاوە: فەیسبۆکی نووسەر….

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی