Hoppa till innehåll
Hem » دێموکرات دەبێ درووشمی بەرگری بگۆڕی بۆ هێرش بردن. حەمە جاف

دێموکرات دەبێ درووشمی بەرگری بگۆڕی بۆ هێرش بردن. حەمە جاف

پێموابێ ئەم پێشنیارە لە ڕووانگەی زۆربەی هەر زۆری ئەندامانی حیزب بەتایبەت بەدەنەی حیزب و ئەم هەڵوێستی دواییانەی ڕێبەری حیزب جێگای سەرنج و تێڕوانینێکی بەپێز بێت بۆ هەموو ڕاشکاوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، hama_jaff

پێشەنگ و پێشڕەووی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،ئەڵاهەڵگری بزاڤتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، قەڵغانی بەرگری و ڕمبی هێرشبەری جەرگ بڕی تاقەت پڕووکێنی گۆڕەپانی خەباتی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەنی شۆڕەسوارانی ڕێگای ئازادی و سەربەستی، سوارچاکانی و مێرخاسانی هەڵقوڵاوی خەبات و شۆڕشێکی پڕ لە شانازی و سەروەری لە ئەمساڵ دا هەڵوێستێکی مێژووی گرت نەک هەر لەناوخۆیی وڵات بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەشتوانین بڵێین لە جیهانی یەکەم دا لایەنگرانێکی تایبەت بەخۆیی هەبوو.

ئەم هەڵوێستی دوایەی حیزبی دێموکرات پاش بیست ساڵ دەتوانین وەکوو لێدانی زەربەی گورچکبڕ لە دووژمنی سەرەکی ئەم حیزبە و شۆکێکی گەورە بۆ نەیار و دووژمنانی ئەم حیزبە بەراورد بکەین! لەبەر ئەوەی هەنێک لە ئەحزابە کوردییەکان و ئەوانەی بەهۆی بڕش و قەڵافەتی ئەم حیزبی خاوەن شکۆیە بەتایبەت جمهووری دژەگەلی ئاخووندی پەت و سێدارە دێموکراتیان بە کەمپنشین و دۆڕاوی سیاسی و ”منحلە” پێناسەیان دەکرد . بەڵام وەکوو تۆفانێکی بەهێز و دووژمن داپڵۆسێنەر هاتە مەیدان و بە ڕاشکاووی باسی لە دەستپێکردنەوەی خەباتێکی نوێ و گرێدانی خەباتی شاخ و شار کرد بۆ هەمووان.

چ دۆستانی حیزب و چ نەیارانی ئەم حیزبە بێجگە لە بەدەنەی حیزب و ئەوکەسانەی حیزبیان لەنیزیکەوە دەناسی وەخۆ هاتن و گریمانەی ئەوەیان دەکرد حیزبی دێموکرات هەموو پێگەیەکی خۆیی لەدەست داوە بێجگە ئەوەی کە خاوەنی هەڵوێست و بڕیاراتی سیاسی خۆیەتی، بۆیە بە فانتاژیان دەزانی و پێیان وابوو زۆربەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات سەنگەری خەباتیان چۆڵ کردووە و ڕوویان لەهەندەران کردووە و لەمێژە خەڵکی ڕۆژهەڵات باوەڕ و ئومێدەکەی جارانیان بەحیزب نەماوە بۆیە حیزبی دێموکرات دەیهەوێ بە قسە و هەڵوێستی بێبنەما خەڵکی ڕۆژهەڵات فریوو بدا و پێش بە کەسانێکی شۆڕشگێڕ بگیرێ کە سەنگەری خەبات چۆڵ نەکا.

ئەوان بێ ئاگا بوون لەوەی کە حیزبی دێموکرات خاوەنی قاعیدەی جەماوەرییە و هەرکات و ساتێک بیهەوێ بەشێوەی دینامیت دەنگی خۆی دەگەیەنێ بەهەموو چواردەووروبەری و پێگەی چەقبەستووی لەمێژینەی لەنێو دڵی منداڵان و لاوان و بەساڵاچووان دا بەستووە. حیزبی دێموکرات لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە بە کلتوور و دابوونەریت”لەبەر ئەوەی خاوەنی چەندین دەستکەووتی بەپیتە لە مێژووی پڕ لەشانازی و پڕ لەسەروەری خۆیدا، بۆیە تەحدای ئەوە دەکەم بە نەمان و ڕووخانی کۆڵەکەی سەرەکەی ئەم حیزبەش بە هاسانی ناو و دەنگ و ڕەنگی بۆ چەندین جیلی نوێی ڕۆژهەڵات ناسڕێتەوە و هەمووکات بوونی وەکوو ئاو و هەوا پێویستە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات گەر بمانەوەێ حیزبی دێموکرات بە وردی پێناسەبکەین و بوون و گرنگی ئەم حیزبە بۆ خەڵکی شی بکرێتەوە بە چەن ڕستە و پاراگراف تەنیا سەردێڕی بوونی دێموکراتمان پێناسەکردووە باس کردووە و قەترە ئاوێکمان لە ئۆقیانووسێک دا دەرهێناوە، هەرچەند حیزبی دێموکرات چەندین قۆناغی خەباتی گۆڕیەوە و سەرکەووتوبووە لە هەموو قۆناغەکانی خەبات دا بەڵام هەندێک جار پێویستە ڕەخنە و پێشنیار ئاراستەی ئەم حیزبە کرێ بۆ ئەوەی ئەمە داهێنانێکە خۆی وەدەستی هێناوە و وەکوو یەکێک لە دەستەکەووتە هەر گرینگەکان پێناسەی دەیکەین.

 

ڕەخنە و پێشنیار دابوونەریتێکی لەمێژینەیە لەنێو حیزبی دێموکرات دا، بۆیە ئەم حیزبە هەرکاتێک بیهەوێ هەڵدەستێتەوە و خۆی لە ماوەیکی کورت دا سازماندەیی دەکاتەوە بۆ هەرچەشنە هەڵوێستێک، زۆری شی ناکەمەوە، ڕوون و ڕاشکاوە پاش بیست ساڵ بەهۆی باشووری کوردستان،حیزبی دێموکرات دەستی لەهەندێک شتی گرینگ هەڵگرتووە لەبەر قۆستنەوەی هەلێکی زێڕین بۆ وەدەستهێنانی مافێکی زەووت کراوو کە سەدەیەکە دەناڵێنین بەدەستییەوە و قوربانییەکی زۆری بۆ دراوە بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئاڵوگۆڕی ناوچەکە بەتایبەتی ئێکسپایەربوونی ڕژێمی ئاخووندی و پێویستی بوونی حیزبی دێموکرات چیدی ئەم حیزبە لەبەر هەندێ هۆکار و سنووردار کردنی بیست ساڵەی خەباتی چەکداری هەر لەلایەن خۆیەوە ئەو سنوورەی شکاند و بەڕاشکاوانە باسی لەخەباتی چەکداری کرد و ئەمە ماوەی چەند ڕۆژێکە بەشێوەی پراکتیک لە چەندین شوێنی کوردستان ڕژێمی ئاخوندی بەچۆک دا هێناوە و تەنگی بە ژینی ئەم ڕژێمی خوێنخۆرە هەڵچنیوە.

ڕژێم لەترسی بوون و مانەوەی خۆیی دەستی کردووە بە دەستبەسەرکردنی خەڵکی بێتاوان و تۆپ باران کردنی ناوچە شاخاویەکانی کوردستان، بۆ هەموان دەزانین حیزبی دێموکرات خاوەنی ماڵی خۆیەتی و بوونی بۆ خەڵکی لازم و مەلزوومە و هەمووکات تەنانەت لە کاتی سنووردارکردنی خەباتی چەکداری و پێش بەهاتنەخوارەوەی لەشاخ دا چ لەنێو خەڵک و ماڵی خۆیدا خاوەنی یەک درووشم بووە،ئەویش ئەوە بووە کە هێرش ناکەینە سەر دووژمن مەگەر لەکاتێک دا ئەوان هێرش بکەنە سەرمان و ئێمە بەرگری لەخۆمان بکەین.

ئێمە لەگەڵ ڕژیمێک دا سەروکارمان هەیە تا ئێستا هەزاران ڕۆڵەی قارەمان و بەجەرگیان لێستاندووین و خونچە و گووڵی سمبولی هێمای نەتەوەییان پەڕپەڕ کردووین بۆیە دەبێ ئەوە تێبگەین و بەخۆمان بفامانین ئەم ڕژێمی خوێنخۆرە بە لۆژیک و قسەی خۆش تێناگات و بوونی حیزبی دێموکراتی لەنێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بە هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ ئسرائیل و ئامریکادا بەراورد دەکا و لەوانەشە دانبەوەی دا بنێ لەگەڵ هەموو ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی دا ڕێکەوتن بکا بەڵام هیچکات ڕێگە بەوەی نەدا و ئەوە قبووڵ نەکا حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵات دا بوونی هەبێ! ئەمە شتێکی نادیار و نا ڕاشکاوو نیە و شتێکی حاشا هەڵنەگرە و هەموو خەڵکی و حیزبی دێموکرات ئەم قەزیەیە باش دەزانن. بۆیە چیدی دەبێ حیزبی دێموکرات درووشمی بەرگری و دیفاع کردن لەخۆی وەلانێ و ئەو هەڵوێستە بەجێیە کە ساڵانی ساڵە خەڵکی ڕۆژهەڵات تامەزرۆی بیستنی لەلایەن حیزبەکەیەوە دەکات بە کردەوە بەجێ گەیەنێ و دەستبکا بەڵێدانی زەربەی گورچکبڕ لە ڕژێمی دژەگەلی و مرۆڤایەتی.

هەرچەند لەم ماوەیەدا چەندین زەربەی تاقەت پڕوکێنی لە دووژمن داوە و ئەم هەواڵە بووە بە سەردێڕی ڕۆژنامە و تیڤییەکانی جیهانی عەرەبی و دژبەرانی ئێران بەگشتی و هەموو جیهان حیزبی دێموکرات نابێ باکی لەهیچ وڵاتێک هەبێ بۆ وەدەست هێنانی مافی نەتەوایەتی و دەبێ ئەوەی بزانێ زۆربەی وڵاتانی دونیا و وڵاتە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا پشتیوان و پشتگیری لێ دەکەن و ئەوەی دەزانن کە”ئەوەی دەبێ نەمێنێت و دەبێ مافی گەلانی ئێران بدا خودی ئێرانە بیانوو گرتن و پاساو هێنانەوە لەنێو حیزبی دێموکرات دا بوونی نەبووە و بەدڵنیاییشەوە نایبێت.

ڕاستە دوکتۆری ناوداری کورد دەفەرموێ: گەلێک ئازادی بوێ دەبێت نرخی ئەو ئازادیەش بدا، بەڵێ بۆ دەستپێکی خەباتی نوێ و هەستانەوەی تازە پێویست بەڕاهاتن هەیە بەڵام حیزبی دێموکرات حیزبێکی تازە نیە و یەکەم هەستانەوەی نیە تا هەرکات بیهەوێ لەنێو خەڵکەکەی دابێت شەید و قوربانی بدا پلەی شەهیدی و سەربەرزی بە نسیبی هەموو کەسێک نابێت بەڵام ئێمە دەزانین داهاتوو باس لە نەمانی ئێران و وەدەست هێنانی مافی نەتەوەی کورد دەکا ئەوەش کە قەرارە وەدەست بێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا لێدانی جمهمووری ئیسلامیە چیدی نابێت پێشمەرگە تەنیا بۆ جەولەی نیزامی و کاری سیاسی و تەبلیغاتی بچێتەوە نێوخۆی وڵات دەبێ بۆ لێدانی بنکە و بارەگاکانی ڕژێم بڕواتەوە و گرێدانی خەباتی شار و شاخ تەنیا ئەو ئاماژەیەیە بۆیە هیوادارم حیزب چیدی نرخی کەمتر بدا و دەتسکەووتی بەنرختر تۆمار بکا.