"an independent online kurdish website

 لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تێکەڵاوێک بووە لە فیداکاری و قوربانیدان و سەرسپاردن بە بارەگای ئازادی.akber-shaxewan-shorsh-minberi-00

لە هەمان کاتدا، دژکردەوەی داگیر کەران، لە مەر ئەو خەباتە و دژ بە خەباتکاران و مافخوازان، لە چڵەپۆپەی، درندەیی و ستەمکاریدا بووە. دەسەڵاتی پاوانخواز و دژی ئازادی و مافەڕەواکانی مرۆڤ، هەمیشە تێکۆشاوە، هەر جموجۆڵێکی مافخوازانە، بە توندترین شێوە، سەرکوت بکا، بەندیخانەکان لە مافخوازان پڕ بکا، ئەشکەنجە بکا، بسوتێنێ، لە سێدارە بدا، و ماڵ وسامانی ئازادیخوازان، بە تاڵان بەرێ و بە کورتی کوردستان بکاتە سەربازگەی بێدای! ئەم شێوە هەڵوێستە بەری فەرهەنگێکی پاشکەوتوانەی چەرخەکانی نێوەراستە و ڕیشەی لە خۆ بەزلزانی و پاوانخوازیدایە!

  ئەوان، ناتوانن و هەرگیز بیرلەوەناکەنەوە، کە کۆمەڵە مرۆڤێک جیالە خۆیان کە سۆز و ئابووری و بەرژەوەندی و زمانی هاوبەشیان هەیە و لە سەرخاکی باوباپیرانیان دەژین و لە هەمان کاتدا، لە مافی رەوایان بێبەشن، تێبکۆشن و ڕاپەڕن و کوێلەیی پەسند نەکەن و بیانەوی، زنجیری ستەم، لە ملیان داماڵن! هەربۆیە رێگا بە هەرتێکۆشانیک ئەگرن، کە لەو پیوەندییەدا بێتە ئاراوە. دیتمان دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران، دوای زاڵبوون بەسەر حکوومەتی کۆماری کوردستاندا، سەبارەت بە پیشەوای دێموکرات ومرۆڤدوست ونزیکەکانی، چ رەفتارکی ئەنجامدا. لە راستیدا، بە لە سێدارەدانی سەرکردەکانی کومار، کۆماری کوردستان یان ویستی نەتەوەیکیان لە سێدارەدا. ئەوە بوو دیتمان، خۆ بە نوێنەردانەرانی خوداو پەیامبەر، چلۆن لەگەڵ داخوازەرەواکانی ئەو نەتەوە بەرەو رووبوون. ئەوان نە تەنیا بە کوشتن و لە سێدارەدان و تاڵانکردن و بەندکردن، وازیان نەهێنا، بەلکوو وەک کافر و وەرگەڕاوە لە دین، فتوای جیهادیان دژ بەونەتەوە دا و هەتاهەنووکەش ئەوبریارە دزێوە لە میشکی میراتگرانییاندا، قەتیس ماوە. تیرۆری سەرکردەکانی حیزبی دێموکرات، بەری ئەو فتوایە و شۆراوەی ئەو فەرهەنگە دژی مرۆڤەیە بوو. وەڵامی داخوازی رەوا و کەمۆکەمان، بە ئاورو ئاسن درایەوە! بۆ پارێزگاری لە خۆمان ناچاربووین، چەک هەڵگرین. هەرگیز هێرشمان نەکردە سەر خاکی هیچ نەتەوەیەک. سەرەڕای ئەوە، ئەوان، هێرشیان کردە سەرکوردستان و تەڕ و ویشکیان پێکەوە سووتاند! لەو خەباتەڕەوادا، بێجگە خەڵکی ئاسایی، بە هەزاران، پیشمەرگەی ڕۆڵەی ئەوخەڵکە، بە دەستی ستەم، شەهیدکران. لەسەرانسەری کردستان، بەرخۆدان سەری هەڵدا وهەربەشە لەوخاکە، بۆ وەدەست هێنانی ئازادی، قوربانی خۆیان پێشکەشکرد. هەموو ئەو شەهیدەسەربەرزانە، جێگای شانازی هەموومانن. هەندێک گوند، لەو پیوەندییەدا، قوربانی زۆرتری دا. بۆ نموونە گوندی “نییەر” لە ژاوەرۆ هەتا ئێستا بە ئەکبەر و شورس و شاخەوانی شەهیدەوە کە لەم ڕاسانی دواییەدا، گیانیان بەختکرد، ئەوگوندە بەگشتی٦٧ ڕۆڵەی خۆی بە بارەگای ئازادی پێشکەشکردووە و بوونی پرلە شانازی خۆی، خستووەتە لاپەڕەکانی میژووی بەرخودانی گەلەکەیەوە. ئەوان و شەهیدانی قەرەسەقەڵی شنۆ، بۆ شکاندنی بەستەڵەکی ستەم، چوونە مەیدان و گیانیان بەختکرد.

  وەک دەزانین، زیاتر لە٢٠ساڵە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی باشووری کوردستانەکەمان، بەرخۆدانی ئاشکرا لەرۆژهەڵات، راگیراوە. وەک دەزانین، کۆماری سێدارە، لە ئێران بە تایبەت لە کوردستان، هەموو درگایەکی لە سەر شیوەخەباتی مەدەنی وسینفی داخستووە و لە بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ ئەو خەڵکە بندەستکراوە، پێشمەرگە بۆ پارێزگاری لە کادرەکۆمەڵایەتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ناچاربووە، دوورونزیک، چاوی لیان بێ. لە بەرئەوە رژیم بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی، هەرجموجۆڵێکی خستووەتەژیر چاوەدیرییەو و هەزاران سیخوری بۆ ئاگادارکردنەوەی هیزە سەرکوتکەرەکان، خستووەتەگەڕ، ئەوهێزانە دەچنەسەرڕێگای فریشتەکانی ئازادی و بەم جۆرە، بەربەرەکانی دەس پێدەکا. ئەو خەباتە، بە لەبەرچاوگرتنی بۆ چوونی ئەورژیمە لە پێوەندی لەگەل ناسینی مافی خەلکی دیکەدا، خەباتێکی رەوایە. کورد مافی خۆیەتی، لە سەرخاکی خۆیدا، سەربەخۆ بژی و بۆ گەیشتن بەو قۆناخەش، پێویستە گشت هیزەسیاسییەکانی رۆژهەڵات کێشەی لاوەکی خۆیان وەلابنێن و یەکبگرن وبێنە مەیدان وخەلکی خۆیان بۆ راپەرینێکی جەماوەری ئامادە بکەن و هەتا رامالینی داگیرکەران وچان نەدەن. گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ نرخەکەی بدا. مادام داوای نانیش بکەین، سەرکوت لە ئارادایە، باشترین ڕیگا، تێکۆشانە بۆ وەدەرنانی داگیرکەران بۆ ئەوە، کورد بە ئازادی، دەنگ بدا بۆ ئازادی و چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی دیاری بکا،

 سلاو لە گشت شەهیدانی ڕێگای دژواری ئازادی گشت کوردستان، بە تایبەت، شەهیدانی ئەم دوایانەی راسانی نوێمان.

٢٨/٦/٢٠١٦

xeliqi

خەلێقی، سوید

بابەتی پەیوەندی دار

شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر شەڕی مەریوان و مەهاباد ڕاگەیەندرواێکی بڵاو کردەوە


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی