لە دوای هێرشەکانی یازدەی سپتامبر ساڵی 2001 ئەمریکا و داگیرکردنی ئەفغانستان و عێڕاق بەم بیانووە وەک لە بەشی یەکەم دا ئاماژەمان پێکرد،
ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ نەیهەویست بە هیچ شێوەیەک خیانەتی خۆی دەرحەق بە تاڵیبان قەبووڵ بکات و ئەم نهێنیەی لێ ئاشکرا بێت و زیاتر خەریکی هاندانی ڕێبەرانی ئەم ڕێکخراوەیە بوو لە دژی وەڵاتانی دەورووبەر تاوەکوو جێ پەنجەی خۆی بشارێتەوە و وەک دزێکی فێڵباز شکی بۆ خاوەن ماڵ دەکرد، هەر بۆیەش تاوانەکەی خستە پاڵ ئاژانسەکانی هەواڵگری سعوودی و پاکستان.
کاتێک ئاژانسی هەواڵگری پاکستان ناسراو بە ئای ئێس ئای (ISI) درۆ و دەلەسەی ڕێژیمی ئێرانی پێگەیشتەوە، زۆر بەلایانەوە گران بوو، چونکە لە ڕاستیدا ئیستخباراتی پاکستان لە دەستپێکی درووستبوونی تاڵیبانەوە لە هیچ هەوڵێک بۆ بەهێز کردنی ئەوان و بە مەبەستی پێشگرتن لە ئاژاوەگێڕی ئێران و بە تایبەتیش پێشگرتن بە دەوری سیاسی و ئابووری دەوڵەتی هێندووستان لە ئەفغانستان کەمتەرخەمی نەکردبوو نەوەک بێت و بیانفرۆشێت.!!
لە کاردانەوەیەکی توندا سەرەتا دەوڵەتی پاکستان لە ڕێگەی گلەیی و گازندەی دیپلۆماتیک فێڵ و چەواشەکاری ڕێژیمی ئێرانیان بە درۆ خستەوە و ناڕەزایەتی خۆیان پێشان دا، بەڵام وەک تۆڵەیەک لە ڕێژیمی ئێران دواتریش بە داڕشتنی پلانێکی توکمە و توند و تۆڵ هەوڵی دا چەند عشیرەتێکی بەلووچ لە بەلووچستانی ئێران پڕ چەک بکات لە دژی ئێران، دەتوانین بڵێن سەرهەڵدانی ”بزووتنەوەی جوندوڵڵا” بە ڕێبەرایەتی عەبدولمالکی ڕیگی لە بەلووچستانی ئێران بە یەکەم کاردانەوە و تووڕەیی پاکستان لە دژی سیاسەتی چەواشەکارانەی ئێران دادەنرێت.
ئەگەرچی دوای چەند ساڵێک ئەمریکا لە مامەڵەی کڕینی زانیاری گرنگی ئێران سەبارەت بە شوێنە تایبەتیەکانی بن لادەن لە ئێران و پاکستان ڕازی دەبێت و هەر بەم مەبەستەش لە بەرانبەر چەند داواکاری ئێران لە کەیسی پیتاندنی ئۆرانیۆم، ئەمریکا بە یارمەتی سیخوڕێکی ناسراوی ئای ئێس ئای واتە ئاژانسی هەواڵگری پاکستان، عەبدولمالکی ڕێگی قوربانی دەکەن و لە پرۆسەیەکی تەمومژاوی هەواڵگری دا ڕادەستی ئێران دەکەنەوە کە لە بەشەکانی دیکەدا ئاماژەی پێ دەکەم کە چلۆن ئیتلاعاتی ئێران بە درۆ و خۆهەڵکێشان خۆی کردە قارەمان لە گرتنی ڕێبەری جوندوڵڵا دا .
بەشێکی زۆر گرنگی وەڵاتی ئەفغانستان لە بواری جوگرافیای نیزامیەوە ویلایەتی نیمرووزە، لە مێژ بوو شاری هیرات لە باشووری ڕۆژئاوای ئەفغانستان و هاوسنوور دەگەڵ ئێران لە لایەن ئیسماعیل خان وەک والی ئەم شارە و دار و دەستەکەیەوە کونتڕۆڵ دەکرا. ئیسماعیل خان لەو موجاهیدانە بوو کە کارنامەیەکی پڕشنگداری لە جیهاد لە دژی سوپای داگیرکەری سۆڤیەت لە ئەفغانستان و دواتڕیش لە دژی تاڵیبان هەبوو.
ڕێژیمی ئێران بە سیاسەتێکی زیرەکانە کە پێدانی کارەبا و هەروەها کردنەوەی سنووری بازرگانی بۆ والی هیرات و ئاسانکاری هاتووچۆ بوو، ویستی والی هیرات ڕازی بکات لە ئاست سیاسەتی ئێران بە پێچەوانەی خواستی ئەوان نەجووڵێتەوە و شوێن پێی خۆی لێرەش بکاتەوە، دواتر لە ڕێگەی ”میروەیس” کوڕی ئیسماعیل خان کە لە وەڵاتی فەڕانسە بوو ڕێککەوتنێکی دەگەڵ حاکمی هیرات ئیمزا کرد کە کەناڵێکی تایبەت بۆ هاتووچۆی بەشێک لە ئەندامانی تاڵیبان بۆ ئێران بکرێتەوە و ئیسماعیل خان خۆی لێ کڕ بکات و بێ دەنگ بێت و ئەگەر هات و ئەم ڕێککەوتنەی شکاند ئەوە دەوڵەتی ئێرانیش ناتوانێت پێش بە تۆڕەیی خەڵکی شیعەی شاری هیرات و دەورووبەری بگرێت کە لە دەسەڵاتی ئیسماعیل خان زۆر ناڕازین لە دژی شۆڕش نکەن و وەزعەکەی لێ تێک نەدەن.!!
هەر بۆیە ئەم ڕێککەوتنە دەگەڵ والی هیرات ئیمزا کرا و بە کردەوە دەروازەی باشووری ڕۆژئاوای ئەفغانستان بۆ هاتووچۆی بەرپرسانی تاڵیبان بۆ ناوخۆی ئێران و چوونیان بۆ عێڕاق و هاوکات سات و سەودا و بازرگانی سوپای پاسداران بە ماددە هۆشبەرکان لەم سنوورەوە کرایەوە.
دیارە بەشێک لە ڕێبەری جیهادی و بەناوبانگی تاڵیبان لە شەڕی ئەمریکادا کوژران و ئەوانی دیکەش لە سەر تەنیا ئەوەی چەندە دەکرێت متمانە بە ئێران بکەن دابەش بوون بە دوو باڵی جیاواز لەمەڕ پێوەندی دەگەڵ ئێران، لایەنگرانی شەخسی مەلا عومەر و زۆرینەی تاڵیبان زۆرتر سەمپاتیان بۆ پێوەندی دەگەڵ پاکستان نیشان دەدا و لە بەرانبەریشدا ئەو کەسانەی بە بۆنەی بن لادەنەوە ڕوویان لە ئەفغانستان کردبوو و هەروەها بە شێک لە هێز و چەکداری عەڕەب و نەتەوەکانی دیکەی ناو بزووتنەوەی تاڵیبان بە هەڵە باوەڕیان بە کردنەوەی ڕێگەی پێوەندی بۆ دەرەوەی ئەفغانستان لە ڕێگەی دیپڵۆماسی دەگەڵ ئێرانەوە هەبوو.
بەڵام ڕێژیمی ئێران لە کابینەی دووهەمی موحەممەدی خاتەمیەوە پلانێکی گەورەی بۆ تاڵیبان و بە تایبەت ”ڕێکخراوی ئەلقاعیدە” دانابوو، ئەویش بریتی بوو لەوەی لە ڕێگەی ئێرانەوە ژومارەیەکی زۆر لە بەرپرس و چەکداری ڕێکخراوی ئەلقاعیدە بگەیێنێتە عێڕاق و هاوکات هێزی سەربازی ئەمریکا لە دوو وەڵات تووشی شەڕی گرووپە ئیسلامیەکان بکەن و دوای داگیرکردنی عێڕاق هەر زۆر زوو هێزی ئەمریکا ماندوو بکەن و مەجبووری بکەن بکشێتەوە و عێڕاق بە کردەوە بکەوێتە ژێر کونتڕۆڵی تەواوی ڕێژیمی ئێران. هاوکاتیش قازانجێکی دیکەی ئەم کردەی ئێران بریتی بوو لەوەی پێش بە درکاندنی نەهێنی کاری خۆی لە بواری دەستڕاگەیشتن بە وزەکی ناوەکی بگرێت کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخەکە بۆ ئێران ئاڵۆزتر دەبوو.
هەر بۆیەش مەحموود ئەحمەدینژاد کاتێک کێشەکانی ئێران و ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا گەیشتە لووتکە، گلەیی کرد و ڕایگەیاند: ” ئێمە لە ئەفغانستان و عێڕاق هاوکاری تەواوی ئەمریکا و هاوپەیمانانمان کرد لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم کەچی ئێستا ئەوان ئێمەش بە تیرۆریست دەزانن”!.
بۆیە هەموو بەڵگەکان دەریدەخەن کە ڕێژیمی ئێران بە دەست ئانقەست پێوەندی دەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان تا ئێستا نەپچڕاندووە و وەک کارتی فشارێک لە دوو کاتی جیاواز و بە دوو شێوەی جوراوجۆر بە کاریان دێنێت. هەڵبەت دەبێ بگوترێت سیاسەتی ئاژاوە گێڕانەی ڕێژیمی ئێران لەم بوارەدا و بە تایبەت لە هەڕاج کردنی سەروبنی تاڵیبان سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئەوەی گرنگە تاڵیبانی سەرەکی وەک باسمان کرد پشتی بە ئێران نەبەستووە و بە پێچەوانەوە پێیانوایە ئێران خیانەتی لێکردوون و لە بەرانبەر کەیسی ئەتۆمی خۆیدا هەموو زانیاریەکی ئەوانی بە ئەمریکا و ڕۆژئاوا فرۆشتووە.
کۆتایی بەشی دووهەم