ڕۆژی شەممە بەرواری ٢.٧.٢٠١٦ لە لایەن کومیتەی ئوتریشی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەیئەتێک لە شاری ویەن بەشداری لە یادی ٥٩ ساڵەی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سوریە کرد .
لەم یادەدا بەشێک لە حیزبە کوردستانیەکان وسەدان کوردی هەمو بەشەکانی کوردستان بەشداربوون .
بەڕێوەبەری بەرنامەکە هەر لە سەرەتای دەست پێ کردنی قسەکانیدا و پاش بە خێرهێنانی میوانان و ڕێکخراوە کوردستانیەکان زۆر بە حەماسەتەوە باسی دەست پێ کردنەوەی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد ، رێزی لە خەباتی بوێرانەی پێشمەرگە گیان لە سەر دەستەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گرت و سەرەڕای سەرەخۆشی بە بۆنەی پێشمەرگە شەهیدەکانەوە هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامی ئیرانی بە توندی شەرمەزار کرد. ئێمە وەک کومیتەی حیزب لە وڵاتی ئوتریش ئەم هەڵویستە نیشتمانپەروەرانە و بوێرانەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سوریە بەرز دەنرخێنین و سوپاسیان دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە کە ئەم شێوە هەڵویست گرتنە لە بەرانبەر ملهوڕی دوژمنانی گەلەکەماندا شۆڕشی کورد بەهێز دەکات و لەمپەرێکی بە هێز دەبێت لە بەرانبەر سەرەڕۆیی دوژمنان دا .
کاک دلاوەر هەنارە یەکێک لە ئەندامانی حیزب بە ناوی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە ئوتریش پیرۆزبایی یادی ٥٩ ساڵەی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سوریە لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە کرد وپاش داوای سەرکەوتن بۆ خەباتی کوردستانی ڕۆژئاوا بە بۆنەی باگێشتن کردنی کومیتەی حیزبەوە بو ڕێ و ڕەسمەکە سوپاسی کردن.
وتاریک لە لایەن نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سوریە لە سەر مێژووی پارتەکەیان و ئاڵ و گۆڕەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و چۆنیەتی هەڵس و کەوتی دەسەڵات بە دەستان لە گەڵ هاووڵاتیانی کورد پێشکەش کراو و ڕێ و ڕەسمەکە بە بەشداری گۆرانی بێژان سەعید یوسف، حکەمت حاجی و شاهیبان عەفرین و شادی و هەڵپەڕکێی بەشداران تا دەرنگانی شەو درێژە کێشا.
بە ناوی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە ئوتریش جارێکی تر سوپاسی هەستی شۆڕشگێڕانەیان بۆ پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەربڕینی هاودەردییان بە بۆنەی پێشمەرگە شەهیدەکانەوە دەکەین و سەرکەوتن بۆ حیزب و شۆڕشەکەیان بە ئاوات ئەخوازین.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش
٢.٧.٢٠١٦