Hoppa till innehåll
Hem » نۆشیروان مستەفا دەوری ئیمامی زەمان دەبینێت یان ڕۆڵی خومەینی دەگێڕێت؟! عارف شێخ ئەحمەدی

نۆشیروان مستەفا دەوری ئیمامی زەمان دەبینێت یان ڕۆڵی خومەینی دەگێڕێت؟! عارف شێخ ئەحمەدی

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی باشووری کوردستان خراپتر دەبێت و جیاواز لە ڕەنگدانەوەی نێگاتیڤ و کارتێکەری سلبی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان،aref-shexahmadi-
لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش خەڵکی کورد دڵگران و حەپەساون و ئەگەری ڕوودانی هەموو مەترسییەکی لە ناکاو بۆ سەر دەسکەوتی سیاسی نەتەوەی کورد لەم بەشە لە کوردستان لە ئارادایە.

بەداخەوە هیچ حیزب و هێزێکی سیاسی لە باشووری کوردستان لە خەمی بەرژەوندی خەڵک و خاک دا نیە و هەموو سیاسیەکان هەرکەسەو بە پێوانەی خۆی دەیپێوێت و خەڵکیش لەوپەڕی ناڕەحەتی و چەرمەسەری دا ژیان دەباتە سەر و هیچ حیسابێکی بۆ ناکرێت.

سەرەتا تەنیا ئیکسپایەر بوونی کورسیەکەی بارزانی بەلامانەوە کێشە بوو، دواتر لەمەڕ ئەم کورسیە پەرلەمانیش قوربانی کرا، پێش کورسی و دوای کورسی ئەوەی کەس لێی نەدەپرسی ماف و کەرامەتی هاوڵاتی ئەم نیشتیمانە بوو، مووچە و معاشی دواخراو، نەبوونی ئاو وکارەبا و خرمەتگوزاری گشتی، دزی و بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی کوردستان لە نەوت و گازەوە تاوەکوو داهاتی شێوێندراوی گومرگەکانی سنووری دەستکرد و دواتریش زەق بوونەوەی مامەڵە دەگەڵ داعش و دیار نەمانی باری فڕۆکەیەک چەک کە دواتر زانیارییەکانی وەڵاتانی ڕۆژئاوا دەریانخست کە بەرپرسانی نامەسئوولی کورد فرۆشتوویانە بە تیرۆریستانی داعش، بازرگانی کردن بە ژن و کچی ئاوارەکان کە لەم ڕۆژانەدا لە لایەن ڕێخکراوە جیهانیەکانەوە بە بەڵگە ڕاگەیێندرا و بە دەیان و بگرە سەدان کار و سیاسەتی چەوت و ناشیاو و دژە مرۆڤ و …هتد.

لەوەها کات و ساتێک دا و سەرباری ئەو هەموو قەیران و قات و قڕی و گرانی و کێشەی کۆمەڵایەتیە زۆرەی باشووری کوردستان، زۆربەی زۆری هاوڵاتیان چاوەڕێی گەڕانەوەی کەسایەتی نۆشیروان مستەفا بوون کە بە هۆی نەخۆشی و لە کاتێکی هەستیاردا کوردستانی جێی هێشتبوو. لە لای خۆشیانەوە نەیارانی بزووتنەوەی گۆڕان، دەیانگوت نۆشیروان مستەفا پشتی لە خەڵک و تەنانەت لایەنگرانی خۆی کردووە و لەم کاتەدا و لە گەرمەی ئەم هەموو قەیرانەدا ئەوانی دەگەڵ شەڕی کورسی تووش کردووە و خۆشی تێی تەقاندووە.

بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە تەنیا ڕۆیشتنی نۆشیروان مستەفا و جێهێشتنی کوردستان نەبوو، بەڵکوو گەڕانەوەی نۆشیروان مستەفا گرنگ تر بوو، چونکە زۆر کەس وایدەزانی بە هاتنەوەی نۆشیروان مستەفا ئاڵووگۆڕی جیددی لە وەزعیەتی سیاسی کوردستان ڕوو دەدات و سەرۆکی ماوە بەسەر چووش لە سەر کورسی هەڵدەتەکێندرێت و پەرلەمانیش کارا دەکرێتەوە و کاروباری سیاسی کوردستان ڕێک دەخرێتەوە! بەشێکی زۆری جەماوەر هێندە ژیانیان تاڵ و تفت بوو کە لایان وابوو نۆشیروان مستەفا لە چەشنی داستانی ئیمامی زەمان سەرهەڵدەدا و هەموو ناخۆشییەکی خەڵک کۆتایی پێ دێنێت چونکە بەڕاستی خەڵکی کوردستان ئەوندە لە نەهامەتیدایە کە ئێستاش هەست دەکات کۆتایی دونیا و ئاخیر زەمانە.!

مخابن! نەک وا دەرنەچوو بەڵکوو قەیرانەکان بەردەوام بوون و پاڕتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان چەند ڕۆژێک کردیانە شەڕی ڕاگەیاندن و کەش و هەوای هەرێمی کوردستان هاوکات دەگەڵ بێ مووچەیی و هەژاری لە ڕادەبەدەر ڕێک وەک ساڵەکانی شەڕی ناوخۆیی لێ هاتەوە.

با بگەڕێینەوە بۆ ماوەیەکی پێش ئەم حاڵەتە، بە دەرکردنی فەرمانی ڕەوانە کردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانی بە مەبەستی هاوکاری هێزەکانی ی.پ.ژ لە ڕۆژئاوای کوردستان کە قارەمانانە شەڕی چەتەکانی داعشیان دەکرد سەرەتا وای دەرخست کە کەسایەتی مەسعوود بارزانی لە پلەی خێڵەوە بۆ پێگەی خەڵک گۆڕاوە و خەڵکانێکی زۆر ئەم هەنگاوەیان بە بەرز و پیرۆز دەنرخاند. بەڵام دوای ماوەیەکی کورت و هەر لەو کاتەدا کە بارزانی بە بۆنەی ئازاد کردنی شاری شەنگالەوە قسەی دەکرد، دەریخست کە نەک وەک سەرۆکی کوردستان ناجووڵێتەوە بەلکوو حازریش نیە هیچ هێزێکی دیکەی کورد جیاواز لە هێزی پێشمەرگە بە فەرمی بناسێت و هەوڵ و قارەمانیەتی گەریلای پ.ک.ک و ی.پ.گ و خەڵکانێکی دیکە کە تەنیا بە مەبەستی پاراستنی کوردستان و بە هەوڵ و حەماسەت و قوربانیدانی زۆر شەنگالیان ڕزگار کرد، هەر هەمویانی پشت گوێ خست و بێ منەتی کردن و لەوش خراپتر داوای کرد شەنگال و باشووری کوردستان جێ بهێڵن، وەک ئەوەی لەبیری کردبێت کە هەر جەنابی خۆی بوو کە هاواری بۆ سەرۆکەکانی قەندیل بەرز کردەوە کە فریامان کەون ئەگینا تێدادەچین و ئەمجارە داعش شاربەدەرمان دەکات بۆ کەرەج و کرمان.!

حیزبە ئیسلامیەکانی باشووری کوردستان دیسانیش خۆیان نەیانتوانی لە ناو یەک دا بە هەڵوێستێکی ڕوون مەبەستێکی قایم بپێکن و هەریەکەو دابەش بوون بە سەر لایەنێکی دیاریکراو دا، هەر بۆیە لە جیاتی ئەوەی پارەسنگیەکی ڕێک و پێک و مەشرووع درووست بکەن، خۆیان بوونە لاسەنگێکی دیکە بە سەر بارودۆخەکەوە.

یەکگرتووی ئیسلامی وەک پیشەی هەمیشەی خۆی ویستی نە سیخ بسووتێت و نە کەباب، کۆمەڵی ئیسلامیش لە کوێوە نانی دەخوارد ویستی سفرەدڕ نەبێت و برایانی کۆماری ئیسلامی دڵیان ژان نەکات.

سەرۆکەکانی قەندیل ـ بە تایبەت باڵی عەلەوییەکان کە زۆر پێشتر لە هەوڵ دا بوون کە پشتگیری لە سیاسەتی سێ گۆشەی شیعە لە ناوچەکەدا بکەن و ڕۆڵی سوپای بێ دەنگی ئێرانیان دەگێڕا، وایاندەزانی بە بەشداری لە شەڕی داعش ناویان لە ناوان دەردێت و بە پشتگیری سیاسەتی ئێرانیش ئەوە ڕووسیا وەک زلهێزێک خەمێکیان لێ دەخوات، کەچی لەم ڕۆژانەی دواییدا دەرکەوت ڕووسیا و ئێران تەنیا پ.ک.ک یان بۆ شەڕە گەڕەک دەوێت نە زیاتر و هیچی تر.

لەوەها بارودۆخێکدا نۆشیروان مستەفا کە زۆر کەس ڕایانوایە بە پیلانی لۆبی بە هێزی ئێرانی لە دەرەوەی وەڵات و پاڵپشتی ئیستخباراتی MI6 بریتانیا لە هەوڵ دا بوو کورسیەکەی بارزانی بکاتە کراسی عوسمان و شکستی سیاسی بزووتنەوەکەی خۆی پێ پینە بکات خۆی گەیاندەوە کوردستان، بەڵام وەک ئەوەی زۆربەی خەڵکی کوردستان چاوەڕوان بوون ئیمامی زەمان بۆ کۆتایی هێنان بە بێ مووچەیی و بۆ خۆشتر کردنی گوزەرانی ئەوان دەرنەچوو، بەڵکوو وەک یەکەم هەنگاو بە ئیمزا کردنی ڕێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی ویستی بە بارزانی بسەلمێنێت لە غیابی تاڵەبانی دا ئەوە هەر خۆی هەموو شتێک دەبڕێتەوە و دواتریش هەوڵی دا بە ناردنی وەفدی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بۆ لای هێزە سیاسیە کوردستانیەکان و دواتریش بۆ بە لای حکومەتی ناوەندی عێڕاق، بەغدا ڕازی بکات کە ئەوان و یەکێتی خاوەن گوتارێکی نەرمتر و دۆستانە ترن و هەرگیز ڕازی نابن بارزانی بە دروشمی سەربەخۆیی بۆ کوردستان ئیمارات و میرنشینی بارزان ڕابگەیێنێت و یەکپارچەیی عێڕاق تێک بدات.

لە هەمووی خراپتر دوابەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پاسدارەکانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گۆڕان و یەکێتی و میدیاکانی ئەم دوو هێزە کە زۆرجاران سەبارەت بە سیاسەتی ناڕەوای بارزانی و هەڵکەندنی خەندەق لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان بۆڵەیان دەهات و گازندەیان گوێی هەموانی کەڕ کردبوو، کەچی نە تەنیا پشتگیریان لە چالاکی پێشمەرگەی دێموکرات نەکرد، بەڵکوو لەمەڕ ئەوەی ئەو پاسدارانەی کە دۆستی دێرینی یەکێتی و گۆڕانن گلەییان لێ نەکەن، لە زمانی چەند بەرپرسێکی خۆیانەوە ڕایانگەیاند ئەگەر ئەو شەڕانە بەردەوام بکات ئەگەری دەرکردنی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە کۆیە و قەبووڵنەکردنی درێژەی ئەو شەڕەیان خستە بەرنامەی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە.!

کەس نیە نەزانێت بەشێک لە ڕێبەرایەتی پێشووی حیزبی دێموکرات کە ئێستا بە باڵی خالید عەزیزی دەناسرێن بە فیتی یەکێتی و فرت و فێڵی برا گەورەی برایانی داڵتۆن ”سەلاح موهتەدی” خەریک بوون بە ئاسانی حیزبی دێموکرات بەخسێنن و تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوون و ئەگەر چاوێک لە دەقی ڕێکەوتنی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی ئەو کات بەکەین دەبینین ئەو حیزبە حازر بووە هەموو جۆرە چالاکییەکی خۆی بەرانبەر ڕێژیمی ئێران ڕابگرێت.!

گەڕانەوەی نۆشیروان مستەفا تەنیا کاریگەری جۆراوجۆری لە سەر باشووری کوردستان نەبوو، بەڵکوو لە ئێستادا نۆشیروان مستەفا ڕۆڵێک لە چەشنی خومەینی دەبینێت لە دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی حکومەتی پاشایەتی و لە کوێ دا هیچی پێ نەکرێت تەقیە دەکات و لە کوێ چی لە دەست بێت بەرانبەر بە نەیارانی سیاسەتی خۆی دەست دەوشێنێت و دەیانسڕێتەوە، بەڵام ئەوەی بە خەیاڵی دا نایە یان بۆی ناکرێت گۆڕینی بارودۆخی خراپی ژیانی خەڵکی باشووری کوردستانە و ئەویش دەبێ بگوترێت جەنابی کاک نۆشیروان مستەفا نەتەنیا نەیگۆڕی بەڵکوو خۆشی بوو بە بەشێک لەو هەموو قەیرانە هەڵپەسێراو و کەڵەکەکراوەی باشووری کوردستان.

دەبێ بپرسین نۆشیروان مستەفا و سەرکردەکانی یەکێتی بۆ سەڕخستنی سیاسەتی خۆیان ئاخوندەکانی قۆم و نەجفیان لێ بۆتە ملائیکە و وەک چۆن پاسداریان پەلکێش دەکرد بۆ سەر نەوتەکەی کەرکووک لە کاتی بەعس دا و دواتریش بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە کاتی شەڕی ناوخۆ، بەڵام چلۆن بە پێچەوانەوە جووڵانەوەی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لێ بۆتە کێشەیەکی گەورە و بە هاندانی بارزانی و دەوڵەتانی عەڕەبی ناو دەبەن؟!

درێنگ یان زوو، ئەمڕۆ یان سبەی لاپەڕەکانی مێژوو هەموو شتێک دەردەخات، هەم پێوەندی نەشاراوە و دورودرێژی گۆڕان و یەکێتی و ڕێژیمی ئێران کە هەموو سنوورێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی بەزاندووە و هەمیش ئەگەر دێموکرات بووبێتە دار دەستی سیاسەتی بارزانی ئەوە بێ گومان عەیب و عارە بۆ حیزبێک کە مێژووییەکی پڕشنگداری لە خەباتی نەتەوەیی دا هەیە کە لەمڕۆدا بووبێتە گاڵتەجاڕی بارزانی کە خۆی لە خۆی دا بەشێکی هەرە گەورە و بەرچاوە لەو هەموو کێشە و قەیرانەی باشووری کوردستان دا.

کۆتایی