"an independent online kurdish website

٢٧ ساڵ بەر لە ئیستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە دەم و ساتی ئاوابوونی خۆر لە وڵاتی ئوتریش و لە شاری ویەن  ئەستێرەیەکی درەوشاوە و ڕووناکی دەری ئاسمانی کوردەواری بۆ یەکجاری کوژایەوەyadi-qasmlu-utrish-20160713-0، 

  جارێکی تر تەم و خەم باڵی بە سەر ئاسمانی وڵاتە داگیرکراوەکەی  کورددا کێشایەوە و شۆڕشگێرێکی ئاشتیخواز ماڵ ئاوایی یەکجارەکی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد.

٢٧ساڵ بەر لە ئیستا و لە ئێوارەیەکی تەم و مژاوی شاری غەریبان ،شاری پەناگە و داڵدەدەری کەم ئەندامانی کورد و قوربانیانی شەڕی ماڵ وێرانکەری دێوەزمەکەی جەماران و بە هەزاران کیلۆمەتر دوور لە ئاخی خۆی و هەر لە  چلەی  هەمان دێوەزمەی جەماران دا دەستی چەپەڵی میراتگرانی خومەینی بە فێڵ و تەڵەکە و بە ناوی بە ناو وتوووێژەوە گەیشتە سەرکردەی لێ وەشاوە و کاریزماتیکی کورد دوکتور قاسملووی نەمر و هاوڕێیانی و بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە شەهیدیان کردن.

٢٧ ساڵ بەرلە ئیستا و لە کاتێکدا کە شار خۆی بۆ ماڵ ئاوایی لە ڕووناکی و داهاتنی تاریکیەکی ئەنگوست لە چاو حازر دەکرد ، کوندەبوەکانی پەیام هێنەری مەرگ و شوومی وەدەرکەوتن و کۆترەکانی هیوا ی گەل و ئاشتی وڵاتیان  پەڕ و باڵ کرد.

٢٧ ساڵ بەر لە ئیستا  و هەر لەم ڕۆژەدا  تاریک  بیران هاتن و ڕووناک بیرێکیان لە ئێمە کرد، داگیرکەران هاتن و رزگارکەرێکیان لە ئێمە کرد، مرۆڤ کوژان هاتن  و مرۆڤ دۆستێکیان لە ئێمە کرد، ترسەنۆکەکان هاتن و نەترسێکێان لە ئێمە کرد، شەڕخوازان هاتن و ئاشتی خوازێکیان لە ئێمە کرد، شۆڕش دزان هاتن و شۆڕشگێرێکیان لە ئێمە کرد، نەزانان هاتن و  زانایەکیان لە ئێمە کرد، ماف خۆران هاتن  و ماف خوازێکێکیان لە ئێمە کرد، دیکتاتۆران هاتن و دیموکراسی و ئازادیخوازێکیان لە ئێمە کرد، بە کۆمەڵ هاتن و کۆمەڵناسێکیان لە ئێمە کرد، مێشک پووچان هاتن و مێشک پڕێکیان لە ئێمە کرد، بێ یاساکان هاتن و یاساناسێکیان لە ئێمە کرد، بە ناو دیپلومات هاتن و دیپلوماتێکیان لە ئێمە کرد.  زمان شڕ و زمان بڕان هاتن و زمان زانێکیان لە ئێمە کرد، مێژوو شێوێن هاتن و مێژوونووسێکیان لە ئێمە کرد، وڵاتی خەڵک بە هێ خۆ زان هاتن و وڵات پارێزێکیان لە ئێمە کرد، ئەمانەش هەموو لە جێگای خۆی ، قسە خۆش و شیرین زمانێکیان لە ئێمە کرد.

ئەم مرۆڤەی کە باسی کرا قاسملوو بوو، قاسملوو ئەو مرۆڤە بوو کە خاوەنی ئەم تایبەتمەندیانە بوو، ئەو مرۆڤێک بوو  کە بەردەوام لە خەمی خۆشەویستی بۆ نیشتمان ، ڕزگاری بۆ وڵات ، دادپەروەری بۆ کۆمەڵگا و ئازادی تاکی کۆمەڵگادا بوو، دژ بە داگیرکەر قورس و قایم ڕادەوەستا و قەت باکی لە مردن نەبوو، دژ بە دیکتاتۆر لە هەر جڵ و بەرگێک و بە هەر بیر و بۆچوونێکەوە هەڵویستی بوێرانە بوو . ئەو بە ڕاستی لەو مرۆڤانە بوو کە بەرژەوەندی خۆی قەت لا مەبەست نەبوو. وەها مرۆڤێک مافی خۆیەتی و جیگای خۆیەتی لە ساڵیادی نەمانیدا یادی بەرز و پیرۆز ڕابگیردر ێت، بەردەوام لە بیرمان بێت و ڕێگای سەختی بێ ڕێبوارنەخرێت، ئاڵای بەرزیشی تا بۆمان دەکرێ  بەرزتر کرێ ،ئەم  ئەزموونە تاڵەش جارێکی تر لە بیر نەکرێ، بێ گومان ڕۆژێکیش دادێت تۆڵەی خوێنی گەش و ئاڵی لە دوژمن بسێنرێت.

کومیتەی ئوتریشی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پاش تێپەڕبوونی ٢٧ ساڵ بە سەر کارەساتی ویەن دا یادی شەهیدانی ویەن بەرز و پێرۆز ڕادەگرێ ولە هەمان کاتدا جارێکی دیکە کردەوەی جینایەتکارانەی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار دەکات و دڵنیایان دەکاتەوە کە ڕێبازی قاسملوو زیندوە و درێژەدەرانی ڕێگای قاسملوو تا گۆڕ کردنی دوژمنانی کورد و کوردستان واتە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گەیشتن بە ئامانجی بەرزی شەهیدان لە خەبات بەردەوام دەبن وهەر لەم یادەشدا لە گەڵ شەهیدانی کورد و کوردستان پەیمان نوێ دەکەینەوە  کە درێژەدەری ڕێگای پڕ لە شانازیان بین  و لە پێناو گەیشتن بە  ئامانجی بەرزی ئەواندا لە هیچ تێکۆشانێک خۆ نەبوێرین.

جیگای خۆیەتی هەر لەم یادەدا سڵاو بنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەم دواییانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە بە خوێنی گەش و ئاڵی خۆیان جارێکی تر هیوا و هومێدیان دایەوە بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەلماندیان کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا دەسەڵاتێکی لەرزۆکە ، بە زەبر و زەنگ ماوەتەوە ، کۆماری ئیسلامی  هەر چەند لە جینایەتکاری و خوێنمژی دا وێنەی کەمە بەڵام ئەو هێزەش نیە کە خۆیان بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان و کپ کردنەوەی شۆڕشی کورد باسی لێوە دەکەن ودوستان  و لایەنگرانیشیان لێرە و لەوێ بۆیان لە تەختەی مل دەدەن. ورە ی پێشمەرگە و بیر و باوەڕی بە خۆی وئێمانی بە ڕزگاری نیشتمانەکەی هەمووترسێک دەڕەوێنێ و هەموو کۆسپێک لە سەر ڕێگا لا دەدات و خەبات بەرەو پێش هەنگاو دەنێ و وگەڕانەوەی بۆ نیە . ئێمە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵە و کەس و کاری پێشمەرگە شەهیدەکان و بە بۆنەی لە دەست دانی ئازیزانیان سەرەخۆشی لەوان و لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین وخۆمان بە هاوخەم و هاودەردیان دەزانین . پێشمەرگە ڕۆڵەی گەلە و بێ گومان گەلیش لە خەمی پێشمەرگەدایە.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ویەن   

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی قەرە سەقەل و کۆساڵان

بڕووخی کۆماری ئیسلامی ئێران

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش

 ١٣،٧،٢٠١٦


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی