Hoppa till innehåll
Hem » ئای لەو سەیرو سەمەرەیە !!، مەلا برایم مەجیدپوور

ئای لەو سەیرو سەمەرەیە !!، مەلا برایم مەجیدپوور

ماوەیەکە حیزبی دێمۆکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی بەکردەوەی دژی داگیر کەری وەک کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەست پێکردۆتەوەو بەرگری چەکدارانـە لە خۆیو ئامانجی گەلەکەی دەکا.mela_biraym1

پاش (٢٠) ساڵ دەست بەسەربونو لـە ڕاستیدا بـەنـد کراوو لـە ژێر چاوەدێری دابون ، ڕاساوەو بەر پەرچی ئەو پڕو پاگەندە ژاراویانە دەداتەوە کە دەڵێن : حیزبی دێمۆکڕات زیندو نیەونەماوە !! بۆ ئەو ڕاسانەو زنجیر پساندنەش قوربانی بەوەجی داوە.

خەبات بۆ وەدیهێنانی مافی ڕەوای نەتەوایەتیو ڕزگاری نیشتمانو گەل شتێکی تازە نیەو ئەوڕۆ دەستی پێنەکراوە . حەفتا ساڵە ئـەو حیزبە ئـاڵای ڕزگاری کوردستانـو کوردی هەڵگرتوەو بۆ ساتێکیش نەوەستاوە ، بەئاشکراو بە نهێنی ، کەمو زۆر ڕەوتی خەباتی بەڕێوە بردوەو درێژەی پێداوەو کۆڵی نـەداوە . کەوتـنـو هـەستانەوەو چونە پێشو هاتنە دواوەی زۆری بەخۆیەوە دیوەو قوربانی گەلێک زۆرو بەنرخێشی داوە. مەزنە پیاوانی زۆر بەوەجی لەو ڕیبازەدا سەریان داناوە. بە شکستەکان نەڕوخاوەو ورەی لە دەست نەداوە. بە سەرکەوتنەکان لەخۆی بایی نەبوەو خۆی لێنەگۆڕاوە. دەسکەوتی زۆر بەنرخو بێوێنەی مێژویی وەک ئاڵاو کۆماری کوردستانو پێشمەرگەی تەحویلی نەوە لە دوای نەوەی داوە. ئەوانە وەک بەڵگەیەکی مێژویی لەسەر هەقانیەتی داواو ویستە ڕەواکانی گەلەکەمان لە مێژوی جیهانیشدا سەبت کراوە. کەچی ئەو ڕاسانەو ئەو خەباتی شارو شاخ بەیەکەوە گرێدانە بۆتە بابەتێکی گرینگی ڕۆژو دۆستو دوژمن هەر کامەیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە بە باشو بەخراپ هەلیدەسەنیگێننودەیقەبڵێنن.هێندێک سادقانەودڵسۆزانە سەیری دەکەنو بەلایانەوە پەسندە ،هێندێکیش زۆر نامەتیقیو داخ لەدڵانە بەخراپی دەزاننو ڕەدی دەکەنەوە. ئەوەی جێی لێورد بونەوەو تێڕامانە هەلویستی کۆماری ئیسلامی ئێرانـو دۆستە ئاڵقە لە گوێکراوەکانیەتی کە ئاراوو قاراویان لێهەڵگیراوە ، دەستیان کردوە بـە هەڕەشەو گوڕەشەو چەواشەکاری ، وەک هەمیشە ئەو ڕاسانەش بە دەسکردی بێگانە لە قەڵەم دەدەنو دەیخەنە ناو بازنەی بەستراوەیی بە بێگانە. پێشتردەیانکوت حیزب بەستراوەی ئـیـمپڕیالیزمی ئـەمریکاو ئیسڕائیلی سەهیۆنیستە ، تـەنانەت حیزبی تـودەی ئـەوکاتو هێندێکیتریش وەباڵیان بۆ دەکێشا!! ئەوجارەش چونکە بۆخۆیان وەک نوێنەری خوا دەگەڵ شەیتانی گەورە ساتو سەودایان کردوە ، عەڕەبستانیان لە جێگای ئەو داناوە.

ئای لەو سەیرو سەمەرەیە کۆماری ئیسلامی ئێران بەنوێنەرایەتی خوا دەگەڵ شەیتانی گەورە ڕێک کەوتوە گوناح نیە !! دەگەڵ ئەو وڵاتە غەیرە ئیسلامیانە کە هەر بڕوایان پێی نیە و بەڵکو لەباری باوەڕەوە دژایەتیشیان دەگەڵی هەیە پێوەندی گەرمـو گوڕو برایانەی هەیە گوناح نیە !! هەمو ئەو پیوەندیانەش بۆ ئاژاوەگێڕیو گێرە شێوێنیو کوشتنو بڕینو کاولکاری لە ولاتە ئیسلامیەکانی دراوسێو دورو نیزیک دەکار دێنێ گوناح نیە !! کەچی گەلی کورد لە ڕۆژ هەڵاتی کوردستان خەبات بۆ ئازادی نیشتمانو سەربەخۆیی خۆی کە مافێکی شەرعیو قانونیو مرۆڤانەیە دەکا ، بەستراوەی بێگانەو کافرو لە دین دەرچوەو حوکمی جیهادیشی بەسەردا دەر کراوە. لە بیرمان نەچیێ فتوای جیهادو بڕیاری هەڵوەشاوە ڕاگەیاندنی حیزبی دێمۆکڕات هەروا بەهێزەوە لە جێی خۆی ماوە. ئەو هەمو تڕۆڕو ڕەشەکوژیو سێدارەو بەندکردنانە لە سەر ئەو بنەمایەو بەو فتواو بڕیارانە ئەنجام دراون. ئەوەی دەبێی پیی پێبکەنیو بەلاتەوە سەیر بێی ئەوەیە کە ئەو جۆرە قسەوتەبلیغاتانە تازە نینو کەسیش بەهێندیان ناگرێی . لەوانەش گاڵتە جاڕتر ئەو حیزبو کەسە کوردانەن کە پاش نیزیک بە چل ساڵ لە کۆماری ئیسڵامی نەگەیشتونو بڕوا بە قسە بێبنە ماکانی دەکەن .ئەو کۆمارە لە سەر بناغەی ( تەقیە ) کار دەکا . ئەوەش یانی لەبنە ڕەتدا بڕوای بەمافی نەتەوایەتی گەلان نیە، هەرکات دەرفەتی بۆ ڕەخسا لێیدەداو تـەرتـو تـونای دەکا، هەرکە هەلو مەرجەکەی بە لە بار نەزانی یان بێدەنگەی لیدەکا یان بە دیوێکی تردا باسی دەکا. بەکورتی هەمـو مافێک لـەچوار چێوەی ئـەو ئیسلامەدا جێدەکاتەوە کە بـۆ خۆی دایڕشتوەو کاری بۆ دەکا.

ئەو شاتو شوتو هەڕەشەو گوڕەشانە و هەلبەستنی ئەوهەمو درۆو بوختانانە بۆ خەباتی گەلی کوردو ڕێبەریەکەی نەگرینگنو نـە جێی سەر سوڕمـانـو تـرسانە . ئـەو ڕێژیمە دوژمنەو دژی هەمو مافێکی کوردەو لەوە زیاتری لێی چاوەڕوان ناکرێی پڕو پاگەندەی ئەوانەش کە بەستراوە بەئێراننو سەر بەستیو ئیرادەی خۆیان لە گرەوی کورسیو دەسەڵات ناوە ، گوێلە مستنو چیان پێبکوتری ئەوە دەڵێن و چیان پێبسپێردرێی ئەوە دەکەن. بەباوەڕی من حیزبو دەسەڵاتەکانی باشوری کوردستان باشترە ئەو پەندەی پێشینان ڕەچاو بکەن لە دەڵێی : ( وزەوز لە پێوەدان ناخۆشترە ) بائەوەندەیان جەساڕەت هەبێی دەقاو دەق بە حیزبە کوردیەکانی ڕۆژ هەڵات بە گشتیو حیزبی دێمۆکڕات بەتایبەتی بەڵێن : (برایان ئێوە یان دەبێی بچنەوە ئێرانو بەو ڕوحمو بەزییو کەرەمەی کۆماری ئیسلامی کە بەناوی چاکسازی دەگەڵتان دەکا ڕازی بن ،یان دەبێی ئێرە بەجێی بێڵنو جێگایەکیتر بۆ خۆتان بدۆزنەوە!!) کە زۆر لەوەی ئێستا دەیکەن باشترەو پێنەو بەڕۆشی بۆ دەکرێی!! ئەوەی جێی هەڵوێستە کردنو لێوردبونەوەیە خۆ ئامادە کردنی حیزبە ڕۆژهەڵاتیەکانە بۆ بەر پەرچدانەوەی ئـەو هەمـو پەلامارو هێرشی تەبلیغاتیو تـەوسو پلارو فڕولاتاوانە، هێزێکی هاوبەش بەڕیبەری شۆڕایەکی هاوبەش کە پێکهاتبێی لە کەسی یەکەمی هەمو حیزبەکان بەوردو درشتیانەوە،لە سەر بناغەی ڕزگاری نیشتمانوگەلو ئاوەدانیوپێشکەوتنی وڵات پێک بێنن ، بەرنامەیەکی توکمەو پتەو بـۆ ڕاماڵینی داگیر کەرو نـۆکەرانیان دابڕێژنو بەڕێوەی بەرن.

من گومانم لەوە دانیە دەسەڵاتدارانی باشور بەڵێنی قەتیسکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان داوە بەکۆماری ئیسلامیو بەرژەوەندی خۆشیان لەوەدا دەبینن، بژاردەی خۆیانە، ناتوانن لێی لابدەن. ئەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتن کە دەبێێ یان مل بۆ داواکانیان ڕابکێشن یان بڕیاری خۆ دەبازکردن لەو زیندانە دەورەدراوە بدەن. ئەوەش ڕەنگە نرخکەی گرانبێی بەڵام لە هیچ کوێی دنیایە ڕزگاری نیشتمان لەدەستی داگیر کەران بەبێێ قوربانی مەزن نەبوە. لەوە گرانتر نیە کە پێی لەوهەمو خەباتو قوربانیدانو ماڵوێرانیوخوێن ڕژانە بخەنو لێرە یان لەوێی چاوەڕوانی ڕەحمەتی ئاخوندەکان بن.

دوایین قسەم دەگەڵ دێمۆکڕاتەکانە کە خۆم یەکێک لەوانم لە پێوەندی دەگەڵ یەکگرتنەوە، واز لە بەڵێنی بێکردەوە بێنن .ئەگەرناتوانن یەک بگرنەوە با بەرەیەکی یەکگرتو لە وتارو کرداردا بۆ بەرەنگاری دوژمن پێک بێنن . بۆ وێنە لە جیاتی دو ڕاگەیاندنی وەک یەکو بۆ یەک مەبەست وەک مانگرتنی ئەوجارە، یەک ڕاگێێندراوی هاوبەش بڵاو کەنەوە. یان بۆ چۆنەوە ناوخۆ ‌هێزێکی هاوبەش لە ژێر یەک فەرماندەییدا بنێرنەوە. هەروەها دەگەڵ حکومەتی هەرێم یان لەڕاستیدا حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە سەر کاروباری ڕۆژ هەڵات بەیەک نوێنەرایەتی هاوبەشوهاو ئاهەنگ قسە بکەن .بەباوەڕی من ئەوە دەتوانێی لەپێشدا سەداقەتو دڵسۆزی ئێوە بەگەلەکەمان نیشان بداوهەم بڕواو موتمانەی گەلەکەمان قەرەبوو نوێژەن دەکاتەوەو هەم گوڕو توانایەکی زێاتر دەدا بە خەباتەکەمان. ئەوەش ئەگەر سەر بەخۆیی بڕیاردان کە تایبەتمەندیەکی زێڕینی حیزبەکەمانە وەک خۆی مابێی ! کارێکی زۆر بەنرخو لە شانان سوکو هاسانو لە بەردڵانە.

 

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ١٤ / ٧ / ٢٠١٦

 ٢٤ / پوشپەڕی ٢٧١٦ ی کوردی