"an independent online kurdish website

خوێنەری هێژا ، لە کۆمێنتاری یەکەم دا باسی ئەوەم کردبوو کە کورد بۆچی دەبێ خۆشحاڵ بێ بە سەرکەوتنی کوودەتای نیزامی لە تورکیە و نموونەم لە هیندێک کوردی ڕۆژهەڵاتی  کوردستان هێنابووە کە گوایە زۆر خۆشحاڵ بوون ئەگەرکوودەتا سەرکەوتبا و ئەردۆغان و حیزبەکەی لەدەسەڵاتی تورکیە نەمابانەوە.kavos_azizi12

هاوکات باسی ئەوەشم کردبوو کە ئەو بەڕێزانە نەدەبا پێش پارتی کرێکارانی کوردستان کەون کە هێزی یەکەم و پێشەنگی بزووتنەوەی کوردە لە باکووری کوردستان. ئەوە دەرکەوت کە هەم  “پ ک ک” و هەم باڵە یاساییەکەی  ” هەدەپ “لە ناوخۆی تورکیە دژی کوودەتای سەربازین و مەحکوومیان کرد. دیارە ئەو مەحکووم کردنە هەم لە تورکیە و هەم لەدەرەوە دەنگدانەوەی موسبەتی بۆ کوردی باکوور هەبوو. لە کاتێك دا ئەردۆغان و حیزبەکەی یاسای خۆیان دەگۆڕن بۆ ئەوەی پارڵەمانتاری کورد بخەنە ژێر فیشار.

کۆمێنتاری سێهەم

ئێستا لەم کۆمێنتارە دا هەوڵ دەدەم ئەو بەشەی کە بۆ زۆر کەس پرسیارە بێنمە بەرباس . ئەو بەشەی ئێستا هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کوودەتای پانزدەی ژووئیەی ٢٠١٦ بوو کە کۆمەڵێک ئەفسەری پلە جۆراوجۆرەکانی نێو سوپا ، فەرماندەر و کاربەدەستی ئینتیزامی و ئەمنی پێی هەستان و   لە ماوەیەکی کورت دا هەوڵەکەیان شکستی هێنا و بە هەزاران لەو کەسانە گیران و ڕاپێچی بەردەم دادگا کراون. با خاڵ بە خاڵ بچمە سەر ئەو هۆکارانەی کە من پێموایە هۆکاری سەرەکی بوون لە سەرنەکەوتنی کوودەتاکە. بێ گومان ئەوە بۆچوونی منە کە پێموایە ئەم هۆکارانە بوون کە نەیانهێشت کوودەتا چییەکان بە ئامانجی خۆیان بگەن، ڕەنگە خەڵکێک هەبێ “کە هەیە” پێیوابێ ئەو هۆکارانە لاوەکین و هۆکاری تر هەیە. ئەوانیش لە زاوییەی دیدی خۆیانەوە باسی دەکەن.

یەکەم: بە پێچەوانەی هەموو کوودەتاکانی پێشووی سوپای تورکیە بە سەر حکوومەتی ئەو وڵاتە دا (١٩٦٠/١٩٧١/١٩٨٠) ، شوورای نیزامی و فەرماندەری ستادی هێزەچەکدارەکانی وڵات نە لەگەل کوودەتا کەبوون و نە ئاگایان لێ بووە . کەوایە کوودەتاچیەکان لەگەل ئەوەی کە ئەفسەری پلە بەرزی وەک فەرماندەری هێزی هەوایی و ٢٦ ژنڕاڵی دیکە و دەیان ئەفسەری پلەخوارتر بەشدار بوون، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم کوودەتایە لە ئاستی پلەی دووهەمی ئەرتەش و هێزە ئەمنییەکاندا ڕێبەری کراوە.

دووهەم: بە پێچەوانەی کودەتاکانی پێشوو ، ئەمجارەیان سازمانی سیخوریی وڵات(میت) و ئەمنیەت(پۆلیس) بە کەمترین ژمارەی ئاستی باڵا بەشدار بوون. هەروەها کە دیتمان زۆرترین کوژراو لە پۆلیس و ئەمنیەتە و کوودەتاکەش هەر بە دەستی پۆلیس و هێزە ئەمنیەکان سەرکوت کرا. کەوایە میت لە ئاستی باڵا دا لەگەل سەرۆک کۆمار و حکوومەت دا بوو و ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە سەرنەکەوتنی کوودەتاکە.

سێهەم: هەموو حیزبە سیاسییەکان بە یەک دەنگ دژی کوودەتا وەستان و خەڵکیان هاندا.

چوارەم: کوودەتاچیەکان لە باتی دەست بە سەرداگرتنی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکوومەت و پارڵەمان، هیندێک جێگایان بە دەستەوە گرت کە چارەنووس ساز نەبوون بۆ سەرکەوتن.

پێنجەم: خەڵک بە دەنگ سەرۆک کۆمار و حکوومەت و حیزبەکانەوە هات و ڕژانە سەر شەقامەکان.

شەشەم: سەربازی کوودەتاچیەکان بە ژمارە کەم بوو و ئامادەش نەبوون تەقە لە خەڵک بکەن ، بۆیە پەنایان بردە بەر هەلیکۆپتێر و ئەوە زیاتر خەڵکی هاندا تا بڕژێنەوە سەر شەقام.

حەوتەم: خەڵکی تورکیە ئەزموونی تاڵیان لە کوودەتا هەیە، بۆیە بە هەموو توانایانەوە لە هەمبەری دا ڕاوەستان . لەو نێوە دا کۆمەڵێک ژنڕاڵی بە نفووزی خانەنشین وەک ئیلکەر باشبۆغ ، نەجدەت ئۆزال و ….. بەردەوام لە نفووزی خۆیان کەلک وەرگرت بۆ دامرکاندنەوەی کوودەتا.

هەشتەم: کوودەتاچیەکان هیندێک جێگایان بۆمباران کرد کە بوو بە هۆی کێشە لە نێو خودی خۆیاندا ، وەک پارلەمان، کۆشکی کۆماری، بینای ستادی گشتیی ئەرتەش ، ناوەرندی میت، ناوەندی فەرماندەهیی حەرەکەتی تایبەت ، هۆتێلی مانەوەی سەرۆک کۆمار ، ناوەندی سەتەلایتی تورک سات و بە بارمتە گرتنی فەرماندەی ستادی گشتی کە تا بەرەبەیانی ڕۆژی دوای کوودەتا لە لایەن دەوڵەت و لایەنگرانییەوە دەگوترا ژنڕال هولووسی بە دەستی هاوڕێکانیەوە کوژراوە کە ئەوە دیسان هەر کێشەی بۆ کوودەتاچیەکان دروست کردبوو.

نۆهەم: هەموو میدیای تورکیە بە بەربڵاوی کەوتنە دژایەتیی کوودەتا. چوونکی کوودەتا چیەکان بەرلەوەی سەرکەون و  دەسەڵات بگۆڕن، هێرشیان کردە سەر کاناڵە غەیرە دەوڵەتیەکان، بە تایبەتی سی ئێن ئێن تورک. ئەو حەرەکەتە نیشانی دا کە ئەوان لە یەکەم هەنگاو دا هەموو میدیا ئەهلی و غەیرە دەوڵەتیەکان دادەخەن. بۆیە میدکانا بەسیج بوون بۆ دژایەتی کردنی کوودەتا.

دەهەم: ئەردۆغان و کاربەدەستانی دیکە و بەشێک لە مەلا و کەسایەتیە ئائینی و سیاسی یە بە نفووزەکان ، بەردەوام   گوتیان ئەمانە سەربە فەتولا گوولەنن . بۆیە ئەوەش لاوازییەکی دیکەی کوودەتاچیەکان بوو. چوونکی بززوتنەوەی گوولەن لە چەند  ساڵی ڕابردوو دا زۆر مەقبووڵ نەبووە لە تورکیە.

یازدەهەم: بەیانیەی کوودەتاچیەکان زۆر لاواز و تەقلیدی بوو و لە لایەکیش ئەوان لە باتی ئەوەی دوای دڵنیابوون لە دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵات بەیانییەکەیان لە زمان کەسی یەکەمی کوودەتاچییەکانەوە بڵا و بێتەوە، لە زمان بێژەرێکی تی ئار تی ، یەوە خوێندرا بە بێ هیچ حەماسەتێک و هەموو کەس دەیزانی بە نابەدڵی دەیخوێنێ.

دوازدەهەم: هەتا ئەم لەحزەیەش بە فەرمی کەسی یەکەمی کوودەتا لە لایەن کوودەتاچییەکانەوە بە خەڵک نەناسێندرا.

سێزدەهەم: ئەوەی کە جاران لانی کەم چەند دەوڵەتێکی وەک ئەمریکا، ئیسرائیل و …. پشتیوانی لە کوودەتاچییەکانی ئەرتەشی تورکیە دەکرا، لەم هەوڵە دا نەبیندرا. بۆیە ئەرتەشییەکان زوو نائۆمێد بوون لەوەی کە ڕێبەران و فەرماندەباڵاکانیان نەیانتوانیوە پشتیوانیی دەرەکی دروست بکەن.

چواردەهەم: پەیامی ئەردۆغان لە ڕێگای مۆبایلەوە کەلە سی ئێن ئێن تورک بڵاو کرایەوە کاریگەریی زۆری هەبوو . ئەگینا تا بڵاو بوونەوەی ئەو پەیامە، خەڵك سکووتی کردبوو و تەقریبەن قەبووڵیان کردبوو کە کوودەتا کرا و دەبێ ملی بۆ لار بکەن. تا ئەوکات کەس لە ماڵ نەهاتبووە دەر. هەر وەه اپەیامی عەبدولا گوول سەرۆک کۆماری یازدەهەم ، داوود ئۆغلوو، بوولەند ئارینج، باخچەلی، قلیچدار ئۆغلوو و مفتیی ئانکارا هاوکاریی زۆریان کرد بۆ فەعاڵ بوونی خەڵک.

ئەوەی سەرەوە بە کورتی دەست نیشان کردنی هیندێك خاڵی گرینگ بوون کە ڕێگر بوون لە سەرکەوتنی کوودەتا. کوودەتاکانی پێشوو ئەو خاڵە لاوازانەیان نەبوو، بۆیە زوو بە ئامانجی خۆیان دەگەیشتن.ئەوانەی پێشوو زۆر بە بەرنامە دەچوونە پێش.

لە کۆمێنتاری سێهەم دا کۆمەڵێک پرسیار و گومان دەورووژێنم . هەروەها باسی شکاندنی کۆمەڵێک تابۆ دەکەم کەلە تورکیە شکاون و  و کۆمەڵێک هێڵی سوور کە ئیدی لەمەو دوا مانایان نەماوە  دەکەم .  هیوادارم هیندێک سەرنەخم دابێتەوە دەستی خوێنەرانی هێژا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی