ئەوەی دیار و بەرچاوە، چاوڕوانیەکان لە زەلکاوی نائومیدی دا نوقم بوون
.
چاوەڕوانیەکان:
وەرچەرخانی ساڵێک بە سەر واژۆکردنی گرێبەستەکەی بە ناو گرێبەستی ناوەکی، لە بەینی گروپی ٥+١ و ئێران دا، کە چاوەڕوانیەکی زۆری، بە تایبەتی لە لایەن دانیشتوانی ناو ئێرانەوە لیدەکرا، کە ئابووری ئەم وڵاتە ببوژێنێتەوە و ببێتە بنەمایەک بۆ ژیانێکی ئاسودە و کەمکردنەوەی بێکاری و هەروەها دابەزینی ئاوسانی ئابوری، بەڵام ئەوشتە وەڕاستی نەگەڕا و هەروەک ئەوکاتیش هێندێک لە زانایانی ئابوری و ئێرانی ناس، ئەوە نەزەریان بوو، کە کۆماری ئیسلامی بەو دووبەرەکیەی، کە لە ناوخۆی و دام و دەزگاکانی دا کرمۆڵی کردوە، ناتوانێ ئەم دەرفەتانە وەک پیویستە بقۆزێتەوە و لەم ڕێگایەشەوە متمانەی ناوەندەکانی جیهانی بۆ هێنانی سەرمایە و سەرفکردنی لەم وڵاتە وەدەست بێنێ و بتوانێ بەم شێوەیە ئاسودەی و ئارامی بۆ خەڵک و وڵات دابین بکات.
مافی مرۆڤ
خاڵێکی دیکەی گرینگ لەم بەینەدا، باری نالەباری مافی مرۆڤ لەم وڵاتە دابوو، چون ڕوحانی هەر لە ڕۆژەکانی یەکەمی هاتنە سەرکاریەوە، هێندێک قەول و بەڵینی دا، کە کۆمەک بە پاراستنی مافی مرۆڤ لە ئێران دا بکەن، بە واژۆکردنی ئەم گرێبەستە وا مەزندە دەکرا، کە ئەم بەڵێنیانەی ڕوحانی پشتیوانیەکیان بۆ پەیدا بووبێت و زۆر یان کەم، کارکردی ئەرێنیان لە سەر قەول و بەڵێنیەکانی ڕوحانی هەبێ، کەچی نەک هەر وەڕاستی نەگەڕان ،بەڵکو توندو و تیژی دژی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی زۆر لە زیاد بوون دایە و گرتن و کوشتنی شۆڕشگێڕان و ڕۆژنامەنوس و ماموستا و تێکۆشەرانی بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی مەدەنی بەگشتی و خەباتی ژنان بەتایبەتی، ئەگەر لە ساڵانی پێشو زیاتر نەبووبێ، کەمتر نیە.
کرانەوە بە رووی دنیای دەرەوەدا
دوای ئەم گرێبەستە، لە سەر ئاستی نێونەتەوەیش چاوەڕوانیەکان زۆر لەوە زیاتر بوون، کە لە ئێران و حکومەتەکەی روحانی دەکران. خەڵکانێک وایان دەبینی، کە کرانەوەیەک بە رووی دنیای دەرەوەدا دەبێ و روحانی دەتوانی ئەم کوڵاورۆژنەیە گەورەتر کاتەوە و ئێران وەک وڵاتێکی جیگای متمانەی خاوەن کۆمپانیاو سەرمایەدارەکان بناسێنێ و بەم پێیە سەرمایەکی زۆر بێنێتە ناوەوەی وڵات و لەم ڕێگایەوە خزمەتێک بە بوژانەوەی ئابوری ئێران بکات. دەبینین مەسەلەکە وا دەرنەهات و بگرە پێچەوانەش بۆتەوە، چونکە لە لایەک ئەو سەرمایەگوزاریانەی کە لە ئێران دا دەکرێن لە کەس و لە چاوی دنیاش شاراوە نیە، کە تەنیا و تەنیا ناوەندەکانی سەرکوت و توندوتیژی وەک مافیایەکی قانونی ناو ئێران واتا سوپای پاسداران و بەسیجی دەبێ تەیدیان بکەن و دەستی خۆیان تێدابێ. ئەوەش ناتوانێ هیج متمانەیەک بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان بێ لە هەموی بەژانتر بۆ ئێرانیەکان ئەوەیە ، کە ئەوە بەربەستێکە بۆ ئەوەی سەرمایەگوزاری لەم وڵاتە دا بۆ کەم یەک لە وڵاتەکانی دنیا سرنج راکێش بێ و یا سەرمایەگوزاریەکەیان لە ئاستێکی وا دانەبێ، کە بتوانێ بواری ئابوری ئێران ببوژێنێتەوە.
داهاتەکانی ئێران
ئەوەی ئاشکرایە، ئێران لە داهاتەکانی ناوخۆی وڵات و لەو قەرز و قۆڵانەی کە دەیان کات بە ملیارد دۆلار سەرفی پشتیوانی لە بەشار ئەسەد و حیزبوڵڵا و گروپە ترۆریستی و گێرەشێوێنیەکانی وڵاتانی درواسێ و دووردەستتر دا دەکات و حشدی شەعبی دروستدەکات لوبنان و فەلەستین و ئێرە و ئەوێ بازسازی دەکاتەوە و دەیان چالاکی دیکەی سوپا و بەسیج و هەر ڕۆژەو لە شوێنێک و هەر دەمەو بە بەهانەیەکەوە، پوڵێک، کە مافی بێ ئەملاو ئەولای دانیشتوانی ئێرانە، بەمشێوەیە بە دەستی مافیای سپاو بەسیجی حەیف و مەیل دەکرێ و دانیشتوانی ئێرانیش لە نەداری و بەدبەختی و هەژاری دا خەریکە قڕیان دێ، بە واتایەکی دیکە، کەلەبەری پوڵدار و بی پوڵ وا لە بەریەک ترازاوەو گەورە بۆتەوە، کە پڕ کردنەوەی زۆر مەحاڵە. بەڵام ئەگەریش بیانهەوێ پڕ بکرێتەوە، دەبێ سەران و کاربەدستان و ئەوباش و نۆکەرەکانی بەسیج و سوپا لە ناو خۆ و دەرەوە لە سەر ئەم کارانە لاببردرێن و ئابوری ئێران بدرێتەوە دەست خەڵک و ناوەندەکانی ئابوری ئەم وڵاتە. وەها چاکسازیەک لە کۆماری ئیسلامی دا جێگای باوەڕ نیە ، باوڕکردن بە نەمانی خودی کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆی دا زۆر ئاسانترە تا وەها چاکسازیەک. ئەوەش لە چاوی دنیا شاراوە نیە و بەو هۆیانەوەیە، کە متمانەیەک بە کۆماری ئیسلامی ئێران نەماوە، تا پشتیوانی ئابوری لە سەر ئاستی نیونەتەوەی بچێتە سەرێ. ئەگینا ئێران بازاڕێکی گەورەی ناوچەکەیە، لە سەرفەکردنی سەرمایە لە وەها بازاڕێکدا، کەمتر هەیە سەرمایەدارەکان لێی بسلەمێنەوە.
ئابلۆقەی ئابوری
بارێکی دیکە کە هەروا قورسای خۆی بە سەر ئابوری ئێرانەوە هەیە، لانەبردنی یەکلایەنەی ئابلۆقە ئابوریەکانی ئەمریکایە، ئەوەش لە کەم کەس شاراوەیە کە بانکەکان و ناوەندەکانی دارای جیهانی تا چەندە لە ژێر هژمونی و دەسەڵاتی ئەمریکا دان و ئەگەر ئەو بڕیاری لە سەر کارێک نەبێ، کردنی هەر وەک خەون و خەیاڵ دەچێ. لە سەرتای ڕیکەوتننامەکە دا، کەم نەبوون ئەو وڵاتانەی کە هەیئەتی ئابوری و کۆمپانیاکانیان لە گەڵ سەرۆک وەزیران و سەرکۆمارەکانیان دەدا و سەردانی ئێرانیان دەکرد و گرێبەستەکانیان یان واژۆ دەکرد یان باس و خواسیان لە سەردەکرا، بەڵام بۆ ئەوانەش هەرزۆر کورت دوای سەفەرەکانیان دەرکەوت، کە چاوروانیەکانی ئەوانیش غەرقی زەلکاوی نائومێدی دەبن. دەلیلی سەرکەی ئەم کارانەش، نەدانی پوڵە لە لایەن سەرچاوە دارایەکانی جیهان بۆ ئەو پڕۆژانەی کە لەوڵاتی ئێران دا دەخرێنەگەڕ، ئەوەش خۆی لە خۆی دا پوڵی ئەم وڵاتانە دەخاتە مەترسیەوە چونکە پشتیوانیەکی نێونەتەوەی لە پشت نیە ئەوانیش لە دەستپێکی پڕۆژەکن و موحامەلاتەکانیان لە گەڵ ئێران دا خۆ دەبوێرن.
لانەبردنی ئەم ئابلۆقە ئابوریانە، بۆتە ڕێگریەکی جیددی لە سەر ڕێگای سەرمایەگوزاری لە ناو ئێران دا، ئەمە هەم دنیای دەرەوە دەزانێ و هەمیش ئاخوندەکان و دەورو بەریشیان باش دەزانن، ئەوە بە تایبەتی لەم یەک دوو رۆژی دوای دا بە باشترین شێوە لە زمانی ئێرانیەکان واتا خودی روحانی و ساڵحی دەرکەوت، کە لە ئێشی غەرق بوونی چاوەڕوانیەکانیان دا مەجبور بوون وەدەنگ بێن و هەتا هەڕەشەش دەکەن، کە دەست بە پرۆگرامەکەیان دەکەنەوە و لە یەکەم هەنگاویش دا دەیگەیەننەوە ئەو ئاستە کە دەستیان لێهەڵگرتوە. ئەوەشیان هەر بۆ ئەوەیە کە ڕووی سپی خۆیان بپارێزن، لە کاتێکدا بێ ئەوەی خۆیان بە خۆیان بزانن، رووی رەشیان دەرکەوتوە.
خاوەن ئەتۆم و زلهێزی ناوچە!
لە یەکەم رۆژەکانی واژۆکردنی ئەم گرێبەستەدا، چاوڕوانیەکان وا دەخرانە بەرگوێ، کە ئێران دوای ئەم گرێبەستە زۆر زووتر لەوەی کە دنیا فکری لێدەکاتەوە دەستی بە بۆمبی ئەتۆمی رادەگات و دەبێتە مەترسیەک بۆ سەر ناوچەو هەروەها دنیاش. پیویستە بگوترێ کە ئەم جاوەڕوانیەش هەر نەیتوانی نیشانەی خۆی بپێکێ، چوون لە چوارچیویەی کۆماری ئیسلامی ئێران دا ئێستاشی لە گەڵ دا بێ، شەڕی دەسەڵات ئەوەندە بە خۆیەوە خەریک کردوە کە کەمتر دەپەڕمێنە سەر وەها بەرنامەیەک.
یان دەبیسترا، کە ئێران دەبێتە زلهێزێک لە ناوچەکە، ئەو وەعزیەتەی کە ئیستای ئێران تێدایە، نە هەر ناتوانێ بیکاتە زلهێزێک لە ناوچەکە دا، بەڵکو لە زۆربەی هیزە کەم دەسەڵاتەکانیش دەبی ترسی هەبێ، یەکیک لەوانە عربستانە کە ئێستا بە کردەوە لە شەڕێک دایە کە دژی ئێرانە و بەڵام لە سەر خاکی هیچ کام لەو وڵاتانە نیە و ماڵوێرانکاریەکەی بۆ هەژارا و بیدەرەتانەکانی وەک یەمەن و لوبنان و سوریە و عراقە. عربستان دوای ئەو هەمو تکا وهەڕەشە و گوڕەشە هەر بۆ ئەوەی کە بە ئێران نیشان بدات، کە حیسابێکی بۆ ناکات، شێخ النمری ڕێبەری شیعەکانی ئەو وڵاتەی لە سێدارە دا. دادوهاراو بۆ ڕاگرتنی ڕووی سپی ئێران لە ناو شیعەکانی ناوچەشدا لێرە لە لایەن سعودیەکانەوە ڕەشکرا و النمرە کوژراو ئێرانیش هەر سڵاوەتەکانی خۆی بە گوێ خۆی گەیشتنەوە و هیچیتر.
بەشێکیشیان پێیان وابوو کە لە لایەن ئۆرگانە ترۆریستەکانەوە پوڵ و سەرمایەکی زۆر واریدی ئێران دەکرێ، بەڵام وەک بینیمان هەتا ئەم خاڵە مەنفیانەش کە ترسی زۆریان لێ دەبیندرا ، نەیانتوانی هیچیان ئەوچاوەڕوانیانە بێننە جێ، ئەوە نە لە بەر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی نەیهەوێت، یان پێیخۆش نەبێ ، بەڵکوو لە ناو خودی ئەم ڕیژیمەدا، گەندەڵی و دووبەرەکی لە ئاستێکدایە، کە کەمیان بیر لەوە دەکەنەوە وەدوا وەها بەرنامەیەک بکەون، چوونکە هەرکەسە و خەریکە جیگەپێی خۆی قایم بکات و ئیش و کارەکەی لە دەست نەدات، لەو بەینەدا ئێران چی پیدێ و خەڵکی ئێران وعزیان چۆن دەبێ و هەتا خودی کۆمارە ئیسلامیەکەش بە کوێ دەگا، هەمووی دەکەوێتە مەرحەلەی دووی بیر و هۆشیانەوە، کە زۆر جار بە بیرچونەوەی دەسپیرن. لە کۆتای دا تەنیا ئەوەی دەڵێم، کە رەوزەخوێندن و هەڕەشە کردن و ئەتۆم ناتوانێ زگی برسی تێر بکات.
تا برسیەکان برسیتر بن، مەرگی تێرەکان نیزیکترە، ئەوکات رەوزەخوانی گوێگری نیە و هەڕەشە و ئەتۆمیش بە پولێک ناچێ.
محەممەدی فەقێ عەلی