"an independent online kurdish website

لە دوو کۆمێنتاری پێشتر دا قەوڵم دابوو تا لە کۆمێنتاری سێهەمی باس لە هەوڵی کوودەتای بە ئامانج نەگەیشتووی ژمارەیەک لە نیزامییەکانی تورکیە بە سەر حکوومەتی ئیخوانیی ئاکەپە و بەتایبەتی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو تاکڕەویی فەردی دەڕوا بکەم. kavos_azizi12

لە کۆمێنتاری ئەمجارە دا باس لە چۆنیەتیی هەوڵی کوودەتا دەکەم کە هەم پرسیارن، هەم بۆچوون و هەمیش گومان. هەروەها باس لە ئاکامە نەگاتیڤەکانی ئەو هەوڵە بۆ لەمەو دوای تورکیە هەم لە ئاستی نێوخۆ و هەم لە ئاستی نێونەتەوەیی دا دەکەم. ئەوەش بڵێم کە بەو باسە دەمەوێ سرنجی خوێنەرانی کورد بۆ زیاتر قووڵ بوونەوە لەو وەزعەی ئێستای تورکیە ڕابکێشم و دوورە دیمەنێک لە داهاتووی سیاسیی ئەو وڵاتە بخەمە بەرچاو.

کۆمێنتاری سێهەم

ئەم کۆمێنتارە سێ بەشە . بەشی یەکەم چۆنیەتی، هۆکار و گومانەکانی سەر هەوڵی کوودەتا باس دەکەین و بەشی دووهەم ئاکامەنەگاتیڤەکانی ئەو هەوڵە یە. و بەشی ئاخری بەزاندنی هێلە سوورەکان و شکانی تابۆکانە.

بەشی یەکەم ، گومان و پرسیارەکان

یەکەم: بە پێی دزە کردنی قسەی هیندێک لە بەرپرسانی دەست بەسەر کراو و بگرە بەرپرسانی حکوومەتی، پیلانی کوودەتا بۆ دوای ٣٠ ئاگۆست بووە . ٣٠ ئاگۆست ڕۆژی ئەرتەشی تورکیەیە.

دووهەم: لە ناوەڕاستی مانگی ئاگۆست کۆبوونەوەیەکی گرینگی شوورای بەرزی نیزامی دەکرا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان. لەوێ دا کۆمەڵێک لەو ژنڕاڵانە کە گومانیان لێدەکرا یان لە خانە نشین دەکران، یان لە سەر کار لادەدران و یانیش دەگیران کە یەکێکیان ئاکین ئۆزتورک فەرماندەری هێزی هەوائی بووە. هەڵبەت ئەردۆغانیش لە یەکەم ساتەکانی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی ئاتاتورک لە ئیستانبوول ئیشارەی کرد وگوتی: ئەوان دەیانزانی لە کۆبوونەوەی شوورای بەرز دا چی ڕوودەدایەوە. کەوایە هۆکارێک لە هۆکارەکانی زوو ئیجرا کردنی کوودەتا ئەوە بووە و بە قەول ویستوویانە پێشدەستی بکەن.

سێهەم: بۆچی کوودەتا لە کاتێک دا دەستی پێکرا کە دەستپێکی تەعتیلاتی کۆتایی هەفتە بوو؟ لە تورکیە وەک ئۆرووپا دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ئیدارەکان دادەخرێن و هەتا دوو شەممە هیچ ئیدارەیەک کراوە نیە. کەوایە هەرکەس دەچێتەوە ئیستراحەت و سەفەری خۆی. بەتایبەتی ئێستا تەعتیلاتی هاوینیشە. هەروەک بینرا تەنانەت سەرۆک کۆمار چووەتە تەعتیڵاتی کۆتایی هەفتە و لە ئانکارا نیە.

چوارەم: بۆچی کوودەتاچییەکان لە باتی سەرۆک ئەرکان نەچوون سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکوومەت و پاڕلەمان دەستبەسەر بکەن؟ بڵێی نەیانزانی بێ ئەگەر ئەردۆغان دەستگیر نەکەن ، ئیمکانی سەرکەوتن یان لاوازە؟ ئەگەر بەڕاستی هەوڵی کوودەتا جیدی بووە، نەدەبوو بە گرتنی سەرۆک کۆمار دەستی پێ بکەن؟ لە کوودەتاکانی پێشوو دا یەکەم هەنگاو دەست بەسەر داگرتنی سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکایەتیی حكوومەت و پارلەمان بووە، جا ناوەندەکانی تر و بۆیە کوودەتاکان بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون.

پێنجەم: مادام سەرهەنگ عەلی یازیجی موشاویری نیزامیی و یاوەری هەمیشەیی ئەردۆغان لەگەل کوودەتاچییەکان بووە، چۆنە کە بەرلە دەست پێکردنی هەوڵێ کوودەتا ، شوێنی ئەردۆغانی بە کوودەتاچیەکان نەگووتووە؟

شەشەم: چۆنە کە دەزگای میت هیچ خەبەرێکی لەو کوودەتایە نەبووە؟ لە کاتێک دا بە قسەی ئیستایان کە دەڵێن هەتا ئێستا ٥٠ هەزار مەئمووری دەوڵەتی بە هۆی ئەندامەتی لە گورووپی کوودەتا لە سەر کار لادراون ، یان گیراون؟ یانی ئەو بەرنامە بەرینە دەزگای هەواڵ گریی ئەرتەش، ژاندارمێری و میت خەوتبوون؟

حەوتەم: بۆچی دوای تەرکی سەرۆک کۆمار هۆتێلەکە کەوتە بەر هێرشی سەربازانی کوودەتاچی؟

هەشتەم: مادام کوودەتاچیەکان دەیانەویست ئەردۆغان بکوژن، چۆن بوو کە کاتێک ڕاستەوخۆ پڕێس کۆنفڕانسی لە فڕۆکە خانەی ئاتاتورک هەبوو و دوای ئەویش چووە دەر، تەیارەی جەنگیی کوودەتاچیەکان بەسەری دا دەسوورانەوە بەڵام لێیان نەدا؟

نۆهەم: ئەردۆغان چۆن لە هۆتێلەکە ڕا چووە فڕۆکە خانەیەکی دیکەو لەوێ ڕا چووە ئیستانبووڵ و نەکەوتە بەر هێرشی فڕۆکەکانی کوودەتاچیەکان. خودی دەوڵەت دەڵێ ئاسمانی تورکیە هەتا سەعات ٦ی بەیانی بەدەست کوودەتاچیەکانەوە بووە.

دەهەم: بۆچی لە یەکەم هەنگاو دا پاڕڵەمان و میت و کۆشکی کۆماری و کۆشکی چانکایا یان کۆنتڕۆڵ نەکردەوە؟ خۆ بە ڕاحەتی دەیانتوانی داگیری بکەن ، بۆ نەیان کرد؟

یازدەهەم: بۆچی لە تی ئار تی و سی ئێن ئێن کشانەوە بە بێ هیچ بەرگریەک؟

دوازدەهەم: بۆچی  هەتا ئێستا فەتولا گولەن حقووقی لە دەوڵەتی تورکیە وەردەگرت و ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ ی ژووئیە  ڕایان گرت؟

بەشی دووهەم ، ئاکامە نەگاتیڤەکانی هەوڵی کوودەتا بۆ لەمەو دوا

یەکەم: لەمەو دوا ئیعتیماد لە نێوان حکوومەت و دام و دەزگا ئەمنی و نیزامییەکان دروست نابێ و ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران .

دووهەم: لە نێو خودی ئەرتەش و میت و ئەمنیەت دا کاربەدەستان ئیعتیماد بە یەکتری ناکەن. باچەند نموونە بێنمەوە: موشاویری حقووقیی ژنرال هولووسی ئاکاری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە جەکدارەکان یەکەم کەس بووە چووتە ژووری ژنراڵ و بە دەمانچە تەهدیدی کردووە تا بەیانیەی کوودەتا ئیمزا بکا، دواتر بە کەمەری خودی ژنڕاڵ گەرووی ژنرالی گرێداوە، نان و ئاوی نەداوەتێ و تەنانەت ئیزنی چوونی تەوالیتی پێ نەداوە. جێگری ژنرال هوولووسی لەگەل کوودەتاچیەکان بووە بە ئیقراری خۆی تەلەفۆنی سەرۆک ئەرکانەکانی پێشووی زەبت کردووە بۆ بزووتنەوەی گوولەن. موشاویری نیزامیی ئەردۆغان لەگەل کوودەتا و گوولەن بووە ، رەئیسی کارە ئیدارییەکانی فەرماندەری ژاندارمێری فەرماندەکەی بە بارمتە گرتووە. فەرماندەهی و ئیدارەی هێزی هەوایی و دەیان خەلەبان لەگەل کوودەتا چیەکان بوون……. سەدان حقووقدان و وەکیل و یاساناس لەگەل کوودەتاچیەکان بوون. فەرماندەری کۆماندۆی هەکاری، فەرماندەی ژاندارمێریی گەوەر ، فەرماندەری هێزی تورکەی لە ئینجرلیک کە گەورەترین ناوەندی هاوبەشی ناتۆ و تورکیە و ئەمریکایە و ئاگاداری هەموو بریارەکانی ئەو ناوەندەیە. فەرماندەری جەندین لەشکەر و تیپ. مودیری ئەمنیەتی دەیان ئوستان . ٥٠ فەرماندار(قائم مەقام) چەندین ئۆستاندار . ٨ هەزار پۆلیس. ئەوانە هەموویان رۆژانە زانیاریان گواستۆتەوە.

ئەمانە نیشانەی ئەمەن کە ئیدی ئیعتیماد زۆر زەحمەتە جێگیر بێ ، ئەوەش گەورەترین کێشەی ئیدارەی وڵات دەبێ. کاتێک ئیعتیماد لە نێو دام و دەزگای وڵاتێک دا نەما ، هەر لەحزە ئیمکانی تەقینەوەی هەیە. بەتایبەتی نێوا سوپا و دەزگا ئەمنی و زانیارییەکان دا.

سێهەم: ناتۆ لەمەو دوا ناتوانێ ئیعتیماد بە ئەرتەشی تورک بکا کە جاران بە یەکێک لە کاریگەرترین هێزی نیزامیی ناتۆی دەزانی و حیسابی لەسەر دەکرد. بۆ نموونە فەرماندەری ناوەندی ئینجیرلیک لەگەل گولەن و کوودەتا چیەکان بووە.

چوارەم: دەزگا ئیستخباراتییەکانی جیهان لەمەو دوا حیسابێکی ئەوتۆ بۆ میت ناکەن کە بە دەزگایەکی بەهیز و جیدی دەزانرا. چوونکی سابتی کرد کە لاوازە. دەزگایەکی ئەوندە لاواز کە نەزانێ ئەوە خەریکە کوودەتا دەکرێ و تەنانەت هەر ئەمرۆ ئەردۆغان ئاشکرای کرد کە زاواکەیان  (شووی خوشکی ) خۆی زەنگی بۆ داوە کە ئەوە لە ئانکارا کوودەتا دەستی پێکردووە.

پێنجەم: لەمەو دوا ناتۆ و ئەمریکا و …. حیسابێکی ئەوتۆ بۆ دەزگای زانیاریی ئەرتەش و ژاندارمێژریی تورکیە ناکات. دەرکەوت کە دەزگاهایەکی ئالوودەی بێتوانان.

شەشەم : لەمەو دوا سەرمایەداران ناتوانن دڵنیابن ل سەرمایەکانیان لە تورکیە. مادام تەنانەت هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان و فڕۆکەخانەکانیش دەکەونە بەر هێرشی ئەرتەشی خودی ئەو وڵاتە، مانای ئەوەیە ئیدی ئیعتیمادێک نامێنێ. گەشتیاران ناتوانن بە دڵنیایی یەوە بچنە تورکیە. ساڵانە بە میلیۆنان گەشتیار ڕوویان دەکردە تورکیە، کەچی ئەوە خودی ئەو جێگایانە مەیدانی بێ سوباتین.

حەوتەم: داخرانی زیاتر لە ٦٠٠ ناوەندی پەروەردە وەک: زانکۆ، پەیمانگا و ….. بە بیناووی ئەوەی کە سەربە گوولەنن. دەرکران و گیرانی ٥٠ هەزار کارمەند کەلەوانە ١٥ هەزاریان مامۆستان. ٨ هەزار پۆلیس. بە هەزاران ئەفسەر و دەرەجەداری هێزە چەکدارەکان. دەرکران و گیرانی هەزاران مافناس، وەکیل و قازی و بەڕێوەبەر و تەنانەت دیپلۆمات و کارناسی ئابووری و بازەرگانی. بڵێی ئەمان ەوا بێ دەنگ دابنیشن؟

هەشتەم: نەمانی ئەمنیەتی شوغڵی و سەرمایە کە گەورەترین موعزەڵ دەخوڵقێنێ.

ئەمانە و دەیان خاڵی دیکە هەن کە دەیسەلمێنن ئیدی تورکیە نە لە نێو کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی دا ئیعتیباری جارانی ماوە، نەلە ناوەندە ئابووری و نیزامییەکان دا زمانی ئاخاوتنی جارانی ماوە. بە کورتی دۆڕاندنی ئیعتیبار لە هەموو ئاست و بوارەکان دا ئاکامی ئەو هەوڵەی کوودەتا و ڕەفتاری حکوومەتی ئاکەپە و شەخسی ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆمارن. لە نیهایەتیش دا دۆڕاو خەڵکی تورکیە و لە سەرووی هەمووانەوە ئاکەپە و ئەردۆغان دەبن، بەس کاتی گەرەکە و دەبێ چاوەڕوان بین تا ئەو ئیحساساتەی کاتی کۆتایی دێت.

بەشی سێهەم بەزاندنی هێڵە سوورەکان و شکاندنی تابۆکان

 بەردەوام گوێمان لە قسەیەکی باو بووە کە دەڵێن:” میللەتی شەریفی تورک” ئەوە قسەی خۆیان بوو. منیش قەناعەتم وایە لە بوارێک دا تورکەکان لانی کەم لە دامەزرانی کۆماری تورکیەوە تا ئێستا بە نیسبەت یەکتری زۆر شەریف بوون. بەو ئەندازەیەی کە عەرەبەکان تینووی خوێنی یەکتر بوون ئێستاشی لەگەل بێ ئەوەی بێ ڕوحمی یە لەگەل یەکتری پەیڕەو دەکەن، بەو ئەندازەیەی کە ئێمەی کورد یەکترمان کوشتووە لە پێناو حیزبایەتی دا ، بەو ئەندازەیەی فارسەکان یەکتریان قەتل و عام کردووە ، تورکەکان وانەبوون. بەردەوام لەسەر قەزیەی نەتەوە و زمان و وڵات و ئاڵا و دەوڵەتی جمهووریەتی تورکیە یەک ڕا و یەک هەڵوێست بوون. لە دوای عوسمانییەکان تورکەکان یەکتریان نەدەکوشت. بەڵام ئەمجارەیان ئەو هێڵە سوورە بەزێندران و ئەو تابۆیانە شکێندران:

ئەلف . کوودەتاکانی پێشوو کە تەنها پارلەمانیان دادەخست و سومعەی پارلەمانیان نەدەشکاند. کەچی ئەمجارەیان نەک وایان نەکرد بگرە بە هەلیکۆپتێر بۆمبارانیان کرد و بەشی هەرە زۆری پارڵەمان و دەفتەری سەرۆک وەزیران بوونە وێرانەیەک.

ب . قەت لە نێوان ئەرتەش و” میت “دا کار نەگەیشتبووە شەڕی چەکد، بەڵما ئەمجارەیان بە هەمان شێوەی پارڵەمان و بەڵکوو توند تریش ناوەندی سەرەکیی “میت” بۆمباران کرا و بە دەیان کەس لەو ناوەندە کوژران.

پ . لە نێوان ئەمنیەت و ئەرتەش دا قەت کار نەگەیشتبووە چەک، کەچی ئەمجارەیان ناوەندی حەرەکەتی تایبەت(هێزی تایبەتی ئەمنیەت”پۆلیس”) کرایە ئامانج و ئێف ١٦ بە ناپاڵم وێرانی کرد و نیزیک ٥٠ ئەفسەر و کاربدەستی ئەوناوەندەی کوژران و زیاتر لەوەش بریندار بوو.

ت . ئەرتەشی تورکیە قەت هەلیکۆپتێر و تەیارەی بە دژی خەڵکی سێڤیلی شارە تورک نشینەکان بەکار نەهێنابوو ، کەچی ئەمجارەیان کرا و خەڵک لە سەر شيقامەکان وەبەر بۆمب و شەت تیر دران و تانک بە سەر خەڵک دا دەربا سبوون .

ج . کۆشکی چانکایا کە یەکەم کۆشکی کۆماریی تورکیە یە و ئیستا سەرۆکایەتیی حکوومەت بەکاری دێنێ، کەوتە بەر بۆمبای فڕۆکە و وێران کرا. ئە وکۆشکە وەک ئاسارێکی میللیی کۆماری تورکیە بوو و لە هەموو کوودەتاکان دا پارێزراوبوو.

ح . کۆشکی تازەی سەرۆک کۆماری بە فڕۆکە بۆمباران کرا.

تورکسات و تورک تەلەکۆم، هیچکەس بە بیریشی دا نەدەهات کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە بە فڕۆکەی جەنگی بۆمبارانی بکا، بەڵام کرا.

خ . چەدن فڕۆکەخانەی سێڤیل ، بۆمباران کران.

چ . ئەفسەرانی ئەرتەش و ناوەندەکانی تری ئەمنی و هەواڵگری لە دەفتەری کاری خۆیان یەکتریان کوشت. نموونەیان ژنرال سەمیح تەرزی لە لایەن هاوکاری خۆیەوە کوژرا لەگەل ٧ ئەفسەری دیکە .

د. چەندین کەشتیی جەنگی لەگەل فەرماندەری هێزی دەریایی و پێرسۆنێلێکی زۆر دیار نین و پەیوەندیان نەماوە، ٢ ئێف ١٦ دیار نین، چەندین ئەفسەر وخەڵەبان چوونە ڕۆژئاوای کوردستان و خۆیان ڕادەستی یە پە گە کرد. هەلیکۆپتێرێک بە ٨ ئەفسەرەوە چووە یوونان کە دوژمنی دێرینی تورکیەیە.

ق . ئەرتەشی تورکیە لای تورکەکان هەتا ئاستی مقدس خۆشەویست بوو، کەچی خەڵک سەری سەربازی بە چەقۆ بڕی. خەڵک سەرباز و ئەفسەرانی کوودەتاچییەکانیان دوای تەسلیم بوون بە دار و بەرد و کابڵ ئەشکەنجە کرد. تەرمی ئەفسەر و سەربازە کوژراوەکانیان بە دوای ماشێن د اگێرا و تەنانەت ئیزن نەدران لە نێو مەزارگە کانیش بنێژرێن و مەزارگەی تایبەت بۆ ئەوان دروست کران بە ناوی “مەزارگەی خائینان” .خەڵک سەربازانی چەک کرد و بەو چەکانە سەربازیان کوشت.

ع . تانک و کەرەستە سەربازیەکان بۆ چەند ڕۆژ لە شەقامەکان بە بێ ساحیب مانەوە بوون بە کایەی منداڵان و توندئاژۆکانی لایەنگری ئەردۆغان.

گ . عەرەبی سووری هێنرانەوە سەر شەقام و سەربازی تورکیان کوشت و سەریان بڕی. هەر ئەمڕۆ لە سەر شەقامەکان تی ڤی لەگەل عەرەبە هاوردەکان دیداری دەکرد و ئەوان بە ڕاشکاوانە دەیانگوت هاتوون بۆ شەڕی کافران و دیفاع لە ئەردۆغان.

ک . ئەردۆغان پەنای بردەبە ر تەریقەتەکان کە زۆربەیان سەر بە داعش و نوسرە و ئەلقاعیدەن و ئەوانی هێنایە سەر شەقام . خەڵکی غەیرە ئاکەپە ناتوانێ قەبووڵی کات کە کابرای عەرەبی سووریە بێت سەری سەربازی تور ببڕێ. بۆیەشە هەر لە ئێستاوە دەنگی حیزبە جیدییەکان بەرزبۆتەوە و دە هەوڵی خۆپێشاندان دان.

م . بەگشتی سومەی سوپای تورکیە شکێندرا و زۆربەی ئەفسەرە گیراوەکان بە دەم و لووتی بریندارو ئیشکەنجە کراو هێنرانە بەر کامێرا بۆ ئەوەی غورووری ئەرتەش بشکێنن.

خوێنەیر هێژا ئەمە دوایین کۆمێنتارە لە سەر کوودەتا ناسەرکەوتووەکەی سوپای تورکیە. پێمخۆشە دوو خاڵ ئیشارە بکەم کە هەر لە یەکەم ساتەکانی ئەو هەوڵە بۆ کوودەتا لە سەر دیواریفەیسبۆکی خۆم نووسیومە و ئێستاش موکورم لە سەر ئەو دوو بۆچوونەم.

یەکەم: لەیەکەم ساتی هەوڵی کوودەتا دا نەزەرم وابوو کە ئەو کوودەتایە سەرناکەوێ و دەلیلیشم ئەوەبوو کە هەم جارێ ئەردۆغان خاوەن نفووزە، هەم فەتولا گولەن خۆشنا نەماوە، هەم دەوڵەتی بیانی لە پشت کوودەتا دیار نیە، هەم ئاستی فەرماندەرانی ئەرتەش لە خوارەوە کە دەستیان داوەتە کووەدەتا و زۆر هۆی دیکە.

دووهەم: لەمەو دوا هەر لەحزە ئیمکانی تەقینەوەی تورکیە و هاتنە ئارای شەڕی ناوخۆیی هەیە و لەو بەینەش دا سوپا و هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان بە پێی قەبارەی کێشەکان دابەش دەبن بە سەر دووبەرە دا. واتە لە ژێڕ ڕووناکایی ئەو خاڵانەی کەلە بەشی سێهەمی ئەم کۆمێنتارە داباسم کردوون نەزەرم وابووە و وایە کە تورکیە بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی دەروا و دوور نیە لایەنی بەهێزی نێو سوپا دەست بە سەر دەسەڵات دا بگرێ.

ئێوە ساغ و سڵامەت هیوادارم لەو دۆخەی تورکیە کورد بتوانێ قازانجی خۆی لێ وەرگرێ.

..

ئەوەش هیندێک وێنەی سرنج ڕاکێشی کوودەتاکە…

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی