"an independent online kurdish website

حزبەكەی نوری مالیكیش لەگەڵ ئێران تێوەگلاوە , كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ بە ئەنجامدانی زۆرێك لە تاوان و هێرشی گەورە لە دژی هاووڵاتیان و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان تۆمەتبار دەكرێت.Iran-terorism-0

 

بەپێی راپۆڕتی كەناڵی “العربیە”، دامەزراندنی گروپە توندڕەوەكان لە ناوەوە و دەرەوە؛ لەوانەش گرووپی چەكداری حزبوڵڵا لە لوبنان و حزبوڵڵای حیجاز و و ژمارەیەك گروپ لە سعودیە و عێراق و سوریا و یەمەن؛ نموونەی گروپە توندڕەوەكانی سەر بە ئێرانن؛ جگە لەوەش پشتگیری ئێران لە رێكخراوە توندڕەوەكانی جیهانیی وەك قاعیدە لە ساڵی 2001؛ بەڵگەی بەهێزن بۆ سەڵماندنی تێوەگلانی ئێران لەگەڵ گروپە توندڕەوەكان.

 

بەپێی راپۆرتەكەی “العربیە”، لە مێژووی ئیسلامیی ئێراندا لە ساڵی 1979 تا ئێستە؛ ژمارەیەك كردەوەی توندوتیژی ئەنجام دراون؛ بەم شێوەیە:

 

1. پاڵپشتیكردنی ئێران بە شێوەیەكی راستەوخۆ لە تەقینەوەی باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرۆت لە ساڵی 1981 كە تێدا 61 كەس كوژران و 110ی دیكەش برینداربوون.

 

2. لە ساڵی 1983 تەقینەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەیروت بە فەرمانی بەرپرسانی ئێرانی كە لەلایەن حزبوڵڵا ئەنجام درا و تێدا 63 كەس كوژران.

 

3. لە ساڵی 1983؛ ئیسماعیل عەسكەری ئەندامی سوپای پاسداران؛ بۆمبێكی چێنراوی لە بەیروت لە بارەگای چەكدارانی دەریایی ئەمەریكای تەقاندەوە و بەوهۆیەوە 241 كەس كوژران و زیاتر لە 100 كەسی دیكەش برینداربوون كە ژمارەیەكیان بەرپرسی هێزی دەریایی ئەمەریكا بوون.

 

4. لە ساڵی 1983 بارەگای هێزەكانی فەرەنسا لە بەیروت لەلایەن حزبوڵڵاوە؛ تەقێنرایەوە و بەو هۆیەوە 64 سەربازی فەرەنسی كوژران.

 

5. لە ساڵی 1983 ئەندامانی حزبوڵڵا و حزبی دەعوەی عێراقی بە پشتگیریی راستەوخۆی ئێران؛ كردەوەی تیرۆریستییان لە بارەگای باڵیۆزخانەكانی ئەمەریكا و فەرەنسا لە كوێت و پاڵاوتگەی نەوتی كوێت ئەنجام دا و بەو هۆیەوە 5 كەس كوژران و 8ی دیكەش برینداربوون.

 

6. لە ساڵی 1985 كردەوەی شكستخواردووی تیرۆركردنی میری كوێت؛ شێخ جابر ئەحمەد ئەلسوباح؛ كە تێدا ژمارەیەك لە سەرباز و هاووڵاتیی مەدەنی كوژران و لەلایەن حزبی دعوەی عێراقی و بە پاڵپشتیی ئێران ئەنجام درا.

 

7. لە ساڵی 1986 ژمارەیەك حاجیی ئێران لە سعودیە بە نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی؛ 300 كەسیان كوشت.

 

8. لە ساڵی 1994 بەپێی دادگای تایبەتی ئەرژەنتین؛ بەرپرسانی ئێران پلانی تەقینەوەی بوینس ئایرسیان داڕشتبوو كە تێدا 85 كەس كوژران و نزیكەی 300 كەسی دیكەش برینداربوون. و لە هەمانكاتدا لە ساڵی 2003 پۆلیسی بەریتانی 7 تۆمەتباری دەستگیركرد یەكێكیان باڵیۆزی پێشووی ئێران بوو لە ئەرژەنتین.

 

9. لە ساڵی 1996 “حزبوڵڵا حیجاز” كە گروپێكی توندڕەوی سەر بە ئێرانە؛ كردەوەیەكی تیرۆریستیی لە بورجی نیشتەجێبوون “الخبر” لە سعودیە ئەنجامدا و تێدا 120 كەس كوژران كە 19یان ئەمەریكی بوون و دواتریش ئەنجامدەرانی تەقینەوەكە لەلایەن ئێرانەوە داڵدە دران تاكو لە ساڵی 2015 تۆمەتباری سەرەكی بە ناوی ئەحمەد المغسل لەلایەن هەواڵگریی سعودیە و لوبنان دەستگیركرا.

 

10. لە ساڵی 2003 رژێمی ئێران لە تەقینەوەی شاری ریاز رۆڵێكی راستەوخۆی هەبووە؛ ئەو هێرشە تیرۆریستییە بە فەرمانی یەكێك لە بەرپرسانی قاعیدە لە ئێران بەڕێوەچووە؛ كە لە ئاكامدا ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی سعوودی و بیانی بە تایبەت ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی ئەمریكایی كوژران.

 

11. لە ساڵی 2003؛ پلانێك بە پشتگیری سوپای پاسدارانی ئێران بە مەبەستی دانانەوەی بۆمب لە كۆشكی پاشایەتی بەحرێن پوچەڵ كرایەوە و ئەندامانی گرووپەكە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵا بوون، دەستگیر كران. ئەو پلانە لە ساڵی 2011 و 2016 لە لایەن ئێرانەوە لە دژی بەحرێن پەرە پێدراوە.

 

12. لە ساڵی 2013 ئیمارات شانەیەكی حزبوڵڵا كە لەلایەن كارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئێران و سوپای پاسداران دامەزراوە ئاشكرا كرد؛ كە سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیارییەكانی تایبەت بە دامەزراوەكانی حكومی و ماڵپەرٍەكانی سەربازی؛ ئاسایش و چالاكییەكانی ئابووری لە ئیمارات و گواستنەوەیان بۆ ئێران و حزبوڵڵا بووە.

 

13. لە ساڵی 2016 دادگای تاوانەكانی كوێت حوكمی لە سێدارەدانی بۆ دوو تۆمەتبار دەركرد؛ كە یەكێك لەوانە بە رەگەز ئێرانی بووە و تۆمەتی ئەندام بوون لە گرووپی ناسراو بە ئەلعەبدەلی و سیخوڕی كردن بۆ حكومەتی ئێرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو دوو كەسە تۆمەتبارن بە تێكدانی ئاسایش نەتەوەیی و یەكگرتوویی و پێشێلكردنی سەروەری خاكی كوێت و هاوكاری كردنی ئێران و حزبوڵڵا و بەكارهێناتی توندوتیژیی لەو وڵاتە.

 

14. ئێران بە گەورەترین بڵاوەپێكردنی ماددەی تەقێنەری ئێل ئی دی لە جیهان ناسێندراوە؛ كە بۆ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكان و هەروەها زرێپۆشەكان بەكاردەهێنرێت. ئەو مادە تەقێنەرانە بووە هۆی مردنی سەدان كەس لە هێزەكانی سەر بە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لە عێراق لە نێوان ساڵانی 2003 و 2011.

 

15. لە ساڵی 1982؛ هێزە ئەمنییەكانی ئێران فرۆكەكانی ئەلجابریەی كوێتیان رفاند كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە و دواتر هەندێك لە ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنان و حزبی دەعوەی عێراق بە فەرمانی بەرپرسانی باڵای ئێران فرۆكەی ژمارە 422یان لە بانكوك كە بەرەو كوێت دەرۆیشت لە سنووری ئاسمانی عەممان رفاند و فرۆكەكەیان گواستەوە مەشهەد لە باكوری رۆژهەڵاتی ئێران و دواتر داوایان لەو گرووپانە كرد؛ كە زیندانیانی ئێرانی لە كوێت ئازاد بكەن. ئەو زیندانیانە تۆمەتبار كرابوون بە دانانی بۆمب لە ژێرخانەكانی كوێت و باڵیۆزخانەكانی فەڕەنسا و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا.

 

16. لە ساڵەكانی 1982 و هەزارونۆسەد و نەوەد؛ رژێمی ئێران رۆڵیان لە تیرۆركرنی 4 دیپلۆماتكاری سعوودی لە تایلەند هەبووە بە ناوەكانی عەبدوڵلا ئەلمالكی؛ عەبدوڵڵا ئەلبەسری؛فەهد ئەلباهلی و ئەحمەد ئەلسەیف.

 

17. لە ساڵی 2011؛ هێزە ئەمنییەكانی ئێران بەنیاز بوون كە باڵیۆزی سعوودییە لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا تیرۆر بكەن كە بەرپرسانی ئەمەریكا ئەو پلانەیان پووچەڵ كردەوە. لە 11ی ئۆكتەبەری ساڵی 2011؛ ئەریك هۆلدەر وەزیری دادوەری ئەمەریكا رایگەیاند: كە هاووڵاتێكی بە رەگەز ئێرانی كە لە ئەمەریكایە بە ناوی مەنسوور ئەرباب سەییار كە دواتر سزای زیندانی 25 ساڵی بەسەردا سەپێندرا؛ تۆمەتباری سەرەكی و هەروەها هاووڵاتێكی ئێرانی تر بە ناوی عەلی غولام شكوری كە ئەفسەری باڵای هێزی سوپای پاسدارانی ئێران بووە؛ بە پەیوەندی كردن و داڕشتنی پلانی تیرۆری عادل ئەلجوبەیر باڵیۆزی ریاز لە واشنتۆن تۆمەتبار كراوە.

 

18. لە ساڵی 2012؛ بەرپرسانی كۆماری ئازەربایجان پلانی بەرپرسان و دیپلۆماتكارانی ئەمریكاییان لە باكو ئاشكرا كرد ؛ كە لەلایەن یەكێك لە گرووپەكانی شیعەی توندڕەو كە سوپای پاسداران پشتیوانی دەكرد و پلانی بۆ داڕیژرابووە.

 

ئێران زۆرترین پێشینەی لە جیهان هەیە لە هێرش كردنە سەر باڵیۆزخانەكان و كەسانی دیپلۆماتكار. ئەو پێشینە گەورەترین پێشێلكردنی ڕێكەوتنامەكانی نێودەوڵەتییە لە پشتگیریكردن لە باڵیۆزخانەكان؛ بە تایبەت بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ساڵی 1979 و دەستگیركردنی كارمەندەكانی ئەو باڵیۆزخانەیە بۆ ماوەی 444 رۆژ هەژمار دەكرێت.

 

دواتر هێرش كردنە سەر باڵیۆزخانەی سعوودییە لە ساڵی 1987 و هێرش كردنە سەر باڵیۆزخانەی كوێت لە ساڵی 1987 و هێرش كردنە سەر باڵیۆزخانەی رووسیا لە ساڵی 1988.

 

19. هێرش كردنە سەر دیپلۆماتكارێكی كوێتی لە ساڵی 2007 و هێرش كردنە سەر باڵیۆزخانەی پاكستان لە ساڵی 2009 و هێرش كردنە سەر باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە ساڵی 2011 و دووایین هێرش؛ هێرش كردنە سەر باڵیۆزخانەی سعوودییە لە تاران و كۆنسولخانەی ئەو وڵاتە لە شاری مەشهەد لە سەرەتای ساڵی 2016 كە پێشینییەكانی ئەو رژێمە لە پێشێلكردنی سەرجەم یاساكانی نێودەوڵەتی بەڕێوە چووە.

 

20. ئێران لە بەردەوامی هێرشەكانی خۆی كۆمەڵێك هێرشی لە دژی كەسایەتییەكانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی بەڕێوە برد؛ بە تایبەت تیرۆركردنی دكتۆر “عەبدولرەحمان قاسملۆ” سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ساڵی 1989 لە ڤیەننا و هەروها جێگرەكەی عەبدوڵڵا ئازەر.

 

21. لە پاریس لە ساڵی 1991 ؛ سوپای پاسدارانی ئێران ؛ “شاپوور بەختیار” دووایین سەرۆك وەزیری ئێرانی لە سەردەمی رەزا شاە تیرۆر كرد. لەو هێرشەدا كارمەندێكی ئاسایشی فەڕەنسا و ئافرەتێكی فەڕەنسیش كوژران.

 

22. لە بەرلین و لە ساڵی 1992 ؛ ئێران سكرتێری گشتی ئەو كاتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی بە ناوی “سادق شەڕەفكەندی” و 3 كەس لە هاوكارەكانی بە ناوەكانی “فەتاح عەبدلی و هومایون ئەردەلان و نوری دێهكردی” بە دەستی سوپای پاسدارانی ئێران تیرۆر كرد. دادوەری گشتی ئەڵمانیا حوكمی دەستگیركردنی بۆ وەزیری هەواڵگری ئەو كاتی ئێران “عەلی فەلاحیان” بە تۆمەتی پلاندانان و چاودێری راستەوخۆ بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەركرد.

 

23. كۆماری ئیسلامی ئێران دوای گەیشتن بە دەسەڵات و بە تایبەت لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق نزیكەی 120 كەس لە نەیارانی حكومەت و هەروەها رێكخراوی موجاهیدینی خەلق و ئۆپۆزسیۆنی باڵەكانی چەپی لەسێدارە دا. هەروەها لە كوشتنی بە كۆمەڵی 30 هەزار زیندانی سیاسیی لە هاوینی ساڵی 1988 لەسێدارەدا. جگە لەمە هەزاران كەس لە چالاكوانانی سیاسیی كەمایەتییەكانی جیاواز بەتایبەت عەرەبەكانی ئەهواز؛ كوردەكان و بەلوپەكانی لەسێدارەدا.

 

24. جێگری وەزیری دەرەوی ئەمەریكا تایبەت بە كاروباری تیرۆریزم و هەواڵگری دارایی ئادەم زویبن رایگەیاندبوو؛ كە ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێندراوە بە هۆی پشتگیریكردنی لە تیرۆر و دەستێوەردانی لە كاروباری سوریا و پشتگیری رژێمی ئەسەد و پشتیوانی كردن لە یەمەن و هەروەها بە هۆی بەردەوامی پێشیل كردنی مافی مرۆڤ زیاتر دەبێت.

 

25. لە راپۆرتێكدا كە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا تایبەت بە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2011 بڵاوی كردوەتەوە؛ و تێدا ئێرانی بە پشتیوانی گەورەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی لەقەڵەم داوە و دەستێوەردانەكانی تاران لە ناوچەكە و پشتگیری كردنی لە تیرۆریزم و توندوتیژیی لە سوریا و عێراق و تێكدانی بارودۆخی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەكە لەلایەن چالاكوانانی سوپای پاسدارانی ئێران ئیدانە كردووە و ئاماژەی بە رۆڵی ئەو دەوڵەتە لە نانەوەی توندوتیژیی نەیاران لە بەحرێن كردووە.

iran-teror-001

 

نووار فه‌قێ ، باس نیوز

دەقی بابەت بە فارسی

اقدامات تروريستى رژيم ايران در منطقه و جهان، العربیه.نت- فارسی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی