چۆن نابی بە ئاو ئەی بەرد
چۆن؟!
چۆن نابیتە خۆڵ ئەی با
چۆن؟!
نیشتمان
لاولاوێک سوور پۆشە
بە سەوڵی نازداری ” سەوڵئاوا“
هەڵزناو .
هێندە زام لە لەشی هەنار و دڵی من کەوتوە
ئەوەندەی نەماوە خاک ببێتە خۆڵەمێش
چاوی رۆژ کوێر بکات .
خۆمیش وەک داربلچی قەدپاڵی “کۆساڵان“
سراپام لە خومێ کەوەدا
هەڵکێێشم،
تا ئاسمان بە سەری باراندا
وەک پشتی پردەکەی ” دووڕۆ“
نەچەمێ،
دار بە شوێن چریکەی باڵندەی تەنیا دا
نەگەریت و
نەیکاتە خەڵووزی بەر بەفر.
لەمدیوی شیوەن و پێکرانی لەشمەوە،
لە گیانما،
زایەڵەی سەنتووری ڕاسانە،
ڕاسانی خوێنی نوێ
لە لەشی زەمان دا
بە ئادگاری ئەمڕۆ .
زایەڵەی هێزێکی لە دەشتی دەستەوەستانیدا
سەرهەڵداو.
موژدەی ئەو نەریتەی کە هەرگیز
داربەڕووە جامانە لە ملەکان
بە چنگی چڵکنی کڕێوە
لە ڕیشە دەرنایەن،
بەردەوام پەل و پۆ
بۆ تەیری نەوپەرواز
سەوز ئەکەن .
شەڕێکە موقەدەس
لە نێوان فریشتەی ڕووناکی و ئیبلیسی تاریکی،
وەک جەنگی گاوەرۆی مانەوە و
کەویری کاولیی.
چەخماخەی ڕوانینی نەسڵێکی تازەیە لە هەور و،
نەسڵێکی ڕۆچوو تا هەزار توێی کارەسات
بە هەگبەی ئاخنراو
بە بەفر و بارانی
رۆشنایی .
گەردەلوولی ڕەشی گوللەیە
کەژ بە کەژ
دەلوورێ و کەڵوە لە لاملی جوانووی شاخ
گیر دەدات .
کولێرەی رۆنماڵی نهێنی گوندێکی دوورەدەست
هاوشانی مێوژ و کاکڵە گوێز،
بە پەلە و کۆمەکۆم
پشت بەردی هەوراز و باوەشی ئەشکەوتە تەریک و دوورەکان دەگەڕێن،
ناتوانن پارچەیەک لە توانای ئەوینیان
بخەنەە نێو زاری کۆڵەپشتییەکانتان .
ناوساجی لە تەلبەند دەرباز بووی شەوقی شار
لە جادەی تەنراو بە جاشان دا،
خۆ دەکا بە بێشەی ئەوبەری رووباردا و
نەرم نەرم
بە سەر سینگ،
تا کەنار کانییەکی بن داربییە شەرمنەکان
درخزێت و مخابن،
لەوێ نین.
هەمدیسان کۆمەکۆم
بۆ نزیک هەوارە بەرزەکان هەڵدەکشێ و
ئێوەی لێ دیار نین .
ئاشقی ڕەنگتانە بەربەیان !
لە بنی کام گوڵی دڵماندا
سەنەگەرتان گرتووە؟
موبتەلای دەردتانە ئێوارە
لە کامە خانە باخ
بارگەتان خستووە ؟
“شاڵیار“،
پیری ئەو بەندەن و چەمانە،
لە پاشکۆی ئەسپی چاو بە گریەی مەراقیا
چەند لرفە و چەند زڕەی دەفی سەر دیواری خەڵوەکەی
بۆ جەرگەی سەنگەرتان دەهێنی و
ئاگری کاتیوشا
ناهێڵێ بگاتە دیدارتان.
هەم بۆنی شەرمنی چنوور دەیزانی
بێدارن و نەنووستوون
هەم چاوە مەستەکانی ترێ.
هەم دۆانەی ژێر کەپری وەرزێران
تێگەیشتن چەند تینوون،
هەم لێوی ئەو کانییە شەنگانەی
کەوی نێو گەروتان
نەگەیشتە لێواریان .
خەو بە تاو،
بە خۆی و دەستەیەک لە گوڵە ئەستێرەی ” ئاویەر ” و
دوو باخی پەرۆشی ” سەروماڵ”
هاتوون
تا لە بن دار مازووی وەستاو لە لاشان و
نووساو بە بڕبڕەی پشتتاندا
لە باتی دیدەتان
ئێشک لە ڕێگاکان بگرن و
ئێوە تا بەربەیان
دەسماڵی دەور سەر و جامانەی دەور ملی یارتان و
نەمامی باڵاکەی زاروانانتان
لە خەونێک ئارامدا
ببینن .
ڕاسانە
ڕاسانە !
ئەسپی ئەم ڕاسانە
بە ناڵی برووسکە و بەیاڵی تریفەوە
هاتوەتە سەر پاشوو،
بە دەستی شاخ و شار
چەپۆکان دەکات و
خرۆشی سمکۆڵان و حیلەی جەوانی
دەربەندو کۆڵان و پێدەشت و شەقامی
تەنیوە .
کە ئێوە و قەناسەی قەڵەمتان
لە بناری ” کێلەشین” بەرەو شار داگەڕان
هەر بەوری سەر زنارە بەرزەکان زانیان
چەند ترستان خستوەتە نێو دڵی دێوەزمە و
چۆن چۆنی
کاڵیسەر“!
ئەی شاخی تا سەر شان
بە مشکی و جامانە داپۆشراو!
تۆ بۆچی گڵۆڵە بەفرێکت
بە ” کوچک چەرمگ”ی دراوسێت دا
نەناردە خوارەوە ؟
تا جەرگی سووتاوی ” هۆزەڵی“
نەختاڵێک
پاراو بکات ؟
“،
ئەو کاتەی دوو بازی هەڵبڕاوی کۆساڵان
بەرانبەر چاوە سەوزەکانی ڕەنجت
بە باڵی خوێنینی نارنجەک
هەلفڕین،
چۆن نەبووی بە دڵۆپێک فرمێسک
تا لە تەک شەپۆلی شینپۆشی شیوەن دا
بە ناخی ” سیروان ” دا
بچیتە
خوار.
ئەی دڵی لە ئاسن خولقاوی نارنجەک
بۆ نەبووی بە پەڕەی سوێسن و
بە قژی وەرکەمەر،
تا ئەوان
سەر بخەنە سەر شانت و
لە تریفەی پووشپەڕدا
سەرخەوێک بشکێنن؟
ئەی دایەی بەرچەنە بە مورووی ئاڵ و سوور ڕازاوەی ” نیەر” م،
کۆڵوانەی چواروەرزی هەڵاڵە لە کۆڵ!
چۆن نەبووی بە بەڵەد
ڕێگایەک وەک ڕێگای شاراوەی خەمانت
بە شەنگە سوارانی ئازادی
نیشان دەی ؟
داخەکەم
شیعری من نەیتوانی ببێتە مانگە شەو
بکەوێتە بەردەمیان.
فیشەکی وشەی من
نەگەیشتە مەخزەنی تفەنگیان .
قەڵەمم
نەگەیشتە سەنگەری تا سەر سینگ بە سروود،
هەڵچنیویان .
خۆیشم هەر
نەگەیشتمە گەورەیی دوا وشەی بریاری
بە شنەی نارنجەک فڕینیان .
ڕەشکەوە سوارەکانی ” شامیان“!
لەمەودوا
پاش شریخەی تفەنگ و پەیامتان
هۆرەیەک لە دەشت و سیاوچەمانەیەک لە هەوار
نابیسرێ،
گەر وەسفی ناوتانی تێا نەبێ.
لەمەودوا
بێ باسی بارانی هەوری ناو ڕەشتییەکی دەور مل و
گۆچانی نێو دەستتان،
نە مەرزەی ” ژاوەڕۆ“
بەرامەی دەمێنێ،
نە ئیتر کەلانەی نەوبەهار
بێ پیچکی پڕ هیوای نیگاتان
خۆی بەسەر ساجەوە ڕادەگرێ .
لەمەو دوا
قەزوانی پووکەی نێو شەڕەکەی ” دووڕۆ” نەبێ
دۆی مەشکەی هیچ کچێکی لادێیی
نە عەتری دەمێنێ
نە تینگیی دەشکێنێ ،
بێ شەرحی چۆنیەتی سەفەرتان
لە قوتابخانەی هیچ شار و گوندێکدا
وانەیەک لە مانای نەمریی ناخوێندرێ .
لەمەودوا
لەو هەردو کاوانە
پوشپەر بێ یان مانگی جۆزەردان
گوڵێک لە خاک سەردەر دێنێ
بەهار هێشتا نەیبینیوە،
لە ئەوپەڕی پەرژینی ئەفسانەوە
هاتوەتەوە،
لاسک بەرز و چل پەڕەیە،
گوڵێکی نێو باخچەی دەراخ و ڕەخت و چەکە
ناوی ئەم گوڵە تازەیە
گوڵە سوورەی نارنجەکە .
لەمەودوا
لە فەرهەنگی وشەی نوێدا
نارنجەک ناشرین نییە،
هاوڕێیەکی بن سەنگەرە و باڵی هەیە
بازە جەوانەکانی ئەمڕۆ
بەو باڵانە هەڵدەفڕن .
لەو وەختەی بۆ دواجار
پەنجەتان
بە قژی خۆڵاویی سەنگەردا گێڕاوە
تا ئارام بگرێت و لە بەردەم ستەم دا
نەلەرزێ،
خوێنیکی پڕ شکۆ بە ڕەگی زەمین دا
ئەگەڕێ .
ئاخر چۆن دەستی مەرگ
دەگاتە ڕووباری وجوودتان؟
کەی کەمین دەتوانێ
چۆک دابات بە بە زناری هەنگاوتان؟
بەو گشتە خەندەی وا لە لێوتان رژاوە،
نیشتمان
لە جاران زیاتر
ڕەنگین و خەندان و شیرینە .
دێنەوە
ئەوانەی بۆ چرای ڕۆشنایی رۆشتوون
هەمیشە دێنەوە،
لە ڕەنگی گەزیزە و
لە چرای ماڵان و لە فرینی تەوار و هەڵۆدا،
دێنەوە .
ئەوانەی بۆ ژیان مردوون،
لە تامی ڕێواس و سوورایی هەڵاڵە و ئاگردا،
سەردانمان دەکەن و
لە وەرزی ڕاسانا
داری نێو باخچەکان
پڕ دەکەن لە شکۆفەی زینگیی .
لەمەو دوا
ساڵ ئیتر لای ئێمە
پێنج وەرزە و
ناسینی نوێترین وەرزەکەی ئاسانە،
نازناوی ئەم ورەزە تازەیە
ڕاسانە !
وەرگیراو لە فەیسبوەک