گەندەڵی بۆتە شێرپەنجەیەکی کوشندەی ئەم سەردەمە، بەتایبەتیش لەو وڵاتانەی کە لەلایەن چەند کەسێکەوە، یا پارتییەکەوە دەسەڵات و پۆست و پایە گرنگ و باڵا و هەستیارەکانیان،
لە بنەماڵە و کەسوکاری خۆیان و خزمانیان قورخ کردوون و، دەستیان بەسەر ئابووری دارایی و کۆمپانییەکان و سەرچاوەی داهاتدا گرتوون، دایرە و دەزگاکانی حکوومەت لەژێر رکێف و کۆنترۆڵی خۆیان دایە و، دەسەڵاتیشیان کردووە بۆماوەی بنەماڵەیی و،هێزی چەکداری داپڵۆسین و سەرکوتکردنشیان هەیە .
گەندەڵی بە گەورەتری هۆکاری دواکەوتن و ستەم و چەوسانەوە و نایەکسانی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئیفلیجکردنی پێشکەوتن و گەشە نەکردنی ئابووری و پێشێلکردنی یاسا و دەستوور و، بە هۆکاری بێکاری و دزیکردن و بەرتیل و، بەفێڕۆدانی سامانی گەل دەزانرێت.
بێگومان گەورەترین هۆکاری گەندەڵیش ( بوونی کەسی نەشیاوە لە شوێنی شیاودا ) .. لە ئەمڕۆدا پۆستە باڵاکان و، پلە و پایەی هەستیاری دەسەڵات و، بەڕێوەبردن و بەرپرسێتی، لە باشووری کوردستاندا قورخکراون و، قسەکردن لەسەر گۆڕینی ئەو پایە و پۆستانە بە هێڵی سووری دەزانن . لە ئەمڕۆدا لە باشووری کوردستاندا، زۆرن ئەو کەسانەی کە لە دەسەڵاتدان، کاربەدەستن، وەزیرن، بەڕێوەبەرن، بەرپرسن، یا فەرمانبەرن، کە لە پۆست و پایە و لە شوێنە گرنگ و هەستیارییەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردن دان .. زۆریان نەشیاو و نابەڵەد و بێتوانا و هیچ لەبارن، نە بەگراوند و ئەزموونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ئیداری و بەڕیوەبردنیان هەیە .. نە پسپۆرن و نە شارەزا و لێهاتوو و سەرکەوتووشن لەو پۆستانەی کە وەریان گرتوون، بەشێکی زۆریان خاوەنی بڕوانامەیەکی باڵای پسپۆریشن نین کە شایەنی وەرگرتنی ئەو پۆستتانەبن .. کورد وتەنی هەندێکیان لەولای هیچەوە لۆقە دەکەن .. شایەنی ئەو شوێن و پۆست و پایە هەستیار و باڵایانە نین کە وەریان گرتوون .. چونکە هیچ لەبار و بێ ئەزموونن، زۆر دوور و نابەڵدن لە پسپۆری پۆستەکانیانەوە . لەسەر بنەمای پرەنسیپی ( نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب ) دانەنراون .. زۆریان هاتوونەتە سەر حازری .. هەندێ لەو کاربەدەستانەمان کە پۆستی باڵایان پێ سپاردوون .. نەک رۆژی لە رۆژان تەنیا دوو تنۆک خوێن، بەڵکو تەنیا دوو دڵۆپ ئارەقیشیان بۆ کوردستان نەڕشتووە .. ئەمانە کە لە لایەن پارتە کوردستانییەکانەوە دانراون .. تەنانەت لە ناو خودی حیزبەکانی خۆشیاندا، خاوەنی بە بەگراوندێکی سیاسی و تێکۆشان و بەرخودانی نین و، لە سیاسەت و رێکخستنيشدا زۆر کۆڵەوار و نەزانن .. ئەمانە لەسەر بنەمای بۆماوەی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری و ناوچەیی و مەحسووبیەت و مەنسسوبیەت و پاشکۆیی بەرزکراونەتەوە .. زۆریان پایە بە پایە بە پایەکانی پەیژەی رێکخستنی حیزبیدا سەرنەکەوتوون .. ئەمانە لە پڕێکدا کردیانن بە کوڕێک .. یەکسەر لە ئەندامێکەوە، بەبێ هەڵبژاردن گەیاندیانن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی .. بۆ ئەوەی بیانکەن بە وەزیر، یا لە پۆستی باڵای دەسەڵاتدا دایان بنێن، ئەمانە نەشیا و بێتوانان و بەسەرشانی کەسانێکی کەدا سەرکەوتوون و، لەسەر بنەمای هاوبەرژەوندی و، پشک پشکێنەی حیزبی پۆستیان پێداون .. یا هەندێکیشیان لەبەر ئەوەی کە ( خزمی خەزووری سەپانی ماڵی شێخن ) . دانانی کەسانی نەشیاو و بۆش لە شوێنی شیاودا تاوانێکی زۆر گەورەیە .. چونکە ئەمە پێشێلکردنی مافی کەسانی بە توانا و شایستە و شیاون .. کەسانی هەلپەرست و لارەمل و بەرژەوەندی پەرست زۆرن .. کە ماستاو بۆ کەسانی کاربەدەستی باڵا سارد دەکەنەوە و، بێشەرمانەش مامەحەییان لەبەر دەکەن و، پێڵاویان بۆ دادەنێن و، شانیان دەتەکێنن و هەڵیان دەنێن و پێیاندا هەڵدەدەن .. نەک هەرکەسانێک .. بەڵکو هەندێ لە راگەیاندن و میدیاکان و رۆژنامە و رۆژنامەنووسە بە کڕێگیراوەکانیش ـ لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمدا بۆ رۆژنامەنووسانی ئازاد و ئازا و بوێر ـ ئەو رۆژنامەنووسە هەلپەرست و و خۆپەرست و بەرژەوەندیپەرستانەش دەچنە ریزبەندی دەسەڵاتداران و بەرپەرسانی هەلپەرست و گەندەڵەوە .. ئەمانەنەش هۆکار و هاوکارن و، پشکیان لە گەندەڵیدا هەیە .. لە بارەی دەسەڵات و گەندەڵییەوە
( سوکـرات ) دەڵێ : ” دەسـەڵات پیـاوان گەنـدەڵ ناکــات .. بەڵکو گەر هاتـوو گەمژەکـان بخـرێنە دەسەڵاتـەوە، ئەوان دەسەڵات گەنـدەڵ دەکـەن “
راستییەکە و ناشارێتەوە و بەبەرچاوی هەموومانەوەیە، کە لە ئەمڕۆدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ناقڕگەی لە گەندەڵیدا نوقم بووە .. گەرچی حکوومەتی کوردستان تەنیا ناوی ماوە و، نە کاری دیارە و نە دەسەڵاتی هەیە .. زۆر رێکەوتنی نهێنی دەکرێت کە هەر ئاگاشیان لێ نییە .؟! چونکە نە شەفافییەت و نە لێپرسینەوە و نە بەدواداچوون هەیە ..؟؟ باجێ ئەم گەندەڵییانەش گەلە چەوساوەکەمان دەیان داتەوە .. ئەگینا حکوومەتی کوردستان و، کاربەدەستان، زۆر بێباکن لەم باردۆخە ناهەموارەی کە خەڵکی تێدان .. برسی و نەبووبێ .. بێ دەرمانی و بێ چارەسەر .. بێ ئاو و بێ کارەبای .. بێ خزمەتگوزاری .. بێ نەوت و گاز .. بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێکاری .. بێ مووچەیی … هتد . دەسەڵاتداران خەمی چییانە، خۆ ماڵ و منداڵییان برسییان نییە .. ئەوان تایبەتن و مووچەیان لێنابڕێ و، هێندەشیان هەیە چەند خەرج بکەن پارەیان کۆتایی نایات .. ئەوان ئاو و کارەبا و نەوت و گاز و بەنزین و دەرمانیان لێنابڕێ .. ساڵی دوو و سێ جاریش دەچن بۆ تورکیا و ئەوروپا و، لە هوتێلە حەوت ئەستێرەیەکاندا پشوودەدەن و، خۆیان و ماڵ و منداڵیان تەخشان و پەخشان بە پارەی دزراوی گەلەکەمانەوە دەکەن .. نە دەزانن سەرما و گەرما چییە ..؟! یا برسێتی و نەبوونی چییە .. ؟؟ یا قەیرانی دارایی چییە ..؟؟ ئەوان مەستی خواردن و خواردنەوەن و ئاگایان لە نەبوونی و لە ژیانی کوللـەمەرگێی خەڵکی هەژار و نەبووی گەلەکەیان نییە .. وەکو دەڵێن ( تێـر ئاگـای لە برسـی نییە ) .. رێژەی مردن و خۆکوشتن لە کوردستاندا زۆر بەرزبۆتەوە .
کاربەدەستانی باڵا هیچ شەرم و شکۆیەکیان نییە .. سەد لۆمە بکرێن و، سەد خۆپێشاندان بکرێ و، رۆژانە خەڵکی بڕژێنە سەر شەقامەکان و، بەردەم بانک و دایرەکان بگرن و، هاواربکەن و گیرفانی بەتاڵیان پێشان بدەن و داوای مووچە بکەن .. هاواربکەن : برسیمانە .. توینیمانە .. ئاومان نییە .. کارەبامان نییە .. نەوت و گاز و بەنزینمان نییە .. خزمەتگوزاریمان نییە .. لەناو زبڵ و خاشاکدا خنکاوین .. نەخۆشین و بێ دەرمان و چارەسەرین .. گرانی و قات و قڕییە .. بێ جلوبەرگمان نییە. کام کاربەدەستی باڵامان، کام وەزیرمان کام بەرپرسمان .. دەنگ و رەنگی خۆیان خستنە پاڵ هاوار و دەنگی خۆپێشاندەران و، ناڕازی خەڵکی تووڕە و بێزاربوومان .. ؟؟ یا کام وەزیرمان و کام بەرپرسی باڵامان .. چوونە ریزی خۆپێشاندەرانەوە و، خۆیان کردن بە بەشێک لە ئەوان .. ؟؟ بەداخەوە کە هەندێ لە پارتە کوردستانییەکانمان، تەنیا بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان، ناڕەزایی و تووڕەیی و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی بێدەرتانی باشووری کوردستان دەقۆزنەوە .. دەپرسین تا ئێستا چەند وەزیر، چەند بەڕێوەبەری گشتیمان، چەند پەڕلەمانتارمان، چەند بەرپرسی باڵای حیزبیمان، وەکو گوزارشتکردنێک لە بێدەسەڵاتی خۆیـان راگەیاند، هاوپشتی و هاوخەمییان خۆیان بۆخەڵکی کوردستان دەربڕی و.. دەست لە کارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند .. ؟؟ کەسیان نییە .. کەمترین شت بۆ پشتگیریکردن لە ناڕەزایی و لە داوا رەواکانی خەڵکی کوردستان .. دانانە بە گەندەڵی و بە چەقبەستنی قەیرانی ئابووری و سیاسی .. دەبوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ شەرمکردن شکستی خۆی رابگەیاندایە و، خۆی هەڵبوەشاندایەوە .. زەمینەسازی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی کارای تیکنوکرات خۆش بکرردایە، لە کەسانی دڵسۆز و پسپۆری خاوەن بڕوانامەی باڵا پێکبهێنرایە .. بەبێ ئەوەی کە مەرجی هاوبەستەبوونی حیزبی بکەن بە پێوەری دڵسۆزی و شیاوی پۆۆستەەکان .. بەڵام بەداخەوە نە کاربەدەستانی باڵای دەسەڵات و، سەرکردەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان، هەرگیز ئامادەنین کە دەست لە پۆست و لە کورسییەکانیان هەڵبگرن .. ئەوان وەکو قیر و زفت بە کورسی و پۆستەکانیانەوە نووساون و، بە هیچ کلۆجێک بەریان نادەن .. باشیش دەزانن کە جامی بێزاری و تووڕەیی خەڵکی پڕبووە و لێی دەڕژێ .. چونکە نان بڕین لەسەربڕین خراپترە .. خەڵکی لە بەڵینی درۆی دەسەڵاتداران بێزار بوونە و .. متمانەیان بە دەسەڵاتداران و بە حکوومەتەکەشیان نەماوە .
بێگومان شوانی دڵسۆز و وریا و بەئاگـا، مەڕەکانی بە جوانی دەلەوەڕێنێ و، لە گـورگ و لە دەعبا دەیان پارێزێ .. بەڵام گەر هات شوانەکان خۆیان گوربن، ئەوسا چارەنووسی مەڕەکان چیدەبێت.. ؟؟ چونکە شوانی ناپـاک زۆر لە گـورگ خراپتر و ترسناکترە .
لە کابینەیەکی حکوومەتی کوردستاندا مامۆستایەکی قوتابخانەی بنەڕەتی کرا بە وەزیری پەروەردەی کوردستان .. لە کاتێکدا کە بە دەیان هەڵگری بڕوانامەی دکتورا و ماستەرمان لە بواری پەروەردەدا هەیە .. ئەم مامۆستایە پایە بە پایە، بە پایەکانی پەیژەی سەرکەوتنی بەڕێوەبردن ( وەزیفە) دا سەرنەکەوت، پایەکان ( بەڕێوەبەری قوتابخانە، سەرپەرشتیاری پەروەردە، بەڕێوەبەری پەروەردە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە، جێگری وەزیری پەروەردە ) یەکسەر کرا بە وەزیری پەروەردە .؟؟ بڕوانامەکەشی شایانی ئەو پۆستە نییە .. توانا و لێهاتوویی و شارەزایی پەروەردەییشی لە ئاستی ئەو پۆستە هەستیارەدا نەبوون .. تەنانەت لە ناو خودی پارتەکەشیدا لە دەستەی پاڵادا نەبوو، ئیتر وەکو دەڵێن ـ بە قـودرەتی قـادر ـ کرا بە وەزیری پەروەردەی کوردستان ؟! .. هەر هەمان کەس لە کابینەی دواتردا کردیان بە وەزیری کشتوکاڵی کوردستان .. خەڵکینە مامۆستای سەرەتایی لە کوێ و وەزیری کشتوکاڵ لە کوێ .. ؟؟ بۆ هیچ کوردێکی دڵسۆزمان نییە، کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا بێت و، پسپۆری و شارەزایی لە کشتوکاڵدا هەبێت ؟؟ بەڵی زۆرمان هەیە .. بەڵام پارتە کوردییەکان تەنها متمانەیان بە کەسانی خۆیان هەیە .. لە نێو ئەوانیشدا تەنها متمانەیان بە کەسانی بنەماڵە و خزمان و نزیکەکانی خۆیان هەیە .. یا بەو کەسانەی کە ماستاویان بۆ سارد دەکەنەوە .. جا بە لایانەوە گرنگ نییە ئەو کەسە شارەزا و پسپۆربێت .. یا خاوەنی بڕوا امەیەکی باڵا بێت ؟؟ گرنگ بەلایانەوە مەرجەکانی خۆیانە ؟؟ ئەمەیە گەندەڵێ، ئەمەیە دانانی کەسی نەشیاو لە شوێنی شیاودا.
نموونەیەکی تر، پزیشکێکی ئەندام سەر بە پارتێکی تری کوردستان، یەکسەر لە خوارەوە و، بەبێ هەڵبژاردن، ئەمیش هەر ـ بە قـودرەتی قـادر ـ لە پڕێک کردیان بە کوڕێک .. بەرزیان کردەوە و، کردیانە بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی و.. دواتریش کردنیان، بە پارێزگاری پارێزگایەکی گرنگ و هەستیاری کوردستان و، کردیشیانان بە ( سەرۆکی لیـژنەی ئاسایشی پارێزگا ) کە .. لە راستیشدا ئەم پزیشکە نە سیاسەتمەدارێکی بەڵدە و بە ئەزموونە، نە ئەزموونیشی لە رێکخستنی سیاسی و حیزبیدا هەیە، نە کەسێکی ئیداریشە کە توانای بەڕێوەبردنی پارێزگایەکی گەورەی هەبێت .. نە پێشمەرگەیەکی قاڵەوبووی مەیدانی جەنگیش بووە، تا بکرێت بە سەرۆکی لیژنەی ئاساییشی ئەم پارێزگایەمان .. ئایە ئەمە کەسێکی شیاوە لە شوێنی شیاودا ؟؟ یا کەسێکی نەشیاوە لە شوێنی شیاودایە .. ؟؟ خۆ ئەگەر ئەم پزیشکەیان بکردایە بە ( بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگا ) کە زۆر شیاو و لەشوێنی خۆیدا بوو، یا بیان کردایە بە ( وەزیـری تەندروستی کوردسـتان ) دەمووت تا رادەیەک لە شوێنی شیاودایە .. چونکە بڕوانامەکەی و پسپۆری و شارەزایی و کارکردنی و ئەزموونی پراکتیکی لە بواری پزیشکیدا شایەنی ئەوەن کە لە دەزگاکانی تەندروسیدا پۆستی باڵای پێبدەن .. بە ڵام وەکو پارێزگاری پارێزگایەک و، وەکو بەڕێوەبەرێ ئیداری و، وەکو سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەم پارێزگایە و .. وەکو ئەندامێکی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتەکەی .. لە شوێنی خۆیدا نین و لێی ناوەشێتەوە .. چونکە ئەم دکتۆرە پایە بە پایە بە پەیژەکانی رێکخستن و کارکردندا سەرنەکەوتووە .. من مەبەستم ئەوە نییە، کە تانە و لۆمەی کەسێ ئاراستەی ئەو دوو کاربەدەستە بکەم .. مەبەستمان تەنها هۆکارەکانی گەندەڵی و شکستییەکانی دەسەڵاتە .. تەنیا ئەو دوو کەسەشم بە نموونە هێنایەوە و، حەزیشم نەکرد ناویان بێنم، ئێوە باش دەزانن کە ئەو دوو کەس کێن .. ئەم دووانە نموونەن و، لە ئێستادا بە دەیان کاربەدەستی باڵا و فەرمانبەری نەشیاومان لە پۆستە باڵاکانی دەسەڵات دان .. بە دەیانیش ئەندامی نابەڵەدی سیاسی و نەشیاو وان لە ناو دەستەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتە کوردستانییەکان . لە حکوومەتی ئێستای کوردستان چەند وەزیرێکمان هەیە کە شایەنی ئەو پۆستانە نین کە وەریان گرتوون .. هەر لەبەر ئەوەی کە کوڕی فڵان بەرپرسە .. یا سەر بە بنەماڵە و عەشیرەتی فڵانن .. خەڵکی فڵان ناوچەن .. سەر بە باڵی فڵان بەرپرسن … هتد . ئەمانەن گەورەترین هۆکاری گەندەڵی و، ئەم قەیران و بارودۆخە نالەبارەی ئەمڕۆی باشووری کوردستان .. شەرمەزارییە بۆ پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و، بۆ خودی ئەو کەسە نەشیاوانەش کە شایەنی ئەو پۆستانە نین .. دەبوایە دانیان بە نابەڵەدی و بە بێتوانایی و بە نەشیاوی ناشایستەیی خۆیاندا بنایە و، شەرمیان بکردایە کە پۆستی وەزیری وەر بگرن .. بەڵام بە لای پۆستپەرست و کورسی پەرستەوە شەرم و شوورەیی بوونیان نییە و شەرمەزار نابن .. دان بە شکستی خۆیان نانێن و، خۆیان بە سوکرات و ئەفلاتوون دەزانن.
ئەگەر پارتە سیاسییەکانی کوردستان راستەکەن دیموکراتین و، پەیڕەویی ئازادی دەکەن .. یا گەر راست دەکەن، کە دەیانەوێت چاکسازییەکی ریشەیی ئەنجام بدەن .. با لە پارتەکانی خۆیانەوە دەست پێبکەن .. با سەرکردە و بەرپرسەکانیان لە خودی خۆیانەوە دەست پێبکەن و .. بە خۆیاندا بچنەوە .. بەڵام کێشەکە لەوەدایە ( کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە ) .. هیچ لایەنێکیان ئامادەنین، رەخنە و لۆمە قبووڵ بکەن و، دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن .. هەر لایەنێک لایەنەکانی تر تاوانباردەکات و بە هۆکاری گەندەڵی دەزانێت .. لە راستیدا هەریەکە لە پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان بە قەوارەی خۆیان پشکیان لە گەندەڵی و قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستاندا هەیە .. ئەوانن کە گەندەڵییان دروست کردووە و.. خۆیانی لێدەدزنەوە و .. پاکانەی خۆیان دەکەن ؟؟
گەلەکەمان ماوەیەکی زۆری بە حکوومەتی کوردستان دا، بۆ ئەوەی چاکسازییەکی ریشەیی بکەن و گەندەڵێ بنبڕبکەن .. بەڵام حکوومەتی کوردستان هیچ پرۆژەیەکی ستاتیژی نییە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی، گەندەڵیش تا دێت گەورەتر و، بەر بەربڵاوتر دەبێت .. حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا ( قەیرانی دارایی ) کردووە بە بیانووی قەیرانەکان .. قەیرانی داراییش هەر حکوومەت خۆی دروستی کرد و لێی بەرپرسە .. تا ئەمڕۆ کەس نازانێت داهاتەکانی کوردستان لە فرۆشتنی نەوت و داهـاتی گومرگ چەندن و چۆن خەرج دەکرێن ؟؟ .. چونکە روونی و شەفافیەت لە فرۆشتنی نەوت و داهاتەکانی کوردستان نییە و، دەزگایەکی چاودێری و بەدواداچوونیشمان نییە، تا لێپرسینەوە لە کارەکانی حکوومەت بکات .. خۆ گەر هەشبێت هیچ دەسەڵاتێکی نییە و، ناتوانێت هیچ بڕیاێک بدات و.. ناشتوانێ هیچ وەزیر و کاربەدەستێکی گەندەڵکار توانبار بکا و، بیدات بە دادگا و، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکەن .. ئەگینا یەکسەر چاویان لێسووردەکەنەوە و، هەڕەشەی لە ناوبردنیان لێدەکەن .. پەڕلەمانی کوردستانیش کە بە مەرجەعی گەلەکەمانی دەزانین، ئەویش دووپشک پێوەی داوە و سڕبووە و پەکی کەوتووە ؟؟ باشتر بڵێین پەکیان خستووە .. ؟؟ ئێوە وەڵامان بدەنەوە حکوومەت بەبێ پەڕلەمان چ شەرعییەتێکی هەیە .. ؟؟ لە ئێستادا حکوومەتی کوردستان، حکوومەتێکی بێ هێزی شکستخواردووی بێ بەرهەمە و، بوونی و نەبوونی وەکو یەکن .. لە کەناڵە تەلەفزیۆنەکاندا قسەی زل دەکەن و بەڵێنی زۆردەکەن .. بەڵام لێبوونەتەوە و، هیچیان لەباردا نییە و، هیچیشیان پێناکرێ، بەم بەڵێن و قسانەیان ناتوانن خۆڵ لە چاوی خەڵکی کوردستان بکەن .. خەڵکی هۆشیارن و دەتوانن کاغەزی سپیش دەخوێننەوە .. من لەو بڕوایەدام کە ( تا رەجـەب سەرپاڵەمـان بێت ) بارودۆۆخی کورد و کوردستان خراپتر دەبێت باشتر نابێت .. هۆکارێکی گرنگی بێ هێزی و بێ توانایی حکوومەت و، گەورەبوون و تەشنەکردنی گەندەڵییەکانیش لە کوردستان دا .. دەگەڕێنەوە بۆ نابەڵەدی و نەشیاوی و هیچ لەباری زۆربەی وەزیرەکانمان .. چونکە ( کەسانێکی نەشیاون و لە شوێنی شیاو ) دا دانراون .. هیچیان هیچ ماستەر پلان و پرۆژەیەکی بەرنامەداڕێژراوی ستراتیژی و زانستی ماودا نزیک و دووری چاکسازی و گۆڕانکاری و داهێنانیان نییە .. هەر ئەمەش بووە بە هۆی تەپانی ژێرخانی ئابووری کوردستان و، بە ئیفلجبوونی کەرتەکانی کشوکاڵ و پیشەسازی و ئاوەدانی و، بەرهەمە خۆماڵییەکانی کوردستان .. چونک بێ نەخشە و پلانین .
گوایە ئێمە بە تەمای ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانین .. ئەمە هیوا و ئاواتی هەموو کوردێکی دڵسۆز و کوردستان پەروەرە، هیوای منداڵانی ناو لانکیشمانە . ریفراندۆم دەبێت پەڕلەمان یاسای بۆ دەربکات و، سنووری ریفراندۆم و، رۆژ و شێواز و، میکانیزمەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری بکات .. چونکە ریفراندۆم و راگەیاندنی سەبەخۆیی کوردستان خواست و بڕیارێکی کەسی، یا تەنیا لایەنێک، یا تەنیا پارتییەکی کوردستانی نییە، دەبێت هەموو لایەنەکان و پارتییە کوردستانییەکان هاوڕا و یەکدەنگبن لەسەر ئەم پرسە چارەنووسازەمان .. ئایا توانیومانە ناوماڵی کوردیمان رێکبخەین ؟؟ کۆتایی بە ململانێ و مشتومڕی نێوان پارتە کوردستانییەکانمان بهێنین .. ؟؟ تا ئەمڕۆش بە فەرمی لە لایەن پەڕلەمانەوە، داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کوردستاندا نەکراوە، کە ئامادەکاری پێویست بۆ ریفراندۆم بکەن .. ئەی چ زەمینەسازییەکمان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و، بۆ راگەیاندنی سەبەخۆیی کوردستان کردووە .. هێچ کراوە ؟
بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان، پێویستیمان بە کردار و بە زەمینە سازی و بە یەکدەنگی هەیە، سەربەخۆیی تەنها بە قسەی رووت و، بە درووشمی بریقەدار نایاتەدی .. پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەر ئەم پرسە چارەنووسازەی گەلەکەمان رێکبکەون و، میکانزمەکانی جێبەجێکردنی تاوتوێ بکەن و، هەموو گریمانەکانیش لەبەرچاوبگرن .. پێش هەموو شتێک پێویستە بە فەرمی بڕیار لە یەکگرتن و بە دامەزراوەکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدەن و.. هێزی پێشمەرگە ببێت بە سوپایەکی فەرمی کوردستان و، هاوبەستەبوونی بۆ کوردستان هەبێت نەک بۆ حیزبەکان . بوونی سۆپای کوردستان و دەستەبەرکردنی چەکی باشی بەرگری .. زۆر پێویستن بۆ پاراستنی کوردستانی سەبەخۆ .. ئەم هیوا پێویستیانەش نایەنە دی، تا حیزبەکانی کوردستان بە راستی و بە کردار بەرژەوەندی باڵای کورد و کوردستان نەخەنە سەرووی بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبییانەوە .. تا کوردایەتی و کوردستان پەروەریش، نەخرێتە سەرووی حیزبایەتی و حیزپەروەری .
پێویستە پۆست و پلە و پایە و دامەزراند، لەسەر بنەمای ( کەسی شیاو لە شوێنی شیاو ” دا بێت .. لەسەر بنەمای پسپۆری و لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاکی و کوردستان پەروەری بێت .. نەک لەسەر بنەمای بنەماڵەیی و عەشیرەتی و خزمێنی و پاشکۆیی بێت.. نابێت بێدەنگی و چاوپۆشی لە هەڵە و لە گەندەڵییەکانی هیچ کاربەدەستێکی باڵا بکرێت .. پێویستە یاسا سەروەربێت و، بە چاوێکی یەکسانی و دادپەروەری لە هەموان بڕوانرێت .. روونی و شەفافییەت هەبێت و، زۆر بوێرانە بە دواداچوون و لێکۆڵێنەوە لە سەروەت و سامان و ماڵ و موڵک و سەرچاوەی داهاتی کاربەدەستانی باڵا و بەرپرسان بکرێت، لەسەر بنەمای پرەنسیپی ( ئەمـەت لە کـوێ بوو .. ؟ ) پێویستە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، هاوبەستەبوونی حیزبی نەکەن بە پێوەری دڵسۆزی و شیاوی .. زۆر هەلپەرست و بەرژەوەندی پەرست لە ریزی حیزبەکان دان، کە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و هیچ بەهایەکی پیرۆزیان نییە، تەنیا بۆ دەسکەوت و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان چوونەتە ریزی ئەو حیزبانەوە .. هەر کاتێکیش کە بەرژەوەندیەکانیان نەهاتەدی و، باریان کەوتە لێژی .. هیچ پێیان شەرم نییە کە روو لە حیزبێکی تر بکەن و .. ماستاو بۆ کەسان و بۆ لایەنێکی تر ساردبکەنەوە .. پێویستە رێگری لە خۆهەڵواسین و بەرتیل و دەم چەورکـردن و مامە حەمەیی بگیرێت و .. کار بە پرەنسیپی ( پاداشـت و سـزا ) بکرێت .. پێویستە حکوومەت و حیزبەکانیش دزەکان و تاوانباران و گەندەڵچییەکان نەشارانەوە و، نەیان پارێزن و، داکۆکییان لێنەکەن و چاو لە تاوانەکانیان نەپۆشن .
قوورخکردنی دەسەڵات، نا دادپەروەری و نایاسیاییە و.. هۆی چەقبەستنی ئەم دۆخە نالەبارەیە و .. هۆکاری دواکەوتن و پاشاگەردانی و شکستییە .. کاربەدەستانی باڵای کۆردستان زۆر باش ئەوە دەزانن کە جامی تووڕەیی و بێزاری خەڵکی چەوساوەی کوردستان پڕبووە و لێی دەڕژێ .. چیتر ناتوانن بێدەنگ بن و، تاکەی پشوودرێژ و خۆڕاگربن .. ؟؟ بە داخەوە کە حکوومەتی کوردستان زۆر بێمنەت و بێباکە و.. گوێ بە ناڕەزایی و گلەیی و گازندەی خەڵکی بێدەرەتان نادات …. گەر ئەم باودۆخە زیاتر درێژە بکێشێت .. لەوانەیە شەپۆڵی زریان و تسۆنامی تووڕەیی و بێزاری و برسێتی خەڵیی کوردستان هەڵبکات و .. هەموو گەندەڵکاران راپێچ بکات و، دەست بەسەر سامان و موڵکیان بگرن .. گەر دۆخەکە بە زووترین کات چارەسەر نەکرێت .. من ئەو رۆژە بەدوور نازانم .
رەزا شوان
نەرویج : ( ٥ی/ ئەوگوست/ ٢٠١٦)