Hoppa till innehåll
Hem » ئەندام ناتۆ بەڵام دژی ناتۆ!، رەوف گوڵبەدەن

ئەندام ناتۆ بەڵام دژی ناتۆ!، رەوف گوڵبەدەن

لە دوای هەڵوەشاندنەوەی عێراق و سوورییە کە بە کردەوە ئەوڕۆکە لە ڕۆژەڤدایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوونتر دەبێتەوە و ئیتر کار لە ئاماژە و شاردنەوە دەرچووەreuf-golbeden-01

ئەوە ئەمریکاش لە زمانی کاربەدەسەکانی خۆیەوە بە بۆنە و بێ بۆنە، ئەم هەڵوێستە دووپات دەکەنەوە کە پشتیوانی لە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە دەکەن!

ئەوڕۆکە ئیتر باسەکە لە سەر عێراق و سوورییە و تەنانەت لوبنان و لیبیاش نییە لە بەر ئەوەی کە ئەو وڵاتانە بە کردەوە کەم و زۆر ئەوڕۆکە لە ناو ئاڵ و گۆڕەکەدایە و دابەشبوونیان تەنیا مەسەلەی کاتە، بەڵکوو ئەوڕۆکە پرسی سەرەکی ئەمەیە کە ئێران و تورکیا ( دوو شێوەی جیاواز لە دەسەڵاتی ئایینی) لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چییان بە سەر دێت؟

تورکییا بە حوکمی ئەوەی کە ئەندامی ناتۆیە، شارەزایی و ئەزموونێکی زۆری لە گەڵ وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا هەیە کە هەتا ئێستا زۆرێک لە کێشەکانی خۆی وەک کێشەی کورد بە کێشەیەکی لاوەکی نیشان داوە و هەتا ئێستاکەش پەکەکە بە هۆی زەختی دەوڵەتی تورکەوە هێشتا لە لیستی ترۆردایە، ئەوە لە کاتێکدایە کە هەم ئەمریکا و هەمیش ئورووپا بە نهێنی و بە ئاشکرا هاریکاری پەکەکە و بزاڤی باکوور و ڕۆژئاوا دەکەن!

بە هۆی هاتنە سەرکاری ئەردۆغان بە تایبەتیش لە پۆستی سەرۆک کۆماریدا، تورکیا کەوتووەتە ناو قەیرانی سیاسی و لەوانەشە سەربازیشەوە و رۆژ لە دوای رۆژ قەیرانەکانی قووڵتر دەبێتەوە و بە کردەوە جۆرە شپڕێوییەک لە دەسەڵاتی کەس بە کەسی هاتووەتە ئاراوە!

دەسەڵاتدارانی ئیسلامی ئەردۆغانی لە تورکیا کەوتوونەتە ناو دوو بەرداشەوە و لە لایەک لە ناوچەکەدا وەک ئەندامی ناتۆ دەبێ لە گەڵ کێشە و گرفتەکانی ناوچەکەدا هەڵس و کەوت بکەن، لە لایەک بە کردەوەکانی لە بەرپەرچدانەوەی ویستەکانی ناتۆ و ئەمریکادا خۆی خستووەتە ناو سیاسەتی ناڵ و بزمار و ئەمەش بووە بە قورسایی لە سەر شانی تورکەکان و ئێستا ئیتر کەوتوونەتە ناو زۆنگاوی سووریا و عێراقەوە، نە ئەوەیە لە گەڵ بەرەی ئەمریکادا بن و نە ئەوەیە ئاماژەیەک لە هەڵکردن لە گەڵ کورد و کێشەکانی ناوچەکەدا دەربخات!

بادانەوەی ئەردۆغان بۆ رووسیاش نیشانەی سەرلێشێوای دەسەڵاتدارانی تورکە لە خوێندنەوەی ناوچەکە و هەر بینا بە پاشگەزبوونەوەی تاکتیکی رووسیا چارەنووسی تورکیا وەک سووریا و عێراقی لێ بە سەر هات!

تورکیا بە هەڵس و کەوتە سەیر و سەمەرەکانی کاندیدێکی زۆر باشە بۆ خێراکردن و جێبەجێکردنی ستراتێژی ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ماستێرپلانی ئاڵ و گۆڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و تازە!

هەرچەندە ئەمریکا لە بنەڕەتەوە ئەم خوێندنەوەیە لە تورکیا نەبوو!

کورد پێویستە لە گەمەکانی ناوچەکەدا بە بڕشتر دەرکەوێت لە بەر ئەوەی داهاتووی کورد و کوردستان بە هەڵوێست و هەڵس و کەوتەکانی ئەوڕۆیەوە گرێدراوە!

کورد لە پێش هەموو شتێکدا واباشە پشت بە داگیرکەرانی کوردستانەوە نەبەستێت لە بەر ئەوەی کە ئەوان لەوانەیە لە بڕگەیەکی کاتی بە شێوەی تاکتیک، یارمەتی لایەنێک لە کورد بدەن بەڵام لە دوایی بەسەرچوونی ئەو بڕگەیە لە کات دووپشک ئاسا هەڵدەگەڕنەوە هەر وەک تورکیا بەرانبەر بە رووسیا لە هەموو شتێک پاشگەزبووەوە و بە سەرشۆڕی چوو بۆ مسکۆ و کە تا رادەیەک سەرسووڕ هێنەربوو!

لەوانەیە سبەینێ ئەم چارەنووسە بەربینی دەسەڵاتدارانی قوم و تاران بگرێت و لە کاتێکدا کورد چەندها رێگەی لە بەردەمدایە کە دەتوانێت کەڵکیان لێ وەربگرێت!

گرینگترین رێگە هاودەنگی نەتەوەیی کوردە کە ئەوڕۆکە لەوانەیە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لەمێژووی نەتەوەکەماندا!

ئێمەی کورد ئەوڕۆکە هێزێکی خاوەن کێش و قورسایی ناوچەکەین لە گەڵ ئەوەی دەوڵەت نین بەڵام هەموو لایەک خۆی بۆ لامان دەکوتێت کە هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کوردستان چەقی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەیە و دەسپێکی ئاڵ و گۆڕی ناوچەکە لێرەوەیە کە واتە ئەو سەردەمە بە سەرچوو کە کەس بتوانێت کورد پشت گوێ بخات!

کورد ئەوڕۆکە لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە جووڵەدایە و ئیتر بار و دۆخەکە وەک سەردەمی کۆماری کوردستان لە مهاباد یان سەردەمی 1975 نییە کە بە نێوبژیوانی کابرایەکی ئەلجەزایری لەو لابەلایە ئاش بە تاڵ بە کورد بکرێتەوە!

هیچ کام لەو پارامیترانەی سەردەمی ئاش بە تاڵبوون لە ئێستادا بوونی نییە و بگرە زۆریش جیاوازی لە نێوان پارامیترەکانی ئەوڕۆ لە گەڵ سەردەمی دوو بلووکی و بار و دۆخی دوای شەڕی دووهەمی جیهانیدا هەیە!

کورد ئێستا بە چاوی خۆی دەبینێت کە تورکیا وا لە ناو ئاڵ و گۆڕدا و ئەوە بەشێکە لەو نەخشە گەورەیەی کە رووی لە ناوچەکە کردووە و بە هەمان خوێندنەوە و بە هەمان ئەو هۆیانەی کە کوردی هەتا ئێستەکە کرد بەو هێزە گەورەیە کە جووڵە کردنێکی دەبێتە هۆی تێکچوونی زۆرێک لە بەرنامەکانی ناوچەکە وەک ئەو هەڵپەیەی کە تورکیا ئەوڕۆکە لە جەرابلۆس کردی و دەیکات!

ئایەکوو تورکیایەک کە ئەندامی ناتۆیە بەڵام بە پێچەوانەی یاساکانی ناتۆ پەلاماری وڵاتێک دەدات و هێز دەباتە ناو ئەو شوێنانەی کە کورد بە پشتیوانی ئەمریکا و ناتۆ ئازادی کردووە، ئەمە چۆن دەبێت لێک بدرێتەوە و چۆن دەکرێت تورکیای ئەندام ناتۆ بچێتە ناو هاوپەیمانییەک ( هەر چەند تاکتیکی) لە گەڵ رووسیا و سووریا و ئێران( مانگە دەسکردەکانی حێزبۆڵا و داعشی شێعە) کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ناتۆن؟

ئاسەواری ئەم کردەوانەی تورکیا داوتر دەردەکەوێت و دەبێ لەوە تێبگەن کە ناتۆیان بۆ ئەوە دانەمەزراندووە کە بە میزاجی ئاردۆغان کار بکەن بەڵکوو ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوە کە وردە وردە تورکیا لە ناتۆ دوور دەخرێتەوە!

بە سەرنج لەوەی کە ئەرتەشی تورکیا دووهەمین هێزی دامەرزواوەی ناتۆیە دەکرێت ئەو کودیتایەی ئەم دوایەش کە کودیاتەیەکی سەربازی بوو لە چوارچێوەی ئەو ئاڵ و گۆڕانەدا دەبێ لێک بدرێتەوە کە بە سەر تورکیا و ناوچەکەدا دێت!

ئێران لە دوای تورکیا کاندیدێکی خوازراوە کە دەکرێت ببێتە ئامانج لە ئاڵ و ۆ گۆڕەکانی ناوچەکەدا!

لە رادەی پێویست زیاتر لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە ئاتۆ هەیە بۆ گواستنەوەی ئاڵ و گۆڕ بۆ ناوخۆی ئێران و لەوانەیە ئێران خۆی لە ناوخۆدا لەوە کرمۆڵتر بێت وا لە دەرەوە پیشان دەدرێت! سپای پاسداران مەترسییەک بە کردەوەیە بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و هەر بۆیە سپا و هێزە ئەمنییەکان لە راستیدا ئەو ئاتۆیەن کە دەبنە لێگەڕی گواستنەوەی ئەو هەناردە کردن و دەست تێوەردانانەی کە بە درێژایی ئەم بڕگەیە لە ئاڵ و گۆڕەکانی ناوچەکەدا لە لایەن ئێرانەوە کراوە و هیچ دوور نییە کە ژمارەکان پێچەوانە ببنەوە و ئیتر هەموو هەناردەکراوەکان و مانگە دەسکردە شۆفارییەکانی پاسدارەکان دەبنە ئەو لێگەڕە بزوێنەرە کە ئاڵ و گۆڕەکان بگوازێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران!

ئاڵ و گۆڕەکان بە خێرایی بەرەو پێش دەچن و ئاماژەکان رێک هەمان ئەو ئاماژانەیە کە پێشتریش لە وڵاتانی ناوچەکە دیتراوە و ئێستا لە تورکیای ئەندام ناتۆ چی دەبینن؟ دەتوانن هەمان وێنا بگوازنەوە بۆ ئێران و پاکستان و ئەفغانستان و عەرەبستان و تاد…

رەوف گوڵبەدەن

4.9.2016 ز