"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: شۆرای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات بە ناوی شەهید “ڕەسووڵ محەممەدزاده” لە بەرەکانی شەڕی مووسڵدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.resul-muhamad-zadeh-2016-0

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بە دەستپێکردنی ئۆپراسیونی ئازادکردنەوەی مووسڵ و بە مەبەستی یارمەتیدان بە پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان، تیمێکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شارەزا لە پووچەڵ کردنەوەی مین و پاک کردنەوەی مەیدانەکانی مین، ڕەوانەی ناوچەکانی مووسڵ کرا. ئەو تیمە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەشێک لە شوێنە مینڕێژکراوەکانیان پاک کردەوە.

لە ڕەوتی بەجێهێنانی ئەو ئەرکەدا بەداخەوە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی(٢٦/١٠/٢٠١٦ی زایینی) یەکێک لە ئەندامانی ئەو تیمە بە ناوی ڕەسووڵ محەممەدزادە بەرپرسی فێرگەی کۆمیسیونی پەروەردەی حیزب، لە کاتی پووچەڵکردنەوەی میندا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە شەهید بوو.

شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە، کوڕی مەحموود ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە ئاوایی “سەیف ئاوای” ناوچەی سەقز لەدایک ببوو و لەساڵی ١٣٧٩ی هەتاویدا هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ساڵی ١٣٨٩ پلەی کادری وەرگرتووە و دەورەیەکیش ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

شەهید ڕەسووڵ مەدرەکی لیسانسی لە مێژووی کورددا لە زانستگەی سەلاحەدین لە شاری هەولێر وەرگرتبوو.

resul-muhamad-zadeh-2016

شەهید ڕەسووڵ کادرێکی خۆشناو، بە بڕشت و ئۆگری کار و تێکۆشان و بردنە سەری پلەی زانست و زانیاریی خۆی بوو، بە جۆرێک کە دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە و دەورەی کادریشی بە پلەی یەکەم تێپەڕ کردبوو.

شەهید ڕەسووڵ باوەڕی قووڵی بە ئامانجەکانی گەل و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەبوو و لە ڕەوتی کار و تێکۆشانیدا پابەندی ئوسوول و دیسیپلینەکانی حیزب بوو، کەسایەتێکی دەستپاک، دڵسۆز، ڕووخۆش، ئارام و خۆشەویستی خەڵک و هاوسەنگەرانی بوو، وەک بەرپرسی فێرگەی کۆمیسیونی پەروەردەی حیزب لە ڕاهێنان و پێگەیاندنی فێرخوازانی فێرگەدا دەوری بەرچاوی گێڕا. شەهید بوون و لەدەستچوونی کادرێکی وا بەوەج و کارلێهاتوو بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەسارێکی بەرچاوە. پێویستە بگوتری کە شەهید ڕەسووڵ دووهەمین شەهیدی بنەماڵەکەیەتی.

بە ناوی شۆڕای نیزامیی حیزب دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بە بۆنەی شەهیدبوونی هاوڕێی خۆشەویستمان کاک ڕەسووڵ محەممەدزادە وێڕای ئەوەی کە خۆمان بە خەم هەڵگرتووی شەهیدبوونی دەزانین، لە هەمانکاتدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی شەهید ڕەسووڵ و هەموو خزم‌وکەس و دۆستان و ئاشنایانی دەکەین. لەگەڵ گیانی پاکی پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی درێژەدەری ڕێبازی بین.

ڕۆحی شاد و یادی لە دڵماندا بۆ هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە

شۆڕای نیزامی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی

٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦ی زایینی

resul-muhamad-zadeh-2016_2

ڤیدیۆ تیشک

تەرمی شەهید ڕەسووڵ محەممەدزاده لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات بە خاک سپێردرا

2016-10-17

کوردستان میدیا: تەرمی شەهید ڕەسووڵ محەممەدزاده بەرپرسی فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە بەهۆی تەقینەوەی مین لە مووسڵ شەهید بوو، لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

resul-muhamad-zadeh-2016-bexak-spardn-1

پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، تەرمی شەهید ڕەسووڵ محەممەدزاده بەرپرسی فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به بەشداریی “مستەفا هیجری” سکرتێری گشتی و ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵێکی بەرچاو لە حیزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و میوانان، دوای “ڕێژە و سانی نیزامی” بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشان و پێشوازی لە تەرمی شەهید ڕەسووڵ محەممەدزاده، لە گۆڕستانی شەهیدانی ئەو حیزبە بە خاک سپێردرا.

hassan-sharefi-be-xak-spardni-resul-muhamad-zadeh

پاشان حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە نوێنەرایەتی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

حەسەن شەرەفی، سەرەتا بەخێرهاتنی هەموو حیزب و لایەنە سیاسی و کەسایەتی و میوانانی بەشداربووی ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی شەهید ڕەسووڵی کرد و باسی لەوە کرد: “شەهید ڕەسووڵ لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا پەروەردە بوو، بۆیە وەها کۆڕێکی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی بوو و لە خاکی بەشێكی دیکە لە کوردستان بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی شەهید بوو، و سەلماندی کە ڕۆڵەی بە ئەمەگ و ڕاستەقینەی گەلەکەیەتی”.

شەڕەفی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد: “ئەگەرچی تەرمی پیرۆزی ئەو خەباتکارە سادق و ڕاستگۆیەمان بە خاک ئەسپارد، بەڵام ئێمە بنەماڵەی دێموکرات درێژەدەری ڕێگای شەهید ڕەسووڵ و هەموو شەهیدانی کوردستان دەبین”.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کۆتایی‌دا سپاسی هەموو حیزب و لایەن و کەسایەتی و میوانانی بەشداربووی ئەو ڕێوڕەسمەی کرد.

kener-mehfer-

دواتر، “کنێره مێهفەر” خێزانی شەهید ڕەسووڵ محەممەدزاده چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

کنێرە مێهفەر، لە قسەکانیدا، “سپاسی هەموو ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد کە له خەم و پرسەی شەهید ڕەسووڵ‌دا بەشداربوون و گوتی، “ئێمە بە پشتیوانیی یەکتر ئامانجی شەهید ڕەسووڵ و باقی شەهیدانی کوردستان وەدی دێنین و هەروەها باسی لەوە کرد کە؛ شەهید ڕەسووڵ هەمیشە دەیگوت لە هەر جێگایەکی کوردستان خزمەت بکەم بۆ من جێگای شانازییە و بۆیەش بە شانازییەوە لەو ڕێگایەدا شەهید بوو”.

braym-chukeli-

پاشان ئیبراهیم چوکەڵی سەبارەت بە کەسایەتی شەهید ڕەسووڵ و بنەماڵەکەی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە بەرپرسی فێرگەی کۆمیسیونی پەروەردەی حیزب، لە کاتی پووچەڵکردنەوەی مین لە پرۆسەی ڕزگار کردنی شاری مووسڵدا، بە هۆی تەقینەوەی مینەوە شەهید بوو.

ڤیدیۆ بە خاک سپاردنی شەهید رەسوڵ

بابەتی پەیوەندی دار

چاوەروانی گەڕانەوە، لوقمان مێهفەر


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی