١. راسان نەک تەنیا کۆماری ئیسلامی ترساندووە، بەڵکوو وای کردووە هێندێک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتیش بە نیگەرانییەوە چاوی لێ بکەن.

بۆیە، لە بەرانبەردا، هەوڵی ئەو لایەنانە تاکوو ئێستا بریتی بووە لە کەمڕەنگکردنەوەی یان دروستکردنی گومان لە سەر بزوێنەر و کاتی ڕاسان. تەبلیغاتی ئاشکرا و شاراوە دژ بە ڕاسان، هەوڵێکی دیکەی ئەو حزبانە بووە. هەموو ئەمانە کەم تا زۆر لەو پانێلەدا و لە قسەی هەر سێ رێبەری کۆمەڵەدا دەرکەوتن. بە هێنانە ئارای باسی بەرە و کۆنگرەی نەتەوەی، ئەویش لە ژێر ناوی ”پێشنیاری کۆنکرێت” و وەک ئەوەی کەشفێکی تازە بێ، هەوڵێکی دیکە درا سرنج لە سەر ڕاسان بگۆزرێتەوە بۆ سەر ئەو بابەتانە. هەڵبەت ئەوە هەروها شێوەیەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی نەبوونی سیاسەتی جیدی و نەبوونی کردەوە. پارتی کرێکاران، سەرباری کەمپەینێکی تەبلیغاتی هاوبەش لە گەڵ حزبی کومنیستی ئێران دژ بە حزبی دێموکرات، هەروها لە بواری کردەوەییەوە وەڵامی راسانی داوەتەوە. شەهیدبوونی پۆلێک گریلا لە نزیکی کرماشان و هەروها لابردنی حاجی ئەحمەدی و دانانی سیامەند موعیینی وەک جێگرەوەی، دەشی زۆرتر لەو راستایەدا ببیندرێ. پارتی کرێکاران ئێستا لە سووریا و عێراق و هەروها بە هۆی هەڵگرسانەوەی شەڕ لە باکوور، دەسی گیراوە، بەڵام وەبەرهێنانێکی زۆری لە رۆژهەڵات کردووە و خەونی ئەوە دەبینێ کە رۆژهەڵات وەکوو رۆژئاوا بخاتە حزمەت بەرژەوەندییە حزبی و جێوسیاسییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناویندا. بۆیە، پێشبینی دەکەم لایەنەکانی کۆمەڵە زۆرتر درێژە بەو هەوڵانە بدەن کە تاکوو ئێستا داویانە، ئەویش بە هۆی ئەوەوە هیچی دیکەیان بۆ ناکرێ، بەڵام پارتی کرێکاران، بە مەرجێ ناچار نەبێ لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا وزەی خۆی تەرخان بکا، دەتوانێ لە کردەوەدا ببێ بە رەقیبی جیدی حزبی دێموکرات.
٢.بەرە بیرۆکەیەکی باشە و خەڵکی کوردستان خوازیارین، بەڵام زۆرتر بوەتە خۆراکی تەبلیغاتی و کەرەستەیەک بۆ شاردنەوەی بەرژەوەندی حزبی و فەردی بەرتەسک. بە تایبەت بۆ ئەو فراکسیۆنانەی لە حزبەکانیان جودا بوونەتەوە، باسی بەرە زۆرتر هەوڵێکە بۆ داپۆشانی ئینشعاب. ئەوانەی کە زۆر لایەنگری بەرەن، بۆ خۆیان هۆکاری دابڕان و ئینشعاب بوون. رێگرێکی دیکەی مێژوویی بۆ پێکهێنانی بەرە لە رۆژهەڵات ئەوەیە کە کۆمەڵە لە کاتی دامەزراندنییەوە، خۆی دژ بە حزبی دێموکرات پێناسە کردووە. لە گەڵ هەموو رێزێک بۆ خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، بەڵام ئەو رێکخراوەیە ناسنامەیەکی سەربەخۆی نییە. تاکوو ناسنامەیەکی سەربەخۆ بەدەس نەهێنێ، بە واتای واز هێنان لە پێناسەکردنی خۆی دژ بە حزبی دێموکرات، ناکرێ چاوەڕوانی بەرە بکرێ. لەوپەڕی خۆیدا، دێموکرات و کۆمەڵە دەتوانن هاوکاری کاتی و تاکتیکی بکەن.
٣. بە درێژەکێشانی ڕاسان، تەبلیغات دژبە ڕاسان بێ کەڵک دەبێ. بەڵام بۆ هەر کەسێک کە لە ژێر باندۆڕی ئەو پرۆپاگەندەدا نەبێ، راستییەکی حاشاهەڵنەگر ئەمەیە: ئەوە حزبی دێموکراتە هێزی نیزامی هەیە بۆ بەرپاکردنەوەی خەباتی چەکداری، نەک لایەنەکانی دیکە. نیگەرانبوونی ئەو لایەنانە لە ڕاسان ئەوە نییە کە، وەک خۆیان دەڵێن، ئێستا خەباتی چەکداری لەبار یان گونجاو نییە، بەڵکوو هێزی ئەوەیان نییە. دڵنیام دەنا خۆیان دەیانکرد.
٤.بە مەرجێ جیابوونەوەی ٢٠٠٦ لە نێو حزبی دێموکراتدا لە دابڕانی رێکخراوەییەوە تەبدیل نەبێ بە دابڕانی سیاسی، کە بەداخەوە وێ دەچێ وای لێ بێ، یەکگرتنەوە زەمینە خۆش دەکا بۆ ئەوەی یەک هێزی سەرەکی لە بواری سیاسی و نیزامییەوە لە رۆژهەڵات سەرهەڵبداتەوە. جیاوازی سیاسیش دەکرێ لە دەرونی حزبی دێموکراتدا هەبێ، بەڵام خەتەرێکی دیکە ئەوەیە کە ئەو جیاوازییە سیاسییەی هەیە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی، تەبدیل ببێ بە ”کوردەنامووسی” و یەکگرتنەوە ئەستەم بکا. ئەگەر مرۆڤ لە سیاسەتدا زۆری پێداگری لە سەر مەسەلەیەک کرد، تەنانەت ئەگەر دواجار دەریشکەوێ هەڵەیە، دەبێ بە مەسەلەیەکی حیسییەتی و هەربۆیە، پاشەکشەکردن لێی، ئەستەم دەبێ. هەڵبەت درێژەکێشانی ڕاسان جیاوازی سیاسی کەمڕەنگ دەکاتەوە، بۆیە لەو بارەوە دەبێ خۆشبین بین. رووناکبیرانی کورد دەبێ هەوڵ بدەن رێگا بگرن لەوەی جیاوازی لەو بابەتە تەبدیل ببن بە ”کوردەنامووسی”. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە باس لەو راستییە نەکرێ کە پێداگری لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ناروخێ و دەبێ لە شانۆگەرییەکانیدا بەشداری بکرێ، بەشێکی لە بۆچوونی ”رێفۆرمیستی” هێندێک کەسی نێوخۆی رۆژهەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێ، بەڵام بەشێکیشی بەرهەمی کاری خودی رێژیمە. دەبێ لەو بارەو بە بێ تۆمەتدان لە یەکتر، بە ڕاشکاوی دیالۆگ بکرێ، هەرچەند قەبووڵکردنی ئەو راستییە کە ”رێفۆرمیزم ” لە ئێران رێژیمپارێزە، نەک رێژیمگۆڕ دەتوانێ زەمینەی لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتنەوە مەیسەر بکا. هەرچۆنێک بێ، رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە هێزێکی سەرەکیی سیاسی و نیزامییە. راسان دواجار ئەوەمان بۆ بەدی دێنێ.
ئەم بابەتە لە نووسینی دوکتۆر ئیدریس ئەحمەدی مامۆستای زانکۆ لە سوئێدە کە لە سەر دیواری فەیسبوکی نووسەر نەقڵ کراوە.