ڕاگەیاندنی خۆکشاندنەوەی بەڕێز خالیدی عەزیزی لە پۆستی سکرتێریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەنگی داوەتەوە و گەڵێک کەس بە باری جیاواز ڕای خۆیان لەسەر دەربڕیوە. 
بۆ من وەک دۆستێکی هەموو حیزبەکوردستانیەکان و کەسێکی ناحیزبی نییە کە خۆم لە باسی ئەنجامەکانی ئەو بڕیارەی کاک خالید هەڵقوتێنم. تەنانەت بە ڕاشکاویش دەڵێم کە ڕاوبوچوونی سیاسی منیش، لە هەندێک بواردا، جیاوازیی هەیە لە گەڵ کاک خالیدی عەزیزی. بەڵام بەپێی هێندێ ئەزمون و بیر وباوەڕ، پێم حەیفە کە چەدند ڕستەیەک لەسەر بوێری و شەهامەتێک نەنووسم کە هەتا ئێستا بەدەگمەن لە سەرۆکایەتی حیزبەکانی کوردەواریدا دێتراوە.
هیوادارم بە هەڵە لێم تێنەگەن و ئەو مانایە لێک نەدەنەوە کە من سەرکردەکانی ئەو حیزبانەم پێ ترسەنۆک و بێ شەهامەتە! نا! مەبەستی من شەهامەتێکە کە مرۆڤ بۆ ئەمەگداری بە بیر و باوەڕی خۆی و ئەو پرەنسیپانە کە خۆی ڕایدەگەیەنێ هەیەتی.
بە ڕاستی هەتا ئێستا زۆر کەم بوون ئەوکەسانەی کە لە پلیکانەکانی حیزبایەتی چوونەسەر و گەیشتنە لوتکە و هەتا مردنیان هەر لەوێ دانەبەزین! بەم شێوازەش حیزبەکەیان بە خۆیانەوە بەستەوە و یان تووشی ڕاڕایی و جیابوونەوەی جۆراوجۆریان کرد و یان پاش نەمانیان حیزبەکەش وزەی لە گیانیدا نەما.
خود ئەو دانەبەزینە لەسەر کورسی سکرتێری لە زۆربەی کاتدا دەبوو بە هۆی کۆبوونەوەی دەستەڵات بەدەست سکرتێرەوە و ڕێکخراوەیەکی ناوەندیخوازیی ویشک. ئەوەش لەکەس شاراوە نییە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لە ئاستی جیهانیدا بە گشتی تووشی ئەو نەخۆشێیە هەن.
بە تایبەت لە کوردستان زۆرجاران وای لێهات کە پرەنسیپ و پێرەوی ناوخۆ و دێمۆکراسی ڕێکخراوەیی تەنیا خەتی رەشی سەر کاغەزی سپی بوون و زۆربەی بڕیارەکان لە دانیشتنەکانی دەرەوی حیزبی دەگیران و لەوانەش بووە کە کەسانی غەیرە حیزبی پتر و زووتر لە ئەندامان و کادێرەکان ئاگادار بوونایە لە بڕیارەکە. تەنانەت لە کۆنگرەشدا میوانەکان دەنگیان داوە و رێژەی دەنگدان بە بەڕێوەبەریان بە لانی ئەو کەسەدا شکاندۆتەوە کە بانگی کردبوون!!!!
ئەوەندەی کە من ئاگادار بووم بەڕێز خالیدی عەزیزی و کۆمەڵێکی دیکەی کادێرەکانی حیزبی دێمۆکرات پیداگریان لەسەر ئاڵوگۆڕ دەکرد و یەکێک لەئاڵوگۆڕەکانیش مەسەلەی سکرتاریەت و مەودا و دەستەڵاتی بوو.
کاک خالیدی عەزیزی لەناو کەش و هەوایەکدا دەرکەوت کە دەنگۆی نوێخوازی لە هەموو لایەک ڕا دەبیسترا. ئەویش وەک پێشمەرگەیەکی نویخوازی هاتە کایەوە.
ئەوەیکە بەرێزیان تاچ ڕادەیەک لە پێگەیاندنی نوێخوازیدا سەرکەوتوو بوە یان نا، مەسەلەیەکی دیکەیە وڤ شیکارییەکی دەوێ لە فەرهەنگی سیاسی زال بەسەر حیزبە سیاسیەکانی کوردستاندا بەگشتی و ح.د.ک بەتایبەتی.
لەڕاستیدا سکرتێرەکانیش خۆیان بەجۆرێک قوربانیی فەرهەنگێکن کە لە نێوماندا هەیە و گەر وشیار نەبین سەرهەڵدەداتەوە و کاردەکاتە سەر رەوشت و هەلس و کەوتمان. ئەمەش فەرهەنگی کۆنی عەشیرەیی و دەرەبەگایەتیە کە هەتا ئێستاش پاشماوەکانی ماون. هەربۆیەش شۆرشگێرێکی دیموکرات و خۆبەختکەر و بەئەمەگ کە دەبێتە سکرتێر، لە ئەنجامی هەلسوکەوتی دەورانپشتیدا تووشی گۆڕانکارییەکی گەورە دەبێ و لە شێخایەتی و دەروێشایەتیی ناو حیزبەکەیدا دەتوێتەوە و دیکتاتۆری لێ ساز دەبێ. وێنەی ئەم گۆڕانکارێیانەش لەسەر کاراکتێری سکرتێرەکان زۆر بەرچاو بووە کە من لێرەدا ناپەرژێمە سەر ئەو بابەتە. تەنیا بۆ ئەوەی بتوانم بوێری کاک خالید شی بکەمەوە پەنجەم بۆ ئەو خالە ڕاکێشا.
خاڵی بەرچاوی بەڕێز خالیدی عەزیزی بە بڕوای من ، بە هێزیی کاراکتێرێک بوو کە خۆی لە ئاست ئەم تاواندنەوەیەدا ڕاگرت. ئەو لەسەر ڕا و بۆچوون و بڕوای خۆی مایەوە و وەک لە نامەکەشیدا نووسیوێتی:
”بۆ ئاگاداری ئێوە و بە شاهیدی سەرجەم ئەندامانی بەڕێوەبەری، سالێک پێش گرتنی کۆنگرەی شانزدەهەم رام گەیاندبوو کە نە بە تەمای پۆستی سکرتێریم و نە بەدروستیشی دەزانم پێڕەوی نێوخۆیی حیزب بۆ ئەو مەبەستە بۆ من بگۆڕدرێ”
هەروەها شیی دەکاتەوە کە لەژێر زەختی کۆنگرەدا و بۆ ”…بەرگریکردن لە شێوانی کۆنگرە…” بە پێچەوانەی بۆچوون و مەیلی خۆی ئەو کارەی کردووە.
کاک خاڵید بە نووسین لەسەر چەشنی سکرتێری خۆی، ئاماژە بە خاڵێک دەکا کە ئاواتی لەمێژینەی من ئەوە بووە کە سکرتێرێک ئاوا بجوڵێتەوە و دەنووسێ :
” بە واز هێنانی من ئەو گوتارەی حیزب کە بەرهەمی کار و تێکۆشانی هەموومانە، بێگومان هەر لە جێگەی خوێدا دەمێنێتەوە. من وەک سکرتێری حیزب تەنیا وەتەبێژ و ئادرسی ئەو گوتارەی حیزبەکەمان بوومە. ”
لەڕاستیدا ئەرکی سکرتێری تەنیا نوێنەرایەتیی ئاوەزی گشتیی حیزبەکەیەتی و سکرتێر کئۆردیناتۆرە. واتە هەمان وتەبێژ و ئادرێسی کە کاک خالید باسی لێوە دەکات.
کشانەوەی کاک خالید لە پۆستی سکرتێری واتایەکی قووڵی هەیە. پەیامێکە هەم بۆ ح.د.ک و هەم بۆ حیزبەکانی دیکە کە هیوادارم لە ناوەرۆکی پەیامەکەی بگەن. بەرێزیان واز لە خەبات ناهێنێ بەلکو ڕیگا دەکاتەوە بۆ چەسپاندنی ئاڵوگۆڕێکی قووڵی ڕێکخراوەیی کە سەرجەم سیستێمی حیزبایەتی کوردستان پێویستی لەحاشا نەهاتووی پێیەتی. ئەویش بریتیە لە گۆڕانی سیستێمی ڕیکخراوەیی و ڕاهێنانی بە دیسیپلینی حیزبی لەسەر بناخەی پەروەردە کردنی وەچەی نوێ بۆ داهاتووی حیزبەکان. بناخەیەک کە لەسەر نویخوازی و نوێژەنکردنەوە و بەخۆداهاتنەوە دادەڕێژرێ و مافی تاکی ئەندام بەپێی کەرامەتی مرۆڤانە بۆ پشکووتن و خزمەتکردن دەپارێزی. ئەوە شێوازێکە کە حیزب لەئاست دەستبەسەر داگرتنی چەند خەباتکاری کۆنەکار بەڵام ویشکەڕۆ دەپارێزی و مەیدان بۆ گەشەسەندن دەکاتەوە.
لەبەر ئەو هۆکارانە من کاری کاک خالید بە هەنگاوێکی بوێرانە و بە شەهامەت هەلگراو دەزانم و پڕ بەدڵ رێزم بۆی هەیە. بەڕیزیان بە کردەوە سەلمانی کە ڕووناکبیرە.
من دڵنیام کە بەڕێز خالیدی عەزیزی بەوردی لە کەمایەسیەکانی ح.دک و حیزبەکانی دیکەش ئاگادارە و لە تێکۆشان بۆ خزمەت بە حیزبەکەی و داهێنانی شێوازی نوێی حیزبایەتی ماندوو نابێ. ئاواتی سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.
حەسەن ماوەڕانی
2016/11/17