Hoppa till innehåll
Hem » فەرهەنگی ژینگەپارێزی، رەوف گوڵبەدەن

فەرهەنگی ژینگەپارێزی، رەوف گوڵبەدەن

ژینگە پارێزی نیشتمانپەروەرییە!     

وزەی ماڵتان لە کوێ فڕی دەدەن؟  reuf-golbeden-01

ئەو پێشمەرگەی کە بە گیانی خۆی نیشتمانی دەپارێزێت، ئەو کادێر و تێکۆشەرە ڕێکخەرانەی کە بە ساڵان خەریکی کاری ڕێکخستن بوون، ئەو خەباتگێڕانەی کە بڕگەیەک و زیاتر لە بڕگەیەک لە تەمەنی خۆیان پێشکەش بە نیشتمان و خەڵکەکەی کرد، ئەو بەندییانەی زۆربەی تەمەنیان لە ناو بەندیخانەکاندا بە جێ هێشت، لاویەتی خۆیان لەوێ دانا و بە پیری گەڕانەوە یان هەر نەگەڕانەوە، ئەو کۆچبەرانەی زۆر جار کۆچیان بە خەبات دادەنا یان بە شێوەیەک لە خەبات دادەنا و لە بەر خزمەت بە نیشتمان ڕێگەی کۆچیان دەگرتە بەر، ئەو جووتیار و ڕەشایی و کاسبکار و چەرچی و کرێکارەی بە شێوەیەک لە شێوەکان بەردێکیان لە سەر بەردێک دادەنا و وڵاتیان ئاوەدان دەکردەوە، ئەو خەڵکە جاران ناوی ژینگە پارێزیان نەبیستبوو و نەیاندەزانی چییە کەچی هەر هەموویان پاسەوانی ژینگە بوون!

بەیانی زوو هەر کۆڵانەو بۆن و بەرامەیەکی لە خاک  بەخۆوەدەگرت، ئاوپرژێن و گەسک لێدانی بەردرگا، کۆڵانیشی دەکردە ماڵ بۆمان و پۆل پۆل لە بەر درگا لە گەڵ راپەڕاندنی کار و ئەرکی ڕۆژانە خەریکی قسەی خۆش و گاڵتە و گەپ بوون، ئەمانە بە بێ ئەوەی ناوی ژینگەپارێزیان بیستبێت هەموویان بە خاوێنکردنەوەی درگا و بانی خۆیان جگە لە خزمەتی ژینگە لە راستیدا پارێزەریان لە نیشتمان دەکرد!

ژینگە واتە ئەو جێگەی تێدا دەژین، ئەو جێگەی بژیوی لێ دەستێنین و ئەو جێگەی تێدا پەرەوەدە دەبین کە واتە شوێنی حەوانەوەی شەو و ڕۆژمانە ژینگە، بێشکەی ڕاهاتنی چکۆلە و گەورەمانە ژینگە، ئایەکوو کەس هەیە ماڵ و جێگەی ژیانی خۆی نەپارێزێ لە دۆژمنی ژینگە و نیشتمانی؟

دۆژمنایەتی لە گەڵ ژینگە واتە وێرانکردنی ماڵی خۆت، کە واتە ماڵی خۆت وێران مەکە!

ئاو و هەوا و خاک و جوانی و دار و درەخت پێداویستییەکانی ماڵی تۆن، ماڵی خۆمان پاک ڕاگرین با ئاوەدانی ڕوو بکاتە نیشتمان!

لە وڵاتی خواپێداوەکان بۆ هەموو شتێک بەرنامە هەیە و یەکێ لە بەرنامەکانیان پاشەکەوت کردنە کە لەم بەشەدا ژینگەپارێزی و گەڕانەوەی وزە لە ڕێگەی دووبارە بە کارهێنانەوەی ئەو زبڵ و خۆڵەی کە ڕۆژانە فڕێ دەدرێت بڕێکی زۆر پارە بۆ سامانی وڵات پاشەکەوت دەکەن و بەمە هەم ژینگە خاوێن دەکەنەوە و هەمیش هەلی کار دادەمەزرێنن و هەمیش لە بودجەی وڵات دەسپێوەگرتنێک دەکەن بەو جۆرە چەندها ئامانج بۆ ئاوەدانی و گەشەی وڵات دەپێکن!

ئەرێ کورد هەتا ئێستە هەتا چەند لەم بوارەدا شارەزایی هەیە و کاری کردووە؟

بەشێک لەم ئەرکە دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردە بە گشتی کە یەکێ لەو بەشانە پەروەردەی ژینگەپارێزی بۆ فێرگە و خوێندنگەیە!

زانکۆکان لە ڕێگەی تێزی خوێندکارانی دەرچووی زانکۆوە پڕۆژە دەکەنەوە و ئەو تێزانەی کە سەرکەوتوون خەڵات دەکرێن و بەم جۆرە پەرە بە خزمەتکردن بە ئاوەدانی و ژینگەپارێزی دەدرێت!

ژینگە ئەوڕۆکە مەترسی زۆری لە سەرە و کوردیش ناچارە کە لا لەم کێشەیە بکاتەوە و بە پێی پێویست نیشتمانی خۆی بپارێزێت!

خۆڵ و زبڵ نا، وزەی ماڵی ئێوە بۆ کوێ دەچێت؟

بیرت لەوە کردوەتەوە کە ئەرکی پاراستنی ژینگە لە ئەستۆی تاک بە تاکی ئێمەیە؟

رەوف گوڵبەدەن