خەندان- گروپی هەڵۆكانی ئازادی كوردستان بەرپرسیارێتی ئەو دوو تەقینەوەیەی دوێنی شەوی شاری ئەستەنبوڵی لەئەستۆ گرت كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیانو بریندابوونی زیاتر لە سەد كەسی دیكە.
درەنگانێكی شەوی رابردوو دوو تەقینەوەی بەهێز لەنزیك یاریگایەك لەناوەڕاستی شاری ئەستەنبوڵی توركیادا روویانداو دەیان كوژراو و زیاتر لەسەد برینداریان لێ كەوتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ گروپی هەڵۆكانی ئازادی كوردستان (تاك) لەراگەیەندراوێكدا لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆیان، بەپرسیارێتی ئەو تەقینەوەیەیان لەئەستۆ گرت.
لەراگەیەندراوەكەدا ئەو گروپە ئاماژە بەوە دەكەن “دوو هاوڕێی ئازامان لەكاتژمێر 10:30 خولەك خۆیان تەقاندوەتەوەو بەهۆیەوە 100 پۆلیس كوژراونو سەدانی دیكەش برینداربوون.”
لەراگەیەندراوەكەدا ناوی ئەو دوو كەسەی خۆیان تەقاندوەتەوە ئاشكرا نەكراونو ئاماژە بەوە دەكەن كە لەچەند رۆژی داهاتوودا ناسنامەكانیان بڵاودەكەنەوە.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هەڵۆكانی ئازادی كوردستان باسلەوەدەكەن كە هاوڵاتیانی توركیا ئامانجی راستەوخۆی ئەوان نینو ئەو چالاكییە بە وریاییەكی زۆرەوە ئەنجام دراوە.

هەڵۆكانی ئازادی كوردستان ناسراو بە تاك رێكخراوێكی چەكداری كوردیی باكوری كوردستاننو لەساڵی 2004ەوە دامەزراون، وەك خۆیان ئاماژەی پێ دەكەن ماوەیەك لەناو پارتی كرێكارانی كوردستاندا كاریان كردوە، بەڵام دواتر جیابوونەتەوە.
نوعمان قورتلموش، جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی دوو تەقینەوەكەی ئاشكراكرد و رایگەیاند، كە یەكەم هێرش لە رێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی جوڵاوەوە بووە و راستەوخۆ پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكانی كردووەتە ئامانج.
“تەقینەوەی دووەم پاش تێپەڕینی كەمتر لە خولەكێك (٤٥ چركە) پاش تەقینەوەی یەكەم روویداوە، كە لە رێگەی خۆكوژێكەوە ئەنجامدراوە و لە پاركی موچكای نزیك یاریگاكە خۆی تەقاندووەتەوە” قورتلموش وایوت.
رۆژنامەی حوریەتی توركی لە زاری سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیاوە بڵاوی كردووەتەوە، كە بەهۆی تەقینەوەكانەوە 27 ئەفسەری پۆلیس و دوو هاوڵاتیی مەدەنی كوژراون، هاوكات 166 كەسی دیكەش برینداربوون.
بەپێی وتەی سۆیلو، دوای رووداوەكان 10 كەس بە گومانی هەبوونی پەیوەندییان بە تەقینەوەكانەوە دەستگیركراون.
تەقینەوەكان دەوروبەری كاتژمێر 10:20 خولەكی شەوی رابردوو روویاندا، كە دەكاتە نزیكەی 90 خولەك دوای كۆتاییهاتنی یاریی نێوان یانەی بێشكتاش و بورساسپۆر.
لەراگەیەندراوەكەی تاك-دا هاتوە “چاوەڕێی ژیانێكی ئارام نەكەن لەتوركیا لەكاتێكدا دەستبەسەری سەرۆك ئاپۆ بەردەوامە”.
پیشمەرگەکان: ئەمجۆرە کردەوە خۆکوژیانە چەندە قازانجی بۆ کورد هەیە و کام هێز لە دونیادا هەیە کە بە خۆکوژی سەرکەوتوو بووبێ، تەنیا وڵامەکەی لای ئەم گروپەیە کە ئەم شیوە کارەی دەست پێ کردوە و حەیفە کە رۆڵەی کورد بەمجۆرە خۆی دەتەقێنێتەوە.
هەرچەند رێژیمی تورکیە دژی کوردە و دژی کورد بووە، بەڵام ئەم کردەوەیە، قازانجی بۆ کورد و کوردستان نیە.
