شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی رەخنە لە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی دەگرێت و رایدەگەیەنێت “كارو ئەركی سەرەكی دەستەی كارگێری سازدانی فێستیڤاڵ و سمینار نییە”.
ئاوێنە: لەبەرامبەر ئەنجامدانی كۆنفڕانسی پارتە سۆسیالیستەكانی ئەوروپاو مونتەدای سۆسیال دیموكراتەكانی جیهانی عەرەبی لەسلێمانیو بەسەرپەرشتی مەلا بەختیار، لەنوسینێكدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی رەخنە لە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی دەگرێتو رایدەگەیەنێت “كارو ئەركی سەرەكی دەستەی كارگێری سازدانی فێستیڤاڵ و سمینار نییە”.
هەروەها دەڵێ “ناكرێت پارەی یەكێتی بۆ كۆنفرانساتی شەخسی و خۆ دەرخستنی تاكەكان بەكار بێت”.
دەقی نوسینەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:
دەست خۆش هەڤاڵ!
لە رۆژێكدا كە میللەتەكەمان نانی نیە بیخوات و دەرگای خوێندنگاكان بەڕووی خوێندكاراندا داخراون و هەرێمەكەمان بە دەست دەیان قەیرانیترەوە دەناڵێت و هەزارو یەك كێشە بەرۆكی یەكێتیەكەمانی گرتووەتەوە و پارتی بە ئاشكرا پرۆژەكەی یەكێتی سەبارەت بە دابینكردنی مووچە لە رێی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٧ی عیراقەوە بە “تەڵەی ناحەزانی كوردستان ” ناو دەبات وهەڵوێستی یەكێتی لەو بارەیەوە بە “پیلانی رەشی دژ بە خەڵك و ماف و دەستكەوتەكانی و ئایندەی هەرێمی كوردستان” لەقەڵەم دەدات .. كاكی كارگێر كۆنفرانسی پارتە سۆشیالیستەكانی ئەوروپا و مونتەدای سوشیال دیموكراتەكانی جیهانی عەرەبیمان بۆ ساز دەكات! ئەمەش لەكاتێكدایە كە گەورە و بچوكی حزبەكەمان چاوەروانی بەستنی كۆنگرە و كۆنفرانسی یەكێتیە و زیاتر لە شەش هەفتەشە بەڵێنی بەستنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیمان پێ دراوە ..
بەرێزان بە هەڵە لێم تێ مەگەن، من دژی بەستنی كۆنفرانس و كۆرو كۆبوونەوە و سمینارو فستیڤال و فۆرم و كەرنەڤاڵ نیم بەڵام هەموو ئەو چالاكیانە كات و ساتی خۆیانیان هەیە، پاشان كارو ئەركی سەرەكی دەستەی كارگێری سازدانی فستیڤاڵ و سمینار نیە ئەوەندەی كە ڕاپەڕاندنی كاری رۆژانەی خودی یەكێتیە. دەزانم كە رەنگە لە رابوردودا هەلی بەشداریكردن لەو جۆرە سمینارو كۆنفرانسانەدا بۆ هەندێك لە هەڤاڵانمان نەرەخسابێت و بە نیسبەت ئەوانەوە ئەوە پێخستنە ناو دونیایكی نوێ بێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ڕەوای نابینم كە لە پێناو بەشداریكردن یان سازدانی ئەو كۆنفرانس و كەرنەڤاڵانەدا كارەكانی یەكێیتی پشتگوێ بخرێن و ئایندەی یەكێتی بدرێتە دەست قەدەر!
پێشم سەیرە لە كاتێكدا كە هەموو كەناڵە ئاسمانیەكانی یەكێتی لە بەر بێ پارەیی رادەگیرین!! جەنابی یەكێتی بتوانێت لە بنی هەتیتەشدا بێت پارە بۆ كۆنفرانس و میواندارێتی دەیان شاندی بیانی پەیدا بكات!
زۆر ئاساییە دەكرێ ئەوانەی كە زەوقیان بە كۆرو سمینار دێت هەموو كاتی خۆیان بۆ ئەوكارە تەرخان بكەن و لەسەر حیسابی خۆیان وكاتی خۆیان و بە ناوی خۆیانەوە بەو كارە هەڵسن، بەڵام ئاسایی نیە كە ناوی یەكێتی و پەیوەندییەكانی یەكێتی و كەناڵە دیپلۆماسیەكانی یەكێتی و مێژوی یەكێتی و پارەی یەكێتی بۆ كۆنفرانساتی شەخسی و خۆ دەرخستنی تاكەكان بەكار بێت… لە كۆتاییدا دەڵێم هەق وابوو مژدەی بەستنی كۆنگرە و یەكبوونەوە بدرایێتە كادرو ئەندامانی یەكێتی نەك هی بەستنی كۆنفرانسی پارتە سۆشیالیستەكانی ئەوروپا و سۆشیال دیموكراتەكانی جیهانی عەرەبی.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
…
لەوەڵامی شاناز ئیبراهیم ئەحمەددا
مەلا بەختیار بەئەندازەی جلی ماركە گرانبەهاكانی (شازادە) پێڵاوی لاستیكی دڕیوە
دەقی وەڵامەكە:
كەسێك، كە خۆی بەشازادەی یەكێتیی دەزانێ، بابەتێكی لەسەر كۆنفرانسەكەی سۆسیالیستەكان نوسیوەو دەیەوێ، هەستی پڕ لەڕەخنەی رای گشتی لەسەر خۆیو هاوسەرەكەییو سەروەتو سامانەكەی، بگۆڕێ.
من..رۆژی (8/10) یەكێك بوم لەو (22) كەسەی لەكۆبوونەوەی بەڕێز بەرپرسی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیو بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتیی ئامادەبوم بۆ ئامادەكاری كۆنفرانسەكە. لەكۆبوونەوەكەدا، باس لە بەرنامە، میوانەكان، چۆنیەتی رازاندنەوەی هۆڵەكە، بەڕێوەبردن، پێشوازی، ئاسایش كرا. سەبارەت بەتێچونی كۆنگرەكە، باسكرا كەوا پارتە سۆسیالیستەكانی ئۆرۆپا، دابینیان كردووە. بەدابینكردنی مەسرەفی حزبەكانی جیهانی عەرەبیشەوە. بۆیە، تا ئەم كاتە، یەكێتیی بۆ كۆنگرەكە یەك دۆلارو یەك دیناری سەرف نەكردووە. هەرچی لەم بارەوە وترابێو بوترێ، بەغیلیو رق بەولاوە هیچی تر نییە.
ناوەرۆكی وتارەكەی (شازادە) هەموو كەسێك دەزانێ دژی (مەلا بەختیار)ە. تانەو تەشەرەكەشی ئەوەیە گوایە، بۆ خۆ دەرخستنو بەشداری كردنە لەم جۆرە كۆنفرانسانە. چونكە گوایە مەلا بەختیار لەرابردوودا هەلی بەشداریكردنی لەم جۆرە كۆنفرانسانە لەدەستچووە.
ئەم قسانە مایەی پێكەنینە. مەلا بەختیار هەموو كەسێك دەزانێ، لەنیوەی سەدەی رابردوو دوای بازرگانی نەكەوتووە. تەمەنی خۆی لەشاخ و خۆ شاردنەوەو شەڕو شۆڕدا بردۆتە سەرو بە ئەندازەی قورسایی جلو بەرگو خشڵو پێڵاوی ماركە جۆراو جۆرەكانی گرانبەهای (شازادە) پێڵاوی لاستیكی دڕیووە. قەتیش لەحكومەت نەبووە، هەتا بەرپرسیارێتی قەیران هەڵبگرێ. وەكو (شازادە)ش بیست ساڵ بەرپرسیاری پەیوەندییەكانو ناوەندی دەرەوە نەبووە، مانگانە سەفتەی دۆلار وەربگرێ بەبێئەوەی یەك وەسڵ بداتە ئیدارەی گشتی. كوڕەكەشی مانگانە سەدان هەزار دۆلار هەتا ئێستا وەرناگرێ بۆ كەینو بەینی كرێی سەتەلایتەكان.
هیچ مناڵێكیشی نەكراوەتە كونسوڵو مونسڵ. لەبەغداش خانوی لەمام جەلال وەرنەگرتووەو بەپارەی سەرۆكایەتی كۆمار تەعمیری نەكردووەو نەی فرۆشتۆتەوە بەسەفارەتی كوەییت بە(27) ملیۆن دۆلار.
بۆ بەشداری لەكۆنفرانسو موناسەباتیش، هەموو یەكێتییەك دەزانێ مەلا بەختیار بەو توانایەی هەیەتی كەسایەتی خۆی پێكیهێناوە، نەك بەهۆی بنەماڵەو زاواو بنەچەوە، بانگ دەكرێ لەكۆنفرانسەكانو لەناو بیرمەندانی گەورەی جیهانیدا لە كۆنگرە نێودەوڵەتییەكاندا بەشداری بكات. پەیوەندییەكان یەكێتیی ئاگادارن كە لەدەیان كۆنفرانسدا بە شەخسی داوەتكراوە، ئامادە نەبووە كاری حزبێ بەجێ بهێڵێ. سەرۆك وەزیرانی سوید كە هات بۆ كوردستان داوای كرد بیبینێ، لەبەرئەوەی پرۆتۆكۆلی بینینەكە بۆ پێگەی یەكێتیی جوان نەبوو، ئامادەنەبوو دیداری لەگەڵ بكات. بەڵام مەلا بەختیار دەچێتە كۆنگرەی (هەدەپە)و لەئەنقەرە، وتارێك دەخوێنێتەوە توركیا دەهەژێنێ. لەكۆنگرەی پەیەدەش لە(رومیلان) دڵی دۆست خۆش ئەكات.
تۆش (شازادە) ئەوەتەی بوی بە بەرپرسیاری ناوەندی دەرەوە، لەدوا هەڵبژاردنی عیراقدا یەكێتیی لەناو وڵات سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناو مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری هەڵمەتەكەو راگەیاندنی هەڵبژاردنەكە بوو، تەنها لەدەرەوەی وڵات، لەتەواوی وڵاتان بە بەریتانیاشەوە كە (شازادە) چل ساڵە لەوێ ئەژی، یەكێتیی لەتاقە وڵاتێكیش هەڵبژاردنی نەبردۆتەوە.
بەداخەوە لەم كاتەدا كە یەكێتییو كوردستان دووچاری گێچەڵی جۆراوجۆر هاتووە، كەسانی وەكو (شازادە) رەخنەی دور هاوێژی بێتامو بێ زانیاری ئەگرنو هەر خەریكی ئاژاوەی ناو یەكێتییو پارتی.. ناو خودی یەكێتیی.. چەواشەكردنی رای گشتیو درۆ هەڵبەستنن.
بەداخەوە، یەكێتییەكان لەبەر رێزی مام جەلال و هێرۆ خان، وەڵامی (شازادە)كان نادەنەوە، ئەگینا شازادە دڵنیابێ لەناخی هەموو یەكێتییەكی دڵسۆزدا رقێكی شاراوە بەرامبەری هەیە. بەیەكێكیشی ئەزانن كە ناكۆكی لەناو یەكێتیی قوڵ ئەكات.
بۆچی كۆبوونەوەی سەركردایەتیش نەكراوە؟ لەكاتێكدا دڵنیاین (شازادە) ئەو كۆبوونەوانەی بۆ جیابونەوە پێخۆشە، لەهەمانكاتدا.. ئومێدەوارین دادە هێرۆ بۆی رون بكاتەوە كە كۆبوونەوەی سەركردایەتی لەم مانگەدا بۆ نەكراوە.. ئەوەندەی ئێمە بزانین لەسەر داوای دادە هێرۆ و باڤڵی كوڕی نەكراوە، چونكە هەوڵی ئاشتەوایی ناو یەكێتیی ئەدرێ. كە (شازادە) زۆری پێ ناخۆشە.. چونكە خەیاڵی وایە ئەگەر جیابوونەوە لەناو یەكێتیی روبدا، خۆی بكاتە مەكتەبی سیاسی!!
ئەندامێكی ئامادەكاری كۆنگرەی سۆسیالیستەكانی رۆژئاوا
…..
“كە وەڵامی رەخنەی بەرامبەرەكانت دەدەیتەوە ئەوەندە جورئەت بدە بەرخۆت كە بەناوی خۆتەوە بڵاوی بكەیتەوە”
دەقی وەڵامەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:
بەرێزان دەزانم كە وەڵام و وەڵام دانەوە لە رێگەی میدیا كراوەكاندا دەبێتە هۆی ئەوەی كە كەسانێكی زۆر نان و پیازی پێوە بخۆن و لە كۆتایشداتە تەنیا یەكێتی لێی زەرەرمەند دەبێت.. بەڵام لەبەر ئەوەی كە كاكی كارگێر بە شێوازێكی زۆر دوژمنانە و نابەرپرسانە وەڵامی رەخنەكەمی داوەتەوە بۆیە پێویستە كە وەڵامێكی كورت و سەرپێیی بدەمەوە:
یەواش یەواش كاكی كارگێر،
پێشەكی بزانە لەگەڵ كێ قسە دەكەیت و ئینجا قسە فرێ بدە..
یەكەم: تكایە لەمەولا كە خۆت بابەتێك لەسەر خۆت دەنوسیت و خۆت وەڵامی رەخنەی بەرامبەرەكانت ئەدەیتەوە ئەوەندە جورئەت بدە بەر خۆت كە بە ناوی خۆتەوە بڵاوی بكەیتەوە!
دووەم: برام، خۆ من باسی بۆینباغ و پێڵاوە ئەبوو الماركەكانی تۆم نەكردوە تاوەكو تۆ باس لە جل و بەرگی من بكەیت! گەر پێت خۆشە باس لە نرخی جل و بەرگ بكەین ئاساییە فەرموو ڤستیڤاڵێك لە ژێر دروشمی ” لە پێڵاوی پلاستیكەوە تاوەكو قاتی ماركە” ساز بكە.
سێهەم: دەتوانین ووتارەكەی من و وەڵامەكەی تۆ بدەینە ویژدانی خەڵك بۆ ئەوەی بزانین كە كامەیان پڕە لە بەغالەت و رق و دوژمنایەتی!
چوارەم: تۆ دەتوانیت هەندێك كەس چەواشە بكەیت كە گووایە ” پارتە سۆشیالیستەكانی ئەوروپا مەسرەفی كۆنفرانسەكەیان دابین كردوە، بەڵام كاكی برا هەڵەیت گەر بەتەمای ئەوە بیت كە من بڕوا بەو قسەیە بكەم چونكە بیست و پێنج ساڵ كارم لەگەڵیاندا كردوە و دەزانم كە ئەو پارتانە هەرگیز ئەو جۆرە مەسرەفانە ناكەن، تەنانەت كاتێ كە ئەندام و میوانیش داوەت دەكەن میوانەكان دەبێ خۆیان مەسەرفی خۆیان بدەن،دەتوانیت بۆ پشتراستكردنەوەی ئەم قسەیەم تەماشایكی داوەتنامەكانیان بكەیت و ئاسانتریش لەوە ئەوەیە كە پرسیارێك لە د. محمد سابیر بكەیت كە ئەو یەكەمین كەس بوو كە لە دەرگای سوشیالست ئینترناشناڵی دا و بە هەوڵ و هیمەتی ئەو و لێزانی و بلیمەتی مام و ماندوو بوونی كەسانیتری وەك هاوسەرەكەم و كاك محمد تەوفیق و كاك عبدولرەزاق میرزا و بە رەحمەت بێت كاك شازاد سائیب و خۆم گەیشتە ئەم رۆژەی كە جەنابت پێوەی دەنازیت..
پێنجەم: سەیرە كە باسی دەنگدان و هەڵبژاردنەكانت كردوە، برام خۆ منیش وەك ئێوە لەم لاوە چەند ملیۆن دولارێكم بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە یەكێتی داماو وەرنەگرت و لەولاوە بڵێم یەكێتی دەنگ ناهێنێت ….!! ئەرێ برام، ئەی ئەوە تۆ و هاوشێوەكانت نە بوون كە تەنانەت پارەی تەواوی هاتووچۆشتان بۆ دەرەوە دابین نەكرد؟ ئەی ئەوە ئێوە نەبوون كە بە رێكخستنەكانتان گووت یەكێتی لە چوار كورسی زیاتر ناهێنێت بۆیە خۆتان ماندوو مەكەن؟ ئەی ئەوە من نەبووم كە بۆ تۆڵە سەندن لێتان و بەرزكردنەوەی ورەی جەماوەرە ماندوەكەی یەكێتی بە بێ ئاگاداری ئێوە سندوقی دەنگدانم بردە نەخۆشخانە بۆ لای مام و پیشانم دان كە یەكێتی یەكێتیە ؟؟؟
حەوتەم: باشترین رێگە بۆ كۆتایی هێنان بەو هەموو تۆمەتە ناڕەوایانەی كە داوتەتە پاڵ خۆم و ماڵ و مناڵەكانم و ئەو پرۆپاگاندە و درۆ و دەلەسانەی كە چەند ساڵێكە خۆت و هاوبیرەكانت دەستتان داوەتی لە دژم ئەوا پێشنیاری ئەوە دەكەم كە دیبەیتێكی كراوە ساز بكەیت و خۆت و هەر هەموو ئەوانەوەی كە لە شاشەكاندا بۆ حاڵی خۆتان و میللەت دەكرۆزێنەوە بەشداریتێدا بكەن بۆ ئەوەی بۆ رای گشتی ڕوونی بكەینەوە كە لە ساڵی ١٩٧٥وە تاوەكو ٢٠٠٣ و لە ٢٠٠٣وە تاوەكو ئەمڕۆ هەر كەسەمان چیمان هەبووە و ئێستا چیمان هەیە و سەرچاوەی داهاتەكانمان لە كوێوەیە.. ئەو كات دڵنیام پارەی ژێر زەمینەكانیش دەدۆزرێنەوە!!
لە كۆتاییدا دەڵێم وەڵامەكەت باشترین بەڵگە بوو بۆ دووپات كردنەوەی نیگەرانیەكانم سەبارەت بە بارودۆخی یەكێتی واتە ناهەقم نیە گەر بڵێم حەیف بۆ یەكێتی كە كەوتوەتە دەستی كەسانێكی وەك تۆوە گەر بەو شێوازە وەڵامی رەخنەی (شازادە) یك !!!!! بدەیتەوە ئەی دەبێ بە چ زمانێك وەڵامی كادرێكی بێ كەس و كوری شەهیدێكی حزبەكەم بدەیتەوە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی ئاوێنە
