"an independent online kurdish website

پیلانێکی هاوبەشی عێراقی شیعە و کۆماری ئیسلامی بۆ لەبار بردنی ئەمجارەی دەرفەت بۆ گەلی کورد.

di_qet

لە ماوەی ڕابردوو دا جێگری وەزیری بەرگرێێ عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەوێ لیدوانێکی هەتابڵێی سرنج ڕاکێشی کرد کە پویستە ئەحزابی ڕۆژهەڵات لە ڕوانگەی بەرژەوەندی ومەترسییەکانی سەر خۆیاندەوە لێی وردببنەوە و ئەحزابی باشووریش لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و مەترسییەکانی سەر خۆیانەوە.

ئەو بەرپرسەی عێراقی وتی: ئێمە دە هەوڵی ئەوەداین کە سنوورەکانی عێراق لەگەل سعوودیە، تورکیە ، سووریە و ئۆردون و کوەیت قایمتر بکەینەوە و هێزی سنوورپارێزی عێراقی لە سنووری عیراق و ئێران هەڵدەگرین و دەبەینەوە ئەو سنوورانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد! هەروەها گوتی: ئێمە لە سنووری ئێران دوژمنێک ، یان خەتەرێک تەهدیدمان ناکا و پیویست نیە هێزەکانمان لە سنووری ئێران بمێننەوە، چوونکی ئێران وەک وڵاتێکی دۆستمان سنوورەکان دەپارێزێ.

هەروەها گوتی ئێمە داوامان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی مووسڵ حکوومەتی هەرێم هێزە سنوور پارێزەکانی خۆی لە سنووری ئێران هەڵگرێ و بیباتەوە سنووری ئەو وڵاتانەی کە ئیشارەمان پێکردن. هەڵبەت ئەو هێزانە دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی سنوورپارێزانی عێراقەوە.

ئەوەش وادەریدەخا کە کۆماری ئاخوندی لە سنوورەکانی نیوان عێراق و ئێران کوێخای بێ ڕەقیب دەبێ و هەرکات پێی خۆش بێ واریدی خاکی عێراق دەبێتەوە. هەروەک سەردەمی خۆی سەددام هەمان پەیمانی لەگەل تورکیە ئیمزا کردبوو.

بۆیە پیلانەکە زۆر ترسناکە و پێویستە کوردی ڕۆژهەڵات لە دیدی ئەوەی کە ئێران لەمەو دوا دەتوانێ بە هێزی نیزامی واریدی خاکی عێراق بێتەوە برواننە پیلانەکە و ، ئەحزاب و حکوومەتی ابشووریش بەو دیدەوە بروانە پیلانەکە کە عیبادی لە گەل دۆستانی خۆیان سازاون تا هیزی پێشمەرگە دابەشی سنوورەکان بکەن و ئیدی وەک هیزێکی یەکگرتووی تۆکمە نەمێننەوە تا بەڕاحەتی هەرێم بکەوێتەوە ژێر سەیتەرەی دەوڵەتی مالیکی_عیبادی – قاسم سلێمانی.

ئەوەش هەمان سیاسەتی ئێرانە کە لە درێژایی تەمەنی دا بە کوردەکانی گوتووە: مرزبانان غیور کورد!

 

تکایە بەری خوێنی دەیان هەزار شەهید مەیخەنە قاڵبی تێرۆرەوە

باکووری کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو دا خەباتێکی شێلگیر و گرانبەهایان لە پێناو ئازادی دا بەڕیوە بردووە. بەهای ئەو خەباتە دەیان هەزار شەهیدە. دەوڵەتی تورک زۆری هەوڵ داوە ئەو خەباتە بە تێرۆریزم بناسێنێ، کەچی کەمترین باوەڕی پێکراوە.

بەڵام لە ماوەی ڕابردوو دا تاقمێک بە ناوی تەیرێن “ئازادیا کوردستانێ(تاک) ” خەریکە بە هیندێک کردەوەی بەڕاستی دوور لە شەئنی خەباتی نەتەوایەتیی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد ، خەباتی چڵ ساڵی پ ک ک و باکووری کوردستان لە سیمایەکی دێمۆکراتێک و ئازادیخوازی یەوە بخاتە نیو تاریفێک کەلە دونیای ئەمڕۆ دا بە ” تێرۆریسیم” پێناسە دەکرێ.

خۆ تەقاندنەوە بەمەبەستی وێرانی وکوشتنی ئینسانەکان لەگەل مەرگی خۆی، هیچ تاریفێکی دیکەی بۆ نەکراوە جگەلە تیرۆر. ئەو کارە هەرکەس و لە پێناو هەرئامانجێک دا بێ پێناسەی تێرۆرە. داعشێک خۆی دەتەقێنێتەوە تا زۆرترین خەڵک لەگەل خۆی بکوژێ ( ئەو خەڵکە دەتوانێ نیزامی بێ، دەتوانێ سێڤیل بێ) . ئەندامێکی “تاک”یش بە هەمان شێوە ی داعش خۆی دەتەقێنێتەوە. کەوایە ڕاست دەکەوێتەوە هەمان تاریفی ئەمڕۆیانەی تێرۆرەوە.

هەتا ئێستا تێرۆریزم بە بەژن و باڵای دەوڵەتی سێبەر لە تورکیە و دەزگا ئەمنیەکانی ئەو وڵاتە بڕابوو کە بە شێوەی تێرۆر کەسانی وەک ئاپێ مووسای تێرۆر دەکرد. کەچی ئێستا”تاک” ڕێڕەوەکە دەگۆڕێ و بەو کردەوە قێزەونان دەیەوێ خوێنی هەزاران گریلای خەباتکاری پاک و سادق بخاتە ژێر پرسیارەوە.

هەق وایە بە هەموو حیزب و لایەنە کوردییەکان گوشار بخەنە سەر پ ک ک تا هەرچەشنە پەیوەندی و پشتگیری یەک لە “تاک” راگرێ و ئەو کردەوە قێزەونانەی مەحکوومی بکاتەوە. ئاکامی بێ دەنگی، یان پشتگیریی پ ک ک لە هەمبەر ئەو کردەوانەی “تاک” دا ، بە زیانی خەباتی شێلگیرانەی ئەو پارتە و ئەو پارچەیە لە کوردستانە، و دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی هەموو کوردێکەوە.

ئەحزابی کوردستانی ڕۆژهەڵات ساڵێ جارێک بیر لە یەکگرتووی دەکەنەوە

ئێران بەرەو شانۆیەکی دیکەی هەڵبژاردن دەڕوا. بمانەوێ و نەمانەوێ حیزب و لایەنە کوردییەکان پیویستە ەهڵویستیان هەبێ. ئەو هەڵوێستانەش پیویستیان بە هەوڵ و تێکۆشانێکە بۆ هاوهەڵوێستی. ئەگە رلە ئێستاوە حیزب و لایەنی کوردی بیر لە یەکگرتوویی هەڵوێستەکانیان نەکەنەوە، سبەی ڕۆژێ تووشی هەڵوێستی هەڵنەسەنگێندراو دەبنەوە. یان وەک زۆر جار بینیومانە کە هەڵویستەکان لە باتی ئەوەی دژ بە شانۆی ڕێژیم بن، دژکردەوە بوون لە هەمبەر یەکتری دا.

گەر ئێوە ڕێگای یەکگرتووی نەگرنەبەر درەنگ دەکەوێ و زەرەر سەری مایە دەخوا.

دیسان خەریکە بە هاتنە سەرکاری سەرۆکێکی تری ئەمریکا شاگەشکە دەبین

دوای ئەوەی کە بووشی باوک شەڕی بۆ دەرکردنی سەددام لە کوەیت بەرپا کرد و بوو بە هۆی ئەوەی کە تەنیا یەک دەور زیاتر سەرۆک کۆماری نەکا، گەنجێکی جوان خاسی باڵابەرز هاتە سەر کار بە ناوی بیل کلینتۆن. ئەو ٨ ساڵ سەرۆکی ئەمریکا بوو. لە دەورانی ئەو ئێران دەستی کرد بە بەرنامەی ئەتۆمی، سەددام وەک ورچی بریندار هەرمایەوە، القاعیدە ڕوشتی کرد . پیلانی تەحویلدانەوەی عەبدولا ئۆجەلان داڕێژرا و ئیجرا کرا .

ئەوجار بووشی کوڕ هاتە سەرکار و بوو بە ڕامبو هەر تاڵیبانی لە کابۆل دەرکرد، سەددامی لە سەر کار لابرد، ڕیشەی حکوومەتی بەحسی دەرهێنا و سەددامیشی ئیعدام کرد و کۆمەڵێک هەڕەشەی بێ عەمەڵیشی لە ئێران کرد.

دوای ئەو ئۆبامایەکی بە قەول نەرم و نیان هاتە سەرکار، بن لادنی کوشت، قەزافی ڕووخاند و کوشتی. بن عەلی و موبارەک و عەلی عەبدولا ساڵحی لە سەرکار لابرد. داعش لە بەر ڕووناکایی زەعفی ئۆتۆریتەی ئۆباما گەورەبوو. خاوەررمیانە تووشی شەڕێکی گەورە هاتووە. لەگەل ئێران سازان و لەژێر کاریگەریی ئەو سازانە دا شۆڕشی گەلانی سووریە بوو بە قوربانی و ئەسەد هەر مایەوە.

ئیستا ترامپێکی کە جارێ مەعلووم نیە چیە و چ دەکا، خەریکە جڵەوی دەسەڵاتی ئەمریکا دەگرێتە دەست.

لە هەمووی ئەو هاتن و چوونانەی سەرەوە دا ئەحزابی ڕۆژهەڵات بۆ هەرکامەیان کیسەی هەڵدووریوە و خەونی خۆشی پێوە دیوە. هی وابووە شەو خەوتووە بەیانی چاوەڕوانی ئەوەی کردووە کە ئەوە ئەمریکا کۆماری ئاخوندیی ڕووخاندووە و ئەو لە باشوورەوە بە ماشێنی ئاخەر مۆدێل دەگەڕێتەوە چایەک لە سنە دەخوا و بۆ نەهار لە تاران و کۆشکی کۆماریی ئێران چاوەڕوانیەتی.

ئەو خەون و خەیاڵانە تەنانەت بوون بە هۆی ئەوەی کە ئەحزابی کوردستانی ڕۆژهەڵات تووشی دابڕان و پچڕ پچڕی ببنەوە.

تکایە جارێکی دیکە مەکەونەوە ئەو خەون و خەیاڵەوە، ئەوەی تڕامپ دەلێ بە نسیبەت ئێرانەو هیچی عەمەڵی نیە. چاوەڕوانی ئەوە مەبن کە سیناریۆی عێراق دووپات بێتەوە.

یەکیەتی، یەکڕیزی، یەکگرتووی، هاوهەڵوێستی، هاوخەباتی و هاوفکری سەنگەری هەرە پتەوی بەرخودان و دەنگی هەرە دلێری خەبات و چوونە پێشن.


کاووس عەزیزی.دانمارک

١٤/١٢/٢٠١٦

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی