"an independent online kurdish website


نیزیک ٢٠٠ میترێک ڕۆیشتین کە جێگایەکی هەڵدێری سەخت لە فەسڵی زستان دا تاو لێی نەدەدا و قەتیش فڕۆکە نەیدەتوانی زەربەی لێبدا. داڕستان ئیدی خەریک بوو کۆتایی دەهات و دەگەیشتینە ناوچە شاخاویە سەختەکەی کە قەبری زاهیری پێدەڵێن کە دارستانی نیە.kavos_azizi_pm

بەڵێ ئەوە گریلای پارتی کرێکارانی کوردستان پ ک ک بوون. ئەوان لە سنوورەکانی شەمزینان زۆرجار هاوڕێیانی ئێمەیان بینی بوو و پێکەوە قسەیان کردبوو. بەڵام ئەوکات لە ناوچەکانی وان کە دەکەوێتە سنووری باکووری ڕۆژئاوای شاری ئۆرمیە ، بوونی نیزامیان نەبوو و خەڵکیش لێیان دەترسان و پێیان وابوو پ ک ک بەس کاری کوشتنە . ئەوەش تەبلیغاتی دوژمن و نەبوونی دەزگای تەبلیغاتیی ئەو حیزبە بوو لەوکاتی دا. لە گوندێکی سەربە شارۆچکەی باشکالانی سەرئەلباک حاجی یەک هەبوو زۆریش کوردپەروەر بوو، ەبڵام باوەری بە تەبلیغاتی تورکەکان کردبوو. بەردەوام دەیگوت: ئەگەر “تەرۆر” بگەنە ئەو گوندەی ئێمە، بە یەک دانە(ئەلبۆمباسی) واتە بە یەک نارنجۆکی دەستی گوندەکەمان لەگەل خاک تەخت دەکەن! زۆرجار دەمانگوت مام حاجی یەک ئەلبۆمباسی ناتوانێ گوندێک تەخت بکا، نارنجۆکی خۆمان مان پێشان دەدایەوە و دەمانگوت ئەوە ئەلبۆمباسی یە، دەیگوت : نا ئەوانەی ئەوان فەرقیان هەیە!

ئەوەبوو دیتمان لەوێ لە بن شاخە بەردێک دا کە هیندێک داریشی بەدەورەوە بوو کەپرێک بە نایلۆن دروست کراوە و ئەوە لە بەردەرکی کەپرەکە ئاگر هەڵکراوە و کەسێک خەریکی چای و قابڵەمەیەکی گەورەی لە سەر ئاگر بوو دیاربوو شلەی برینجی درست دەکرد.

کە نیزیک بووینەوە بەرپرسەکەیان هاتە دەر و بە تفەنگێکی ژ_١ کە ئەوکات لە ئەرتەشی تورکیە دا چەکی هەرەباشی دەستی و دروستکراوی ئاڵمان بوو. هات و بە گەرمی تۆقەی لەگەل هەموومان کرد. قامکی گەورەی دەستی ڕاستی نەمابوو. ئەو بەرپرسە لەگەل هاوڕێیانی بەرپرس کەوتە قسە و باس و گوتی نابێ بڕۆن و دەبێ هەر چایەکمان بخۆن . هەر لەوێ هیندێک کۆلکە داریان دانابوو بۆ دانیشتن، ئێمە لەسەری دانیشتین و چایان هێنا . لەوشاخە دا و چایەکی گەرم لەزەتی دونیای هەبوو. چایەکەمان خوارد و ئەوجار شلەی برینجیان هێنا پێکەوە خواردمان. ئەگەر لە بیرم بێ ئەوان ١٢، یان ١٣ کەس بوون. لە هەمووی سرنجڕاکێش تر ئەوەبوو کەلە بن ئەو کەپرە کۆمەڵێک کتێبیان دانابوو کە دیاربوو وێنەی مارکس و لێنین و ئەوانەیان لەسەر بوو.ئەوەش نیشانەی پەروەردەیەک بوو کە ئەو حیزبە بەردەوام گرینگیی پێداوە. بە بێ موبالیغە دەڵێم کە پ ک ک لە بواری پەروەردەی ئەندامەکانی خۆی لە هەموو حیزبەکانی دیکەی کورد سەرکەوتووترە.

بەرپرسەکەیان هەمان شەمدین ساکیک بوو کە بە زەکی پارماکسیز واتە زەکی بێ قامک دەناسرا.(ناوی ئەسڵیی زەکی ساکیک برای سری ساکیک کە ١٠ ساڵ لەگەل لەیلا زانا لە زیندان دابوو. شەمدین ساڵی ٩٨ کێشەی لەگەل سەرۆکی حیزبەکەیان پەیدا کرد و دواتر لەگەلیان نەمایەوە. لە باشووری کوردستان بە پیلانێکی ناوخۆیی و دەرەکی وێرای عارفی برا بچووکیان تەحویلی تورکیە درایەوە).

نیزیک سەعاتێک لەوێ ماینەوە و ماڵئاوایمان لەوان کرد و ئەوجار دەبا ئیدی بەفرێکی زۆر هەڵدڕین و هەورازێکی سەخت ببڕین. دەوروبەری سەعای ٢ بوو کە سەرکەوتنە دۆلەگامێش و چووینەوە سەر چۆمی (چەمکەبی) کە بەفر داینەپۆشیبوو. لەقەراغ چۆم بەو دارانەی کە بەدەستمانەوە بوو و بە مەبەستی چای لێنان هێنابوومانەوە و بەو چەسپانە کە کاک هەمزە کڕیبوونی ئاگرمان کردەوە و چایەکمان دروست کرد . تا تەواوبووین سەعات گەیشتە دەوربەری ٤ی ئێوارە. لەوێ بەفر زۆر زیاتریش بوو لە دیوی خاکورک. وابزانم سەعات و نیوێکی پێچوو تا گەیشتینە یەکەم گوندی ناوچەی شەمزینان کە گوندی گەڵێشم بوو. خەڵکی ئەو گوندە پێشمەرگەی حیزبیان زۆر خۆش دەویست. گوندێک بوو خزمەتێکی زۆری بۆ پێشمەرگەکانی پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عیراق، یەکیەتیی نیشتیمانی، حیزبی دێمۆکرات، پارتی کرێکارانی کوردستان و زۆر حیزبی دیکە کردبوو. ئاشنابوون لەگەل هەموویان.

ئێمە شەوێ لەو گوندە ماینەوە و ڕۆژی دوایی ئێوارەکەی هەر بە جاددە دا کە تازە گریدێر پاکی کردبووە بەرەو گوندی کاتوونەی خوارێ کەوتینە ڕێ. بە ناو چەند گوند دا دەرباس بووین تا ئەوەی کە نیزیک بەرەبەیان گەیشتینەوە کاتوونەی خوارێ. لە وێ کاک مەحموود دەشتی و دوکتۆر شوان ماڵیان لەوێ بوو و نەدەهاتنەوە. هەڵبەت مالی عوسمان عەدۆ، عەلی پاوەری(ڕووحێ شاد هەر لەو ناوچەیەش تێرۆر کرا ١٣٦٨) محمد برینجکار و زۆر کەسی دیکە لە کادر و پێشمەرگەکانی کۆمیتەی ورمێ خزم و کەسیان لەوێ هەبوو و ئەو زستانە لەوێ مابوونەوە.

هەر لە نێو گوندەکە ناسر ماندوو ببوو دەیگوت ئێمە لێر ەبمێنینەوە ، بەڵام کاک عیسمەت و کاک هەمزە گوتیان نە دەبێ بڕۆینەوە زێوکان و هەنگاوێک نیزکتر دەکەوینەوە بۆ مەسیری سبەی. بە هەرحاڵ دوای هیندێک قڕە لەگەل ناسر، ئەو قانع بوو کە بڕۆینەوە. هەرکە لە گوند دەرکەوتین بەفرێک دەستی پێکرد کە بە قەوڵی کوردی کڵوو لە کڵووی دەکەوت. نیزیک گوند بووینەوە نازانم لە سەر چی بوو بوو بە قڕەی داوود جەلیلی و حاجی پەرنیا، حاجی توورە بوو و گوتی نایەمەوە و دەڕۆم. هەرچی ئێمە داوامان لێکرد گوتی نەخێر نایەمەوە و دەڕۆم. لەوکاتی دا هەمزە ڕوویکردە داوود و گوتی : وەلاهی حاجۆ بروات و ئەو پارەیە ببات، هەمووی پارەکە لە تۆ دەستێنمەوە. وابزانم میلیۆنێک تمەن بە حاجی بوو. خولاسە حاجی لەگەل ئێمە نەهات و کڕێوەش بوو دەبا زوو بگەینە گوند. کە هیندێکی دیکە نیزیک بووینەوە ئەوجار بو وبە قڕەی سیامەند عەزیزی و سلێمان نیزامی کە خوداش دەزانێ داوود جەلیلی هۆکاری ئەوەبوو کە سلێمان ئەو ڕەفتارەی لەگەل سیامەند کرد.(داوود جەلیلی لە ساڵی ١٣٦٧ تا ئێستا جاشە و لە بەشەکانی دیکە دا باسی دەکەم).

بەهەر حاڵ کە گەیشتینە گوند هەمزە نیگەرانە لە چارەنووسی یەک میلیۆن تمەنەکە و ئەو پارەیەی کە لای ئێمەش بوو تەڕ ببووە و دەبا بیکەینەوە تا ویشی بێت. هەموو پارەکەمان کردەوە و لە انوەڕاستی ژوورەکە نیزیک سۆبەی دار دامان نا . دونیا ڕووناکی کرد دیتمان ئەوە حاجی هاتەوە و هەمزە لەو نیگەرانییە ڕزگاری بوو و داوودیش لە جەریمەکەی. وابزانم ٣ ڕۆژی پێچوو تا ئێوارەیەکی سارد گەیشتینەوە گوندی وارگەنم و هیندێک لە هاوڕێیان لەوێ مانەوە ، هیندێکیشمان چووینەوە مقەر و بەیانی ئەوانی دیکەش هاتنەوە .

کە چووینەوە وەزع ناخۆشتر بوو لەوکاتەی کە مانگ و نیوێک پێشتر ئێمە لەوێ حەرەکەتمان کردبوو بۆ باشووری وکردستان. چەند ڕووداوێک روویان دابوو کە هەرکامەی شوێندانەریی هەبوو:

پێشمەرگەکان چووبوونە گوندی دێرێ کە نیو سەعاتێک لە کاولانەوە دوور بوو و پایەگای هێزەکانی ڕێژیمی لێ بوو. لەوێ پێشتر کەسێکیان ناردبووە ئۆرمیە بۆ تەداروکات بۆ بنکەکان. لە کاتی ئەوەی کە خەریک دەبن کەل و پەلەکان لە ژوورێکی ماڵی مام محمد حەقیپوور کە بە گوێرەی خەڵکی دەڤەرەکە “محۆ” دا دێننەوە دەرێ بۆ بار کردن ، پاسدار دەگەنە سەریان و داوای تەسلیم بوونیان لە پێشمەرگەکان کردبوو. ئەوانیش هاتبوونە دەست و یەک، یان دوو پاسداریان کوشتبوو و خۆیان بە سڵامەتی دەرباسیان ببووە. پاسدار هەر دوای پێشمەرگەکان دەچنە ماڵی مام محمد کە نەخۆش و لە نێو جیدایە، دەبینەوە دەرێ و زۆری لێدەدەن و دوایەش دەیبەن لە ناوچۆمە گەورەکەی پەنا ئاوایی دادەنێن تا ڕەق دەبێ و گیانی لە دەدست دەدات، کە جەنازەکە دێننەوە هەمووی بۆتە بەستەڵەک.

مام محۆ مرۆڤێک بوو کە بە نیسبەت کوردایەتی و پێشمەرگە دەتوانین بڵێین سونبوڵی پاکی و سەداقەت بوو. قەت فەرقی نەدەخستە بەینی منالێکی و پێسمەرگەیەک. خۆی و خێزانی یەک لە یەکدی کوردتر و دڵسۆزتر بوون. مرۆڤی پاک، دەرگای ماڵەکەیان بۆ پێشمەرگە هەمیشە کراوە، ڕووخۆش و نیشتیمان پەروەر. شەهید کردنی محمد بەو شێوە دڕندانەیە لە ناوچە دا دەنگی دابووە و خەڵک هەم بۆ مام محمد وەک سیمای ردێن سپیەکی دڵسۆزی خەلک بە پەڕۆش بوون، هەم بۆ دڕندەیی ڕێژیم کە کوردێکی نیزیک بە ٧٥ بۆ ٨٠ ساڵ تەمەن و نەخۆش لە ناوجێ دەربێنێ و بیبات بە دڕندانەترین شێوە شەهیدی بکا. ڕووحی مام محمد شاد.

( دوای شەهید کردنی مام محمد کچێکی بەناوی ئەمینە بووە بە پێشمەرگەی حیزب و ئێستا لە ئەمریکا دەژی و خێزانی شێرکۆ پووردڵ پێشمەرگەی دێرینی حیزبە و ئەمینەش یەکێک لە ئەندامانی دڵسۆزی حیزبە هەتا ئێستاش)

هاوڕێیان لە ئامادەباشیدا بوون. چوونکی ڕۆژی پێش ئێمە ڕێژیم هیندێک تۆپ بارانی دەوروبەری مقەری کردبوو .

تیمێک لە کادر و پێشمەرگەکان چووبوونەوە مەئمووریەتی نێوشاری ئۆرمیە و لەوێ ٢ کەس کە یەکیان سەرپەل و ئەوی دیکەیان کادر بوو خۆیان تەحویلی ڕێژیم دابووە(محمد خەلیل سەرپەل و برایم سەحرایی کادری کۆمیتەی ئۆرمیە). کە ئەوان خۆیان تەحویل دابووە یەکێک لە باشترین کادرەکانیشمان بە ناوی نەجیب ئیبراهیمی بەدیل گیرابوو و بەداخەوە دوای شکەنجە و ئازارێکی زۆر سەرەنجام ئیعدام کرا ڕووحی شاد.

بێسیمی محمد خەلیل ڕێژیم کردبوویەوە بۆمب و لە ڕێگایمۆرەیەکی نەناسراوی خۆیەوە بەناوی دڵسۆزی بە حیزب دابوویە کەسێکی خەڵکی ناوچە کە گوایە بێسیمی حیزبە و دووبارە بۆی ببەوە. ئەوکەسەش لە دڵپاکیی خۆی بێسیمەکەی هێنابوو و تا لە ڕێگای دۆستێکی حیزبەوە بگەیەنێتەوە لای هاوڕێیانی حیزبی. بێسیمەکەی دابووە کەسێکی خەڵکی گوندی پاگەنگی باکووری کوردستان بە ناوی نادر و ڕایسپاردبوو کە بگەیەنێتەوە دەستی حیزب. بەداخەوە نادریش بێسیمەکەی هەڵ کردبووە، هەر بە ڕۆشنکردنی تەقیبۆوە و چوار کەس لە بنەماڵەکەیان تێا چوون کە یەکیان نادر بۆ خۆی بوو.

نادر یەکێک لە دڵسۆزانی حیزب و کەسە نیزیکەکانی پێشمەرگەکان بوو. خۆی و بنەماڵەی زەحمەتێکی زۆریان دەکێشا و بەردەوام لەگەل حیزب دابوون. بەداخەوە سەرەنجام دەستی ڕەشی خیانەت ئەویشی شەهید کرد ، ڕووحیان شاد.

هەروەها یەکێکی تر لە گرفتەکان کە کێشەی دابووە دەست ئێمە نەبوونی سووتەمەنی بوو کە ڕۆژانە پێشمەرگە هەم لەدەست سەرما سەختیی دەکیشا و هەم دەبا بڕوات لە شاخ داری تەڕ بێنێ کە دارەکان ئاگریان نەدەگرت، هەم هێنانیان سەخت بوو، هەم ئەو بڕە دارستانەی کە هەبوو بە دەستی خۆمان لە بەین دەچوو. ئەوەش ئاکامی زەعفی مودیریەتی بەرپرسانی ئێمە بوو. کە ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە لەوێ بوو، بەرنامەیەکیان نەببوو تا بەرلە بارینی بەفر سووتەمەنی دابین بکەن. تەنانەت پۆلە دارێک هەبوو کە پێیان دەگوت: پێکۆرە، لای خەڵک وەک شەخس تەماشا دەکرا و کەس ئامادە نەبوو تەنانەت یەک چیلکەشی لێی بکاتەوە، کەچی ئێمە ناچار بووین ئەو پۆلە دارە بن بڕ بکەین کە زۆر کەس لە خەڵکی ناوچە پێیان ناخۆش بوو و دەیانگوت ئێوە موسوڵمانن و نەدەبوو ئەو شەخسە قەڵاچوو بکەن، بەڵام هەمان خەڵک دەیانگوت مەعلوومە ئێوەش مەجبوور بوون.

هەروەک گوترا ئیمکاناتمان هەتا بڵێی کەم بوون، بەتایبەتی سووتەمەنی هەر نەبوو. خواردن هەبوو بەڵام چۆن و بە چ دروستی بکەی نەبوو. هەفتەیەک کەپسوول گاز هەبوو هەفتەیەک نەبوو و دەبا لە سەر دار و لە ژوورێ دا چێشت دروست بکرێ. داو دەرمانمان هەتا بلێێ کەم بوو. دوکتۆرمان هەبوو ، کەچی ماڵی لە کاتوونەی شەمزینان بوو و ئەگەر پیویستبایە ٣، ٤ رۆژی پێدەچوو تا هاتباوە. ئەویش ئەگەر ڕێگا هەبوایە؟ زۆربەی پێشمەرگەکان سیگار کێش بوون، پەیداکردنی سیگار هەر زۆر سەخت بوو. هیچ مەجالێک نەبوو کە پێشمەرگە بتوانی تەنانەت یەک کراس بۆخۆی بکڕێ، کەرەستەی ڕیش تاشین پەیدا نەدەبوو. بە گشتی دۆخێکی زۆر دژوار بوو و تەنیا بە پێشمەرگە وەک مرۆڤێکی خاوەن باوەڕ تەحەموڵ دەکرا. هەرچەند هەبوون کەسانێکیش تەحەموڵیان نەدەکرد و دەچوونەوە .

وابزانم ١٥ بۆ ٢٠ ڕۆژێک دەبوو کە ئێمە هاتبووینەوە مقەر، کاک ڕەحیم ساڵح زادە فەرماندەری هێز دەبا برواتە سیمیناری ساڵانەی فەرماندەرانی هێز(١٢ هێزمان هەبوو) لەگەل سکرتێری گشتی و کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی و دەفتەری سیاسی. ئەوە یەکێک لە پڕەنسیپە جێگیرکراوەکانی حیزب بوو کە دەبوو ساڵانە فەرماندەرانی هێز سیمینارێک لە سەر چۆنیەتیی درێژەدانی خەباتی پارتیزانی بە بەشداریی سکرتێری گشتی، دەفتەری سیاسی و کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی بەڕێوە بەرن.

ئەوەبوو کاک ڕەحیم و چەند کەسێکیش لەگەلی بوون کە سەعید مەحموود نەژاد (ڕووحێ شاد) جێگری لکی ٣ یەکێکیان بوو بۆ موعالیجە چوو. ئەوان حەرەکەتیان کرد و دوای ٣ ڕۆژ بەفرێکی زۆر کەوت و ئەوان بە سەحمەت توانیبوویان دەرباسی باشوو ببنەوە.

هەر دوای حەرەکەتی کاک ڕەحیم و تیمەکەی، تیمێک لە پێشمەرگەکانی لکی ٢ بەبەرپرسایەتیی فەرەیدوون میرزایی(ڕووحی شاد) چوونەوە بۆ عەمەڵیاتی پارییزانیی نێو شار ئۆرمیە. ئەوان چوون و چەند جارێک لەگەل هێزەکانی ڕێژیم دەرگیر بوون و لە گەرانەوە دا کەوتنە کەمینی هێزەکانی ڕێژیم و پێشمەرگەیەک بەناوی حاجی پەرنیا بەدیل گیرا کە دوای چەندین ساڵ ئازار و ئەشکەنجە بە زەمانەتێکی زۆری ماڵی و واسیتەکاری ئازاد کرا .

kawlan_kawlan

سەرەڕای هەمووی ئەو سەختیانەش دەردی گران کێشە و گرفتەکانی نێوخۆمان بوون. ئیعتیماد زۆر لاواز ببوو. بەرپرسانی نیزامی و بەرپرسی گشتی کە شاپوور سوجاعی فەرد بوو ئیعتیماد لە نێوانیاندا نەمابوو. ئەو بێ ئیعتیمادییە هاتبووە خوارێ بۆ نێو ئێمەی پێشمەرگەش. با لێرە دا بەس ئیشارە بە جەند نموونە بکەم:

کابرایەک کوڕێکی لە سەربازی هەڵاتبوو و هاتبوو ببووە پێشمەرگە. ناوی ئەو کورە کەریم نادمی بوو. ناوی باوکیش برایم و خەڵکی کانی میرانی سۆمایە بوون . ئەو کابرایە هەموو مانگێ جارێک دەهاتە سەردانی کورەکەی.   هەرجارەش چەند بۆکس سیگاری دەهێنا لەوێ دەیفرۆشت. شاپوور وەک حاڵەتی بەخشنامە نووسراوەیەکی نووسیبوو کە سیگار لەوکەسە مەکڕن و ئیمکانی هەیە ئەو سیگارانە سەممی بکرێن. تەنانەت لەگەل ئەو کابرایە قسەی کردبوو کە هیندەهات و چووی مقەر مەکە. نەزەری شاپوور ئەوە بوو کە ئەوکابرایە مەئمووریەتی هەیە. بەرپرسانی نیزامیی ئێمە نەک سرنجیان نەدایە ئەو ڕێنوێنی یە، بگرە پێیان وابوو شاپوور دژی بنەماڵەی پێشمەرگەیە! تەنانەت بەرپرسانی نیزامیی ئێمە دەیانگوت: ئەوە شاپوور باوەڕی بە بنەماڵەی پێشمەرگەش نیە!

سەرەنجام دوای ٦،٧ مانگ دەرکەوت کە ئەوکابرایە هەمووجارێ لەلایەن ڕێژیمەوە نێردراوە، ئەگەر شاپوور هاتوو چووی لێ قەدەغە نەکردباوە، قەرار بووە سیگار بە سەمکراوی بێنێ وبیفرۆشێ کە بێگومان کارەساتی بۆ مەڵبەندی شیمال دروست دەکرد. چەند پێشمەرگەیەک نامەیان نووسیبوو بۆ بنەماڵەی خۆیان و دابوویانە ئەو کابرایە. شاپوور پێی زانیبوو و زۆری پێ قەڵس بوو. کەچی ئەویش مەعلووم بوو کە برایم نامەکانی لە پێشدا داویە بە اطلاعات و دوایە داونی بە کەس و کاری ئەو پێشمەرگانە. بۆچوونی خۆم بە نیسبەت خودی کاک شاپوور شوجاعی فەرد ،و چارەنووسی کەریم نادمی لە بەشەکانی دیکە دا بە درێژی باسی دەکەم.

یەکێکی تر لە نیشانەی کەم بوونی ئیعتیماد ئەوەبوو کە ڕۆژی ١٠ی خاکەلیوە مەرسیم مان هەبوو. کەلە مەراسیمەکە تەواو بووین فەرامەرز عوسمانی (ڕووحی شاد)کە سەرپەل بوو بە ئیجازەی فەرماندەر لکی ٣ حەسەن بازووکە(رووحی شاد) ئارپی جی یەکی وەک تەقەی خۆشی بەو شاخەی بەرانبەر مقەر دا کرد، هۆکارەکەش ئەوەبوو کە شاپوور توورەبێ! پێموایە بەو نموونانە دەتوانین بزانین کە ئیعتیماد هەتا چ ئاستێک دابەزیوە!  کاتێک لە ڕۆژی شەهیدان دا فەرماندەری نیزامی هەستێ بە تەقەی خۆشی ئیدی ئەوپەڕی بێ ئیعتیمادی نیشان دەدات.

بەڵام ئەو بێ ئیعتیمادیە لە ئۆرگانی مەڵبەندەوە هاتبووە خوار و ببووە هۆکار کە بەرپرسانی پلە خواری نیزامی باوەڕ بە ئۆرگانەکەیان نەکەن . لە بەشەکانی داهاتوو دا باسی هیندێک لە هۆکارەکانی لاواز بوونی ئیعتیماد دەکەم.

درێژەی هەیە….

بەشی چوارەم….

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی