Hoppa till innehåll
Hem » ساڵی 2016 رۆیشت و ساڵی 2017 هات، ساڵە نەڵۆسی

ساڵی 2016 رۆیشت و ساڵی 2017 هات، ساڵە نەڵۆسی

ساڵی 2016 مان ئەوە بە جێ هێشت، بۆ ئێمەی کورد ساڵێکی پڕ لە قوربانی، سەدان مناڵی بێ باوک و دایک، سەدان خوشکی ئازیز  رەش پۆش و سەدان دایک و باوک چاو بە فرمێسک بوون.saleh-nalosi-2013

لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە راسان دەستی پێکرد و بە دانی چەندین شەهید و کردەوە تێرۆریستیەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆیە کۆتایی پێ هات، ئەو ساڵیش، سەدان رۆڵەی کورد بە تاوانی کورد بوون کەوتنە زیندانەکانی کۆماری سێدارە. سەدان لاوی کورد بە هۆی نەبوونی کار، رێگەی کۆڵەبەریان گرتەبەر و کەوتنە ناو کەمین و مینەکانی پیاوکوژانی کۆماری ئیسلامی. کوردستان وەک هەمیشە لە دواکەتوویدا راگیراو و ئاوەدان کردنەوەمان نەبینی. راسان، هیوای خستەوە ناو لاوانی تینووی ئازادی و ناوی دێمۆکرات کەوتەوە سەر زاران. دوژمن دەستی کردەوە بە ئاکتیڤ کردنەوەی خۆفرۆشانی کورد و کاسەلێسەکانی زیندوو کردەوە.

ساڵی 2016 ساڵێکی پڕ لە ئازار بوو بۆ ئێمەی کورد و هەرچەند نابێ نائومید بین بەڵام  ساڵ بە ساڵ وەزعی ئێمەی کورد خراپتر دەبێ و دوژمنامان قەویتر و یەکگرتووتر دەبن و ئێمەی کوردیش لێک بڵاوتر دەبین. لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکان تا ئێستاش نەیان توانیوە یەکگرتوویەک دروست بکەن و حیزبی دێمۆکڕاتیش نەی توانی یەکگرتوویی خۆی بە دەست بهێنێتەوە و هیواکەیان خستە ساڵی 2017، ئەویش زۆر رون دیار نیە و لایەنەکان زۆر جیدی نین و هەردوک لاش خۆیان بێ خەتا نیشان دەدەن و کەس راستیەکە نازانێ.

لە باشووری کوردستان، بیجگە لە شەهید بوونی 1166 پێشمەرگە و بریندار بوونی هەزاران پێشمەرگە لە شەڕ دژی داعش و تازیە بار بوونی هەزاران بنەماڵە و هەزاران مناڵی بێ باوک یان دایک، کێشەی بێ مووچەیش باسی رۆژانەی سایتەکانی باشوور بوو. خۆپێشاندانی مامۆستایان و پەنا بردنەوە بۆ بەغدا . باسی سەربەخۆیش کە ماوەک باسی رۆژ بوو، هەر دێت و کەم ڕەنگتر دەبێتەوە. وەزعی باشووری کوردستان و کیشەی حیزبەکان و داخستنی پاڕلمان و  سەدان کێشەی تر  هەر دێت خراپتر دەبێ . کۆماری ئیسلامیش توانیویەتی جێگەی خۆی بکاتەوە و درزی خستۆتە ناو هێزە کوردیەکان و داهاتووی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم بەشەی کوردستان زۆر ناڕوونە. زۆر کەس باس لەوە دەکا و لەوە دەترسێ کە نەکا وەک موجاهیدین کە لە عێڕاق دەرکران، ئەوانیش لە باشووری کوردستان دەربکرێن. کێشەیەکی تری باشووری کوردستان کێشەی نێوان ”پ ک ک ” و پارتی دێمۆکڕاتی کوردستانە لە شەنگال، کە هیوادارین نەگاتە شەڕی براکوژی و هیوامانە بە دیالۆگ چارەسەر بکرێ.

لە باکووری کوردستان، وەزعەکە کە زۆر روون دەهاتە بەرچاو لە سەرەتای ساڵی 2016 ، زۆر بە پەلە بەرەو خراپی رۆیشت و سەدان رۆلەی کورد کەوتنە زیندانەکان و رێژیمی داگیرکەری تورکیە دەستی بە تووند و تیژی لە رادەر بە دەر کردووە و بەداخەوە سیاسەتی هەڵەی ”پ ک ک” ش زۆر رێگە خۆشکەرە بۆ ئەم کردەوە چەپەڵەی دەوڵەتی تورکیە. گەورەترین هەڵەی کورد، دەست بردن بۆ کردەوەی تێرۆریستە. خۆتەقاندنەوە کە لە ناو کورددا نامۆ بوو، خەریکە دبێتە کارێکی پیرۆز لای لایەنگرانی ئوجەلان و دەیان هەوێ بەمجۆرە ئوجەلان ئازاد بکەن و پێیان وایە ئەگەر ئوجەلان ئازاد بکرێ، کورد کێشەی نامێنێ. ئەوان وازیان لە لە دەوڵەتی کوردیش هێناوە کە ماوەیەک خەڵکیان پێ فریو دەدا و  جاران کەسیان پێ کوردتر لە خۆیان نەبوو و من کوردستانیم گەورەترین هیوایان بوو، بەڵام ئێستا سیاسەتێکی زۆر ناروونیان هەیە.

لە رۆژئاوای  کوردستان، کورد توانی دەسەڵاتێکی سیاسی و نیزامی باش بۆ خۆی دروست بکات، بەڵام ئەوانیش کە خۆیان بە ئاپۆیی دەزانن، لە نەکاو سیاسەتیان گوڕی و باسی سەربەخۆیی کوردستانیان لە گۆڕ ناو ، ناوی رۆژئاوای کوردستانان گۆڕی بە باکوری سوریا و داوای فیدڕاڵی دەکەن بەڵام لە یەکەم کاردانەوەدا حکومەتی لەرزۆکی بەشار ئەسەد رەدی کردەوە. لەم بەشەدا کورد دەسەڵاتی نیزامی باشی هەیە و ئەگەر بێت و تووشی هەڵەی سیاسی زیادتر نەبن و خۆیان نەخەنەوە بەرەی بەشار ئەسەد سەرکەوتووتر دەبن و شانسیان زۆرتر دەبێ.

دوای شەڕی داعش، ناوی کورد و کوردستان و پێشمەرگە بۆ دونیا بوو بە ناوێکی ناسراو و خەڵکی دونیا رێزیان بۆ کورد و پێشمەرگە زۆر زیادتر بووە و وەک هێزی رزگاری دەر چاوی لێ دەکرێ.

لە کۆتایی دا دیسان دەڵێم نابێ نائومید بین بە هیوای ئەوەی بین کە ساڵی 2017 ساڵێکی خۆش بێ بۆ هەموو لایەک و ئێمەی کوردیش بە ئاواتەکانمان بگەین و کوردستانێکی سەربەخۆ ببینین. ئێستا کورد لە هەموو کاتێک زۆرتر شانسی هەیە بە تایبەت ئەگەر رێبەرانی هێزە سیاسیەکان، یەکگرتوویەک دروست بکەن و کوردستان لە سەروی قازانجی حیزبی و شەخسی دابنێن.

ساڵی نێوێتان پیرۆز

ساڵە نەڵۆسی

سوید 20161231

بابەتی پەیوەندی دار

ئایندەی کوردستان بەرەو کوێ؟، عەتا قەرەداخی

ڤیدیۆ