کۆماری ئیسلامی ئێران لە ترسی “ڕاسان”ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هێندێک لە گوندەکانی نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێ وانە بە قوتابیان دەڵێتەوە.
کوردستان میدیا” ماڵپەری ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” لە هەواڵێکدا ئاشکرای کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران وانەی دژ بە ڕاسان و حیزبی دێموکرات لە گوندەکانی قەڵاتان، دیلانچەرخی خواروو و سەروو، کوئیک، یوونسلوو، کەرێزه، زەلیلان و جاشێران بە ڕێگای مامۆستای قوتابخانەکان دەڵێتەوە.
بە پێی ئەو هەواڵە مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئەو گوندانە لە وانەکانیان باس لە پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات دەکەن و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شەڕخواز و هاوکاری ئیستبداد لە قەڵەم دەدەن.
بەهاری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێزێکی لە قەندیل دامەزراندەوە کە کاردانەوەی توندی پارتی کرێکارانی کوردستانی بەدواداهات و گریلاکانی ئەو پارتە پەلاماری پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتیان دا و کادرێکی ئەو حیزبە بە ناوی قادر کەریمی شەهید بوو. هێرشی پەکەکە بۆ سەر حیزبی دێموکرات لە هەر چوار بەشی کوردستان نارەزایەتی لێکەوتەوە و دواتر بە هەوڵی دڵسۆزان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان چارەسەر کرا و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتیش لە چیاکانی سەر سنوور خۆیان دامەزراند.
لە ڕێورەسمی نەوڕۆزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویشدا لە چیاکانی سەرسنووری ڕۆژهەڵات کاک مستەفا هیجری “سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” لە پەیامێکدا روو بە کوردستان و بەتایبەت لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵات وەرزێکی نوێی لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە بۆ قووڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پێوەندی لەگەڵ خەڵکی نێوخۆ و گەرم و گوڕتر کردنی خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێنەوە کە ئەو پەیامە لە لایەن گەلی کوردەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دواتر بریارەکەی بە کردەیی کرد و چەندین هێزی بۆ نێو شار و گوندەکان ڕەوانە کردەوە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شارەکانی” شنۆ، مەریوان، پیرانشار، مەهاباد، سەردەشت “و… پەلامار دران و لە ئاکامی شەڕ و تێکهەڵچوونی قورس، هێزی پێشمەرگە توانی بەسەر هێزی زۆری کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکەوێ و بە سەدان کەسیان لێ بکوژن. لە ئاکامی ئەو شەڕانەشدا ژمارەیەک کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبە شەهید بوون.
خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە “ڕاسانی ڕۆژهەڵات” ناوی دەرکردووە، لە ماوەیەکی کورت دا توانی گۆمی مەندی ئێران بشڵەقێنێ و ببێتە ڕۆژرفی میدیا جیهانییەکان. لە لایەکیتریشەوە ترسی خستە نێو دڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمەی هێنایە سەر خەت و بە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەڕەشەی لە ناوبردنی حکوومەتی هەرێم و بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتیان کرد. کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕێگای پێوەندییەکانیشەوە لە هەرێمی کوردستان هەوڵی کشانەوەی هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەسنوورییەکانی دا و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی باڵای هێزەکانی باشووری کوردستان سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.
کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەرەورووبوونەوە لەگەڵ ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەنای بۆ چەندین پیلانی دژە مڕۆیی بردووە و لە نوێترین پیلانیشدا بە ڕێگای مامۆستای قوتابخانەکانەوە لە هەوڵی خەودشدار کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەدایە.
جێگای ئاماژە پێدانە کە بە دوای هەستانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە سەدان کچ و کوری لاو پەیوەست بە هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بوون و چەندین دەورەی سەرەتایی پەروەردەی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان بە سەرکەوتوویی کۆتاییان پێ هاتووە و حیزبی دێموکرات هەروا سوور و شێلگیرە لەسەر درێژەپێدان بە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە هەنگاوی پێشل کات.
