زمان چ رۆڵێکی لە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگادا هەیە؟ ئایا زمان تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی گرتنی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگایە، یا ناسنامەی نەتەوەیییە؟
ئەگەرچی زمان بەشێوەیەکی سادە زیاتر وەکوو ئامرازێکی پەیوەندی نێوان تاکەکان و تێگەیشتن پێناسە دەکرێ، بەڵام لەلایەن هێندێک نەتەوە و وڵاتەوە وەکوو ئامرازێکی سیاسی بۆ لە ناوبردنی زمانی گەلانی دیکە کەڵکی لێ وەرگیراوە، وەکوو زمانی کوردی لە وڵاتانی تورکیە و ئێران و سووریە. هەر ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە، بووەتە هۆی دژکردەوەی نەتەوەی کورد بۆ ئەوەی زمان وەکوو ناسنامەی نەتەوەیی بزانێ و بەرگری لێ بکا.
زمان ناسنامەیەکی فەرهەنگی نەتەوەیی جیهانییە و مافێکی بنەڕەتی هەر تاکێکە پەرە بە زمانی خۆی بدات. زمان دایکی کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو یەکێ لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر تاک و نەتەوەیەکە بەشێوەی سروشتی و ئازاد کەڵکی لێ وەربگرێ. زمان بەر لەوەی داخوازێکی سیاسی بێ، ویست و داخوازێکی فەهەنگی و کۆمەڵایەتی هەر نەتەوەیەکە. بەداخەوە ئەمڕۆ زمانی کوردی وەکوو بارمتەیەکی سیاسی، لەلایەن پاوانخوازانی دەوڵەتی ناوەندییەوە لە وڵاتانی تورکیە و ئێران و سووریە بە بارمتە گیراوە. بۆیە زمان جیا لەوەی ئامرازی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانە، بۆ نەتەوەی کورد ناسنامەی فەرهەنگی و نەتەوەیییە.
خوێندن و ئاخافتن بە زمانی دایکی نابێ بکرێتە بابەتێکی سیاسی و بۆ سەرکوتی نەتەوەیەک بەکار بێ، هەروەها رەوا نییە بە هیچ جۆرێ کەسێک لە ناسنامەی فەرهەنگی و نەتەوەیی خۆی بێبەش بکرێ. گرینگی زمان لەوەدایە، کە هۆیەکە بۆ گواستنەوەی فەرهەنگەکان لە وەچەیەک بۆ وەچەی دوای خۆی. لە رێگەی زمانەوە دەتوانین لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا پەیوەندیمان هەبێ و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگ و زانیارییەکان بکەین. نە ئەوەی بۆ داسەپاندنی بیر و باوەڕێکی سیاسی، یا شوینیستی هەوڵی لە ناوبردنی زمانێک بدەین. هەوڵدان بۆ لاوازکردن و لە ناوبردنی هەر زمانێ، هەوڵە بۆ لاوازکردن و لە ناو بردنی بەشێک لە فەرهەنگی مرۆڤایەتی و کاریگەریشی لەسەر لاوازی زمانی باڵادەست دەبێ. بە پێچەوانەشەوە پەرەپێدانی زمانەکان و زیندووکردنەوە و بەهێزکردنیان کاریگەری لەسەر بەهێزبوونی فەرهەنگی مرۆڤایەتی هەیە.
لە چەندین بەڵگەنامەی نێونەتەوەیی وەکوو جاڕنامەی مافی مرۆڤ، بەڵگەنامەی مافی تاکی سەر بە کەمایەتییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کونڤانسیونی مافی منداڵ، بەڵگەنامەی نێونەتەوەیی مافی سیاسی و مەدەنی و … زمانی دایکی وەکوو مافێکی بنەڕەتی هاتووە و داوای لە وڵاتان کردووە ئەو مافە بۆ کەمینەکان لە بەرچاو بگرن.
هەروەها لە ئەسڵی پانزەی قانوونیبنەڕەتیی ئێرانیش ئاماژە بەو مافە کراوە. ئەگەرچی دانی بە رەسمی بوونی زمانی نەتەوەکانی دیکە لە قوتابخانەکاندا نەناوە، بەڵام ئەو مافەی داوە لە پاڵ زمانی فارسی بە دڵخواز هەر کەس بیەوێ هەڵی بژێرێ. سەرەتا با دەقی ئەسڵی پازدەی قانوونی بنەڕەتیی ئێران بخەینە بەرچاو: ” زمان و خەتی رەسمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران “فارسی”یە. بەڵگە و نووسینی دەقەکانی رەسمی کتێب دەبێ بەم زمان و خەتە بێ. بەڵام کەڵکوەرگرتن لە زمانە ناوچەیی و قەومییەکان لە چاپەمەنی و راگەیەنەرە گشتییەکان و وانە وتنەوەی ئەدەبیاتی ئەوان لە قوتابخانەکان لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە.”
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین ئەم ئەسڵە دوو بەشە؛ بەشی یەکەم لەسەر رەسمی بوونی زمان و خەت و بەڵگە و نووسینەکانی دەقی کتێبی قوتابخانەکانە، کە دەبێ بە زانی و خەتی فارسی بێ. زۆر روونە و هیچ راڤەیەکی پێویست نییە. واتە جگە لە زمانی فارسی هیچ زمانێکی دیکە رەسمی نییە و لەلایەن دەوڵەتەوە بوودجەی بۆ تەرخان ناکرێ.
بەشی دووەمی ئەم قانوونە زۆر جار وەکوو مافێک بە رووی کەمینەکاندا دەدرێتەوە، کەڵک وەرگرتن لە زمانە ناوچەیی و نەتەوەییەکانی دیکە لە چاپەمەنیدا ئەویش نە بە شێوەی رەسمی، بەڵکوو هەر کەسێ ئازادە بیکا یا نە. لەبەشی دووەمی ئەم ئەسڵە جارێکی دیکە دەبینین وتنەوەی زمانی ناوچەیی و قەومی ئازادە، هیچ بەرنامەیەک بۆ جێبەجێ کردنی نییە و، دەوڵەتیش نە ئەوەی ئیمکانات و بوودجەی بۆ تەرخان نەکردووە و ناکات، بەڵکوو پشتگوێی خستووە و، تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکان دەیورووژێنێ.
ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ بەبۆنەی رۆژی زمانی دایکەوە پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەلی کورد و گەلانی بێ ماف لە خوێندن بە بە زمانی دایکی دەکەین و، ئەم چەند راسپاردە دەخەینە بەرچاو:
1- داوا لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و دەسەڵاتدار دەکەین، فشاری زیاتر بۆ وڵاتانی ئەندام بێنن تا بوودجە و ئیمکانات بۆ وتنەوەی زمانی دایکی لە قوتابخانەکان تەرخان بکەن و، وەکوو زمانی رەسمی شانبەشانی زمانی رەسمی وڵات لە قوتابخانەکان بخوێنرێن.
2- لە ئێران داوا دەکەین ئەسڵێ پازدەی قانوونی بنەڕەتی ئاڵوگۆڕ بەسەردا بێنێ و بەرەسمی ناسینی زمانی نەتەوەکانی دیکە، وەکوو زمانی خوێندن لە قوتابخانەکان بگونجێنێ و، وەکوو زمانی رەسمی دەوڵەتی زمانەکانی دیکەش بە ئیجباری بخوێنرێن.
3- لە رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەر شوێنێکی ئەم گۆی زەوییەدا هەن، داوا دەکەین خۆیان فێری خوێندن و نووسینی زمانی کوردی بکەن و، خۆیان لە تێکەڵکردنی وشەی بێگانە بە زمانەکەیان دووربگرن.
4- داوا لە کۆمەڵگەی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردی لە ناوخۆی وڵات دەکەین، کە هەوڵەکانیان بۆ بەڕەسمی ناسینی ئیجباری زمانی دایکی لە قوتابخانەکانی کوردستاندا چڕتر بکەنەوە.
5- داوا لە نووسەر و شاعیران و نیگارکێشانی بەڕێزی کورد دەکەین، کە شێعر و چیرۆک بۆ منداڵان زیاتر بنووسن و نیگارکێشەکانیش لە چێژپێدانی منداڵ لە خوێندنی شێعر و چیرۆکی کوردی بە نیگار جێگەی سەرنج رۆڵی خۆیان بگێڕن.
کۆمەڵەی مافی کوردستانی ئێران-ژنێڤ ٢١/٠٢/٢٠١٧ی زایینی
لە بەندی پازدی قانوون بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی باسی بەکارهێنانی زمانی نەتەوەکان لە میدیا و رۆژنامەکان و وتنەوەی لەکنار زمانی فارسی لە قوتابخانەکان دەکا، بەڵام خوێندنی زمانی نەتەوەکانی بە رەسمی نەناسیوە و هەنگاوی بۆ هەڵنەگرتووە. یەکەم ئەوەی لە تەنیشت زمانی فارسی بخوێنرێ، دووەم دەتوانرێ واتە بە مەیلی هەر کەسێکە بیخوێنێ یا نە، سێیەم هیچ ئیمکاناتی بۆ تەرخان نەکردووە و کتێبی بۆ چاپ نەکردووە و، مامۆستاشی بۆی دامنەمەزراندووە. هەتا کوو ئێستاش ئەگەر کەسێک بەڕاستی ویستبێتی خزمەتێ بە زمانی دایکی نەتەوەکەی بکا، جگە لە کەند و کۆسپی زۆر، تەنانەت هەڕەشەی گرتن و راونان و زیندانیشی لەسەر بووە.
كۆمهڵهی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران – ژنێڤ
