Hoppa till innehåll
Hem » وەڵامێک بە وتاری " تاران بەسەر کورددادەڕوخێ", حەسەن ماوەڕانی

وەڵامێک بە وتاری " تاران بەسەر کورددادەڕوخێ", حەسەن ماوەڕانی

بەڕێز هێمن عەبدواللە یەکێ لە نووسەرانی رووداوە کە ڕۆژانە وتارێک یان دوو وتار لە ماڵپەڕی رووداودا بڵاودەکاتەوە. وەک زۆربەی نووسەری مێدیاکانی باشور،hassan-mawerani-2017_0

لە نووسراوەکانیدا پێڕەوی لە هێڵی حیزبایەتیی خۆی دەکا و ئەوەش مافی خۆیەتی. بەڵام ئەورۆ وتارێکم لە بەڕێزیان خوێندەوە کە بەڕای من ناکری وەڵامی نەدرێتەوە و بە خێشکەیی بەپەنایدا تێپەڕی.

بەڕێز هێمن عەبدولا لە وتاری ”تاران بەسەر کورددا دەڕوخێ” یان بە زانستە یان بەبێ ئاگاداری لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تووێی وتارەکەیدا ئاماژەی بە وە کردووە کە کوردەکانی رۆژهەڵات کیسەیان بۆ هاتنەسەرکاری ترامپ دروە و وەک مام ”رەجەب لەبن دارە هەنجیر دانیشتوون بە هیوای کەوتنە هەنجیرێک لەناو دەمیان”! ئەگەر مام هێمن عەبدولا باسی چەند کەسێکی دیار و چەند بەرپرسێکی کردبایە جێگای وەڵامدانەوە نەدەبوو. بەڵام  بەڕێزیان وەک عادەتی باوی باشور دۆ و دۆشاوی تێکەڵکردووە و سەرجەم رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبە ڕۆژهەڵاتیەکان بە تیرێک دەپیکێ و بە یەک ووشە کوردی ڕۆژهەڵات بەبێ کردەوەیی و ناشۆڕشگێڕی تاوانبار دەکا و چەند کامێنت نووسێکی وەک خۆێ ”شارەزا”ش  نووسراوەکەی پشتڕاستدەکەنەوە و بۆی لەملان دەدەن.

من نازانم بەڕێزیان لەسەردەمی شۆڕشەکانی باشوردا چەندە تێکەڵاوی سیاسەت بووە و خەریکی چ تێکۆشانێک بووە کە ئێستا وا بە سوک و چروکی سەیری کوردی ڕۆژهەڵات دەکا. بەڵام دڵنیام زۆری دڵەخورپەیی نەگرتووە و نووسینیش لەبری مووچە کارێکی زۆر گران نییە و ئارەق ڕشتنی ناوێ.

گەر بمانەوەێ بە چاویلکەی بەرپرسەکانی حیزبەباشوریەکان کە سەدانجار لەنێوان تورکیە و ئێران و سوریەدا کوێستان و گەرمێنیان کردووە بڕوانینە رۆژهەڵات، دەبێ لەکاتی چوونی هەواریان بەرەو ئێران،  کوردی رۆژهەڵات سوک و چروک دیاری بکا و تەنانەت قوربانیکردنیشیان لە پێناو بەرژەوەندیە کاتیەکانی حیزبە باشوریەکان لە گەڵ ئێران، بە ئاکارێکی رەوا بژمێردرێ. وێنەکەشی لە باشوری کوردستان تیروری سەدان کوردی ڕۆژهەڵاتی لە لاباڵە جیاوازەکانی سیاسیی رۆژهەڵاتە بە دەست سیخورە باشوریەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئاگاداری و هاوکاریی حیزبە باشوریەکان.  وێنەی دیکەشی کەسایەتی گەندەڵی ئیسلامی، عەلی باپیرە کە بە پارەی خوێنی کوردی رۆژهەڵات و جاشایەتی بۆ ئێران وەک بەڕێوەبەری حیزبێک قیت قیت دێت و دەڕوات و نە هیچ دادگایەکی باشور لێپرسینەوەی لێدەکا و نە هیچ هێمن عەبدوالایەک لەسەری دەنووسێ و نە کەناڵێکی کوردی  خۆی لێدەدا.

بۆ وەبیرخستنەوە یان ئاگادارکردنەوەی کەسانی وەک بەڕیز  هێمن عەبدولا، سەیرێکی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتی کوردستان بە ڕاشکاوی پێشان دەدا کە گەر رۆژهەڵاتیەکان نەبوونایە گەڵێک لاپەڕەی زێڕینی مێژوویی ئەم بزاڤە تۆمار نەدەکرا.  شۆڕشی خانی لەپ زێڕین کە وەک ئەفسانەی قەڵای دمدم ناوبانگی دەرکردووە و بەربەرەکانی موکریان یەکەم شۆڕشی نەتەوایەتی کورد بوو دوای دابەشینی نیشتمانی کوردان لە چەرخی شانزدەهەمدا. دەستەڵاتی سەربەخۆی هەڵۆخانی ئەردەڵان، شوڕشی موکریان، شۆڕشی شیخ عوبیدولای شەمزینی، شوڕشی سمایل ئاغای سمکۆ، کۆماری کوردستان، خەباتی سیاسی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە لە ساڵەکانی ١٩٥٠ هەتا ١٩٥٨ ، بزوتنەوەی ١٩٦٦/٦٧ بە ڕیبەڕایەتی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، بەشداری و پشتگریی بەگوڕ و تینی رۆژهەڵاتیەکان لە شۆڕشی ئەیلول و لە گەلی پەرەوازەی باشوری کوردستان پاش ئاشبەتاڵ، بەشداری تێکرای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شۆڕشی دژی پاشایەتیدا، شەری هەشت ساڵەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی لەدژی کۆماری دۆست و برادەرتان، کۆماری پەت و سیدارە، و دەیان شۆڕشی بچوک و نیوە بچوک و سەدان هەزار بەندیکراوی سیاسی کە هەر ئێستاش لە بەندیخانەکانی کۆماری پەت و سێدارەدان، دەیان هەزار شەهید و پەککەوتەی شەری پێشمەرگایەتی، باوەشکردنەوەی بێوێنە بۆ ئاوارەکانی کوردی باشور لە سەردەمەجیاوازەکانی هێرشەکانی سەدام و شەڕەبراکوژیەکان و … چەقڵن لەچاوی ناحەزانی کورد و شانازین نەک هەر بۆ رۆژهەڵات بەڵکو بۆ سەرجەمی کوردستان.

بەڵێ ڕاستە ماوەیەک  حیزبە سیاسیەکان کەوتنە بەر پەت و زنجیری بەستراوەیی بە برا باشوریەکانیانەوە کە لە هەموو قۆناخێکدا، چ لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلول و چ لەسەردەمی پاش روخانی سەدامدا ئەوانیان کردۆتە مەری قوربانی و سەریان بڕیون و تەسلیمی داگیرکەریان کردونەتەوە. بەڵی ڕاستە ئەوان سپای ئێرانیان بردە ناو کۆیە و رۆژهەڵاتیەکانیان دامڕکاند و وەڵامی پاڵپشتی و میوانداریەکانیان بەم شێوازە دانەوە و بە زۆر لەگەڵ سپای پاسداران کە داعەشی هەرە چەپەڵی  شیعەن دایان نیشاندنە سەر میزی دان و ستان و واژووکردنی دەست لەسەردەستدانان. ئەوەش ڕاستە کە کەسانێک ئاکاری سیاسیەکانی باشوریان رەچاو کردووە کە ئەمریکا بەزۆر دەستی دانەدەستی یەکتر و هەریمی کوردستانی بۆ چێکردن. ئەو کەسانەش دڵیان بەوە خۆشە کە بەڵکوو بەهیوای مامە ترامپیان و وەک مامە بۆشەکەی ئێوە بێنە سەرکار و یان دەرەتانێکیان بۆ هەڵکەوی لە روداوێکدا ببنە نووسەر و لێکۆڵەر. بەڵام نە باشوری بە تیکرایی حازرخۆری بەرسیبەر بوون و نە ڕۆژهەڵاتی بەتەمای هەنجیرەکەن کە لەداری ترامپ بکەوێ. بەڵام گەر بێلایەن بەرئاوەردی پێوەندییەکانی حیزبە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتیش بە عێراقی سەدامەوە بکەین لە گەڵ پێوەندیی حیزبەکانی باشور بە ئێران، بەڕاشکاوی دەڵێم دێمۆکرات و کۆمەڵە سەروملێک بەرزتر بوون لە حیزبەکانی باشور.

بەهەزاران گەنجی بەندیکراو، بە دەیان رۆڵەی حوکمی مەرگ دراو پێشاندەری ئەوەن کە کاروانی خەبات لە ڕۆژهەڵات سەڕای دیکتاتۆری هەرە چەپەڵی مێژوو، راوەستانی نەبووە. هەر وەها لە بواری خەباتی کولتوری و هونەری، بە سەدان ڕووناکبیر و نووسەری ئەمەگدار کە بەپێچەوانەی  رەوەی پێنووس بەدەستی نوێی باشور کە زمانەکەشمانیان شێواندووە، زمانی کوردیی پەتی پەرە پێدەدەن و هونەر و موسیقای کوردیان  بەرز کردۆتەوە بەبێ ئەوەی کۆماری پەت و سێدارە ئیزنی خوێندنی بە زمانی کوردی دابێ و یان دەیان زانکۆیان هەبێ. بە سەدان مافزان و خەباتکاری بوارەکانی شارستانێتی بە هۆی داکۆکی کردن لە مافی مرۆف لە ڕۆژهەڵاتدا لە زیندانەکان ئاخنراون. ئەمانە  هەموویان پێشاندەریی ئەوەن کە رۆژهەڵاتیەکان نەک تەنیا لەبەرسێبەر دانەنیشتوون وەک زۆران لە تەڕیی ناخۆن و لە ویشکی نانوون، بەڵکوو ئاوری شۆڕش لە ڕۆژهەڵات، پۆڵوی گەشی بن خۆڵەمێشە. ئەوە دانیشتن نییە بەتەمای ترامپ.

جیاوازییەکی نێوان نووسەرە بێ پشت و پەناکانی رۆژهەڵاتی و ئێوە نووسەرە سەر بە رەنگەکانی باشور ئەوەیە کە ئێوە لەڕووی وێنەی خۆتان و بە چاویڵکەی حیزبی  خۆتانەوە دەڕوواننە رووداوەکان چون  سەرچاوەی داهاتەکەتان بەوانەوە بەستراوەتەوە. نووسەری سەربەست و ئەمەگدار سەیری ڕەوتی ڕووداوەکان دەکا و بڕوا و هیوایان بە هێزی یەکگرتووی گەل ماوە و رەهان لە چاولەدەستبوونی حیزبیک یان مێدیایەکی تایبەت. ئێوە ترامپەکان بە دیاریکەر دەزانن. و کۆماری پەت و سێدارە وەک دەستەڵاتی مەزنی ناوچە دەبینن. ئەوان بە پێوانەی زانستی ئەمریکا وەک ئەمریکا دەبینن و ترامپ یان ئۆباما وەک کارگێڕێکی سیاسی دەزگایەکی سیاسی دەوڵەتی خاوەن بەرنامە و سیاسەتی داڕێژراو دەناسن و دەزانن دەستەڵاتەکانی وەک ئاخوندی ئێرانی دەسماڵی دەستن و دانراون و لادەبردرێن. گەر لە کاتی پێویستدا لایان نەدەن دەڕووخێندرین. ئینجا ئایا بەسەر کورددا دەرووخێن و یان کورد لە رووخاندنیاندا گورجی خۆی دەوەشێنێت، پێوەندی بە یەکگرتوویی و خەباتی هاوبەشەوە هەیە و بە  دوورە پەرێزی و دەرس وەرگرتنە  لە نەخۆشیەکانی باوی ناو هێزەسیاسیەکانی باشور.

دڵنیابن گەر ئەوەی بۆ باشور هەڵکەوت بۆ ڕۆژهەڵات لوابا ئێستا خاوەنی کۆماری کوردستانی نوێ بووین.

حەسەن ماوەڕانی

2017/02/22

بابەتی پەیوەندی دار کە بابەتی هێمن عەبدوڵاش لە ژێر بابەتی کاک قاسم دایە