لە پاش هاتنەسەرکاری فاشیزمی مەزهەبی لە ئێراندا ، رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەبەر شاڵاوی پاکتاوی رەگەزی و ئاسمیلاسیۆنی سیستیماتیکی کولتووری .
هەرچەند بزاڤی رزگاریخوازانەی کوردستان ، پاش شکستی نیزامی ، نەتەنیا ناچار بە پاشەکشەکرا ، بەڵکو پاش راپەڕینی باشووری کوردستان ، پرۆژەی پاکتاوی جەستەیی خەباتکارانی رۆژهەڵات لە قووڵایی باشووری کوردستان و وڵاتانی رۆژئاواییدا دەستی پێکرد و زەربەی کاریی لە پەیکەری بەشی ئاشکرای بزاڤی کورد لە رۆژهەڵات کەوت.
نەیارانی بزاڤی نیشتیمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان ، باش لەو راستییە گەشتبوون کە دڵی خەباتی رۆژهەڵات لە نێوخۆی وڵات دایە و بۆ ئەو مەبەستە ، رژیمی ئێران پلانی ئەوەی داڕشت و بەڕێوەبرد کە بەناوی ” ریفۆرمخوازی بەناو کوردەوە ” ، نێوەرۆکی خەباتکارانەو شۆڕشگێڕانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوەرۆک بەتاڵ بکاتەوە و بیکات بە بەشێک لە ململانێی ساختە و بێناوەرۆکەکانی نێوان باڵ و باندە مافیاییەکانی رژیمی فاشیستیی مەزهەبیی زاڵ بەسەر ئێراندا.
لەم نێوەدا ” بزاڤی بە ناو ئاپۆچی ” یش ، هەوڵێکی زۆر دا کە رۆژهەڵات بکاتە پاشکۆی بزاڤی باکووری کوردستان و زەمینەی ئەو پرۆژەیەش لەبار بوو چونکە لە لایەکەوە ، پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قەیرانی جیدیی رێکخراوەیی و پەرشوبڵاوی دا بوون و رژیمی فاشیستی ئێرانیش ئەو پاشکۆیەتییەی پێناخۆش نەبوو و لە رووی پروپاگەندە و تەنانەت لۆجستیکیشەوە یارمەتیی ئەو رەوتی پاشکۆیەتییەی دەدا.
راستە کە رژیم لەرووی سیاسەتی سەخت ئامێرییەوە ، توانیبووی زەربەی کاریی لە پەیکەری بزاڤی رزگاریخوازانەی کورد بدات . بەڵام لە رووی سیاسەتی نەرمئامێری و کولتوورییەوە نەتەنیا سەرکەوتوو نەبوو ، بەڵکوو رووداوەکانی ئەمدواییانەی رۆژهەڵات و یەک لەوان نەورۆزی جامانەکان لە ساڵی ٢٧١٧ ی کوردی دا ، دەریخست کە رۆژهەڵاتی کوردستان چاوکراوەیە و بزاڤی نیشتیمانیی کورد بە قووڵایی رۆچۆتە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگای کوردستان و بەچەشنێ ریشەی داکوتاوە کە تەنانەت بیرکردنەوە لە ریشەکیش کردنی ئەستەم دەنوێنێ چ بگات بەوەی کە بە کردەوە بیر لە ریشەکیش کردنی بکرێتەوە.
” بزاڤی ئاپۆچی ” و رۆژهەڵاتییە باکوور تەوەرەکانیش لە خوێندنەوەی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەر لە ٣ی رەشەمەی ١٣٧٧ وە تا ئێستا دووچاری ”هەڵەی موحاسەباتی ” بوون . بەو مانایەی کاتێ خەڵکی رۆژهەڵات بە پێی هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانی دژایەتی ” گیرانی ئۆجەلان ” دەکەن یان ” بەرخۆدانی کوبانی ” بەرزدەنرخێنن یان بە ” سەرکەوتنی هەدەپە ” لە هەڵبژاردن دا ، خۆشحاڵ دەبن ، ئەوە بە مانای پشتیوانیی رێکخراوەیی لە پەکەکە و رەتکردنەوەی” دیموکرات و کۆمەڵە ” لێکدەدەنەوە و لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەتەکانی خۆیان دادەڕێژن و پاش ماوەیەک کە راستیەکانیان بۆ روون دەبێتەوە و بۆیان دەردەکەوێت کە پشتیوانیی کوردی رۆژهەڵات لە باکوور ، پشتیوانیی نەتەوایەتییە نەک رێکخراوەیی و ئیدئۆلۆژیک ، ئیدی تووشی پانیک و هیستریا دەبن و ئەوەی بە زاری بڵاویان دا دێت نایگێڕنەوە .
هەموو ئەم رەفتارە کۆمیک – تراژیکانەش ، راست لە نەناسینی ” بزاڤی نەتەوایەتیی رۆژهەڵاتی کوردستان ” وە سەرچاوە دەگرێ . پێویستە هەموان بزانن کە ” پاشکۆیەتی ” کاتێ دەست پێدەکات کە ” لاوازی و خۆ بەکەمزانین ” بوونی هەبێت . بزاڤی کورد لە رۆژهەڵات و لە قووڵایی خۆیدا ، نە لاوازە و نە خۆبەکەمزان .ئەگەر بە ئینسافەوە کۆی دەسکەوتەکان و شکەستەکانی بزاڤی هەرچواربەشی کوردستان پێکەوە بەراورد بکەین ، بە سانایی بۆمان روون دەبێتەوە کە بزاڤی کورد لە رۆژهەڵات نەتەنیا لە هیچ روویەکەوە لە پاش بزاڤی پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە نیە ، بگرە لە زۆر روویشەوە پڕ نێوەرۆکتر و سەربەخۆتر و نیشتیمانی تر و نەتەویی تریشە . هەر بۆیە چاوەڕوانیی پاشکۆیەتیی لەو بزاڤە نیشتیمانی و نەتەوەیی و پێشڤەڕۆیە ، چاوەڕوانییەکی ساویلکانە و ناسیاسی و دەبەنگانەیە و هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە بزاڤی نیشتیمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان ، پێشڕەوە و لە زۆر بواردا بۆ ئەوە دەبێت کە باشوور و باکوور و رۆژئاوا لێی فێرببن و ئەزموونی لێوەرگرن .
راسانی نوێی رۆژهەڵات ، پێویستە لە رووی تیۆری و پراکتیکەوە کار لەسەر ئەو ” پێشەڕەو” بوونە بکات و هەم رژیمی فاشیستیی مەزهەبیی و هەم خوازیارانی پاشکۆیەتیی رۆژهەڵات بخاتە پەراوێزەوە و رۆژهەڵات بە کردەوە ، بگەڕێتەوە ئەو پێگەیەی کە شایستەیەتی و لەوەها دۆخێکدایە کە ئاسۆکانی ئازادی ، پرشنگ دەهاوێژن.