رووداو – هەولێر ، گرووپێکی چەکداری سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەناوی خۆبەخشانی شنگال و قەندیل، هەڕەشەی دەستپێکردنی شەڕ دژی تورکیا لە باشووری کوردستان دەکات. جەختیشدەكاتەوە پێویستە توركیا و ئێران لە باشوور دەربكرێن.
راگەیاندنەکانی پەکەکە ڤیدیۆیەکی ئەو گرووپەیان بڵاوکردووەتەوە، لە ڤیدیۆکەدا ژمارەیەك گەریلا پەیامێک بەشێوەزاری سۆرانی دەخوێننەوە و، باس لەوە دەکەن کە تورکیا و پارتی و حەشدی وەتەنی پلانیان هەیە هەموو باشووری کوردستان داگیر بکەن. گرووپەکە شەڕی ئەم دواییەی شنگال بە دەستپێکی پلانەکە دادەنێت.
گرووپەكە هێرشی تووند دەکاتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بەوە تۆمەتباری دەکات کە هاوکاری تورکیا دەکات. دەشڵێن “ئێمە پەكەكە بە حیزبی هەر چوار پارچەی كوردستان دەزانین و، ئەوەی پێویستە لە باشوور دەربكرێت، داگیركەری تورك و ئێرانە”.
پەیامەکە رۆژی 22/3/2017، لە دووەم رۆژی نەورۆزدا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە:” ئێمە وەکو کۆمەڵێک گەنجی باشووری کوردستان بە دروشمی ئێمە خۆبەخشانی قەندیل و شنگالین)، لە ریزەکانی پەکەکە دەبن بۆ ئازادکردنی تەواوی باشووری کوردستان لە دەستی تورکیا و جاشەکان)”.
هەروەها لە پەیامەکەدا کە پێنج خاڵی لەخۆگرتووە، هەڕەشە لە تورکیا دەکەن و دەڵێن: “خاکی باشووری کوردستانیان لێ دەکەنە گۆڕستان”.
لەبەرامبەردا ئەنوەر حاجی عوسمان، فەرماندەی پێشمەرگە و بریکاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شتێکی نامۆیە گرووپێک بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستان هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕ لە هەرێمی کوردستاندا بکات. دەبێ پەکەکەش ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ئەوە هەڵوێستی فەرمی ئەوانە یاخود نا.
ئەنوەر حاجی عوسمان گوتیشی: “ئەگەر پەکەکە هەڕەشە لە تورکیا بکات و بڕوات شار و شارۆچکەکانی باکوور رزگار بکات مافی خۆیەتی، بەڵام ناکرێ هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان یاخود لایەنێکی بکات”.
پەیامی گرووپی “خۆبەخشانی شنگال و قەندیل” ی سەر بە پەكەكە
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
سەرچاوە: روداو
