"an independent online kurdish website

هێزێکی تێکۆشەر و خەباتگێڕی وەك” حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران” کە خاوەنی ڕابردوویەکی پڕشەنگداری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەشکیلاتییە، muhamad-suleimani

لە کۆنگرەی ١٦ی خۆی نزیك دەکەوێتەوە و، خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی حیزب و دۆستان و لایەنگرانی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چاوەڕوانی کۆمەڵێك هەنگاو گۆڕانکاری بنەڕەتین لە سەر ئاستی ڕێبەری و پێك هاتەی ئۆرگانەکانی دیکەی حیزبیدا. پێویستە دیدو لێکدانەوەکانی بەشدارانی ئەو کۆنگرەیە لەسەر بنەمای ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی هەیکەلی تەشکیلاتی حیزب و بەردەوامیدانی بەخەباتی نوێێ لە ژێر دروشمی”ڕاسان”دا بێ. لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی قۆناخەکانی خەباتی حیزب ناکرێت لەسەر هەستی ململانێ و تێڕوانینی جیاواز لەسەر حیسابی پەراوێزخستنی تێکۆشەرانی دێمۆکرات بێت و ئەگەر ئەو کۆنگرەیە بەڕاشکاوی و بوێری دەست نیشانی کەموکورتیەکانی حیزب لە تەواویەتی خۆیدا نەتوانێت ئەنجامبدات، لە داهاتوودا زیانی گەلێك گەورە بەر نفوز و پڕستیژی سیاسی و تەشکیلاتی حدکا دەکەوێت لە نێوخۆی وڵاتدا. بۆ ئەو قۆناخە گرینگ و هەستیارەی ڕاسان و بەردەوامیدان بە هەموو شکڵ و جۆرەکانی تێکۆشان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و دەرەوەی کوردستاندا، کۆنگرە دەبێت زۆر بەوردی سەرنج بخاتە سەر شێوەیکاراترکردنی پێك هاتەی ڕێکخراوەییەکەی کە لە ئێستادا بتوانێت گەشە بەرەوتی خەبات و تێکۆشانی خۆیبدا. دیارە حیزب بەگوێرەی هەلومەرج و رەوتی ئاڵوگۆڕەکان بەرنامە و ستڕاتیژی خۆی داڕشتووە و هەر بەوجۆرەش بەردەوامدەبێ. بەڵام هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن، ئەو ناو چەی ئێمەی کوردی تێدا دەژێن ، بەرەو گۆڕانکاری خێراو ناروون دەڕوات و ئەگەر ڕێبەری نەتوانێت پارسەنگی هێزی خۆی لە گەڵ رەوتی رووداوەکان بگونجێنێت، نەتیجەی خەباتی سیاسی حیزب ئەو ئاکامەی نابێت کە خەڵکی کوردستان هیوایان لە سەر هەڵچنیوە. کۆنگرە بۆ ئەوەی پێك نایەت کە هەر لایەك هەوڵبدات زیاتر لە بەشیخۆی دەست بەسەر هەیکەل و قەوارەی حیزبدا بگرێ، دەبێت ئامانج لە بەستنی کۆنگرەی حیزب و بەشداربوون، بەرجستەکردنی ئەو هێڵە خێرایانەی جووڵانەوەی سیاسی کوردبێ کە دەتوانێت، دەسکەوتی گەورەی سیاسی بۆ گەل لێبکەوێتەوە لەسایەی خەباتی وردبینانەیدا. پێوانەی کاری کۆنگرە و بەشداربوون لە بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردانی حیزبیدا نابێت واوێنابکرێت کە فڵان و فیسار بۆتەوە ئەندامی ڕێبەری، چارەسەر و گەشەکردنی خەبات بەو بابەتەوە بەندە کە هەست و روحی شۆڕشگێڕ بوون پەرەی پێبدڕێتەوە و پۆستەکان بەکەسانی خۆش فکرو پێگەیشتوو بدرێن کە توانای کارو هەڵسوڕانی خێرایان هەبێت. لە قۆناخی زێڕینی وەك ئەمڕۆدا کە بۆ کورد بەگشتی هاتۆتە ئاراوە، لازمە هەموو لایەك بیرلە چۆنیەتی بەربڵاوترکردنی شێوەکانی خەبات بۆ ئازادی نەتەوەی کورد بکرێتەوە. بەڵکوو دەبێت جەوهەری باسەکان دیاریکردنی باشترین و دیارترین تاکتیکی خەبات و چۆنیەتی رووبەرووبوونەوەی حکوومەتی ئاخوندی ئێران بێت. چوونکی خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە گەڵ دوژمنێکی هەتا بڵێی سەرسەخت و دژی گەلی و کۆنەپەرستی وەك ڕێژیمی تیرۆریستی ئێرانە. بۆ ئەو مەبەستەش حیزب سەرەتا پێوستی بە یەكڕیزی و یەكدڵی هەموو لایەك و خەمخۆرانی شۆڕشی نوێی گەلی کوردە لە ژێر دروشمی ڕاسان بەرەو گۆڕانکاری و دابینکردنی مافی ڕەوای سیاسی بۆ خەڵکی کوردستان. کۆنگرە ” هەڵوێستەی بەرکردار لەسەر کۆمەڵێك خاڵ بکات کە وەك مۆتەکە لەسەروملی پێك هاتەی تەشکیلاتی هاڵاوە و خەریکە حیزب بەدەستیەوە دەخینکێت”. ئەندامانی کۆنگرە لە بڕیاردان و بیرکردنەوەدا دەبێ بوێر و ڕاستگۆیانە دەست نیشانی خاڵە لاوازەکانی تێکۆشان بکەن و نەریتی بەشداربوون لە کۆنگرەدا ئەوەنیە چەند وێنە بگرێ و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بخرێتە بەرچاوی دۆستان و نزیکان. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وەك هێزێکی دێمۆکڕات و خەباتگێڕ بەسەربەرزییەوە قۆناخە سیاسی و مێژوویەکانی خۆی هەتا ئێرە بڕیوە، بەڵام لە هەلومەرجێکی نوێ و هەستیاری وەك ئێستادا دەبێت بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە هەوێنی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی کاری حیزبی بێت. حیزب وەك پێویست نەیتوانیوە خەڵکی تێکۆشەر و وشیاری سیاسی و تەشکیلاتی بخاتە نێو بازنەی کاری تەشکیلاتی و ئەرکی حیزبیان پێبسپێرێت.حیزب دەبێ خەڵکی فکرخۆش و پێگەیشتوو لە ڕێزەکانیدا ڕێکبخاتەوە. ئەگەر سەیری پێك هاتەی تەشکیلاتی دەکەی “خەرمان بەرەکەت”، هەتا بڵێی ئەندام و تێکۆشەری خوێندەوار و بەئەزموون و پێگەیشتووی تێدایە کە دەتوانن ڕۆڵە زۆر گەورە بەگێڕن، بەڵام بەداخەوە حیزب و ئۆرگانەکان لێیان بێمینەت و کەملوتفن و، ئامادەی هاندانیان تێدا بەدی ناکرێ. کۆنگرە دەبێت میکانیزمێک بۆ ئەو مەبەستە دابنێت و کارو چالاکیەکانی بەرفراوانتر بکات لە نێو ئەندامانی خۆیدا. لە کۆتایدا هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەی ١٦ی حدکا دەخوازم.

محەممەد سلێمانی

01.04.2017

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی