Hoppa till innehåll
Hem » بەناوی خوای دڵاوای دلۆڤان, محەممەد خۆی موعجیزە بوو، مەلا برایم مەجید پوور

بەناوی خوای دڵاوای دلۆڤان, محەممەد خۆی موعجیزە بوو، مەلا برایم مەجید پوور

لەوەتی دەستی ڕاستو چەپی خۆم ناسیوە بەهۆی هەڵکەوتەی ژیانم هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە لە نیزیک پیاوانی خوێندەوارو بەزۆریش ئایینی ژیاومو حەزم کردوە لە زۆر شت ورد بمەوەوmela_biraym1

لە زۆر مەسایلی ئایینی بکۆڵمەوە . مخابن شێوەی ژیانو بەسەرهاتەکانم زۆر کەم مەودای ئەوەیان پێدام وەک پێویست وەشوێن حەزەکەم بکەوم . لە دەرونی خۆمدا زۆر شتم دەدیتنو دەبیستنو دەخوێندنەوە کە زۆر پرسیاریان بۆ دروست دەکردمو نەمدەزانی وڵامەکانیان بدۆزمەوە. بەشێک لە بابەتە کۆمەڵایەتیەکان بە تێپەڕبونی زەمانو تێکەڵاویم دەگەڵ بەشە جۆراو جۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستان ، قسەو باس دەگەڵ پیرەپیاوانو شارەزایان بـۆم زاندران ، بەڵام بەشی ئایینیەکەی هەرچی زیاتر بەدوایدا دەچومو لێیورد دەبومەوە ، لەلای مامۆستایانی زۆر زانا دەرسم خوێندو پرسیارم دەکرد، بابەتەکە هێندەی هەڵدەگرت کە مرۆڤ نەدەگەیشتە ئاخرەکەی. من بەتاسەوە بەدوایدا دەڕۆیشتمو دەگەڵ پێشکەوتنی عیلمو زانست پرسیاری نوێی دەهاتنە ئاراوە . هەر چۆنێک بێی لەسەری ڕۆیشتمو ڕانەوەستام .

ئەوەی کە زۆر سرنجی ڕادەکێشامو بەلامەوە گرینگ بو کەسایەتی پێغەمبەرو چۆنیەتی ژیانو پێگەیشتنی بوو، بەتایبەت کە دەگەڵ ژیانو بەسەرهاتی گەلی کورد وێکچونیان هەبوو دەکرا لەو بوارەدا کەڵکی لێوەر بگری. بەداخەوە ئەوەشیان نەمتوانی پڕ بەدڵ کاری بۆبکەمو دەگەڵ مەبەستی خۆم بەیەکیان گرێدەمەوە. دوای ئەوەی کەوتمە دنیای دەرەوەو لە زێدەکەم دور کەوتمەوە ، ماوەیەکی زۆردەردی دوریو کەندو کۆسپو نامۆییو غەریبایەتیو نەزانینی زمان وەک کەڕولاڵ هەمو شتێکی لە بیر بردمەوە . دوای هێندێک قۆرتو کۆسپو تەگەرەو نەخۆشیو ناڕەحەتی جەستەییو هەڵدێرانو دابڕان ، وردەوردە خۆم گرتەوەو ناخۆشیەکانم لـە نێو جانتای دڵی شکاومدا کـۆ کردەوە بـۆ ئـەوەی لـەکاتی پێویستدا ئاوڕێکیان لێبدەمەوەو ڕابردو لە بیر نەبەمەوە، بەزمانو قەڵەم خەبـاتـەکـەم دەست پێکردەوە . دیسان حەزە بەجێماوەکەم وەبیر هاتەوەو دەستم پێکردەوە. دیـارە ئەوەشیان لە بەر نەبونی سەرچاوەی پێویست ڕەنگە کەمو کوڕی زۆری تێدا بدۆزنەوە.

بۆ ئەو مەبەستەی بەدوایدا وێڵم ، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی گەلەکەمان بڕوای ئایینیان هەیەو دوژمنیش ئایین وەک چەکێکی مەترسیدار بەدژی خەباتی ڕەوامان بەکار دێنێ ویستم کەسایەتی پەیامبەری ئیسلام محەممەد ( ص) لە کتێبی (محەممەد پیامبەری کە از نو باید شناخت) وەر بگرمولەزمانی فارسیەوە بیکەم بەکوردی . ئەوکتێبە نوسەرەکەی کەسێکی ئوروپایی غەیرە موسوڵمانە بەناوی ( کۆنستان – ویرژیل – گیورگیو )کتێبەکەی بەزمانی فەڕانسەیی نوسیوەو( زبیح أللە منصوری ) کردیوتە فارسیو منیش ( مەلابرایمی مەجید پور ) کردومەتە کوردی. ناو براو خۆی بەشوێن بابەتەکەیدا ڕۆیشتوەولە نیزیکەوە شوێنی لە دایکبونو ژیانو بەسەرهاتەکانی دیتوەو لـە خەڵکو خوێندەوارو شارەزایانی مەڵبەندەکەی وڵامی پرسیارەکانی خۆی وەر گرتوە . بە خۆشیەوە کاری وەگێڕانەکەم تەواو کردوە تەنیا چاپو بڵاو کردنەوەی ماوە . بە پێی ئەوە من مرۆیەکی کوردمو بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە کورد گەڵێکی ڕەسەنو کۆنی ئەم جیهانەیە ،کوردستان سەرزەویەکە دەگەڵ هەمو ئەو فرتو فێڵەی دوژمنانو داگیر کەرانـو هەوڵدانیان بـۆ گوڕینی سنورو فەرهەنگو زمانو کلتوروکەلەپوری ،هەروا بەهێزەوە قورسو قایم ڕاوەستاوە ، تەنانەت دەگەڵ هەمو ئەو هەوڵە نەزۆکانە ناوی کوردستان هەر بەو پیتو ڕستانە ماوە. بەباوەڕی من خەباتی محەممەد بۆ ڕزگاری گەلەکەیو نەوەستان تاگەیشتن بە ئامانجەکەی بۆیەدەبێی پەیڕەوانولایەنگرانی بەوردی سرنجی بدەنو هەڵی سەنگێننو بیکەنە سەرمەشقی هەوڵو تێکۆشانیان بۆ ڕزگاریو بەرەنگاری زاڵمانو داگیر کەران ، بۆ خۆڕاگریو بەردەوامیو نەوەستانو ڕانەوەستان تا وەدیهاتنی ئامانجی ڕزگاری گەلو نیشتمان . بەلای خۆمەوە پێم باشە بەکورتی بزانین ئەو کەسە نەخوێندەوارەی سەردەمی نەزانی پاش تێپەڕبونی ١٤٣٨ ساڵ لە ڕاپەڕینو بەرخودانەکەی دینەکەی لە سەدەی ٢١ دا هەروا لە گەشەدایەو ئەگەر زانای دۆڕاوو لایەنگری لە ڕێی لادراوو دوژمنانی ڕاستو چەپ نەبایە ئـیستا دەبو بەیەکەمین دینی ئەم سەر زەویە . محەممەد کێیەو چۆن گەورەبوەو چۆن ژیاوەو خەباتەکەی چۆن درێژە پێداوە. دیارە من مەبەستم پڕوپاگەندەی ئایینی نیە ، چونکە خۆم بڕوای تەواوم بـە ئـایینەکەم هەیـەو لە هەمو بـوارەکانی ژیانـمدا ئەوەندەی لێی تێگەیشتوم کار پێکردوەو جیا لە هەڵەو پەڵەی خۆم عەیبم تێدا بەدینەکردوە. بێگومـان بۆ سەرجەم کارو پڕۆسەی ژیانم کەڵکی زۆرم لێوەرگرتوەو بۆ خۆڕاگریو بەردەوامـی زۆر باش بەکەڵکم هاتوە ،لە هەڵگرتنی بارە قورسەکانی ژیانمو ڕانەکردن لەبەرانبـەر پێشهاتی قـورسو مەترسیدار بەتەواوی لەهانام هاتوە. جیا لەوەش بڕوای تەواوم بە ئازادی هەیەو پێموایە هەرکەس دەبێی بەدڵخوازی خۆی ڕێبازی خۆی هەڵبژێرێو کەس بۆی نیە بۆی دیاری بکا و ئیمانی بەزۆریشم پێی ئیمان نیە.

بابزانین محەممەد ( ص) دەورانی منداڵی چۆن تێپەڕ کردوە ، چۆن بەو پلەو پایەگەیشتوە، بە باوەڕی من (محەممەد ) خۆی موعجیزە بوە. لە وڵاتێکی ویشکارۆی عەڕەبستان ، لە ناو گەلێکی نەخوێندەواری بێی ڕێبازو ئیمان ،گەلێکی بەتەواوی عەشیرەتیوهیچ نەزان. منداڵێک دێتە سەر دنیا بە نەخوێندەواری دنیاکە دەگۆڕێیۆ کتێبێکی بـۆ مـرۆڤ بـەجـێی هێشتوە کەتا ئێستاش شاراوەکانی نـاو ئەو کتێبە بـەتەواوی نـەزاندراوە. هـێندێک کە ئیسلامو محەممەدیان قبوڵ نیە دەڵێن : ئەوە قسەی خۆیەتیو ناردراوی خوا نیە. بەباوەڕی من ئەگەر ئەوانە ڕاست بکەن کە ڕاست نیە ، ئەو دەمیش ڕاستیو ڕەوایی مـحممەدو ڕاسپاردەکەی گرینگترو سرنج راکێشترە . چونکە لە دنیای جەهلو نەزانیدا کابرایەکی نەخوێندەوار ئەو کتێبە دابنێو بەجێی بێڵێ کە زۆرینەی زانایانی ئایینیو غەیرە ئایینی لە سەردەمی ئێستاش دا بەلایانەوە گرینگەو لێی دەکۆڵنەوەو کاریشی پێدەکەن، بەرنامەو پڕۆسەیەک دادەڕێژێی کە لە سەدەی ٢١ دا کاری پێدەکرێو لە گەشەدایە .  ئەو منداڵە نەهاتۆتە سەردنیا باوکی لەدەست داوە ، لە تەمەنی (٦ ) ساڵیدا لە سۆزو بەزەو پەروەردەی دایک بێبەش بوە ، سەرپەرستیەکەی کەوتۆتـە دەستی بـاپیرەی ( عەبدول موتەلیب ) ئەو پیاوە شەریفە بۆنی کوڕەکەی بەنەوەکەیەوە نابوو لە ڕادەبەدەر خۆشی دەویستو لەخۆی دور نەدەخستەوە . لە تەمەنی (١٢ ) ساڵیدا ئەو پەناو پشتیوانەشی لـە دەست دەچێو سەر پەرستیەکەی دەکەوێتە بەر دەستی مامی (ئەبوتالب ) کورد کوتـەنی مامو ئامۆژن . مامی زۆری خۆش دەوێو کەمتر لە خۆی دور دەخاتەوە و جارو بارە بۆ ئەملاو ئەولاش لەگەڵ خۆی دەبرد. ( محەممەد ) لە خۆی ڕادەدیی، کەدێتی مـامی دەستەنگەو دابینکردنی ژیانی بنەماڵە قورسایی لە سەرشانی دەکا ، بڕیاریدا لە سەر پێی خۆی ڕاوەستێو یارمەتی بژیوی ژیانی بنەماڵەی مامیشی بدا. هەوەڵێن کاری ئەوەبو کە بوو بەشوانی بزنەگەل مێگەلە بزنی بـۆ خەڵک دەلەوەڕانـد ، جارو بـارەش هاوڕاییـو هاوکاری مامی دەبو بۆ سەفەر. بەهۆی لێهاتوییوئەمینیو دەسپاکی بە محەممەد ئەمین ناوی دەبرا . ناوبانگی ئەمانەتو دەستپاکیەکەی بۆ بەهۆی ئەوە (خەجیجە ) کە ژنێکی تاجرو دەوڵەمەندی مەکە بوو کاروانی هاتو چۆی شامی دەکرد بیکا بە ئەمیندارو سەرکاروانچی خۆی . سەداقەتو دەست بەخێریو پاکیەکەی خەجیجەی هێنا سەر ئەو باوەڕە کەدەبێی داوای لێبکا وەک هاوسەری خۆی قبوڵی بکا .

لێرەدا پێویستە بڵێم : من دەڕوانمە ئەسڵی بەرنامەو پێڕەوو پڕۆگرامی هەرئایینو ئیدەیەکو بەلامەوە گرینگەو ئەوەندەی بۆم بلوێێ لێی ورد دەبمەوەو لێکی دەدەمەوەوئەوجار ڕاو بۆ چونی سەر دەربڕم ، نەک کردەوەی ئەندامو لایەنگرانیان ، هەرچەند پێموایە کە هەڵوێستو ڕەفتاری ئەوان کارتێکەری ئەرێنیو نەرێنی لەسەر بەرنامەکە دەبێێ ،بەڵام بەدروستی نازانم تۆ وتەو کرداری کەسێک بکەی بەبەڵگە کە درۆ دەگەڵ خۆیو خەڵکیش دەکاو لەژێر چەتری ئیدەو ئایین بۆ مەبەستێکیتر هەوڵ دەداو کەسانێکیش بـەلاڕیـدا دەبا. محەممەد ( ص ) گەورەیەکەی لەودایە ئەوەی پێی ئەسپیردراوە کردویەتیو بـۆ هیچ مەبەستو بەرژەوەندێک لەو ڕێبازە لاینەداوە.

منداڵێکی سەغیری بێدایکو باب ،لەوڵاتێکی وێشکارۆو پڕاوپڕ لە نە خوێندەواریو دابو نەریتی عەشیرەتیو بێبەش لە هەمو ئاسەوارێکی زانستو پێشکەوتویی بە قەولی کوردی لە قون دەرکانو بەشوانیو کرێگرتەیی گەورەبو، کەسێکی لێدەربێێ ببێتە ڕێبەری ئایینێک نەک هەرلە عەڕەبستان بەڵکو لە هەمو دنیادا بڵاو بۆتەوەو پەیڕەوو لایەنگری لە میلیاردو نیو تێپەڕاندوە ، کتێبەکەشی تەقریبەن بەهەمو زمانی دنیایە وەرگێڕ دراوەو تاقە پیتێکی لێی زیادو کەم نەرکاوە.. سەرفی نەزەر لە باری ئایینیەکەی بۆیە دەبێی بیکەی بـە ئۆلگۆو ڕێو شوێنەکانی بۆ بەرەو ڕووبـون دەگەڵ گرفتو سەختیەکانی ژیانوبەرەنگاری دوژمنانـو زاڵمان ڕەچاو بـکەی . ئـاواتی من ئەوەیە تـوشی دەمـار گرژی نـەبینو بـە دروشمـو پـڕوپاگەندە ڕاستیەکانی مـێژو بـەراوەژوو نـیشان نەدەینو بـۆ سەرکەوتنی خەباتـو ڕزگاری نیشتمانو گەڵ، بەبێێ ئەوەی چاولە خاوەنی ئەسڵی ئەزمونەکە بکەین، لە هەمو ئەزمونەکانی مێژو کەڵک وەرگرین بەو مانایە خراپەکانیان بناسینو وەلایان بخەین باشەکانیش بەقازانجی ئامانجەکەمان کار پێبکەین . هیوادارم لـەسەر ئـەو باسە بـەردەوام بمـو ڕەوابونی خەباتی ڕزگاری خوازانەی گەلەکەم دەگەڵ بەر پرسایەتیەکانی ئایینی گرێی بدەمەوە.

براتان مەلا برایمی مەجید پور. ٣٠ /٤ / ٢٠١٧