Hoppa till innehåll
Hem » پێداویستیەکانی سەرخستنى ڕاسان، ئەلبورز ڕۆئین تەن

پێداویستیەکانی سەرخستنى ڕاسان، ئەلبورز ڕۆئین تەن

ڕاسان ئیرادەی شۆڕشگێری پێویستە ئیرادەیەک بە هێز کە هەموو گوشارەک تەحمول بکات و لە درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان سڵ نەبێتەوە بەردەوام کار بکات،alborz_rointen14

بۆ بەردەوام بوون لە دڵی بەرد دا ڕێگە ببینتەوە. ئیرادەیەک وەک ئیرادەى بە گژ دیکتاتۆر چوونى سمکۆى قارەمان، ئیرادەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، ئیرادەی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی دەیەی ٦۰ ی زایینی، ئیرادەی خۆ ڕێخستنەوەو پەرە پێدانی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران، ئیرادەی شەڕی سەرتاسەری و پارتیزانی دەیەی ٨۰ ی زایینی، ئێرادەى شەهید کاوەو سەرکەوتەکان و هەموو ئەو شەهیدانەى نوێی ڕاسان. هەر ئەو ئیرادەیەش هەیە لە حدکا دا بۆیە دیسان دەستی بە ڕاسان کرد.

ڕاسان پێویستی بە دەرس وەرگرتنە لە مێژوو واتە بۆچی بە درێژای ئەو هەموو ساڵە وێڕای ئەو هەموو قوربانی دانە نەمان توانیە سەرکەوین گرێ کوێرەی سەرنەکەوتنمان لە کوێ دایە. پێویستە بزانین سمکۆ چۆن شەهید کرا پێویستە بزانین بۆ چی کۆمار ڕوخا بۆچی لە کاتی شۆڕشی گەلان شارەکانمان لە دەست دا چۆن سەرکەوتین بۆ شاخەکان چۆن لە گەرمێن گیرساینەوە. ڕاسان ئەو دەرس وەرگرتنەى هەیە هەر بۆیەش لە دەستپێکی ڕاسان چوینەوە نێو گەل و پێشمەرگە زیاتر بە خەڵکەکەی شاد بوە.

ڕاسان پێویستی بە نوێبونەوەو سەردەمی بوونە. ئەوەی ئیرادەی و باوەڕی شۆڕشگێری دەبێ تێکەڵ بکرێت بە شێواز و ڕێکاری مودێرن ئەوەی چۆن داواکانمان ڕێک بخەین و بگەینین بە گەل و چۆن بتوانین ئامانجی ڕاسان بگەینین. شۆڕش لە سەردەمی نوێ دا چۆن بەڕێوەدەبردرێ جۆری بیرکردنەوەی ئێستای خەڵک چۆنە. چۆن کاریگەری بە سەر جیلی نوێ دروست دەبێت. هەمووی ئەوانە پێویستی بە ڕێکاری نوێ هەیە ڕێکارو شیوازى نوێش پێویستی بە سەردەمی بوون هەیە.

ڕاسان پێویستی بەوە هەیە ببێ بە بەرنامەی کاری هەمووان واتە لە نێوخۆمان کە لە سەر دەستپێک و بەردەوامی شۆڕشێکی وا ساغ بووینەوەو بۆ ڕزگاری نیشتمان بە پێویستی دەزانین، دەبێ بیبەینە نێو خەڵک دەبێ بە هەموو شێوەیەک کار بکەین بۆ ئەوەی خەڵک لە ڕاسان و چۆنیەتی و ئامانجەکانی بە باشی ئاگادار بن هەر چۆن کە دوژمن ئێستا زۆری لێ ترساوە دەبێ خەڵکیش دو ئەوەندە زیاتر هیوای پێ بێت و هەست بە گەورەى ڕاسان بکات. بە تاکە فورموڵی سەرکەوتن بزانێت حدکاش هەر لەو سۆنگەیەوە کار دەکات دەبێت هەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت ئامرازی گەیاندنی ڕاسان بۆ نێو خەڵک دابین بکات. هەروەها کار بکات بۆ ئەوەی ببێ بە سیاسەتی هەموو هێزو و لایەنەکان.

ڕاسان پێویستی بە یەکڕێزی هەیە. یەک ڕێزی لە نێوان ڕێبەرایەتی ڕاسان، لە نێوان هەموو تاکەکانی شۆڕشگێر. دەبێ ئەو یەک ڕێزیە ئەوەندە بەهێز بێت کە دوژمن درزی تێ نەخات. شکاندنى یەک ڕێزى دەبێ بە هێلی سور بزانرێت هەڵسوکەوتی هەر تاک لە چوارچێوەى پاراستنى یەکڕێزى بێت. بۆ قەبول کردنی بەرانبەری ئامادەیی هەبێت. لە بەرژەوەندی خۆی قوربانی بدات بۆ ئەوەی ئەو یەک ڕێزییە تێک نەچێت. کاتێک هیوا لە نێو خەڵک دروست بووە بۆ سەرکەوتنی ڕاسان. درز تێکەوتنی ئەو یەکڕێزییە ئەو هیوایە کەم دەکاتەوە. دەبێ ئەو یەکڕێزیە پەرە بستێنێ بۆ نێو هەموو هێزو لایەنێکی سیاسی گۆڕەپان. ببینین چۆن دوژمن بۆ شکستدانمان ولە نێو بردنمان هەموو ناکۆکیەکانی خۆی ولا دەنێت. ئێمەش بۆ بەرەنگاری و بە دەست هێنانی ئازادی دەبێ هەموو ناکۆکیەکانمان وەلا بنێین لە سەر خاڵە هاوبەشەکانمان کە زۆرن ڕێک بکەوین پێویستمان بە ڕێگە حەلی وەسەت بۆ خاڵە ناکۆکەکانمان هەیە. چونکە بۆ سەر خستنی ڕاسان پێویستە. ئەوەی تا ئێستا هەیە لە بواری یەکڕێزی نێوخۆی و نێو هێزو لایەنەکان باشە بەڵام دەبێ زۆرترو زۆرتر بێت.

ڕاسان پێویستی بە ناوەندێکی بڕیادەری بە حیکمەت و زانا و بە مشور هەیە. ڕاسان فورمولی ئێستای خەباتی ئێمە، بەرەو ڕوی زۆر بابەتی نێوخۆی و دەرەکیە، بەرەو ڕووی هەموو پیلانێکی دوژمنە. بۆ بەردەوامی و سەرخستنی پێویستە ناوەندێکی بڕیادەر بڕیارەکانی دەربکات و بۆ دەرکردنی هەر بڕیارێکیش هەزار جار بیر بکاتەوە وێڕای ڕاوێژ و بیرێکی نوێ لە هەمان کات دا ڕئاڵیتەیەکی تەواو بە بڕیارەکانەوە دیار بێت. بتوانێت لە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات و تێکۆشان دا شارەزا بێت و تا بڕیارەکانی هەموو ناوەندەکان وەگەڕ بخات. هەروها ئەو ناوەندە دەبێ لە بڕیار دان خێراش بێت. ئەگەر کات بە فیڕو بڕوات لە ساتی خۆی دا بڕیاری پێویست نەدرێت ئەوا کاریگەری ڕاسان کەمتر دەبێت. هەر بۆیەش پێویستە ئەو ناوەندە هەر زوو بڕیار لە بەستن و سەرکەوتنی کۆنگرە بدات چونکە لە قوناغی ڕاسان دا پێویستی بە کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو هەیە کە هەم خێرا هەم حەکیمانە بڕیار بدات.هەر ناوەندێکی واش هەبوە کە توانیویەتی ڕاسان دەست پێ بکات.

ڕاسان پێویستی بە کاری زۆر لە ڕێخستن هەیە. ئەوەی ڕێبەرانمان چەکی بەهێزی ئێمەیان تەشکیلات زانیوە بێ هۆکار نیە هەر شۆڕشێک پێویستی بە ڕێخستن هەیە چەندە ئەو ڕێخستنە بە هێز بێت باشتر دەتوانی ڕاسان جێبەجێ بکەی واتە دەست و باڵی شۆڕش ڕێخستنە دەبێ لە بوارە خۆمان پێش بخەین دەبێ پول بەندی بکەین. لە ڕێخستن دا قوتابی ، جوتیار ، کرێکار ، کارمەند ، بازاڕی ، مەڵا ، تاراوگە، ئاشکرا هەموو توێژەکان جۆر و تایبەتمەندی خۆی هەیە دەبێ لە ڕێخستنیان ئەو چەندە ڕەچاو بکرێن و دەبێ ڕێبەرایەتی شۆڕش و ڕاسان ببێ بە مێشکی ڕێکخەر و پێشڕەوی خەبات و ڕێخستنەکان بە ئامرازی جێبەجێ کردن بەو شێوەیە دەتوانین ڕاسان بکەینە بەرنامەی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا.

ڕاسان پێویستى بەوە هەیە کە ڕێبەرایەتیەکەى بتوانێت لە هەموو پتانسیلەکان کەڵک وەربگرێت. بتوانێ ئەو هێزە مرۆییە گەورەى هەیە هەمووى بە کار بینێت میکانیزمى پێویست بۆ ئەو چەندە ئاسانە ودەتوانرێت ئەو هێزە بخریتە خزمەت ڕاسان بە ڕیکخەرى ڕیبەرایەتى. هەروەها لەوە گرنگتریش ئێمە مانان هەموو ئەوانەى کە سەرکەوتنى کوردیان دەوێ دەبێ بەرەو پیلى ڕاسان بچین گرنگ شوێن و کات یا جۆرى پشتیوانى یا هاوکارى نیە، گرنگ هەبونى ئەو روحیەیە بۆ هاوکارىە، ئەو کات ئەوەى لە دەستمان دێت جا کەم یا زۆر مادى یا مەعنوى گرنگ نیە کاتێک گشتگیر بیت و هەموومان بیکەین ئەو کات دەتوانین هێزیکى گەورە بۆ پشتیوانى راسان دروست بکەین.

ئەوانەى سەرەوە چەند بابەتگەلی گشتین و بە دەیان بابەتى ترى دەتوانرێت پێوە ئیزافە بکرێت ئەوەى گرنگتر ئەوەىە بزانین چۆن ئەوانەى سەرەوە ئەنجام بدەین ئەو میکانیزمە ئەوەندە سەخت نیە کە نەدۆزرێتەوە. بۆیە ئەرکى هەموومان ئەوەىە کە ببین بەشێک لە گیانى راسان و سەرخستنى چونکە لە پیناو سەرکەوتنى خەبات کە ڕێبەرایەتیەکەى بە ژیرى دروشمى لێک گرێدانى شارو شاخى دیارى کردوە کارو تێکۆشانى هەموومانى دەوێت.

ئەلبورز ڕۆئین تەن