"an independent online kurdish website

رۆژی سێشەممە، ٤/٧/٢٠١٧ گروپی مووزیکی لوڕ کۆنسێرتێکی مووزیک و گۆرانیی لە ژێر ناوی ” سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە بەرەنگاریی تیرۆردا” لە شاری هەڵەبجە بە دەنگبێژیی لوقمان سەلیم ساز کرد.

لە کورتە راپۆرتێکدا رێزدار نزار زێوێی ـ سەرپەرەشتیاری گروپی موزیکی لوڕ وێڕای سپاس لە هاوکاریی پارێزگاری هەڵەبجە و بەرپرسانی رۆشنبیریی شارەکە و ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە، ئاماژە بە هەوڵی تێکدەرانەی چەند کەسێک دەکا کە لە کاتی کۆنسێرتەکەدا بە تەقاندنەوەی جۆرە تەقەمەنییەک بشێوی و شڵەژانیان لە هۆڵەکەدا دروست کردووە.

وەک هۆگرێکی دونیای هونەری گۆرانی و مووزیک و کەسێکی نیزیک لە گروپی مووزیکی لوڕ و خەمخۆرێکی کورد و زامی هەڵەبجە، دوای خوێندنەوەی ئەو راپۆرتە خەم دایگرتم. زۆر دڵم ئێشا. بۆ دەبێ گروپێکی هونەری لەم کاتوساتەدا بۆ ئەوەی شارستانییەت بەو دەڤەرە ببەخشن، ئاوا پاداش بکرێن؟ دوای بەدواداچوون بۆ کۆنسێرتەکە، بۆم دەرکەوت خەڵکی ئەو شارە بە شێوەیەکی دیکە کەوتوونەتە بەر هێرشی کیمیایی و لە ١٦/٣/١٩٨٨ پتر زیانیان بەرکەوتووە. چۆن؟ ئێستە دێمە سەری:

ئەم کۆنسێرتە بە پێی دروشمەکەی: لە پێناوی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە دژی سپای داگیرکەری داعش ئامادە و پێشکەش کراوە. یەکێک لەو کەسانەی تەقینەوەکەی لە هۆڵی کۆنسێرتەکەدا ئەنجام داوە، گەنجێکی ١٨ ساڵان بووە. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە. ئەو کەسەی توانیویەتی بەو کردەوە تێکدەرانەیە ئارامیی هۆڵەکە تێکبدا، تەنیا نەبووە. لە پاسەوانەکانی بەردەرگا بگرە تا چەند کەسێک لەوانەی ناو هۆڵەکە، دەکرێ هاوکاریی ئەو تێکدەرەیان کردبێ. شێواندنی ئارامیی ئەو کۆنسێرتە بە واتای دژایەتی کردنی خەباتی پێشمەرگە و هاوسۆزی لە گەڵ داعش دێتە ئەژمار. شاری هەڵەبجە ساڵی ١٩٨٨ لە لایەن رێژیمی بەعسەوە بە چەکی کیمیایی شەهید کرا، بەڵام دواتر هەستایەوە و ژیانی تێکەوتەوە. کەچی ئەمڕۆ لە گەڵ ئەوەی لە قەزاوە کراوە بە پاریزگا و دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی فرەوانتر بووە، بەڵام خەڵکەکەی کراوە بە قوربانی و کۆیلەی کولتوورێکی دواکەوتوو. بە جۆرێک دژی جوانترین نموونەی شارستانییەت کە گۆرانی و مۆسیقایە، دەوەستێتەوە. بەو دژکردەوەیە دوو پەیام دەدا بە گوێی دەور و بەردا. ١ـ لە گەڵ داعش هاودەنگ دەبێ و دژی مۆسیقا و شادی دەوەستێتەوە و بە ئاشکرا دەخوازێ خەڵک لە باتی گوێگرتن لە مووزیک و گۆرانی، پەیڕەوی ئەو کولتوورە دزێوە دوور لە مرۆڤایەتییەی داعش بکەن کە بریتییە لە مرۆڤ سەربڕین و کۆیلەکردنی دنیای مرۆڤایەتی و سڕینەوەی ناسنامەی کورد. ٢ـ چاوی بە سەرکەوتنی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی لە دژی داعش و تیرۆر هەڵنایە و بە کردەوە دژی دەوەستێتەوە.

زەنگە مەترسیدارەکە ئەمەیە کە خەڵکی هەڵەبجەی شەهید جارێکیتر بە ناوی راکێشانی بۆ ژێر سێبەری ئایین، بەو شێوەیە دەکرێتە ئامرازێک بۆ درێژەدان بە سیاسەتی پاکتاوی رەگەزی و کولتوور و فەرهەنگی کورد. چەکەکەش ئەمجارە دینە.

ئەو شارە کە لە ساڵەکانی سەرەتای ١٩٠٠ی سەدەی رابردوو کەسایەتییەکی ناوداری وەک عادیلەخانمی هەبووە و مێژوونووسانی کورد و بیانی باسیان لە شێوەی دەسەڵاتداری و رەوشت بەرزی ئەو خاتوونە کردووە، کەچی ئەو رۆژەی کۆنسێرتەکە(سێشەممە، ٤/٧/٢٠١٧) و نزیکەی ١٢٠ ساڵ دوای دەسەڵاتداری ئەو خانمە، نە تەنیا یەک ژنی بێ لەچک لەو هۆڵەدا بەدی نەکرا، بەڵکوو لە نێو شەقامەکانی ئەو شارەی عادیلەخانمیشدا بەرچاو نەکەوت.

لەم رۆژانەدا کە باسی گشتپرسی گەرمە و هەندێ نەیار لەملاو و لەولای هەرێمی باشووری کوردستان و دەرەوە بە بیانووی جۆراوجۆر دژی دەوەستنەوە، ئەگەر دڵسۆزی کوردن و داکۆکی لە مافی نەتەوەکەیان دەکەن با لە باتی دژایەتی گشتپرسی بیرێک لەم کێشەیە بکەنەوە. ئەمە زۆر مەترسیدارە. ئەگەر گشتپرسی بە قسەی دژبەرەکانی دەبێتە هۆی سەرخستنی بنەماڵەیەک، لە کۆتاییدا رۆڵەکانی داهاتووی ئەو گەلە دەتوانن بە شێوەیەک جێی ئەو بنەماڵەیە بگرنەوە، چوونکە کوردە و “میراتی کوردیش بە کورد رەوایە”. بەڵام سپاردنی تاکی کورد بە کولتوورێکی دواکەوتووی لە جۆری داعشی ئەبووبەکر بەغدادی و کۆماری ئیسلامی ئێران، نەک دەوری بنەماڵەش وەک کورد ناهێڵێ، بەڵکوو بە پێچەوانە قەت رێگا بە کورد نادا وەک میراتگری راستەقینە بگا بەو مافانەی کە کوردایەتی و ئاشتی و ئازادیییە.

دەبێ دژبەرانی گشتپرسی بە ناوی ئازادی رادەربڕینەوە، درک بەم مەترسییە بکەن و لە باتی درێژەدان بەو هەڵەیە، دژی ئەم کولتوورە بوەستنەوە. داعش ئەگەر لە رەقە و مووسڵیش دەربکرێ، لە کوردستان بە تەواویی ریشەکێش ناکرێ، چوونکە بە ئاشکرا لە نێو کۆمەڵگای ئێمەدا بوونی هەیە و رۆژانە دەردەکەوێ. خەست کردنەوەی مانگی رەمەزان و بەڕێوەبردنی رێ و رەسمی عاشوورا و بۆنە ئایینییەکانی دیکە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەک و پەرەپێدان بە کولتووری داعش و جوندیلئیسلام لە کوردستان و تێکۆشانی ئاشکرای سەلەفی و ئیخوان و لق و پۆپەکانی ئەو تاریکخانەیە لە لایەکی دیکەوە، هۆکاری پەرەگرتنی ئەو جۆرە باوەڕە پڕ مەترسیدارەیە.

بۆیە لە گەڵ سەردانەواندن بۆ تێکۆشانی هونەری هەموو هونەرمەندانی کوردستان بە گشتی و نواندنی هونەری مووزیک و گۆرانی کچ و کوڕانی گروپی لوڕ بە تایبەتی، جارێکیتر بە جەختکردنەوە لە کوردبوون و خۆگرێدانەوەی تاکی کورد بە کولتووری پێشکەوتنخوازی سەردەم، داوا لە دەسەڵاتی کوردی دەکەم مشوورێک بۆ بەرەنگاربوونەوە و لابردنی ئەم کۆسپە بخۆن کە بەرۆکی کوردی بە تایبەت لە باشووری کوردستان گرتووە. سنوورێک بۆ دەربڕینی دووعا و نزای ئاسایی خەڵک لە گەڵ خودای خۆیان دابنێن و ئەو باوەڕە لە کولتووری پەروەردەی تیرۆر و تۆقاندن جیابکەنەوە.

داوا لە هونەرمەندان و رووناکبیران و تاکی خاوەنهەڵوێستی کورد دەکەم بە هەر شێوەیەک بۆیان دەلوێ دژی ئەم دیاردە دواکەوتووە تۆقێنەرە هەڵوێست بنوێنن و بێدەنگی بشکێنن!

قادرئەلیاسی، نۆروێژ،٩/٧/٢٠١٧

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی