Hoppa till innehåll
Hem » ڕاوێژی بێ دەستنوێژ (کەنەکە) وەک درۆ گەورەکەی نەتەوەییبوون!، نوری بێخاڵی

ڕاوێژی بێ دەستنوێژ (کەنەکە) وەک درۆ گەورەکەی نەتەوەییبوون!، نوری بێخاڵی

کەنەکە (کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان)، کە تەمەنی دامەزراندنی بۆ کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. دامەزراوەیەکی سیاسی پەکەکەیە،Nori-Bekhali

دروست لە ٢٤ی نیسانی ساڵی ١٩٩٩ لە ئەمستردام و بە چاودێری و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ئەو حیزبە دامەزرا. دامەزراوەیەکە هاوشێوەی دامەزراوە و گرووپ و ڕێکخراوەکانی دیکەی پاشکۆی پەکەکە، بە سیستەمی (هاوسەرۆکی) بەڕێدەدەبرێ.

لەکاتێکدا پەکەکە بۆ خۆی نەک هەر دەستبەرداری ئامانجی دەوڵەتی نەتەوەیی بووە و هەنووکە سەت و هەشتا پلە، پێچەوانەی دروشمەکانی لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوویەتی کە دەیگوت لە پێناو (کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ و ئازاد و دیموکرات)دا خەبات دەکەین، بەڵکو ئێستا بە کەمتر لە مافی ئۆتۆنۆمیش ڕازییە و هەر بیرکردنەوە و هەوڵێکی کوردانیش بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، بە دواکەوتوویی و پاشڤەڕۆیی و بەرهەمی ئیمپریالیزم دەزانێ، سەیرە دێ و وانەی نەتەوەیی بەوانی دیکە دەفرۆشێتەوە!

کاتێک پەکەکە ئەمە ستراتیژی بێت لە سیاسەت و خەبات کردن، نەک هەر سەیرە، بگرە درۆیەکی زۆر گەورەشە، ئەمڕۆ کەنەکە (کە لە بنەڕەتدا پەرلەمانی پەکەکەیە و هەر بەم ئامانجەش دامەزراوە، ئەگەر یادەروەریشم درۆم لەگەڵدا نەکات، سەرەتاکانی دامەزراندنیشی ناوێکی لە چەشنی پەرلەمانی مەنفای هەبوو!) بێت و خۆی لە خەڵکی کوردستان بکاتە ڕیش سپی بزووتنەوەی کوردایەتی و خۆی وەک پێشەنگ و خەمخۆری گوتاری نەتەوەیی نمایش بکات.

ئەو کۆنگرەیەی کە (کەنەکە) لە سلێمانی بە ناوی (ڕاوێژی نەتەوەیی) بە بەشداری پاشکۆ و سێبەرەکانی ئەنجامیدا، کۆنگرەیەکی بێ دەستنوێژ بوو، دەستنوێژی نەتەوەیی. ئاخر ددان نەنان بە ئاڵای کوردستان، خاڵیبوونی بەلاغی کۆتایی کۆنگرەکە لە پرس و بابەتی گەرمی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان، جگە لە سوکایەتیکردن بە شووناسی نەتەوەیی، هیچیی دیکەی لێ ناخوێندریتەوە.

ئەم کۆنگرەیە کە (کاوێژ) کردن بوو لەسەر ڕوانگە و بڕیاری پێشوەختەی پەکەکە دەربارەی زۆر پرس و بابەتی سیاسیی پەیوەست بە چارەنووسی کورد و بە ناوی (ڕاوێژ) ویستی دەرخواردی بەشداربووانی بدا، هەر زوو سیحرەکەی بەتاڵ بووەوە. کاریگەری و قورسایی بەشداربووانی کۆبوونەکە، بەڵگەیەکی ڕوون و رەوانی بەتاڵ بوونەوەی ئەو درۆ و سیحرەیە.

وێڕای ڕێزگرتن لە مێژوو و خەباتی ئەم حیزبە لە باکوور، بەتایبەتی خوێنی ئەو گەریلا کچ و کوڕە وڵاتپارێزانەی، گیان و خوێنی خۆیان کردە قوربانی دروشمی زلی یەک پارچەیی و سەربەخۆیی کوردستان، دروشمێک کە پەکەکە هەر زوو لێی پاشگەز بووەوە. وەلێ لە پەیوەست بە پرسی نەتەوەیی و بە خاوەن دەرکەوتن لە گوتاری نەتەوەیی، پەکەکە بەو ڕوانگە ئەنتی دەوڵەت نەتەوەیەی و بەو وەهمە زەبەلاحە بان ئینتەرناسیونالییەی (مەگەر بەردی گەورەی ثیشەنگی کردنی کۆنفیدراسیۆنی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵنەگرتووە؟)، دوا حیزبە بۆی هەبێ نازی نەتەوەیی بوون بەسەر خەڵکی دیکەوە بکات، چ جای سازیێکی وەک (کەنەکە) کە دامەزراوە و داردەستێکی بەرفەرمانی سیاسەت و ستراتیژ و بڕیارەکانی ئەو حیزبەیە.

کەنەکە ئەگەر لە خەمی یەکێتیی نەتەوەیی کوردان دایە، با لە حیزبەکەیەوە دەست پێ بکات، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە نموونەیەکی جوانی هاوخەباتی و یەکڕیزی نەتەوەیی نیشانی بەرامبەرەکانی بدات. ئەگەر دەوێرێ، با ئامۆژگاری پەکەکە بکات لەوەی دەست وەرنەداتە کاروباری پارچەکانی دیکەی کوردستان و بە قووت کردنەوەی هێزی سەیر سەیر، ڕێگا لە خەباتی هێزە ڕەسەنەکانی ئەم پارچانەی وڵات نەگرێ کە خاوەنی ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردن لەم بەشانەی کوردستان.

ئاخر کاتێک پەکەکە هێزەکانی دی بە دەستوەرادن لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و بوونی پاشکۆ و سێبەریان لەم دوو پارچەیە قەرزدار دەکاتەوە. لەبیری چووە، یان ڕاستتر لە بیری خۆی دەباتەوە، ئەوە پەکەکەیە داهێنەری ئەم تایپە لە هێزی پاشکۆ و سێبەر، ئەوە پەکەکە بوو کە لە بری ڕێزگرتن لە مێژوو و خەبات و قوربانیدانی باشووری کوردستان و ئیرادەی خەڵکەکەی و ڕۆڵی هێزە سیاسییەکانی لەناو بزووتنەوەی کوردایەتی و وڵاتپارێزیدا، هەموو دوو ڕۆژ و کەرتێک بەسەر ڕاپەڕیندا ڕەت نەببوو، هات و (پاک – پارتی ئازادی کوردستان)ی بە ڕووی هێزەکانی ئەم پارچەیە قووت کردەوە. ئیدی لە پزدانی (پاک)یشدا گرووپ و هێزی سەیر سەیری خستنەوە (یەکێتیی نەتەوەیی دیموکرات، پارتی چارەسەری و چی و چیتر). وەک چۆن کە هەستی کرد جارێکی دیکەش هاوئاهەنگیی خەباتی جەماوەری و پێشمەرگایەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتەو بووە و خەباتی چەکداری دژی ئاخووندەکان پەرە دەسەنێت، هات و پەلی بۆ ڕۆژهەڵات هاویشت و (پژاک و کۆدار و چی و چی دیکەی) لە بەرامبەر تیکۆشەرە ڕاستەقینەکانی ئەو پارچەیەی وڵات قووت کردەوە.

کاتێک (پەکەکە) لە ڕێگای (کەنەکە)وە ڕێزی لە ئاڵای کوردستان نەگرت، کە ئەنجامی کۆنگرە ڕاوێژییە کاوێژییەکەی، قسەیەکی خێری بۆ ئیرادەی خەڵکی باشووری کوردستان لە پەیوەست بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و مافی ڕەوایان لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان تێدا نەبوو، شوورەیێکی گەورەیە، ئەمڕۆ بێت نەک هەر خۆی وەک نوێنەری ڕاستەقینەی دۆزی نەتەوەیی و بزووتنەوەی کوردایەتی لە تەواوی کوردستان نمایش بکات، بەڵکو شەرم ئاوەریشە، خەڵکی دیکە لەسەر چییەتی و چۆنیێتی نەتەوەییبوون، ئامۆژگاری بکات.

سەرچاوە: باس نیوز