دوا دوو ساڵ لە پەکخستنی، پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە

رووداو – هەولێر
پەرلەمانی کوردستان بەکۆی دەنگ ئەنجامدانی گشتپرسی پەسندکرد و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە لە 25-9-2017 دا راسپارد.
دوای دوو ساڵ لە پەکخستنی، ئێوارەی رۆژی هەینی 15-9-2017 پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە و بە ئامادەبوونی 68 پەرلەمانتار و بە سەرۆکایەتیی جەعفەر ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا راسپاردەیەکی پێنج خاڵی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی گشتپرسی خرایە دەنگدانەوە و بە دەنگی 65 پەرلەمانتار پەسندکرا.
ڤالا فەرید، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان راسپاردەکەی خوێندەوە و خاڵەکانی بریتیبوون لە:
1- پەرلەمانی کوردستان کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی رادەسپێرێت رۆژی دووشەممە 25-9-2017 لە هەرێمی کوردستان و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا راپرسی بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدات.
2- پەرلەمانی کوردستان هەموو ئەو رێککارانە پەسەند دەکات، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی و گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان گرتوونیانەتەبەر بۆ سەرخستنی پرۆسەی گشتپرسی.
3- کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی سەبارەت بە میکانیزمە یاساییەکانی بەڕێوەبردنی پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، پشت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو دەبەستێت، هەروەها یاسای هەڵبژاردنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، ژمارە 4ی ساڵی 2014 و هەر یاسایەکی دیکەی پەیوەندیدار.
4- پەرلەمانی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرپشک دەکات بۆ گرتنەبەری هەر رێککار و بڕیارێک بەمەبەستی دەستەبەرکردنی مافی چارەنووس و تەواوی مافەکانی گەلی کوردستان، بەجۆرێک لە پرسی چارەنووسسازەکاندا بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیش رادەسپێرێ بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئەم لایەنانە.
5- ئەم راسپاردانەی لە خاڵەکانی سەرەوەدا هاتوون، تایبەتن بە گشتپرسی راگەیێندراوی 25-9-2017 .
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە فراکسیۆنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان (24 پەرلەمانتار) کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان (6پەرلەمانتار) فراکسیۆنی رافیدەینی ئاشووری (2 پەرلەمانتار) فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان (1 پەرلەمانتار) و فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی (1 پەرلەمانتار) دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح