Hoppa till innehåll
Hem »  وتارێک بۆ ڕاوێژی یەکیەتی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ستۆکهۆڵم، هادی سۆفیزادە

 وتارێک بۆ ڕاوێژی یەکیەتی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ستۆکهۆڵم، هادی سۆفیزادە

لەم ڕۆژانەدا دوکتور کامران مەتین لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی وتەی بیرمەدێکی چینی بڵاو کردبوەوە کە دەڵێ: ئەگەر هەم خۆت هەم دوژمنەکەت بناسی نابێ ترست لە ڕوبەڕوبونەوە هەبێ.

ئەگەر خۆت بناسی و دوژمنەکەت نەناسی بە پێی هەر سەرکەوتنێک تووشی شکستێکیش دەبیت بەڵام ئەگەر نە خۆت بناسی نە دوژمنەکەت ئەوە لە هەموو شەڕەکاندا تووشی شکست دەبیت. ئێمە ئەگەر لە بازنەی ئەگەری سێهەم واتە نە خۆمان بناسین نە دوژمن نایندا نەبین بە جورئەتەوە ئەتوانین بڵێێن کە دوژمنی خۆمان ناناسین. لێرەدا هەوڵ ئەدەم بە کورتی ڕوانینی خۆم بۆ چەن مژارێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرببڕم.

خاڵی لاوازی بزوتنەوەی ڕۆژهەڵات ڕوانینی ناوخۆییانە ( درون گرایانە ) بۆ کێشەکانییەتی. هونەری سیاسەت ئەوەیە کە تۆپ بخرێتە مەیدانی دوژمنەوەوو لە غەیری ئەوەدا دوژمن مەیدانداری مەیدانی شەڕ دەبێ، هەر وەک تا ئیستا لە کوردستان بووە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پوتانسێلێکی بەهێزی نەتەوەیی هەیە. کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاستێک لە گەشەی نەتەوەیی گەیشتوە کە پێویستی بە نوسخە پێچانەوە لە دەرەوە نییەوو کوردی تاراوگە دەبێ لە تواناییەکانی ناوخۆ تێبگەن.

هەڵکەوتەی جوغڕافیایی، فرە زاراوەیی ، فرە دینی، فرە حیزبی، پێوەندی کورد لە گەڵ نەتەوەکانی دراوسێ، پێوەندی لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندی ، جۆری پێوەندی لە گەڵ بەشەکانی دیکە کوردستان ئەو پرسیارانەن کە تا ئیستا هەڵسەنگاندنی جیددی بۆ نەکراوە.

ئێمەی کورد کەمتر بایەخمان بە ئاستی مێژوویی، دینی و کولتووری خۆمان داوە. بە باوەڕی من شوناسی فارس بە دینی شیعەوە گرێدراوە. تورک و عەرەب بە هەمان شێوە. بەڵام ئەو دینەی کە بۆ ئەوان بوەتە ناسنامە بۆ کورد بوەتە هۆی بێ ناسنامەیی. دین ڕاستەقینە و کولتووری واقعی ئێمە بە دینی ئەوان بەرەو نابوودی ڕۆیشتوە


هەڵبەت خاڵی هاوبەشمان لە گەڵ هەر کام لەو نەتەوانە هەیە. ئیشتراکی فەرهەنگی لە گەڵ فارس، ئیشتراکی دینی لە گەڵ عەرەب و ئابووری لە گەڵ تورک. هەر کام لەم مژارانه لێکدانەوەی وردى دەوێ و پێویستی بە کاتی گونجاو هەیە.

بە نیسبەت پێگەی ئێڕان لە بواری ژئوپولیتک و ژئۆئوکونومیکەوە خوێندنەوەمان لاوازوەوو زۆر جار توشی هەڵە دەبین. زۆر کەس و لایەن پێیان وایە ئێران وڵاتێکی لاواز و بێ توانایە. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئێڕان لە باری ژئوپولیتیکییەوە وڵاتێکی بە هێزە، قودرەتی مانۆڕی هەیە وهێژموونی خۆی بە سەر ناوچەکەدا داسەپاندوە. ئێڕان جگە لەوەی چەند وڵاتی ناوچەکەدا قسەی یەکەم دەکا، دوای دەورەیەکی پڕ کێشە لە گەڵ وڵاتی ئازەربایجان سەرئەنجام توانی بە تەوافوقێکی ٣ قۆڵی لە گەڵ ڕوسیە و ئازەربایجان ئەو وڵاتە وەک کریدۆرێکی ئابووری بە کار بێنێ تا دەستی بە ئوروپا ڕابگات.

هەڵبەت پانتای ژئوپولیتیکی ئێڕان مەترسیشی لە سەرەوو کەلێنی نێوان ئێڕان و وڵاتانی کەنداوو پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و دواڕۆژی سوریە لەو مەترسیانەن کە ئێران لە گەڵیان بەرەوڕووە. لە قۆناغی ئیستادا ئیسرائیل و سعودی و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی کە دوژمنی دێرینەی یەک بوون لە دژی ئێڕان یەکیان گرتوە.

یەک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێڕان هەرێمی باشووری کوردستانە. هەرێمی باشووری کوردستان مەیدانی ململانێی ئێران و تورکیەیە. سەرکەوتنی ئێڕان مەرگی سیاسی تورکیە بە حساب دێ و بە پێچەوانە سەرکەوتنی تورکیە مەرگی سیاسی ئێڕان. ئێران لە سەر دوڕێ یانێک قەراری گرتوە. قبووڵ کردنی مەسەلەی کورد یا خواردنەوە جامی ژەهر. بە پێی لێکدانەوەی نیزامی نێونەتەوەیی ئێڕان ناتوانێ دەرگاکانی خۆی بە ڕووی باشووری کوردستان دابخا چونکە دەستی لە باڵادەستی ناوچەکە کورت ئەبێتەوە.

برنامە اقدام جامع مشترک ( بەرجام ) ” گەورەترین مەترسی سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێرانە. ئێران دوو ڕێی لە پێشە یا ملکەچ کردن بۆ ئەنجامدانی ناوەرۆکی بەرجام یا خۆئامادە کردن بۆ گەمارۆی ئابووری و سەرئەنجام شەڕ. ڕێککەوتنی بەرجام تەنیا تەوافوق بۆ کۆنتڕۆڵی چەکی ئەتۆمی ئێڕان نییە بەڵکو بەرجام ڕێککەوتنێکی نێونەتەوەییە کە ١٨٠٪ لە گەڵ ئیدئۆلۆژی نیزام ناتەبایە. بە کورتی شانە خاڵی کردنی ئێران لە بەرجام بە مانای شەڕ و کرداری بوونی بەرجام دموکراتیزە بوونی ئێرانی بە دوادا دێت.

لە باری ژئوئۆکۆنومیکە ئێران لاوازە. ئێڕان نەیتوانیوە باڵانسی ژئۆئوکۆنومیکی خۆی لە گەڵ ژئوپولیتیک ڕابگرێ. مەحدود کردنەوەی ئێران لە هەناردەکردنی نەوت و گاز، تەحریمی ئەمریکا، قەیرانی ئاوو، فەسادی ناوخۆیی، زۆر عاملی دیکەی لەم چەشنە لەو لاوازیانەن کە ئێران دەست و پەنجەی لە گەڵ نەرم ئەکا و لە بازنەی ژئوئوکونومیکەوە خوێندەوەی بۆ دەکرێت.

لە باری کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵگای ئێڕان بە تەواوووی داڕماوە، دەسەڵات ئەگەرچی بەهێزە بەڵام کرمۆڵەی تێکەوتووەو تەنانەت مەترسی هەڵوەشانی ڕژیم لە ناوەوە وەک سۆڤیەتی پێشوو پێش بینی دەکرێ.

یەک لەو شتانەی کە ئێران بە جوانی یاری پێدەکا کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ئێڕانە. دەسەڵاتدارانی ئێران زۆر زانایانە بە بەرجەستە کردنەوەی مەسەلەی دابەش بوونی ئێران هێزە ئێرانییەکانی بە دژی هێزە نەتەوەییەکانی وەک کورد، تورک ،عەرەب و بەلووچ هان دەدا. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەو ڕاددەی کە ویستی سیاسی و نەتەوەیی نەتەوەکان بەهێز دەبێ، هێزە سیاسییەکانی ئێڕان زیاتر لە ڕژیم نزیک ئەبنەوەوو بونەتە پادۆی ڕژیم. ئەمڕۆ ئێمە تەنیا لە گەڵ ڕژیمدا بەرەوروو نین بەڵکو ئوپوزیسونی ڕژیم بە گوڕتر لە ڕژیم دوژمنایەتی نەتەوەکان دەکەن.

چەپی ئێرانی چونەتەوە داوێنی ناسیونالیسمی ئێرانی و بیرۆکەی سیاسی خۆیان لە بازنەی ئێڕانی بووندا دەبینێتەوە، هەر وەک چەپی کورد گەڕاوەتەوە باوەشی ناسیونالیزمی کوردی و چەپ بوونی خۆی لە مەیدانی کوردیدا درێژە پێدەدا ئەمە نیشان لە دابەش بوونی سیاسی ئێڕانە. بە باوەڕی من ئەوەی کە جارێکی دیکە حیزبێکی سەراسەری پەل و پۆ بۆ هەموو ئێڕان باوێژێ بە دووری ئەزانم. ئەوەی کە ئیستا ئێڕانی پێکەوە گرێداوە ـ نەک پێوەندی کولتووری و سیاسی و یەکیەتی ئارەزومەندانە ـ داپڵۆسین و پێوەندی ئیداری و ئابووریە. شەش مانگ ئازادی لازمە تا نەتەوەکانی ئێڕان حسابی خۆیان لە ناوەند جیابکەنەوە. ئەمڕۆ سنووربەندی نێوان نەتەوەکانی ئێران لە گەڵ نەتەوەی باڵادەست زیاتر لە هەر کات بەرین بوەتەوە.

وەک کۆتایی، کارێک کە لەم قۆناغەدا کورد دەبێ کاری بۆ بکا ڕێنووسی کوردی لە ئەلفوبێی عەرەبییەوەیە بۆ کوردی. سەرەتا ئەوە بڵێێم ئەزموونی چەندین ساڵەی ئەم جۆرە کۆبونەوانە زیاتر پێداگری لە سەر بەرەوو یەکیەتی نەتەوەیی بووە. پاشان یەکیەتی نەتەوەیی لە یەکخستنی حیزبەکان دا دەبیندرێ. ئەم کارە ئەگەرچی خراپ نییە بەڵام لە بیر نەکەین بەرەی کوردستانی پێویستی دەیەی شەستی هەتاوی بوو و ئیتر ئیستا مەوزوعییەتی نەماوەوو لایەنەکان هەرکام لە ماڵی خۆیانەوە دەتوانن بە بەلاتینی کردنی ڕێنووسی کوردی کۆردستان لە ناوەند جیا بکەنەوە


من لام وایە بە گۆڕینی ڕێنووسی زمانی کوردی لە ئەلفوبێی عەرەبییەوە بۆ لاتینی یەکیەتی نەتەوەیی بە دەست دێت و بە گۆڕینی ڕێنووسی کوردی بۆ لاتینی دەتوانین سنووری جوغڕافیایی خۆمان لە گەڵ ئێڕان جیا بکەینەوە، لە دونیای ئیسلام دوور بکەوینەوە، هەنگاوێک بە دونیای پێشکەوتوو نزیک ببینەوەوو لە هەمان کاتدا خۆمان لە گەڵ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کە بە لاتینی دەنووسن یەک بخەین و باشووری کوردستانیش ئاسانتر دەتوانێ پەیوەست بە پڕۆژە نەتەوەییە ببێت. خ

 

تێبینی: ئەم وتارە بۆ ڕاوێژی یەکیەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی سیپتامبر ئامادە کرابوو بەڵام بە هۆی کەمی کات مەجالی خوێندنەوەی نەبوو بۆیە بە باشم زانی لێرە بڵاوی بکەمەوە.