هەفتەیەک بوو، کە ساڵی خوێندنی تازە دەستی پێکردبوو.. لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتیدا بووین.. رۆژێک مامۆستای زمانی کوردیمان، ئەم پرسیارەی ئاراستەی هەموومان کرد:
حەزدەکــەن لە داهاتــوودا بـبن بە چـی..؟
رەنـگین: من حەزدەکەم ببم بە پزیشک.. بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشەکان بکەم.
شـڤان: من حەزدەکەم ببم بە ئەندازیار.. نەخشەی کۆشکی قەشەنگ و تەلاری بەرز و شەقامی بەرین و قوتابخانەی جوان بۆ کوردستان بکێشم.
مریەم: حەزدەکەم ببم بە مامۆستا، تا منداڵانی کوردستانمان فێری نووسین و خوێندنەوەیان بکەم.
جـوان: من زۆر حەزدەکەم ببم بە پارێزەر.. بۆ ئەوەی داکۆکی لە ستەملێکراوان بکەم.
دیـلان: من هەر لە ئێستاوە حەزدەکەم و دەمەوێت ببم بە رۆژنامەنووس.
جـوان: بەڵام دیلان چـۆن لە ئێستاوە دەبیت بە ڕۆژنامەنووس؟!
دیـلان: هاوڕێ خۆشەویستەکانم.. سەرتان سوڕنەمێنێ، ئەوەی بڕوای بە خۆی هەبێ و هۆش و تواناکانی بەکاربهێنێت و بیر لە داهێنان بکاتەوە و.. دان بە ئەستەمدا نەنێت. دەتوانێت نەک تەنها ببێت بە رۆژنامەنووس.. بەڵکو دەتوانێت بگات بە لای مانگیش.
مامۆستا(بە زەردەخەنەیەکەوە): دیلان قسەکانت لە قسەی رۆژنامەنووس دەچن..منیش هەمان پرسیارەکەی جوانت لێدەپرسم. چۆن لە ئێستاوە دەتوانی ببی بە رۆژنامەنووس؟
دیـلان ـ بە رێزەوە: مامۆستا گیان، گەر رێم پێبدەیت.. هەر ئێستاکە دەستی پێدەکەم و راستیی قسەکەمتان بۆ دەسەلمێنم.
مامۆستا: بەڵێ رێپێدراوی.. فەرموو دەستی پێبکە و بۆمانی بسەلمێنە.
دیـلان پێنووسيک و پەڕەیەک کاغەزی سپی بە دەستەوە گرت.. بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە.. ئەم پرسیارەی لە هـاوڕێکانی کرد: کوردســتان پەروەری بە لای ئێوەوە چی دەگەیەنێت..؟
جـوان: بە لای منەوە پێویستە لە ناخی دڵمانەوە، کوردستانی نیشتمانمان خۆشبوێ.
دیـلان: ئافەرین.. وەڵامەکەت زۆر راست و جوانە.. بەڵام نەک هەر بە قسە، بەڵکو پێویستە بە کردار، دڵسۆزی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان بسەلمێنین
هیـوا: پێویستە هەمیشە سروشت و ژینگە و سەیرانگاکانی کوردستانمان بپارێزین.
دیـلان: دەمخۆش.. ژینگەی پاک هێمایە بۆ گەلێکی پاکدۆست و بۆ نیشتمانێکی جوان.
ڤیـان: پێویستە ئەرکەکانی سەرشانمان بەرانبەر بە کوردستانمان.. جێبەجێ بکەین.
دیـلان: راستە لە پێشا ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین.. ئینجا داوای مافەکانمان دەکەین.
دیاکۆ: پێویستە هەموومان پارێزگاری لە خاکی پیرۆزی کوردستانمان بکەین.. شانازیش بە خۆڕاگریی پێشمەرەگە دڵسۆز و قارەمانەکانمانەوە بکەین.. بە ئەوپەڕی رێزیشەوە یادی شەهیدە نەمرەکانمان بکەینەوە و، سەری رێز و نوازشیان بۆ دانەوێنین.
دیـلان: هەر بژی دیاکۆ گیان.. بەرگری و پارێزگاریکردن لە کوردسـتانی شیرینمان.. ئەرکێکی پێویست و زۆر پیرۆزی ئەستۆی هەموو کوردستانییەکی دڵسۆز و کوردستان پەروەرە.. پێشمەرگەش سۆپا کوردستانە و تاجی سەرمانن، شەهیدانیشمان بە خوێنی ئاڵیان سەرکەوتنەکانیان تۆمارکردن.. ئەوان لە هەموومان بەخشندەتر و شکۆدارترن.
مامۆستا زۆر گەشایە و چەپڵەیەکی قایمی و درێژی بۆ لێداین و.. وتی: هەی ئافەرین دیلانی رۆژنامەنووس.. هەی ئافەرین قوتابییە زیرەکەکانم، بۆ وەڵامە زۆر جوانەکانتان. بۆ هەستی پاک و کوردستان پەروەریتان.. زۆر دڵخۆشتان کردم.. گەشبینم و دڵنیام کە لە سایەی کۆشش و ژیری و زیرەکی و دڵسۆزی و بلیمەتیی ئێوەی نەوەی داهاتوومان. داهاتوویەکی گەشتر و خۆشتر بۆ کورد و کوردستان دێنەدی.. هیـوای ئەوەشتان بۆ دەخوازم، کە هـیوا و حـەز و خەونەکانتان بێنەدی.
نەرویــج :