Hoppa till innehåll
Hem » بۆ دەرباز بوون بە کورتی ۲ ، ئەلبورز ڕۆئین تەن

بۆ دەرباز بوون بە کورتی ۲ ، ئەلبورز ڕۆئین تەن

مێژوو تۆمار بکەین

بێ گومان لە کات و ساتی هەستیار و چارەنوس ساز دا ئەوە هەڵبژاردنەکانن کە دەتوانن چارەنوس بگۆڕن و مێژوو تۆمار بکەن.

albors-rointan
ئەلبورز ڕۆئین تەن

ئەو هەڵبژاردنانە چ بە ئەرێنی و چ بە نەرێنی کاریگەریان لە سەر داهاتوو دەبێت، واتە ئەوە هەڵبژادنەکانی ئێستای ئێمەن کە داهاتوو دروست دەکەن.

ئەو پڕۆسەیە لە ژیانی کەسی و ڕێکخراوەی دا سەلمێنراوە، بەو جیاوازیە ئەگەر لە ژیانی کەسی دا کواڵێتی هەڵبژاردنمان باش نەبێ خۆمان و ئەو پەڕەکەی دەورو بەرمان زیان دەکات. بەڵام لە لە ژیانی ڕێکخراوەی دا بەتایبەت ئەگەر بڵێین ڕێکخراوەیەکی وەک حیزبی ئێمە کە چارەنوسەکەی بە شۆڕشی ڴەلێکەوە گرێداروە ئەگەر هەڵبژاردنمان باش نەبێت ئەوا کاریگەری لە ژیان و چارەنوسی شۆڕشێک دادەنێت.

لەو سۆنگەیەوە لە حیزبێکی دێموکرات دا سەرەڕای ڕووی ڕەخنە و داخوازیەکان لە ڕێبەریە، بەڵام بەرپرسیارەتی سەرەکی لە سەر دەنگدەران و ئێمەمانانە چونکە ئەوان هەڵبژێردراوی ئێمەن.

دەبێ قەبوڵ بکەین بەو شێوەیە لە باشیەکان و کەمترخەمیەکان ئەگەر بە ئەندازەی ڕێبەرایەتیش نەبێت بەڵام دیسان هەر بەرپرسیارن. چونکە هەموو ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئێمەن. لەوانەیە ئەوە ڕێژەی نیسبی هەبێت بەڵام ناکرێت حاشا لە گرنگی هەڵبژاردنەکانمان بکەین.

بۆ بەرز کردنەوەی کواڵێتی هەڵبژاردنمان فاکتەرگەلێکی جیاواز کاریگەرن لەوانە یاسا و ڕێسای هەڵبژاردن و پێگەیشتووی سیاسی و زانستی دەنگدەران و هەبوونی کاندیداو کەسی پسپۆڕ و لێهاتوو.

 بەڵام پێم وایە لە قوناغی ئێستا دا هەڵسوکەوتی ئێمەمانان (بەدەنە) کاریگەریەکی زۆری هەیە، بۆ ئەو بابەتەش ئێمەمانان دەبێ بەو پێوەرەی کە ڕێبەری نەمر دکتۆر قاسملوو لە سەر چۆنیەتی کادری حیزب کردویەتی بجوڵێینەوە.

 

دکتۆر قاسملوو ئاوا لە سەر کادری حیزب دەڵێ:

 ”کادری ئێمە هەموو وردەکاریەکانی تێکۆشانی ڕۆژانەی لە سەرەوەڕا بۆ دیاری ناکرێ چونکە ئینسانێکی سەربەخۆیە، دەبێ فکر بکاتەوە خەلاقیەت و لێشاوەیی خۆی وەگەڕ بخات، ئیبتکار بنوێنێ. کارەکانی لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئورگانی خۆی جێبەجێ بکات

واتە دەبێ ئینسانێکی سەربەخۆ بین لە بیرکردنەوەو هەڵبژاردن دا، دەبێ هەر چاومان لەوەی نەبێ کە بزانین  سەروە چ نوسخەیەکی پێیە بەڵکو ئێمەش خاوەن پڕۆژەو بیر کردنەوە بین، دەبێ فێر بین سەرەڕای هەر جیاوازیەک و بەرژەوەندیەک پاڵپشت و دەوڵەمەند کەرەوەی پڕۆژەو بیرۆکەکان بین، دەبێ بە ئستیدلاوە خاوەنی هێزی دەڕبرینی بیرۆکەی خۆمان بە ئەرێنی یا نەرینی لە سەر بابەتەکان بین. هەمووی ئەوانەش لە چوارچێوەی یاساو ڕێسا دا ئەنجام بدەین و بەرینە پێش.

خاڵێکی تری گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئێمە دوبارەکردنەوەی هەڵەی ڕابردوویە، واتە دەبێ چاو کراوە بین ئەگەر دڵنیاین و زۆر ڕوون ئاشکرایە کە هەڵبژاردنی هاوڕێیانمان لە ساڵەکانی ڕابردوو نەیتوانیوە چاوەڕوانیەکان جێبەجێ بکات یا خەسارەکان بڕەوێنتەوە یا بۆ سەردەمانێک زۆر باش و بۆ ئێستا وەڵامدەرەوە نیە دەبێت بە هەند وەربگرین کە هەمان هەڵە دوپات نەکەینەوە. هەمیشە شانسی نوێ و مەنتقی تاقی بکەینەوە بۆ گەیشتن بە لوتکەی سەرکەوتن.

ئەگەر هەڵبژاردنی ئێمە کاریگەری لە سەر داهاتووی شۆڕش دەبێت کە واتە بۆ هەر هەڵبژاردنێک کە دەکەین بەرپرسیارەتی خوێنی هەموو شەهیدان، شەونخونی و خەباتی شۆڕشگێڕان، ئاوارەی و کۆڵەواری ئازادیخوازان، قارەمانێتی و قوربانی پێشمەرگەکان، بەخت ڕەشی چواردەملیۆن کوردی ژێر دەستەی داگیرکەر، داهاتووی نەوەکانی ئێمە و ڕزگاری کوردستانی ڕەنگین و داگیرکراومان لە سەر شان بێت و وەک داوەری ویژدانی ئێمە کاریگەر بێت.

لە بیریشمان نەچێت سەرەڕای هەموو شتێک لە کۆتایی دا دەبێت ڕێز لە هەڵبژاردنی زۆرینە بگرین و ببین بە پاڵپشت و پشتیوان بۆ سەرخستنی شۆڕش.

بەو شێوەیە له کاتی هەستیار دا دەبین بە خاڵی وەرچەخان و گۆڕانکاری پۆزتیو، مێژوو تۆمار دەکەین، چونکە هۆکاری خاڵی وەرچەرخان بووین.

 

ئەلبورز ڕۆئین تەن

2017/12/19