"an independent online kurdish website

 بە پێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، 2 هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری پیرانشاریان، بە تۆمەتی هاوکاری کردن لە شەڕ و تێکەڵچوونی پێشمەرگەکانی شاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە هەمبەر هێزەکانی سپای پاسداران لە گوندی “زێوەی” ناوچەی پیرانی پیرانشار دەسبەسەر کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەرفرانبار،  “ناسیح خالیدی” تەمەن سی ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو مناڵ خەڵکی شاری پیرانشار، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ناسیح خالیدی فەرمانبەرە و لە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کار دەکات و هێزە ئیتلاعاتییەکان بە زۆر دەسبەسەریان کردووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی بەشداری و هاوکاریی لەگەڵ پێشمەرگەکانی شاری حدکا لە شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران تاوانبار و دەسبەسەر کردووە.

 

هەروەها بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووش، ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد خەڵکی شاری پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە دەستبەسەرکراوە بە ” محەممەد ئیبراهیمی” تەمەن 50 ساڵ کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی”کۆنەلاجان”ی پیرانشار ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەکیان لە مەڕ تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی محەممەد ئیبراهیمی نییە و بێ ئاگایی خۆیان لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراو دەربڕیوە.

دەوترێ، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران لە شەڕ و تێکەڵچوونی پێشمەرگەکانی شاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سپای پاسداران لە گوندی “زێوەی”ی شاری پیرانشار دەسبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٥٠ ساڵە چەند کاتژمێرێک پێش لە شەڕ و تێکهەڵچوونی”پێشمەرگەکانی شاری” سەر بە حدکا لەگەڵ سپای پاسداران دەستبەسەر کراوە.

 

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ١٦ی بەفرانبار، مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتلاعات لە لێدوانێکدا، لە ڕێورەسمی سەرەخۆشی سێ کەس لە کوژراوەکانی پیراشار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە شاری ورمێ ڕاگەیاند: بە زووترین کات سەربازانی ئیمام زەمان وڵامی توند بە گرووپە دژبەرەکانی حکوومەت لە ناوچەکە دەدەنەوە.

 

 بابەتی پەیوەندی دار

وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران هۆشداری دەداتە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

تێکهەڵچوون لە ناوچەی پیرانی سەر بە پیرانشار هاتە ئاراوە و حدکا کورتە فیلمێکیشی بڵاو کردەوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی