"an independent online kurdish website

بە درێژایی تەمەنی کۆماری تورکیە (١٩٢٣) نێوان ناخۆشیی تورکیە و ئەمریکا بەو ئاستەی یەک دوو ساڵی ڕابردوو نەگەیشتووە. لەم نێوان ناخۆشیە دا  بە سروشتی هێز و دەسەڵاتی ئەمریکا لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری،  دیپلۆماسی ،نیزامی و هێژموونیی بە سەر ڕێکخراوە نێونەوەییەکان دا  بە جۆرێکە کە زۆرترین زیان بە تورکیە بگات .

تورکیە ئابوورییەکی جێگیری نیە، دوای ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ هێزی نیزامی و ئەمنیی زۆری لە دەست داوە و دڵنیاییەک جارێ لە نێوان دەسەڵات و ئەو هێزانە دا نیە، تاوانبارە بە هاوکاریی ڕێکخراوە تێرۆرییستیەکان، لە ناوخۆی وڵات دا حیزبی دەسەڵاتتدار سیستەمی ئیدارەی وڵاتی لە پارڵەمانی یەوە گۆڕیوە بە سەرۆکایەتی و بەرەو دیکتاتۆریی فەردی دەچێ. تورکیەیەک کە لە ڕووی ناچاری یەوە پەنای بۆ دوژمنە دێرینەکەی واتە  ڕووسیا بردووە ، بۆتە هاوپەیمانی ئێرانێکی مەنفوور، عێراقێکی هەڵوەشاوەی ژێر دەستی ئێرانی ئەمڕۆ ، لەگەل دۆستە دێرن و هاوکارەکەی ئیسرائیل تا ئاستی قەتعی پەیوەندییەکان چووە، عەرەبستانی سعودی و کوەیت و ئیمارات کەمترین پەیوەندیان پێوە هەیە. لە ناوخۆدا بەشێک لە شارەکانی کوردستانی وێران کردووە ، دەیان هەزار موخالیفی دەسەڵاتی تاکڕەوانەی ئەردۆغان ، و ژنرال و ئەفسەر و کارمەندی هێزە نیزامی و ئەمنیەکانی وڵات،  و مامۆستا و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتوان لە زیندان دان.

ئەگەر چاو لە دۆخی ١٥ ساڵ دەسەڵاتی ئەردۆغان و حیزبەکەی لە تورکیە بکەین، جگە لە چەند ساڵی هەوەڵ کە لە بواری ئابوورییەوە هیندێک پێشکەوتنی هەبووە، بەردەوام لە ئاستی نێونەتەوەیی دا وەک دۆڕاو دەرکەوتووە و تەنیا  تۆنی دەنگی ئەردۆغان فەرقی کردووە. ئێستا لە ژێر کاریگەریی ئیسلامگەرایی ئەردۆغان و حیزبەکەی دا تورکیە بۆتە مەیدانێکی ئاوەڵا و پردی نێوان تاقمە ئیسلامگەراکان  و ئەوان داڵدە دەدات، پەروەردەیان دەکا و لە جیهانی ئیسلامی دا بڵاوەیان پیدەکا.

ئەوەی کە دەیبینین ئاکامی کەلەشەقیی ئەردۆغان و هزرە ئیسلامگەراییە توندئاژۆکەیەتی بە کراواتەوە. ئەو توندئاژۆیەی ئەردۆغان بۆتە هۆی ئەوە کە دەوڵەتی تورکیە لەگەل زۆربەی وڵاتانی ئۆرووپایی و یەکیەتی ئۆرووپا کێشەی هەبێ. لەگەلیان ناکۆک و ناتەبا بێ، توجارەتیان لەگەل نەکا. لەگەل ناتۆ تا ئاستێک ناتەبایە کە تەنانەت لە مەشقێکی سەربازی لە نۆروێژ وێنەی ئەردۆغان و ئاتاتورک وەک سیبل دانرا بۆ نیشانە گرتن کە ئەوە واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ئیدی تورکیە لە ناتۆش هیزی جارانی نیە.

ئیستا تورکیە لە ئەندامەتیی ئۆرووپا کە خەونی دەیان ساڵەیان بوو بەهۆی کەلەشەقیی ئەردۆغانەوە بۆوە بە خەونی ئەبەدی. لەگەل ناتۆ ناکۆکە، لەگەل ئاڵمان کە زۆرترین خەڵکی تورکیە لەو وڵاتە دەژین و  بەشێکی گرینگی بازاڕی ئاڵمان لەدەست ئەواندایە  پەیوەندیان لە ئاستی هەرە نزمی خۆیدایە. لەگەل فەرانسە و هۆلەندا بە هەمان شێوە و لە ڕووی ناچارییەوە دوای ٦٠ ساڵ ئەردۆغان سەردانی یوونانی کۆنە دوژمنیان دەکا.

لە جەریانی گشتپرسیی باشووری کوردستان دا ئەردۆغان و حیزبە دەسەڵاتدارەکەی ببوون بە هاوپەیمان و بگرە ئاڵاهەڵگری ئێران و عیراقی هەڵوەشاوە و تەنانەت ڕێژیمی نیوەگیانی سووریە بۆ دژایەتیی گشتپرسی. ئەردۆغان وایدەزانی کە دوای داگیر کردنی کەرکووک نەوتی ئەوشارە بەردەوام لە بەندەری جەیهانەوە دەفرۆشرێ و سوودی بۆ تورکیە دەبێ. ئەوە دەبینین کە لەو موعاملەیەشدا سەری ئەردۆغان بێ کڵاو مایەوە و ئێران بووە بە خاوەنی نەوتەکە . هەروەها ئەردۆغان لە سووریە کەوتە سەنگەری ئێران و ڕووسیە بە مەبەستی سەرکوتی کوردی ڕۆژئاوا و ناڕاستەوخۆ بوو بە هاوپەیمانی ئەسەدیش. کەچی ئەوە دەبینین لەوێشدا دیسان سەری بێ کڵاو مایەو ە وپەنای بردۆتەوە بەر هەڕەشە لە ئێران و ڕووسیە. سەفیری ئێران و ڕووسیە لە تورکیە بانگهێشتی وزارەتی دەرەوە دەکرێن  و پێیان دەڵێن:قەرار نەبوو ناوچە ئارامەکان بکەونە بەر هێرشی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی و قەراریش بووە دەستی ئەرتەشی تورک ئاوەلا بێ بۆ هێرش کردنە سەر عەفرین و  باقی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیزنی بەشداری بە لایەنە کوردییەکان نەدرێ بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ڕێژیمی ئەسەد.

بەو چەند نموونەیەی سەرەوە دەبینین کە لە دەستدانی دۆستایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل دا تورکیە تووشی هەڵە دەبی و سەر بە هەموو کون و کەلەبەرێک دا دەکا و خۆی بە دار و دیوار دەکێشێ بۆ دەرباس بوون لە خنکان. ئەوە لە ماوەیەکی کورتی ٤ مانگەدا ٢ جار سەری ئەردۆغان بێ کڵاو مایەوە  و ئێران لە دوو مەوریدی زۆر پڕ ئۆمێد بۆ ئەردۆغان دا زیرەکانە ئەوی فرێو دا بۆ مەبەستی خۆی. هەم لە سووریە و هەم لە عێراق بەس ڕیسوایی بۆ ئەردۆغان و حیزبەکەی مایەوە.

لە ناوخۆی تورکیەش دا ئەردۆغان و حیزبەکەی خەریکە  ئۆمێدیان نامێنێ بۆ ئاسۆکەیان کە ٢٠٢٣ یان وەک لووتکەی دەسەڵاتی خۆیان داناوە و دەیانەوێ ببنە قارەمانی سەدمین ساڵی کۆماری تورکیە. بە پێێ هەموو ڕاپرسییەکانی ناوخۆی تورکیە، جەماوەری ئەو حیزبە زۆر لە کەمیی داوە و بەدووری نابینن کە ئەردۆغان لە دەوری دووهەم دا بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵنەبژێردرێ.

نفووزی ئەردۆغان و حیزبەکەی لە باکووری کوردستان

 لە چەند قۆناغ و هەنگاو دا ئەردۆغان و حیزبەکەی لە باکووری کوردستان بەردیان هەڵگرت و لە ئەژنۆی خۆیان دا.

یەکەم: لە بار بردنی هەوڵی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە دان و ستانەکان و تەجرید خستنە سەر ئۆجەلان کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە.

دووهەم: دەستپێکردنی شەڕ ،گرتن و ڕاوەدوونان لە کوردستان.

سێهەم : هەڵگرتنی پارێز بەندی لە سەر پارڵەمانتاران بەمەبەستی زیندانی کردنی پارڵەمانتارانی کورد کە ئێستا زیاتر لە ١٠ پارڵەمانتاری کورد بە سەرۆکی هەدەپیشەوە لە زیندانن.

چوارەم: پشتگوێ خستنی ئاوەدان کردنەوە و قەرەبووی شار و ناوچە وێرانبووەکان.

پێنجەم: لابردنی بەشێکی زۆری سەرۆک و ئەندام شارەوانیەکانی کوردستان بە تاوانی ئەندامەتیی پ ک ک  و دانانی قەییووم( تۆ بخوێنە بەکرێگیراو) لە جێی ئەوان.

شەشەم: دژایەتی کردنی گشتپرسیی باشووری کوردستان بەو حەجمە بەرینە.

بە ئیعترافی هەموو لایەک لە تورکیە و لە دەرەوەی تورکیەش لە تەواوی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٢ تا ئێستا  ئەردۆغان و حیزبەکەی بە دەنگی باکووری کوردستان بوونەتە دەسەڵات و بە سەر ڕەقیبەکانیان دا سەرکەوتوون. لە ماوەی نێوان هەڵگیرسانی شەڕ لە باکوور لە ٢٠١٥ تا کۆتایەکانی کانی ٢٠١٦ بەهۆی هەڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان نفووزی ئەردۆغان لە کوردستان کەمێک چووبووە سەرەوە، بەڵام بە گرتنی دەمیرتاش و دەستکاریی شارەوانیەکان و دژایەتیی گشتپرسیی باشوور ڕیسەکەی کردە خوری. هەڵبەت لە چوونە سەری دەنگەکانی ئەردۆغان لە باکووری کوردستان لەو ماوە کورتەش دا هەرێمی کوردستان و  بە دیاریکراویش پارتی دێمۆکراتی کوردستان بێ کاریگەری نەبوو.

ئێستا تەقریبەن دوورە دیمەنێکی شکست خواردوو لە دەسەڵاتی ڕەها و تاکڕەوانەی ئەردۆغان و حیزبەکەی دەبیندرێ کە ئیدی ئەردۆغان نەتوانێ خاوەنی دەنگی زۆرینە بێ لە تورکیە دا.

سروشتی سیاسەتی تورکیە وایە هەر حیزبێک کە تازە دێتەوە مەیدان  نەک زۆرینە بەڵکوو دەبێتەوە زۆرینەی موتلەقی دەسەڵات و لە دوای دوو ، یان سێ دەور ئەو حیزبە تەنانەت ناچار دەبێ خۆی هەڵبوەشێنێ. نموونەش مان زۆرە لە تورکیە: anap, dyp,shp, chp, mhp, dtp, selamet,sp,dsp

هەمووی ئەو حیزبانە هەرکامەی کاتی خۆی وەک ئاکەپەی ئێستابوون و لە نیهایەت دا یان نەماون، یان وەک جەهەپە و مەهەپە لاواز و بێ دەسەڵات بوون.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی