Hoppa till innehåll
Hem » پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی دایک لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەکەم، حەمە حەریری

پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی دایک لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەکەم، حەمە حەریری

ئەمن بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایک ڕێز وخۆشەویستیم پێشکەشی گشت زمانەکانی سەر گۆی زەوی دەکەم و ئاواتە خوازم ھەموو زمان و زاراوەیەکی ئەم دنیایە پارێزراو بن

و پەرەیان پێبدرێ و گەشە بکەن و ھیوادارم پارێزەران و لێکۆرەوانێی زمانی دایک  ھەردەم لەش ساغ و دوور  لە کەند وکۆسپ بن بۆ زیاتر  ناساندنی نرخ و گرینگی و کەڵک و قازانجەکانی زمانی دایک.

توڕەم و لە ناخەوە گلەیی و گازەندەم لە پارێزەرانی نێودەوڵەتیی زمانی دایک ھەیە کە تا ئێستا نەیانتوانیوە سکاڵایەکی  پێداگرانە لە دادگای نێودەوڵەتی لەو ڕژێمانە بکەن کە ھەم بوونەتە ھۆی تۆانەوەی  ئەو زمان و زاراونەی کە ھەبوون و نیزیک لە ناوچونی بە تەواوەتین و ھەم ئەو زمانانەی  کە تا ئێستاش نایەڵن پێی بخوێنن و بنووسن وپەرەیان پێبدەن .

جا بۆیە لێرەدا جێی خۆیەتی دەست و قەڵمی تێکڕای نوسەر و ئەدیب و شاعیر و کەسایەتییانە ماچ کەم کە لە کوردستان نایەڵین زمانی کوردی لە ناو بچی و بگرە قوربانیشی لە پێناو دەدەن.

داگیرکەرانی کوردستان ھەمێشە بونەتە لەمپەرێکی بە ھێز و دڕەندەیەکی بێ ھاوتا بۆ سەر زمان وکلتور وفەرھەنگ و خاکی کوردستان و چاویان بە بوونی نەتەوەی کورد ھەڵنایێ و نەتەوەکانی فارس وتورک و عەرەبیش مخابن بە درێژایی مێژوو مخابن بێجگە ھێندێکی زۆر کەمی نوسەر و زانای ئەو نەتەوانە ھەرگیز  جارەکی نە پرسیاریان لە خۆیان کرد و نە حکومەتەکانیشیان کە بۆ چی  مافە فەرھەنگی وکۆمەڵاتیەکانی نەتەوەکانیتر سەرکوت دەکەن؟

تەنیا دەبی زمانی فارسی و عەرەبی و تورکی  زمانی رەسمی  بێت. زمانەکانی دی دەبی کفن ودفن بکرێن.

ھەر بۆیە کوردێکی وەک منیش بڕوای وایە ئەم دنیایە بە ھەموو ڕەنگ ودەنگ و  بەرگێکەوە  رەسەن وجوان و  بێ  کەم وکوڕیی و تەواوکار ی یەکترین و ئەگەر وانەبی . مرۆڤەکان  پێشێلی  تەواوی بەھای مرۆڤایەتیان کردوە و ئەم دنیایە جێی ھەموو بوونەوەرێکە و مرۆڤیش کە گیانلەبەرێکی بە بیرە، دەبی ویژدان وئەخلاقی  مرۆڤایەتیش وەکو بناخەیکی نەگۆڕ   وھەڵچنین و فراوان کردنی ئازادی بۆ گەشە سەندەنی ھەموو بوارەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوایەتییەکان لە بیر بی و بۆی تێبکۆشێ..، نەک وەک ئەو ڕۆی کە بێجگە لە داپڵۆسیینی مرۆڤایەتی  ،ھیچ ھونەرێکی دیکە لەو دەوڵەتانە بەدیی ناکەی .

جارێکی دیکە پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی دایک لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەکەم و ئاواتە خوازم ھیچ زمانێک لەم دنیایە دا  ویشک نەکرێ و پاراو  و پڕ پیت بێ لە ڕەسەنایەتی نەکەویێ.

حەمە حەریری

20.02.2718  کوردی