"an independent online kurdish website

ئاخەر ئۆخری بەهاری ساڵی ١٩٩٣ لە کەناورێ کە ئەوکات بنکەی هێزی ئاربەبا و کۆمیتەی شارستانی بانە لەوێ بوو، بە بڕیاری کۆمیتەی شارستان دەبا تیمێکی ٦ کەسیی کادری تەشکیلات بڕۆینەوە ناوچە تا هەم سەرلەنوێ سەردانی ئەندامانی حیزب بکەین و هەمیش زانیاریی پێویست لە سەر وەزعی ناوچە و هێزەکانی ڕێژیم کۆبکەینەوە تا ئەوەی کە هێزیش بێتەوە ناوچە و بە یەک بگەین بۆ دەستپێکردنەوەی فەسڵێکی نوێ لە تێکۆشانی سیاسی، تەشکیلاتی و نیزامی لە ناوچەی بانە .

کادرەکان ئەمانە بووین: محمد کۆخانی بەرپرسی تیم، ڕەحیم پەڕشەی، جەماڵ دەرویشی، عەلی خاڵدار، سەلاح ، و من. جالبیەکەی ئەوە بوو کە محمد، ڕەحیم و جەماڵ خەڵکی بانە بوون، من خەڵکی شیمال، عەلی خەڵکی سەقز و سەلاح خەڵکی بۆکان بوو.
ئەوەی لە بیرمە لە سووراو و سارداو ڕا واریدی ناوچە بووین و یەکەم ئاوایی کە سەردانمان کردن کرتەڵ و باشان باشوان بوون. لە جەولەیەکی خێرا دا گەیشتنەوە مەیدانان و حەفتەوانە.سەردانی بەشێکی زۆری ئاوایەکانمان کرد و سەردانی ئەندامانی حیزب ، وەرگرتنی زانیاری و نیشاندانی حوزووری خۆمان بە سەرکەووتوانە دەچووە پێش. ڕۆژێکیان پەیامێک لە ڕادیۆ خۆشەویستەکەمان، دەنگی وکردستانی ئێران بڵاو بووە کە ڕۆژ و کاتی دیاری کردبوو بۆ تەماسی بێسیمی. ئەوەبوو لە کاتی خۆی دا هەڵکشاینەوە بەرزایەکانی پشتی سووتوو_ بەردەڕەش و هاوڕێیانی دیکەشمان هاتبووە چیای گمۆ کە دەکەوێتەوە سنووری ناوچەی هۆملی سەردەشت. پەیوەندیمان گرت و ئەوان ئامادە بوون کە بێنەوە ناوچە.
بەرنامەیان ئەوەبوو کە بەلای ئاڵۆت ڕا وارید بن، بۆیە ئێمەش بە پەلە خۆمان گەیاندەوە کۆخەکانی ئاڵۆت کە وابزانم ٢ شەوی پێچوو تا گەیشتینەوە ئەو نوقتەیە و شەوی دواتر هێز هات و لە کۆخی کولێنان یەکترمان گرتەوە کە بەرپرسی گشت کاک عەلی عەزیزی بوو. ئەو ڕۆژە لەوێ بووین و ڕۆژی دوایی چووینەوە چۆمی سارتکێ. ئەو ڕۆژە ڕاست ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ چوارەمین ساڵی تێرۆری ڕێبەری ناودار کاک دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی بوو.
ئەوکات هیچ کاناڵێکی سەتەلایتی کوردی نەبوو، تەنیا لە باشووری کوردستان حیزبەکان کاناڵی ناوخۆیی یان هەبوو. لە نێو ەئو کاناڵانە دا کاناڵی گەلی کوردستان هەم بەرنامەی باشی هەبوو ، هەم بەقوەتتر بوو کە لە ناوچەی بانە و بەشێکی سەردەشت و ڕەبەتیش بە ڕاحەتی دەتوانرا چاوی لێ بکرێ. چوونکی وابزانم لە ئانتینی کاناڵی پێشووی تەلەویزیۆنی موجاهیدین کەلە سەر ئەزمەڕ بوو کەلکیان وەردەگرت بۆیە شەپۆلەکانی بەهێز بوون.
ئاگاداری ئەوە بووین کە کاناڵی گەلی کوردستان بەبۆنی چوارەین ساڵی تێرۆری ڤیەن بەرنامەی هەیە.من چووم کاک عەلی عەزیزی فەرماندەری هێز و چەند کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی شارستان پێکەوە دانیشتبوون چایان دەخوارد. داوام لە کاک عەلی و ئەوان کرد کە ئەمڕۆ هیندێک زوو بچینەوە ئاواییەک تا بەرنامەی کەناڵی گەلی کوردستان تەماشا بکەین. دیارە سوپاس هەم کاک عەلی و هەم باقی هاوڕێیان داواکەی منیان قەبووڵ کرد. دەوروبەری سەعات ٣ی دوانیوەڕۆ بوو کە حەرەکەتمان کرد بەرەو گوندی بەنەژاژ. هەورازێکی درێژ بوو و هەواش زۆر گەرم.
کاتێک گەیشتینەوە قەراغ دێ ٢ ئەسپی بارکراو لەگەل خاوەنەکانیان لە کۆنە پایەگایەک دا ڕاوەستا بوون. ئەوەی لە بیرم بێ ٤ کەس مان بەرەو ئەو دوو نەفەر خاوەن بارەکان چووین تا بزانین کێن؟ کاک ڕەحیم شانزدە، کاک ڕەحیم زەرواوی ، کاک فادل بێگزادە کە ەئویش وەک بەرپرسی دەستەیەکی یەکیەتیی لاوان هاتبوو و من. کە چووینەو ەلایان دیتمان ئەوان کاک ڕەحیم شازدەیان ناسی . چوونکی یەکێک لەوان ماوەیەک پێشمەرگە ببوو.
دوای چاک و چۆنی گوتیان باری ئێمە ئابجۆیە و ئەوە کارتۆنێک مان لە بەردەست داناوە بۆ خواردنەوەی خۆمان، ئێوە هەڵیگرن بۆ خۆتان. کارتۆنەکە زۆر بوو و بۆمان هەڵنەدەگیرا ، هەرکامە لە ئێمە ٢ دانەی هەڵگرت و خوا حافیزیمان لێکردن. هەمووی ١٠٠ میترێک لەوان دوور نەکەوتبووین تەماشام کرد ئەوە خاڵە سەعید و کاک جەماڵ و ئەوان خەریکن دابەشی نێو ئاوایی دەبن، کەچی ئەولاتری ئەوانیش هیندێک چەکداری دیکەش خەریکی دابەشبوون بە سەر ماڵاندان.
گوتم کاک ڕەحیم ئەدی ئەوانە کێن دابەش دەبن؟ ئەویش گوتی: جا کاکە بانەیە و ……………! مەبەستی ئەوە بوو کە ناوچەی بانە هێزی چەکداری ئەنواعی هێز و لایەنی سیاسیی تێدایە. بۆ نموونە : ٢ دێمۆکرات، دوو خەبات، یەکیەتیی شۆڕشگێران، کۆمەڵە و زۆربەی هێزەکانی جنووب و ناوەندی حیزبیش هەربە بانە دا هاتوو چوویان دەکرد.یانی هەرشەوێک کە حەرەکەتمان کردباوە دەبا چاوەڕوانی ئەوە بین کە تووشی هێزێکی دیکەی پێشمەرگە لەو ناوچەیە بین و دەشبووین.
لەوقسانە دابووین کە هاوڕێیان تەقەیان لەو هێزە کرد کە زانیمان بەڵێ ئەوانە پاسداران. بۆیە ئێمە نەچووینەوە نێو دێ، بەڵکوو لە پشتەوە ڕا سووڕاینەوە پێش پاسدارەکان و ڕێگای هەڵاتنیمان لێگرتن. ئەگە رلە بیرم بێ ٣٢ پاسدار بوون کە دوو کەسیان هەر لە دەرفەتی یەکەم دا خۆیان دەرباس کرد و ئەوانی دیکەش کەوتنە گەماڕۆمانەوە. ئەوان بە قەول ەبدواماندا بون تا زەربمان لێ بدەن و هەر ئەو ڕۆژە چووبوونە گوندی مەزرەلان و لەوڕا هاتبوونەوە لای سیاومە و پاشان بەنەژاژ.
ئەو بەرەیەی کە ئێمە چوار کەسمان لێی بووین، کاک جافر بەگ کە سەرپەلی یەکێک لە پەلەکان بوو و ئاسۆ مەحزوونی و حسێن پەڕشەیش هاتنەوەلامان. ئاگام لێبوو کە بەردەوام گولە بە دەورو بەرم دا دەرباس دەبوون. وامدەزانی گولەی پاسدارەکانە. لە نەکاو گولەیەک وەک ئەوەی چەقۆیەکی بە دڵی خۆت پێدابێنی،بەسانمی لە چەپەوە بۆ ڕاست بڕی و هەستم کرد پشتم سووتا. گولەی قەناسە بوو. بەڵام شانسم هێنا کە بریندار نەبووم و بەس لیباسەکانم دڕان و سەرشانی ڕەختەکەشم پسا بوو.
هۆکاری ئەو تەقەیە لە منیش لیباسەکانم بوون. هەر وەک گوتم ئێمە تیمێکی ٦ کەسیی کادرەکان زووتر لە ناوچە بووین، کۆمیتەی شارستان نەیهێشت بە لیباسی تایبەتیی حیزبەو ەبچین و لیباسی کوردیی وەک هی خەڵکمان دەبەردابوو. لیباسەکانم کەلە خاڵە سەعید وەرمگرتبوون، مەیلەو سوور بوون. ئەو کوڕەی کە قەناسەی پێ بوو ناوی مستەفا مەعرووفی خەڵکی نەغەدە بوو. کوڕێکی باڵا بەرزی گەنجی سوورکارە جاروبارە پێیان دەگوت : مستەفا سوور یان مچە سوور. ئەو وایزانیبوو کە منیش هەر لە ئەفرادی گرووهی زەربەتم .بەهەر حاڵ دیار بوو جارێ ئەجەل نەهاتبوو و لە دەست کاکە مستەفا ڕزگارم بوو. مستەفا ئێستا لە سوئێدە دەژی و دەمێکە ئاگام لێ نەی.
مەیدانی شەڕەکە دارستان بوو و دارە بەڕووی گەورەی لێبوو. بە تایبەتی بۆ من سەخت بوو کە یەکەم جارم بوو لە دارستان شەڕ بکەم. هیندێک لە پاسدارەکان لە لە بپشت داربەڕووەکان سەنگەریان گرتبوو و تەقەمان لە یەکتری دەکرد کە ڕەنگە فاسیلەمان ٢٠ بۆ ٢٥ میتر دەبوو. ئەوانیش بەرگرییەکی سەختیان دەکرد. و ئێمەش زاڵ بووین بە سەریان دا و دەمانەویست هیچیان ڕزگاریان نەبێ تا دونیا تاریکی نەکردووە.
ئاسۆ چووە پێش و تەقەی دەکرد تا گەیشتە تەقریبەن ٤، بۆ ٥ میتریی داربەڕووەکە و لە نەکاو گوتی: کاووس خەشابم تەواوبوو و بە پەلە کشایەوە بۆ دەستی چەپی من! پاسدارەکە حاڵی بوو و هەستایە سەرپێ و ئاگاشی لە من نەبوو! بە هەموو قین و بوغزی یەوە ڕووی ئەو کڵاشینکۆفەی دایە ناوشانی ئاسۆ. بەڵام بەرلەوەی ئەو قین و بوغزەکەی بە سەر ئاسۆ دا هەڵڕێژێ ،کاری تەواو کرا و ئاسۆش مایەوە تا ئیستاس بە سڵامەتی لە وڵاتی فینڵاند درێژە بە ژیان دەدات.
ئاسۆ کوڕێکی گەنجی جەسوور و تێگەیشتووبوو کە ماوەیەکی زۆر نەبوو پێشمەرگە بوو، بە تایبەتی ئەزموونی شەڕی نەبوو. بەڵام هەتا بڵێێ جەسوور بوو.
بە هەر حاڵ خۆم گەیاندە سەر تەرمی و ئەو کڵاشینکۆفەی کە دەیبینن و ئەوکات زۆر تازە و جوان بوو ، هەڵم گرت و دەستم دایە گیرفانی هیچ کارت و شتێک لە گیرفانی دانەبوو جگەلە گیرفانی شەڵواری سەربازیی کە پڕ بوو لە قەیسی و فریای نەکەوت هەموویان زەهری ماربکا.
کە هاتمە دواوە حەسەن جەزایەر چی گوتی بە خوا ئەو جووت لاقە جوانە! خۆت هەڵی دەگری؟ گوتم نەوەڵا کەیفم بە جووت لاق نایە و خۆم هەڵی ناگرم! گوتی مادام وایە بیدە بە من. دام پێ و زۆر خۆشحاڵ بوو. حەسەن جەزایەرچی کوڕێکی خەڵكی مەهاباد ، زۆر نەترس و بە دەست و برد بوو و زۆریش کوڕێ چاک بوو و تایبەتیش زۆر ئیحترامی دەگرتم.


شەو شەڕەکە تەواو بوو. هەر وەک گوتم لەو گوروو زەربەتە ٣٢ کەسیە ٢ کەسیان هەڵاتن و ١٢ کەسیان بەدیل گیران کە هیندێکیان بریندار و ئەوانی دیکە ساغ و سەلیم بوون و هەر لەوێ ئازاد کران و تەحویلی خەڵکی ئاوایی دران تا بەیانی بیاننێرنەوە بۆ لای سیاومە. ئێمەش داگەڕاینەوە لای گۆمە شین و تۆپ بارانێکی توند دەستی پێکرد. بە تایبەتی لە تەپە خڕەی کۆلەسە و سیاومە ڕا بە تۆمی دوور هاوێژ و کاتیۆشا ناوچەکەی کردبووە گڕ و بڵێسە.
تیمێکی ٣ کەسی مان چووبووە گوندی وەیسک بۆ ئەرکێکی حیزبی کە من نازانم چی بوو، ئەوەی لە بیرم بێ کاک ڕەحیم پەڕشەیی و حامید وزمەڵەی(حامید سەلیمی ڕووحێ شاد) و کەسی ئاخەر نازانم کێ بوو، ئەوان لە سەری گۆمە شین گەیشتنە ئێمە. سەرکەوتینە دەشتی بانەزێڕ و نیوەشەوێکی درەنگ بوو. تا گەیشتینە پەڵکەکانی خوار کاولان و خۆمان جێ بە جێ کرد دونیا ڕووناکی کرد. (کاولان گوندێك بوو کە چۆڵ کرابوو و نیزیک بوو لە بانەزێڕی سەربە ناوچەی ڕەبەت.
ئەو ڕۆژە لەوێ ماینەوە . دیتم ڕەحیم زەرواوی هەر ئەم کەڵاشینکۆفەی پێ یە و گوتی: کاووس ئەوە لەگەل کاک حەسەن گۆڕێمان . ڕەحیم دڵی زۆر پێخۆش بوو. ڕەحیمی باڵا بەرزی خۆشتیپ و کوڕێکی بە مەعلوومات و فیداکار. ئەوە ئەو ڕۆژەش تفەنگەکە لە شانی ڕەحیم سەلیمی(زەرواوی) بوو. ئێوارەکەی چووینەوە گوندی بێکەژ کە جاددەی بانە / سەردەشت لە ناوی را دەرباس دەبێ. دوای پشوویەکی کورت لە گوند دەرکەوتین و ملی ڕێگامان گرتەبەر تا سەرکەوتینە ١٨ قوڵەکان. ئەو شاخە ١٨ بورجەکی تیدابوو کە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران . عێراق چۆڵ کرابوون. لەم بەر زاڵ بوون بە سەر چەند ئاواییەکی بانە و لەو بەریش بە سەر چەند ئاوایەیەکی ناوچەی ڕەبەت دا و دارستانێکی چڕیش بوو.
بەیانیەکەی (٢٤ی پووشپەڕ)گەیشتینە نیزیک گوندی سووتوو و لە باغێک داماینەوە. دوای هیندێک خەوتن، دیدەبان چەند کەسێک بوون، گوتیان لە قوڵەکان هێزی ڕێژیم هاتووە. تا ئێمە خۆمان کۆکردەوە کاتیۆشا بارانێکی خەست دەستی پێکرد. هەرجارەی ١٢ دانە کاتیۆشا بە دوای یەک دا دەهاتن. ئێمە بڵاوەمان کرد و هەر چەند کەسێک لە بن بەردێک یان دارێک خۆمان مات کردبوو. دەمانزانی هێز نایەتە سەرمان.
من و فادڵ و عەڵی خاڵدار و کوڕێکی دیکەی لاوان وابزانم ناوی سمایل بوو پێکەوە بووین. لە ١٥ بۆ ٢٠ میتر ئەولاترمان کاک عەلی عەزیزی، جەلال کۆخانی، ڕەحیم شانزدە و ڕەحێم زەرواوی و کوڕێکی دیکەشم لە بیرە بەڵام ناویم لە بیر نیە. کاتیۆشا کە دەستی پێکرد من دەمبژاردن. ١١ دانەیان دەرباس بوون و گوتم : فادل یەک دانە ما! جارێ قسەکەم تەواو نەببوو، ئاخەر دانەیان وەچیلکە دارێک کە نیزیک بوو لەو هاوڕێیانەی کاک عەلی کەوت و تەقیەوە. شایەد ئەو دارە کە ویشک ببوو، ٢ میتر بەرزایی ببێ. هەم ئەوان و هەمیش ئێمە لە تەپ و تۆز دا نوقم بووین.
دیتم دەنگە دەنگی کاک عەلی وانە، چووین و دیتمان کاک ڕەحیم شانزدە بریندارە زۆر بە سەختی. لەولای گوتیان ئەوە ڕەحیم زەرواویش بریدنارە، کە چووین ئەویش لە تەواوبوون دابوو و بەداخەوە شەهید بوو. و تفەنگە کڵا شینکۆفەکەی لە نێو خوێنی ئەودا دەگەوزا. تفەنگەکە درا بە کاک ڕەحیم پەڕشەیی ئەندامی کۆمیتەی شارستان.
(( لێرە دا باسی شەهید بوونی کاک ڕەحیم زەرواوی ڕادەگرم بۆ دەرفەتێکی دیکە ئەگەر عومر باقی بێ))
لەم ڕۆژانە دا هاوڕێی زۆر خۆشەویستم کاک ڕەحیم فەلاحی(ڕەحێم پەڕشەیی) کە دواجار لە کۆنگرەی ١١ یەکترمان دیتبوو، لە فەیسبۆک قسەمان کرد. دوای قسە کردنەکە ئەم دوو وێنەیەی بۆ ناردم و گوتی کاووس ئەو تفەنگە دەناسی؟ کە بینیم ڕاست کەوتمە بیری هەموو ئەو ٣ ڕۆژەی کە ئەم کڵاشینکۆفە دەستاودەستی پێدەکرا. گوتم بەڵێ چاکم لە بیرە هەر پێت ماوە؟ گوتی وەلا هەر لە لامە وەک یادگارێک نەمگۆڕیوە.
دیتنی ئەم وێنەیە لە لایەک دڵی پڕ کردم لە غەم و خەفەتی شەهید بوونی کاک ڕەحیم زەرواوی، لەلایەکیش ڕووداوەکانی شەڕی بەنەژاژ و ڕۆژانی دواتری وەبیر هێنامەوە.
بەڵێ ئەو چەکە لە مەودای کەمتر لە ٤٨ سەعات دا چارەنووسی بوو بە:
کاووس لە دەستی پاسدارێک دەرهێنا و دایە حەسەن جەزایەرچی، ئەویش دوای چەند سەعاتێک دایە ڕەحیم زەرواوی ،دوای چەند سەعات ڕەحێم شەهید بوو و بۆ درێژەی خەبات کڵاشینکۆفەکە خۆی لە شانی کادری ماندووی نەناس کاک ڕەحیم د ابینی یەوە و نیزیک بە ٢٤ ساڵە لەگەل ئەوە و بۆتە چەکی دەستی پێشمەرگەیەک.
هیوام تەمەن درێژی و تەندروستیی کاک ڕەحیمی بەڕێزە.هیوادارم بە ئامانجەکانمان بگەین و کڵاشینکۆفەکەی لە مۆزەخانەی میللیی کودستان دابنێین.
ئێوەش هە رساغ و سڵامەت بن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی