"an independent online kurdish website

تەمەنم پێـنج ساڵان بوو، ماڵمان لە دێی (تۆمـار) لە ناوچـەی شـوانی سەر بە پارێزگـای کەرکـوک بوو. باوکم جوتیار بوو، خەریکی کشتوکاڵ بوو. جووتێک هێستر و جووتێک گوێدرێژمـان هەبوو،

چوار مانـگا و نزیکەی پانگزە سەر مـەڕ و بـزن و کۆمەڵێکیش عەلەشیش و مریشک و کەڵەشـێرمان هـەبوو.. دایـکم بە رۆژ سەرقـاڵی بەخێوکـردنی مانگاکان و مەڕ و بـزن و عەلەشیش و مریشکەکانمان بوو. خێزانێکی شاد و کامەران و خۆشگوزەران بووین.

باوکم: ئەمساڵ بارانێکی زۆر باش باری، دەغڵەکانمان زۆر جوان سەوزبوونە و باڵایان کـردووە، گوڵەکانیان گەورە و پـڕن.. لەو باوەڕەدام کە یەک بە پانگزە ببـڕن.

ـ باوکە یەک بە پانگزە ببـڕن، مانـای چییە؟

باوکم: گـۆران گیان، واتا هەر تەغـارێک گەنم یا جۆ کە تۆومان کردووە، لەوانەیە ببێت بە پانگزە تەغـار گەنـم یا جۆ، دوو تەغـار گەنـم و تەغارێک جۆم تۆوکردووە، لەوانەیە  سی تەغـار گەنـم و دە تەغـار جۆیان لێ دروێنە بکەین.

ـ سوپاس باوکە گیان تێگەیشتم.

باوکم: هەر کە جـۆ و گەنمەکـانمان دروێنەکرد، شەش تەغـار گەنـم بۆ نـان و بۆ تـۆو، چوار تەغـار جـۆش بۆ ئالیکی وڵاغەکـانمان و بۆ دانـی عەلەشیش و مریشکەکـانمان لێیان هەڵـدەگرم. ئەودوای دەفـرۆشم.. بۆ هەر یەکەمان دوو دەست جلوبەرگی جـوان و دوو جـووت پێـڵاوی تـازە، بە دڵـی خۆمان دەکـڕم.

ـ باوکە: ئەی تۆپـم و بۆ ناکـڕیت؟

باوکم: بەسەر چـاوانم، تۆپێکی گوڵگوڵی زۆر جوانیشت بۆ دەکـڕم.

ئەم بەڵێنەی باوکم زۆر دڵخۆشی کردم، هیوای ئەوەم دەخواست، کە گەنـم و جۆیەکانمان زوو زەردببن و وشکـبن، تا باوکم دەغڵـدروێن (دەڕاسە) بێنێت و دروێنەیـان بکات.

لە کۆتایی مانگی نـەورۆزدا بوو، کوللـەیەکی یەجگـار زۆر رووی لە دێیەکەمـان کـرد، دەتوت لە ئاسمانەوە دەبـارێن، کوللـەکان نووسان بە گوڵە گەنـم و جۆیەکانەوە، هەموو فەریکەدانەکانی گوڵە گەنمەکان و جۆیەکانیان خوارد.. تەنانەت گەڵاکانی دارەکانیشیان خوارد.. نە باوکم و نە هەموو خەڵکی دێیەکەمان دەرەقـەتی ئەو کوللـە زۆرە نەهاتن.

خەڵکی بێ هیـوا بوون.. دڵتـەنگی و خەمێکی زۆر بە رووخساری گـەورە و بچووکی دێیەکەمانەوە دیاربوو.

ـ باوکە ئەم هەمـوو کوللـە زۆرە لە کوێـوە هـاتوون؟

باوکم: گۆران گیان، ئەم کوللـە دوانەبـڕاوانە، لە بیابـانی عەرەبستانەوە هـاتوون.

داپیـرەم: رۆڵە گیان، ئەمە یەکەمین ساڵ نییە، کە کوللـە، وامان بەسەر بهێـنێت. بە بیرەوەریی من، سێ جاری تر، کوللـە دای بەسەر دێیەکانی ئەم ناوچانەدا و جوتیارانی رەنجبـێوەر کـردن و خەڵکی پەریشان بوون.

ـ باوکە گیان، خـەم مەخۆ، جلوبەرگ و پێـڵاوی تـازە و تۆپـم ناوێت.

باوکم: نا کوڕی شیرینـم، ئێوە خەم مەخۆن، ئەم هەفتەیە دووان لە گۆلکەکان و پێنج لە بەرخەکـان و شەش لە عەلەشیشەکانمان دەفـرۆشم.. هەفتەی داهـاتووش هەموومان دەچین بۆ کەرکـوک، سێ شەو دەبینە میوانی ماڵی پـوورە زارات، پێکەوە دەچـین بۆ بـازاڕ و بە دڵی خۆمان بۆ هەریەکەمان، دەستێ جلوبەرگی جـوان و جووتێک پێڵاوی تازەش دەکـڕین، تۆپێکی جوانیشت بۆ دەکـڕم.

لەو ساڵەوە کوللـەم خۆشـناوێت.. چونکە ماندوو نابن و بـەری رەنـج و مانـدووبوونی جوتیـارانی کـورد دەخـۆن.

 

نۆروێـژ: ٢٠١٨

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی