"an independent online kurdish website

کاتێ گەیشتینە شاری ” وان ” لە باکووری کوردستان،پێمان وابوو ئیتر ئەوە کۆتایی دەرد و نەهامەتیەکانە،بێ خەبەر لەوەی کە نەهامەتی لێرەوە دەست پێدەکات.penaberan-hatn-eu

دوای خۆ ناساندن بە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران،کاغەزێکیان پێداین و بۆ خۆناساندن چووینە بنکەی  پۆلیس.لە یەکەم رۆژەوە لە بنکەی پۆلیس هەستێکی ناخۆش و ترس سەرتاپای وجوودی دادەگرتی چوونکە چارەنووسی نادیارت کەسێک دیاری دەکرد کە دژە کورد بوو،شوێنیک کە سەدان کەس لەوێوە ڕەوانەی وڵاتەکانی خۆیان کرابوونەوە،شوێنی ئەشکەنجە و ئازار و دەرد بوو.لە بنکەی پۆلیس زیاتر خۆت وەک کۆیلە دەدیت تا پەنابەر.” کە هاتیە ژوور بێدەنگ بە،لاق نەخەیە سەر لاقت،لێرە بە پێوە بوەستە یا بێدەنگ دانیشە،هەقی کارکردنت نییە،بە جێگەی ئیقامە لاپەڕەیەکی ئا4یان دەخستە دەستت و… هەموو رۆژێ سەردانی بنکەی پۆلیس بکە بۆ ئیمزا. کاتێ کە لە باشووری کوردستان بووین زۆر کەس تووڕە بوون لەوەی کە بۆ دەبێ 6 مانگ جارێک بچینە ئاسایش بۆ تازە کردنەوەی ئیقامە!                       خانووە کۆن و قوڕینەکانی”وان” ئاوەدان کرابوونەوە و ئێمەش چووینە ماڵی ئامۆزاکەم، خانوویەکی کۆنی پڕ لە مشک و دووپشک،دیوارەکەی هیج رەنگێکی نەدەگرت،بەرقی قاچاغ ودڵەڕاوکێ،بێ پووڵی و بێکاری،هەموو رۆژێ ژوانگەی یاران بەردەرگای یوئێن و پۆلیس بوو،هەر رۆژە خەبەرێکی ناخۆش و سەرەنجام یوئێن پێی راگەیاندین کە ئیوە ناتوانن لێرەوە بچنە دەرەوەی وڵات. مانگرتن و نارەزایەتی لە لایەن ئێمەوە ولێدان و زیندان و دیپۆرت کردنەوە  لە لایەن پۆلیسەوە دەستی پێکرد.

ژیان زۆر تاڵ و ناخۆش بوو و تووشی زۆر نەهامەتی بووین کە لێرەدا جێگەی باسکردنیان نییە.نائومیدی لە ژیان و لە یوئێن ریگەی سەفەرێکی دیکەی خستینە بەر کە ئەویش رۆیشتن بوو بەرەو پێشەوە.دوای پشوویەکی حەوت ساڵە لە تورکیە دووبارە خۆمان پێچایەوە،دووبارە کەل و پەلی ماڵەوەمان فرۆشت،ئێمە هەموو کەل و پەلی ماڵەوەمان دا بە 400 لیری تورکی کە قەرار بوو رۆژی هەینی تەحویلی کابرای تورکی بدەین و ئەویش پارەکەمان بۆ بێنێ بەڵام بەداخەوە رۆژی پێنج شەممە لافاو هات و ماڵمان پڕ بوو لە ئاو و کەل و پەلەکان نەفرۆشان. لە دەرەوە چەند دۆستێکم پارەی سەفەریان بۆ جوور کردین و ئەوجار بە مناڵی زیاترەوە رێگەی قاچاغمان گرتەبەر.هاتینە یەکێک لە شارە سنووریەکانی تورکیە و یونان،هەموو رۆژێ قاچاخچی درۆی لە گەڵ دەکردین و هەر ئەوڕۆ بە سبەی پێدەکردین.دوای حەوت رۆژ مانەوە تەلەفۆنم کرد بۆ ” گورگە”ی خۆمان کە هاوکاریمان بکات. ئەویش زۆر پیاوانە گوتی هەر ئەمڕۆ ساز بە و شوێنیکی بۆ دیاری کردم کە چووینە ئەوێ. ماشێنیکی پۆلیس شەخسی کە خۆی قاچاخچی بوو لە پێشمانەوە رۆیشت و ئێمەش بە ماشێنێکی تر،شەو گەیستینە شارێکی دیکەی سنوور و شەو لە ماڵێک حەواندیانینەوە. ئێوارەی شەوی دواتربردیانینە سەر دەریا،تا بەرەبەیان ماینەوە بەڵام بە هۆی گەشتی پۆلیسی تورکیە لە نێو دەریادا نەمانتوانی بپەڕینەوە،دوووبارە هێنایانینەوە هەمان ماڵ و خەوتین.شەوی دواتر دووبارە بەرەو قەراخ دەریا،بەلەمێکی لاستیکیان هێنا و ویستیان سواری بەلەممان کەن کە کچە 5 ساڵەکەم هەر دەیگوت “بابە دەرناچین”،من بە قسەکانی زۆر ناڕەحەت دەبووم،کاتێ سەیری شەپۆلەکانی دەریام دەکرد زیاتر نیگەران دەبووم. هەر کەسە و جلیسقەیەکیان پێداین و ئامادە بووین بۆ رۆیشتن بەڵام دیتمان کە بەلەمەکە کونە، پیاوە قاچاخچیەکان دەیانگوت نەفەرێکتان دەست لە سەر ئەو کونە دابنێ هەتا ئاو نەیەتە ژوور دەنا بەلەمەکەتان غەرق دەبێ،لەو کاتەدا ژنەی قاچاخچی کە خۆی پۆلیس بوو سەیرێکی کچەکەمی کرد و گوتی لە بەر خاتری ئەو مناڵە نا‌هێڵم برۆن چونکە بەو قایقی کونەوە تووشی موشکلە دەبن،دووبارە گەڕاندیانینەوە هەمان ماڵ و سبەی شەو دووبارە هەمان فیلم. بردیانینەوە سەر دەریا،ئێمە 22 کەس بووین کە بەلەمێکی 6 نەفەریان بۆ هێناین و وەک مەڕ و زن بە سەر یەکیان داداین. جێگاکەمان ئەوەندە بچووک  و تەنگ بوو کە هیچ کەس نەیدەتوانی پەنجەی پێی بجووڵێنێ و گوتیان سوار بن بەڵام ئێمە لە گەڵتان نایەین و دەبێ خۆتان لێیخوڕن تا یونان. یەکێک لە هاوڕیکانمان کەمێک راهێنانی کرد و وردە وردە درەنگ بوو و گەشتی پۆلیس رۆیشتەوە و ئێمە وەڕێ کەوتین. ناوەڕاستی دەریاکە سنووری هەر دوو وڵاتی تورکیە و یونانە،لەو نێوەراستەدا شاخێک قوت بۆتەوە،ئەگەر لە نێوەراستی دەریادا هەوا رووناک نەبایە ئەوە ئێمە بەلەمەکەمان لەو بەردانە دەدا و تازە تێدا دەچووین. کاتێ دەگەیە ناوەڕاست دەریاکە ئیتر هیچ هیوایەکت بە ژیان نامێنێ،ئەوە کە جلیسقەت لە بەردایە و دەڵێن ئەگەر تووشی کارەسات بووی پۆلیس لە فریات دەکەوێ هەمووی درۆ و خەیاڵە.هیچ مەلەوانێک لەو دەریایە دەرباز نابێ چوونکە هەتا چاو دەبینێ هەر ئاوە و هیچ هیوایەکت بە وشکانی نییە و هیچ کەسیش بە فریات ناگا. لە ناوەڕاست  دەریا هەستم کرد کە بەشێک لە هاوقەتارەکانمان رەنگیان تێکجووە و ترسێکی سامناک هەموو لەشی داگرتوون،منیش بۆ ئەوەی روحیەیان بەرز بێتەوە  وەک هەمیشە دەستم کرد بە شۆخی و قسەی خۆش،خێزانم کە زۆر دەترسا هەر مۆڕەی لێدەکردم و دەیگوت کەی وەختی ئەو بەزمەیە،منیش هەر درێژەم دەدا و وڵامم نەدایەوە،لەو کاتە دا دیتمان کە کەشتیەکی بارهەڵگری زەبەلاح لە نووقتەیەک بە ئێمە دەگا و دەمانکاتە خۆراکی ماسیەکان،کەشتی ناوەستێ و بەلەمی ئێمەش ناتوانێ بوەستێ،خەتەرێکی گەورە لە سەر رێگامان بوو،ترس تا دەهات زیاتر دەبوو،گوتیان چارە؟ من پێشنیارم ئەوە بوو کە ئێمە بە پێچەوانەی کەشتیەکە بە قەراغی دا بڕۆین تا کەشتیەکە رەد دەبی و دواتر لە پشتی کەشتیەکەوە رەد بین کە هەموویان قبووڵیان کرد و ڕۆیشتین. کەشتیەکە سەد میتر تێپەریبوو بەڵام شەپۆلەکانی وەک پەپوولە بەلەمەکەی ئێمەی دەبردە خوار و دەیهێنایەوە سەر کە ئەگەر بەلەمەکەمان سووک بایە یەکسەر وەردەگەڕا و نوقم دەبووین بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئێمە زۆر بووین کەمێک قوڕس بوو و نەجاتمان بوو. ئاهێکمان هاتەوە بەر کە دووبار کەشتیەکی زەبەلاحی دیکە بە هەمانشێوە تووشمان دەبوو و ئێمەش هەر ئەو حەرەکەتەی پێشترمان دووبارە کردەوە و لەویش نەجاتمان بوو.

وردە وردە لە وشکانی نزیک دەبووینەوەکە بەلەمێک هات و گوتیان پۆلیسە،زۆر جار پۆلیسی یونان بەلەمی پەنابەرەکانی خستبۆ ژێر ئاو، ئێمەی تووشی دڵەڕاوکێ کرد.نیگەرانی دووهەم ئەوە بوو کە ئەو کەسەی کە قایقەکەی لێدەخوڕی بە قاچاخچی حیساب دەکرا و بێجگە لە لێدان و ئەشکەنجە ئەوە 25 ساڵ زیندانی دەکرا. ئەویش ناهەقی نەبوو کە نیگەران بێت،گوتم لێخورە ئەگەر نزیک بوون دەڵێم من لێمخوریوە. بە خۆشیەوە کە نزیک بوون ماسیگر بوون و پۆلیس نەبوون.

کە گەیشتینە وشکانی،هەر زوو بەلەمەکەمان دڕاند چونکە زۆر جار پۆلیس پەنابەرانی بە بەلەمەکەی خۆیان ناردبۆوە تورکیە. لە نزیک ئێمە رستورانێک هەبوو کە ئەوان یەکەم جار پێیانوابوو توریستین چونکە قەت بە رۆژانە پەنابەر بە قاچاخی نەگەیشتبۆ ئەو شوێنە. لێمان نزیک بوونەوە بەڵام هەر کە ئێمەیان دیت بە پەلە پەل جلیسقەکانمان فڕیدەدەین و بەلەمەکە دەدڕێنین،هەستیان کرد کە توریست نین و یەکسەر تەلەفۆنیان بۆ پۆلیس کرد.پەنابەرەکان هەموویان بە پەلە پەل بەرەو دارستانەکە دەڕۆیشتن،هاوارم کرد کە بە دوای یەکدا مەرۆن بڵاو بن بەڵام کەس وڵامی نەدایەوە. من لە گەڵ خێزانم و مناڵەکانم بەرە شوێنیکیتر رۆیشتین و هەر زوو لە ژێر جرپی و داردا خۆمان حەشاردا.پۆلیس گەیشتە سەرمان و لە ماوەیەکی کەمدا بێجگە لە بنەماڵەیەک و یەک نەفەر زگورتی هەموویانی دەست بەسەر کرد. پۆلیس لە دوو سێ میتری ئێمەوە بوون و نێو دارەکان دەگەڕان کە خێزانم  ترسا و گوتی هەستە با خۆمان تەحویل دەین، گوتم سەد جار من لە گەڵ جاش و پاسدار تووش بووم،ئەگەر زانیبایان دەیان کوشتم خۆ ئەوانە نامانکوژن،هەتا پۆلیس گوێم نەگرێ هەڵناستم. ماوەی یەک سەعات و نێو لە ژیر ئەو چرپی و دارەدا خۆمان مات کرد تا پۆلیس ئەوانی برد و رۆیشتن.

دێهاتی

..

بابەتی پەیوەندی دار


 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی