"an independent online kurdish website

حەسەن شەرەفی: نەیارانی کوردستان، ئەوانەی کە بەسەر هەر پارچەیەک لە کوردستان دا زاڵن، نە دەیانهەوێ ئەو دەسەڵاتە هەبێ و نە ئەگەر هەیە و بە ناچاری قبووڵی دەکەن کە هەیە،نایانهەوێ بەرەوپێش چوونی هەبێ، نایانهەوێ ئەمنیەتی هەبێ و هەرچەند نا ئەمنیش زیاتر بێ بەستێن بۆ دەخاڵەت و دەست تێوەردانی وان و کزکردنی ئەو دەسەڵاتە زیاتر دەرەخسێنێ.hesen_sherefi

بەرێز حەسەن شەرەفی “جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران”  لە لێدوانێکی تایبەت بۆ تۆری میدیایی ” رووداو” هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ئاڵۆزییەکانی باشوور کوردستانی روون کردەوە. لەو وتووێژەدا کە بەبەرێوەبەری جەعفەر موبەشرنیا ئەنجام درا، حەسەن شەرەفی تیشکی خستە سەر لایەنە جیاجیاکانی راگەیاندراوەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تایبەت بە ئاڵۆزییەکانی باشووری کوردستان.

ئەوەی خوارەوە دەقی تەواوی وتووێژەکەیە

 

رووداو: کاک حەسەن ئەو کاتەتان باش. لەبەرچی ئەزموونی سیاسی باشووری کوردستان بۆ هەموو کورد گرینگە؟

حەسەن شەرەفی : سڵاو دەنێرم بۆ ئێوە و بۆ هەموو بینەران و بیسەرانی تەلەفزیۆنی رووداو . دیارە مەسئەلەی هەرێمی کوردستان تەنیا مەسئەلەیەک نییە کە خوسک و براکانمان لە کوردستانی باشوور دڵیان پێی خۆش بێ یان بە موشکلاتەکانییەوە ناراحەت بن. تەجروبەیەکی دەسەڵاتی کوردییە کە هەموو کوردێک دڵی پێی خۆشە و هەموو کوردێک هیوای پێ بەستووە و زۆریش تەبیعییە وەختێک ئەو دەسەڵاتە کوردییە بەرەو پێشچوون بە خۆیەوە ببینێ، گەشە بە خۆیەوە ببینێ، هیواداری لە کوردی هەموو پارچەکان زیاتر دەبێ و دڵی کورد لە هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان خۆش دەکات و بە پێچەوانە ئەگەر موشکلاتێک بێتە پێشێ و وەزعێک بێتە پێشێ کە بەستێن بۆ  دەخاڵەتی نەیاری کورد لە هەرێمی کوردستان دروست بکات و ناکۆکی لە نێوان هێزە سیاسییەکان بگاتە جێگایەک کە ئەوەی هەیە و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و فیداکاری و خەباتی چەندین ساڵەی ڕۆڵەکان و خوشک و برا کوردەکانمانە لە باشووری کوردستان و لە وەزعێکی رەقابەتی بەینی ئەحزاب دا سەدەمە ببینێ یان خوای نەخواستە لە نێوبچێ، تەبیعەتەن بێ هیواییەکی گەورە لە دڵی هەموو کوردێک لە هەموو پارچەکاندا دروست دەکات و ئێمە لە پەڕۆش بۆ ئەو تەجروبەیە و لە نیگەرانییەک کە بۆ ئەو بارودۆخە هەمانە، ئەو ڕاگەیەندراوەمان بڵاو کردەوە.

رووداو: کاک حەسەن ئێوە لە ڕاگەیەندراوەکەتاندا دەڵێن کە ئێمە ئامادەین بۆ گوتنی قسەی خێر، ئەو قسە خێرە چییە؟

حەسەن شەرەفی: ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە چ قسەی خێر بکەین بەرانبەر بەو مەسەلەیە و بۆ چارەسەریی گیروگرفتەکان چ ئەگەر داوامان لێ بکرێ هەنگاو هەڵبێنین بۆ ئەوەی کە لەگەڵ لایەنەکان بکەوینە گفتوگۆ بۆ ئەوەی کە مەترسیەکان وەک ئەوەی هەیە کە رەنگە ئەوانیش هەستی پێ بکەن،بەڵام ئەوان لەبەر ئەو رقەبەرایەتییەی کە لەگەڵ یەکتر هەیانە، بەتەواوی هەستی پێ نەکەن و پێیانوابێ بەرژەوەندی ڕێکخراوەکانیان دەبێ لەبەر چاو بگیرێ، ئێمە بە دوور لەو شتانە،تەنیا بە لەبەر چاوگرتنی مەسڵەحەت و ئەمنیەت و ئاسایش و بەرەوپێش چوونی هەرێمی کوردستان ئامادەین هەر وەزیفەیەکمان پێ بسپێردرێ لەو پێناوەدا ئەنجامی بدەین.

رووداو:ئایا ئەو رەوشەی ئێستا لە باشووری کوردستان هەیە، دەتوانێ ببێ بە ئەزموونێک لە جێگای ئەوەی کە قسەی خێر بۆ باشوور کوردستان بکەن، بەرێ هەر ئاڵۆزییەک بۆ خۆتانی بکەن؟

حەسەن شەرەفی: هەر راست وایە. یانی ئەوەی کە ئێمە پێمانوایە بۆ باشووری کوردستان دەبێ بکرێ و ئەمری خێر و  قسەی خێر و هەنگاوی خێر هەڵگیرێ و بە دیاڵۆگ و بە دانیشتن موشکلاتیەکان چارەسەر بکرێ، تەبیعییە دەبێ باوەریشمان ئەوە بێ کە هەر موشکلەیەکیش لە نێو هیزەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دا بێتە پێشێ، دەبێ هەر بەو شێوەیە چارەسەر بکرێ،بە دیاڵۆگ و بە شێوەیەکی هێمنانە و مەدەنیانە مەسئەلەکان مەترح بکرێن. تەنانەت ئەو خۆپیشاندانانە ئێمە پێمانوایە ئەگەر بە شێوەی هێمنانە و مەدەنیانە بێ، مافی خەڵکە کە داخوازەکانی خۆیان مەترەح بکەن بەڵام کە کێشایە توند و تیژی، کە کوشتنی لێ کەوتەوە، کە خوێنی لێ کەوتەوە، کە برینداری لێ کەوتەوە، کە هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگا و دام و دەزگا حکوومی و حیزبییەکانی لێکەوتەوە، ئیدی ئەوە لە چوارچێوەی مافی یاسایی و خۆپیشاندانێکی هێمنانە و هێنانە گۆڕی داخوازییەکان دەردەجێ و حاڵەتێکی توندوتیژی دێنێتە ئاراوە کە بەداخەوە ئێعتبار و پرستیژی هەرێمی کوردستان لەبەر چاوی بیروڕای گشتی دێنێتە خوارێ و نائومێدی لە نێو خودی خوشک و براکانمان لە کوردستانی باشووریشماندا دروست دەکا و بگرە زیاتر لەوە لە نێو کوردی پارچەکانی دیکەشدا.

رووداو: ئێوە باس لەوە دەکەن کە ئەو ئاڵۆزییەی لە باشووری کوردستان هەیە بە دەستی نەیارانی کوردستان دروست بووە.بە ڕای ئێوە ئەو نەیارانە کێن؟

حەسەن شەرەفی: ئەو نەیارانە هەموو ئەوانەن کە مافی کورد لە ژێر پێ دەنێن، باوەڕیان بە مەوجوودیەتی کورد نییە،ئەگەر باوەریان بە مەوجوودییەتی کوردیش هەبێ ئەوا بە مافی کورد نییە،باوەریان بەوە نییە کە کورد دەبێ دەسەڵاتی خۆی هەبێ، کورد دەبێ ئەزموونی بەرێوەبردنی خۆی هەبێ. تەبیعییە ئێستا کە لە پارچەیەکی کوردستان ئەو دەرەتانە پێکهاتووە و ئەو فرسەتە رەخساوە کە کورد دەسەڵاتی خۆی هەبێ، دەسەڵاتێکی دێموکراتیکیشی هەیە و لەبەر چاوی دونیایە ئەزموونێکی جوانی نیشانداوە، تەبیعەتەن نەیارانی کوردستان، ئەوانەی کە بەسەر هەر پارچەیەک لە کوردستان دا زاڵن، نە دەیانهەوێ ئەو دەسەڵاتە هەبێ و نە ئەگەر هەیە و بە ناچاری قبووڵی دەکەن کە هەیە،نایانهەوێ بەرەوپێش چوونی هەبێ، نایانهەوێ ئەمنیەتی هەبێ و هەرچەند نا ئەمنیش زیاتر بێ بەستێن بۆ دەخاڵەت و دەست تێوەردانی وان و کزکردنی ئەو دەسەڵاتە زیاتر دەرەخسێ.

رووداو: ئەگەر ئەوە پیلانرێژییە هەروەک ئێوە باسی دەکەن، باشە ئەو پیلانگێرییەی کە باسی دەکەن بە بۆچوونی ئێوە دەتوانێ بە چ رێگایەکەوە جیبەجێ بکرێن؟

حەسەن شەرەفی: زۆر ئاشکرایە. وەختێک نائەمنی دەبێ، وەختێک رەقابەت و چەند بەرەکی دەبێ، ئەو دەسەڵاتانەی دەوروبەر دەیانهەوێ لە رێگای جۆراوجۆرەوە پیلان بگێرن، نفووز و دەسەڵاتیان هەبێ.  هەر لایەک زیاتر نیازیان بەوان هەبێ و ئەویش بۆ جواب دانەوە بە نیازەکانیان ئیمتیازیان لێ وەردەگرێ، ئیمتیازەکانیشیان بە زیانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێ. ئەوانە ئیدی شتی زۆر روون و ئاشکران و ئێمە “هەمووی کورد” لە مێژ سالە لە هەر پارچەیەک لە کوردستان دا ئەوانەمان تەجروبە کردوون، نەیارانی کوردمان ناسیوە. قابیلە کورد پاش ئەو هەموو موبارزەیە نەزانێ نەیارەکەی کێیە؟ دوژمنەکەی کێیە؟

رووداو: کاک حەسەن وەک دوایین پرسیار، ئێوە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئایا داواتان لە ئەندامان و لایەنگرانی خۆتان کردووە کە بە هیچ جۆرێک بەشداری لە خۆپیشاندانی باشووری کوردستان دا نەکەن؟

حەسەن شەرەفی: لە راستی دا ئێمە پێمان خۆشە دەخالەت لە کار و باری هیچیەک لە پارچەکانی کوردستان و یەک لەوان لە باشووری کوردستان دا نەکەین، بەڵام ئەوە کە ڕاگەیندراومان داوە بەو مانایە نییە کە ئێمە دەخالەت دەکەین. بەو مانایەیە کە ئێمە پەڕۆشی خۆمان نیشان دەدەین و نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین و داوای چارەسەری لە رێگای دیاڵۆگەوە دەکەین. راستە ئێمە نامانهەوێ نە ئەندامان و نە لایەنگرانمان دەخالەت لەو مەسەلەیدا بکەن و بەشێک بن لە قەزییەکە.

رووداو: باشە لەوانەیە بەشێک لەوان کارمەندی حکوومەت بن و مووچەیان نەدرابێتێ، ئایا نابێ داخوازی بۆ ئەو مووچەیە و مافی خۆشی بەکات؟

حەسەن شەرەفی: هەموو کەس هەقی هەیە داوای مووچەی خۆی بکا، داوای مافی خۆی بکا. بەڵام گرینگ یەک شتە،لە هەر چوارچێوەیەک دا ئەو داخوازییە دێنێتە گۆڕێ، یان لەهەر شکڵێک دا نارەزایەتی دەردەبڕێ دەبێ شکڵەکەی هێمنانە و مەدەنیانە بێ نە تێکدەرانە و ئاژاوەگێرانە. من پێموایە هیچ کەس و هیج لایەنێک نابێ ئەوەی قبووڵ بکا کە ئاژاوە گێڕی، سووتاندن، رووخاندن، تێکدان، کوشتن، خوێن ڕشتن ئەوە بکات بە بەشێک لە خەبات بۆ ئەوەی کە پێی وابێ کە ئەوە رێگایەکە بۆ ئەوەی کە لایەنی بەرانبەری خۆی بەچۆک دا بێنێ. ئەوە کارێکی ناشیاو و ناشارستانیانەیە.

 دیمانەکەی رووداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی