"an independent online kurdish website

كاتی خۆی دیكتاتۆره‌كان به‌ زۆر و به‌ زبری هێز خه‌ڵكیان ده‌كرد به‌‌ حیزبیی، به‌ڵام هه‌نووكه‌ له‌ باشووری كوردستان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا خۆیان به‌ سه‌ربه‌ستیی ده‌بنه‌ حیزبیی!aritma_muhammadi

ئه‌مه‌ش به‌ سه‌ره‌تای كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا پێناسه‌ ده‌كرێت. چونكه‌ مه‌زنترین كێشه‌ی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ڕێگر ده‌بێ له‌ پێشه‌وه‌چوونی ئه‌و كۆمه‌ڵگا، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ده‌سته‌مۆ كراوی ده‌ستی حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌. باشووری كوردستانیش به‌ یه‌كێ له‌و كۆمه‌ڵگانه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ به‌و دۆخه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی دڵسۆزیش هه‌بێ كه‌ پلان و پڕۆژه‌یه‌كی گرینگ بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ پێشنیار بكات كه‌ كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ریی بنه‌ڕه‌تی ببات، ئه‌وا له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ حیزبییه‌وه‌ ڕێگری لێ ده‌كرێت.

ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌بنه‌ به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كیی و ڕێگری ده‌كه‌ن ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبه‌كانن. چونكه‌ حیزبه‌كان ئه‌ندامه‌كانیان وه‌ك كوته‌ك و گاڵۆكه‌ی ده‌ستی خۆیان پێناسه‌ ده‌كه‌ن و هیچ ئه‌ندامێكیش ناتوانێ له‌ ڕێڕه‌وی سیاسیی و ڕێبازی هه‌نووكه‌یی حیزبه‌كه‌ی لابدات. كێشه‌كانی سیاسیی و ئابووریی كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ترازانی لایه‌نه‌كانی سیاسیی كوردستانیش بۆ هه‌مان فه‌لسه‌فه‌ی ئاڵۆزیی پێوه‌ندیی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. چونكه‌ به‌ستێنی سیاسیی نێوان لایه‌نه‌كان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی لایه‌نه‌كان و له‌و نێوانه‌دا دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی، ئازادییه‌كان و مافی یه‌كسانیی هاوڵاتییان له‌ناو گه‌مه‌ی سیاسیی پارت و ڕێكخراوه‌كاندا ژێرپێ خراوه‌ و كه‌سیش خۆی به‌ به‌رپرسیار نازانێت.

له‌م چه‌شنه‌ كۆمه‌ڵگانه‌ كۆمه‌ڵ ناسنامه‌ی مه‌ده‌نیی خۆی ون كردووه‌ و پارت و ڕێكخراوه‌كانی سیاسیی ناسنامه‌یه‌كی دیكه‌یان بۆ گه‌ل داتاشیوه‌. تاكوو كۆمه‌ڵ ناسنامه‌ی مه‌ده‌نیبوونی خۆی به‌ده‌ست نه‌هێنێته‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هیچ گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تیی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی و ئابووری كوردستاندا پێك ناهێنێت. چونكه‌ كۆمه‌ڵێكی مه‌ده‌نیی نابینێت كه‌ له‌ نه‌بوونی خزمه‌ت ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و حیزبی بخاته‌ له‌رزه‌.

واتا ئیستا كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نیی نییه‌ و هه‌موو چینوتوێژه‌كان ده‌ربه‌ستی ده‌سه‌ڵاتی حیزبن. چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ كلكی هێزه‌ سیاسییه‌كان و شه‌ڕی براكووژیی له‌ ده‌یه‌ی ١٩٩٠دا بووه‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان شه‌ق ببێت و لێكترازانی تێبكه‌وێت و هه‌ر به‌شێكیش بۆ هه‌میشه‌ ڕیشكی به‌ ڕیشكی پارتێكه‌وه‌ گرێ بخوات. چونكه‌ هیچكه‌س ئاماده‌ نییه‌ ده‌نگی خۆی بخاته ‌پاڵ لایه‌نێك

كه‌ یه‌كێ له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی كوشتبێ. تاكوو هه‌نووكه‌ش هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی نه‌هاتووه‌ته‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان كه‌ بتوانێ ته‌لیسمی هه‌موو لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار بشكێنێت.

ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ش كه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی ڕابردوودا هاتوونه‌ته‌ گۆرێ، له‌ژێر هه‌ژموون و كاریگه‌ریی لایه‌نگه‌لی جیاوازدا بووه‌. چونكه‌ ڕێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نیی له‌و به‌شه‌ی كوردستان له‌ بڕیارداندا سه‌ربه‌ست و ئازاد نین و هه‌موو سه‌ربه‌ لایه‌نه‌كانی سیاسیین. ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ نه‌ك ته‌نیا ڕێكخراوه‌كان به‌ڵكوو چینوتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگاش به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی سیاسیدا دابه‌ش بكرێن و هه‌ر پارت و ڕێكخراوێكیش هه‌وڵ ده‌دات كه‌ له‌ ڕێگای ئه‌ندامه‌كانیه‌وه‌ كه‌ وه‌ك چالاكی مه‌ده‌نیی، سیاسیی و ته‌نانه‌ت هندێك جار وه‌ك تاكی مه‌ده‌نیش خۆ ده‌نوێنن ئاڵۆزیی بنێنه‌وه‌ و شه‌قام بورووژێنن، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی گوشار خستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

له‌ دۆخێكی له‌و چه‌شنه‌شدا ده‌سه‌ڵات سیاسه‌تی تاییبه‌ت به‌خۆی ده‌بێ، چونكه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌یه‌ كه‌ ڕێكخه‌ری ناڕه‌زایه‌تییه‌كان حیزبه‌ كه‌ داواكاریی تاییبه‌ت به‌ خۆی‌ هه‌یه‌. هه‌رچه‌ند كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا زۆربن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ نییه‌ گۆڕانكاریی پێویسته‌ بهێنێته‌ كایه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌كه‌‌ ئه‌و كات لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات یانخود ئه‌و لایه‌نانه‌ كه‌ پێیان وایه‌ ده‌سه‌ڵات وه‌لای ناون گۆڕانكارییه‌كان به‌ هی خۆیان ئه‌ژمار ده‌كه‌ن و له‌و ڕێگایه‌وه ده‌یانهه‌وێت‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر لایه‌نگرانی حیزبه‌كانی دیكه‌ دابنێن. حیزبه‌كانیش له‌ ڕێگای ورووژاندنی لایه‌نگرانی خۆیانه‌وه‌ ده‌یانهه‌وێت ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ویستی سیاسیی پاشه‌كشه‌ پێ بكه‌ن و له‌ به‌رامبه‌ردا ویسته‌كانی خۆیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بسه‌پێنن.

له‌و چه‌شنه‌ كۆمه‌ڵگانه‌شدا هه‌موو پرسه‌ سیاسیی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تێكه‌ڵوپێكه‌ڵن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ لایه‌نی سیاسیی هه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌یه‌ و له‌ حوكوومه‌تدا به‌شداره‌، كه‌چی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ده‌گێڕێت و خۆی به‌بێ ده‌سه‌ڵات نێو ده‌بات. له‌ ڕاستیدا له‌م چه‌شنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكان پارته‌كانی سیاسیی خاوه‌ن هیچ چه‌شنه‌ پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژیی نین كه‌ وه‌ك بنه‌مای چوونه‌ ده‌سه‌ڵات پێناسه‌ی بكه‌ن. به‌ڵام كاتێ ده‌چنه‌ حوكوومه‌تی چه‌ند ده‌سه‌ڵاتیی و گه‌مه‌ سیاسیی و یاساییه‌كان به‌دڵی ئه‌وان تێپه‌ڕ نابێ ئیتر ده‌كه‌ونه‌ بیری ئه‌وه‌كه‌ شه‌قام بورووژێنن، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌یان پێش ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بێنه‌ده‌رێ. واتا له‌ بیریان ده‌چێ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات به‌شدارن و ده‌سه‌ڵاتی چه‌ند حیزبیش ئاكامه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌بێ. چونكه‌ هه‌ركامه‌ پلانی تاییبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و سیاسه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنیش به ‌ته‌واوه‌تیی به‌دڵی هه‌مووان نابێ.

هاوكات ده‌سه‌ڵاتی حیزبیش بێباكه‌ له‌وه‌كه‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ دژی ڕاوه‌ستن و میدیا وه‌ك گوشار له‌ دژی به‌كار بهێنن. چونكه‌ خاوه‌ن هێز و ئه‌ندامی خۆیه‌ و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش ناتوانن ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌م بكه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ك له‌ ده‌سپێكی ئه‌م وتاره‌دا ئاماژه‌م پێكرد كه‌ كۆمه‌ڵگا دابه‌ش كراوه‌ و ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌نگ به‌ هه‌ر لایه‌نێك ده‌دات له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نه‌وه‌ مووچه‌ی بۆ دابین ده‌كرێت. كه‌واتا لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ناتوانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی دابنێن. هه‌رێمی كوردستانیش له‌و دۆخه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێ كه‌ له‌م وتاره‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه‌. كه‌واتا ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی له‌ جمه‌گه‌كانی شێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سیاسیی ئه‌م هه‌رێمه‌دا پێك نه‌یه‌ت ئه‌سته‌مه‌ ئاسۆیه‌كی گه‌ش بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو دابین بكرێت.

من پێم وایه كه‌‌ ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتیی حیزبیی و حوكوومه‌تیی لێك جیا بكرێته‌وه‌ و هه‌ر حیزبێك براوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو، ئه‌وه‌ به‌ ته‌نیا حوكوومه‌ت پێك بهێنێت. ئه‌و كات به‌ ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌‌ ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پارته‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئابووریی، سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی چه‌نده‌یه‌! هه‌نووكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موو حیزبه‌كان یه‌كتر تاوه‌نبار ده‌كه‌ن، یه‌كێ ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتم نییه‌ و یه‌كی دیكه‌ش ده‌ڵێت ئه‌و حیزب له‌نێو حوكوومه‌تدا كاری حیزبی ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات كه‌ حوكوومه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسییدا تووشه‌ كێشه‌ و به‌ربه‌ست ببێت. ئه‌گه‌ر شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسیی له‌ ڕوانگه‌ی پارته‌كانه‌وه‌ به‌و چه‌شنه‌ به‌رده‌وام بێ، كه‌واتا هه‌ڵه‌ له‌ ڕوانگه‌ی سیاسیی هه‌موو لایه‌نه‌كان دایه‌ و به‌رپرسیارێتیی گشت كێشه‌كان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هه‌مووان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی