"an independent online kurdish website

ئەم نیشتیمانەپان و بەرینە دابەشکراوەی کوردان سەدان ساڵە ڕاپەڕیوە و مێژوویەکیان بە خوێن و فرمێسک تۆمار کردووە. cefer_mahmud_pur

مێژوویەک کە جارێ دەستاودەستی نەسڵەکانی بەردەوامە ولەبزاوت نەکەوتووە و ڕەوڕەوەکەی کۆتایی نەهاتووە . نە دوژمنان وازیان لە جورم و جینایەت و دابەشکاریی ئەم نیشتیمانە و ئەم نەتەوە دابەشکراو ،بەڵام خۆڕاگرە هێناوە و نە ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە هەدایان داوە لە خەبات و قوربانیدان. بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەوە گەلانی ژێر دەست و ڕاپەڕیوی ئازادیخوازن نوقتەی کۆتایی دادەنێن و سەرکەوتن و ڕزگاری دەکەنە ڵاپەرەی تۆمارکراوی مێژووی مرۆڤایەتی. کورد بە بوونی ڕۆڵە وەفادارەکانی هەر سەر دەکەوێ.

نەتەوەی کورد یەکێک لەو نەتەوە دەگمەنانەی نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی یە کە سەرەڕای هەموو غەدر و دابەشکاری یەک کە تووشی هاتووە ، توانیویەتی زۆرترین مرۆڤی لێهاتوو ، فیداکار، دڵسۆز بە خاک و نیشتیمان و باوەڕمەند بە ئازادیی مرۆڤەکان پەروەردە بکا. ئەوە هەر قسە و ئیدیعا نیە، زۆر بە هاسانی بە هەڵدانەوەی چەند ڵاپەڕە لە مێژووی دوور و نیزیکی ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بۆمان دەردەکەوێ کە کورد چەندە کەسایەتی و ئینسانی ناودار و بە باندۆری هەبووە و هەیە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەموو دەوروبەری ئەم نەتەوەیە بە تەلبەندی دوژمنایەتی تەنراوەتەوە.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوو دا یەکەیەک (واحید)ێکی چالاک و فێرگەیەکی پەروەردەکاری کادری سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری ، میدیایی و پێشمەرگەی سەنگەر بووە و لەو مەیدانە دا دەتوانم بە جورئەوەتە بڵێم کە لەگەل بوونی زۆر یەکەی تری هاوشێوە، هەمیشە ئەو حیزبە ڕۆڵی یەکەم و هەرە دیاری بینیوە. کەمتر دێباتی سیاسی ، جڤاکی، کولتووری، میدیایی لە کاناڵە ڕاگەیاندنەکان دا دەبینین کە پەروەردەکراوێک یان چەند پەروەردەکراوی ئەو یەکە چالاکەی نێو بزاوتی نەتەوەیی تێدانەبێ. تەنانەت هیچ حیزبێکی کۆن و نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابینین کە چەندین کەس لە قوتابیانی پەروەردەکراوی ئەو قوتابخانە گەورە و گرانەی تیدا ڕۆڵ وکاریگەریان نەبێ، ئەوەش نیشانەی زیندووبوون و خەمخۆریی ئەو قوتابخانەیە و مامۆستا گەورەکانیەتی.

یەکێک لەو قوتابیانە کە لە دەستپێکی تەمەنی یاسایی دا (١٨ساڵی)پۆلەکانی قوتابخانە و تەختە ڕەشە و جانتایەکی سادە و ساکاری بەجێ دێڵێ و کۆلەپشتی ، کیسەخەوێک ، کڵاشینکۆفێک و ٧ خەشاب و دوو نارنجۆک هەڵدەگرێ و شاخەوشاخ دەکا تا گەل و نیشتیمانەکەی ڕزگار بێ، کوڕێکی باڵا بەرزی شیک پۆش و قسە خۆشی ئاوایی بەناوبانگی موانەی تەڕگەوەرە و بە شیری دایکێک کە لە کوردەواریدا   پێیان دەگوترێ : شێرە ژن فرچکی گرتووە ، و لە ژێر سێبەری باوکێکی زەحمەتکێش و باوەڕ بە خۆ دا ، پێگەیوە وقاڵ بۆوە ، کاک جەعفەر مەحموود پوور ە.

ceifer_mahmud_pour_1

جەعفەر مەحموود پوور لە بنەماڵەیەکی مەڕدار و وەرزێری ئاوایی موانە دا چاوی بە دونیا هەڵێناوە . شوێنی لە دایک بوونی کوێستان(زۆزان) ی چیرانچەپ لە بەرقەدی چیای سەرکەشی چل مێری شەهیدان و لە کاتی چوونە کوێستان دایە. ئەوە سەرەتای ژیانی مرۆڤێکە کە دواتر هەرلەوشاخە لەباتی ئاژەلداری ، خەباتی پێشمەرگایەتی لە پێناو ئازادی دا دەکاتە پیشە و دەبێتەوە کەسی جێی باوەڕی خەڵک کە هیندێکیان پێی دەڵێن: جەعفەر و ئەوانەش کە هەر بە خۆمانە باسی دەکەن پێی دەڵێن: جەوەر ، دەبێتەوە هاوڕێ و هاوخەباتی سەدان ڕۆڵەی دیکەی کورد کە ئەگەر هەڵبژاردنی ئەم پێشە پیرۆزە نەبوایە، ڕەنگ بێ هیچکامیانی نەناسیبایە.

جەعفەر مەحموود پوور دوای تەواو کردنی دەورانی ناوەندیی خوێندن، ساڵی ١٣٦٤ پێشمەرگایەتی لە هێزی شەهید نەحۆی ورمێ لە ڕێزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دا دەست پێدەکاتەوە و هەر زۆر زوو خۆی لەگەل ژیانی پێشمەرگایەتی و دژوارییەکانی خەباتی شاخ ڕێکدەخا و دەبێتەوە جێی متمانەی کۆمیتەی شارستان و هێزی شەهید نەحۆ. ئەو هەم کەسێکی کۆمەڵایەتی و هەمیش کەسێکی جیدی لە ئەرکدا ، و لە هەمانکاتیشدا کەسێکی بە ئەخلاق و خۆش ڕەفتارە لەنێو پێشمەرگەکان دا و بەردەوامیش هەوڵ دەدا بۆ فێر بوون و خۆ پێگەیاندن، بۆیە دوای کەمتر لە ساڵێک مانەوە لە ڕێزەکانی پێشمەرگە دا ، جەعفەر وەک فەرماندەری پەلێک لە پێشمەرگەکان دیاری دەکرێ ، کە دەتوانین بە نموونەیەکی دەگمەن باسی بکەین لە وەرگرتنی ئەرکی حیزبی، بەتایبەتی نیزامی و فەرماندەری دا.

چۆن جەعفەر مەحموود پوورم ناسی؟

ساڵی ١٣٦٤ ئێمە   وەک هیزی شەهید سەروان حاتەم وهێزی سەهید سەرگورد عەبباسی کە سەربە کۆمیتەی ئاڕاڕات بووین لەسەر داوای کۆمیسیۆنی پێشمەرگە هاتینەوە بۆ پاراستنی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب لە گەوردێ(دۆڵی جافەتی) . بەشێکی کەمیش لە کادر وپێشمەرگەی هەردوو هێز و کۆمیتەی ئاڕاڕاتیش لە ناوچەمانەوە و یازدە کەسیش لە سنوور بەهۆی سەربازانی دەوڵەتی تورکیە بەدیل گیرابوون.

کۆنگرەی ٧ گیرا و ئێمە ئەرکی پاراستنی دەورووبەری کۆنگرە و رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران و ماڵی کاک دوکتۆر قاسملوومان پێ ئەسپێدرابوو. کۆنگرەی ٧ زۆر جار گوتوومە کە زیندووترین پڕ بڕیارترین کۆنگرەی حیزب بووە تا ئیستا(هەڵبەت ئەوە ڕای خۆمە و ئامادەم بەرگریشی لێ بکەم) .

یەکێک لە بڕیارەگرینگەکانی کۆنگرە پێکهێنانی مەڵبەند و تێکەڵ کردنی هێزەکانی و بە کوردستانی بارهێنانی پێشمەرگە بوو. شیمالی کوردستان یەکێک لەوانە بوو کە حیزب هیوایەکی زۆری پێ هەبوو. بۆیە پێش هەموو ناوچەکانی دیکە مەڵبەندی شیمال پێک هێنرا و سازماندەهی کرا. یەکێکیش لە هۆیەکان ئەوەبوو کە ٣ ساڵ بوو ناوەندی ئاگری مان هەبوو، کاری زۆری پێویست نەبوو تا بگۆڕدرێ بە مەڵبەند. تەنیا کێشەیەک کە هەبوو هیندێک لە بەرپرسانی نیزامی کە لەو سازماندەهی یە دا پلەینا دەهاتە خوار، بە جۆرێك موخالیف بوون.

بەهەرحال سازماندەهی کرا و هیزێکی سەدان کەسی و ئیمکاناتێکی زۆریشمان هەبوو. هەرسێ هێز کران بە هێزی ئاگری و هێزەکەش دابەش بە ٣ لک و هەرکام لە لکەکان ٣ پەل و پەلی فەرماندەهی و پەلێکیش پێشمەرگەی مەڵبەند. سەرجەم ١١ پەل پێشمەرگەی نیزامی و ٢ کۆمیتەی شارستان کە هەرکامەی ١٥ بۆ ٢٠ کادری هەبوو.

بنکەی ئێمە لە گوندی مامەخەتیب لە دۆڵی ڕۆستێ(بناری هەڵگورد) بوو کە ئەوکات دەوڵەتی عێراق چۆلی کردبوو و کەسی لێ نەدەژیا. هیزی کێلەشین و کۆمیتەی شارستانی شنۆش لەوێ بوون. ئەو ناوچەیە بە دەیان هەزار سەربازی عێراق دامەزرابوون و ڕۆژانە دەچوونە بەرەکانی شەڕ لە سنووری حاج ئومەران وکێلەشین . بەشێک لەو هێزە گاردی کۆماریی عێراق بوو. جارێکیان چەند ئەفسەر و سەربازیان هاتبوونە لای هاوڕێیان و واڵێبالێان دەکرد. موسابیقە بوو. لە نێو ئەوان دا چەند ئەفسەرێکی باڵابەرز هەبوون کە زۆر چاک واڵیباڵیان دەکرد. سەربازێکی بێ سەرەو بەرەشیان لەو تیمە دا بوو هەر بە قەدەر من لە واڵیباڵی دەزانی. تۆپێکی خەرا کرد و ئەفسەرێک لێی تووڕە بوو و وەبەرشەپانی دا و سەرەنجام دۆراندیان و زۆریان پێ ناخۆش بوو.

تیمی هاوڕێیانی ئێمە ئەوەی لە بیرمە حەسەن بازووکە ، مەحکووم گولشەن، جەمشید کامڕان ، تاهیر سۆفی و گەنجێک کە یەکەم جار بوو ببینم. دواتر زانیم ئەوە ناوی جەعفەرە و لە سازماندەهیی تازە دا وەک سەرپەلی پەلێک لە لکی ٢ دیاری کراوە کە محەممەد ئەمین کرێت(ڕووحی شاد) فەرماندەری بوو . ئەوە سەرەتای ناسینم بوو لە گەل هاوڕێ جەعفەر و دواتر زیاتر و زیاتر یەکترمان ناسی یەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ.

ceifer_mahmud_pour_10

جەعفەر یەکێک لەو پێشمەرگانە بوو کە زۆر بە سەریعی چووە پێش و توانای خۆی ئیسپات کرد. هاسان نەبوو کەسێک کە ساڵێکە پێشمەرگەیە و تەمەنی زۆر گەنجە و لە خودی ئەو پەلەی کە سەرپەلیەتی کەسی وای تیدابوو هەم تەمەنیان لەسەرێ و هەم ماوەی پێشمەرگایەتیان ٦ تا ٧ ساڵ بوو. بەڵام فەرقێک کە هەبوو ئەوەبوو کە جەعفەر هەم کەسێکی جەسوور بوو لە کار دا و هەمیش ئەگەر هەڵەم نەکردبێ لە هەموو سەرپەلەکانی ئەوکاتی هێزی ئاگری خوێندەوار تر بوو. (هەڵبەت بە نسیبەت خوێندەواەریی ئەوکات و ئاستی خوێندەواریی نێو پێشمەرگە).

کاتێک فەسڵی دەستپێکردنی چالاکییەکان دەستیان پێکرد ، یەکەم دەستەی پێشمەرگەکانی هیزی ئاگری لکی ١ بە فەرماندەریی کاک سەعید گوڵێ بوو کە چوونەوە ناوچە. دوای نیزیک بە ٣ هەفتە دووهەم دەستە لکی ٣ بە فەرماندەهیی کاک حەسەن بازووکە ڕووحی شاد و فەرماندەری هێز کاک ڕەحیم ساڵحزادە و بەرپرسی مەڵبەند کاک عەلی کاشف پوور ڕووحی شاد و باقی ئەندامانی دیکەی مەڵبەند بوون لەگەل بەشێک لە کۆمیتەی شنۆ و هیزی کێلەشین.

دوایین دەستەش لکی دوو بوو و تەنیا کاک بەهادور ئازەری جێگری فەرماندەری هێز لەگەلیان مابووە .کە ئەوان کاتێک هاتن ئێمە لە گەرووی سویجە بووین(بۆزی سینای مەڕگەوەڕ) یەکترمان گرتەوە. هەم موهیماتێکی زۆریان هێنابوو، هەم بەشی هەموو پەل ، لکی و ئۆرگانەکان بێسیمی ئیکۆم یان هێنابوو کە ئەو بێسیمانە لە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزب دا نەخش و دەورێکی گەورەیان گێڕا.

دوای ماوەیەک ئەوەبوو بەمەبەستی تۆڵەی سێ شەهیدی لکی ١ لە گەرووی زینێ، مەڵبەند و کۆمیتەی شنۆ پێکەوە بڕیاری عەمەڵیاتێکی هاوبەشی گەورەیان دا لە ناوچەی شنۆ. ئەوەبوو شەوی ٥ ی پووشپەڕی ١٣٦٥ لە کۆی هەردوو هێز ٢٤١ پێشمەرگەی گورجوگۆڵیان هەڵبژارد و بە سەر ١٢ شوێن دا بەش کراوین. ئەرکی ئێمە لە پووشاوێ و سێ ڕیانی شێخان و سینگان و پووشاوێ بوو.

دواتر هاتینەو ەمەڕگەوەڕ دوو شەڕی گەورەمان کرد لە بۆزی سینا و بەردەسپیان. لکی ١ لە مەڕگەوەڕ مایەوە و لکی ٢ و ٣ لەگەل مەڵبەند و فەرماندەهیی هێز بەرەو تەڕگەوەڕ چووین، کۆمیتەکانیش جوونە کاری خۆیان بە پێی ئەرکی دیاری کراویان. لە اموەیەکی کورت دا توانرا هەم پایەگای میرداوو، هەم مەلوونە بگیرێن بە بێ هیچ خەسارێک. پەلی ئێمە کە ژمارەکەی پەلی ٣٢ لە لکی سێ بوو ئەرکدار کران تا عەمەڵیاتێکی زەربەتی لە سەر بنکەی اطلاعاتی سێرۆ (دەروازەی فەرمیی نێوان ئێران وتورکیە) بەڕێو ەبەرن. ئەوەبوو لە ١٣ی گەلاوێژ ئەو عەمەڵیاتەش بە باشترین شێوە و بە زەبرێکی قورس لە بنکەی اطلاعاتی سوپای پاسداران بە بێ خەسار بەڕێوەچوو.

گەیشتینەوە سەرووبەندی ٢٥ی گەلاوێژ ٤١ مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب. ئێمە لە قەرەغان بووین کە دەمانزانی بەرپرسان بەرنامەیەکیان بەدەستەوەیە، بەڵام نەماندەزانی لە کوێ بەرنامەی عەمەڵیاتیان هەیە. ئەوەبوو حەسەن بازووکە و بەهادور ئازەریش کە جێگری هێز بوو لەگەل جەند کەسێک چوون بۆ مەئموریەتێک و دوای ٢ ڕۆژ گەڕانەوە. ئیدی زنایمان کە بەرنامەی عەمەڵیات نیزیکە و ئەوانە چوون بۆ شناسایی سوێنەکە.

ئەوەبوو ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژ لکی ٢ و٣ و پەلی فەرماندەهی لە قەرەگان کۆبووینەوە ودوای پشوویەکی جەند سەعاتی لە دوانوەڕٶیەکی گەرم دا گوتیان حەرەکەت بکەن. هەورازی چیای میربهال هەر خۆی و پێشمەرگە دەیانزانی چەند ماندووکەرە. هەوا گەرم، هەورازێکی سەخت . نیزیک بە سەعات ٥ی ئێوارە بوو کە سەرکەوتینە چاڵی و داگەڕاینەوە خوار بۆ پشتی خۆشەکۆ. دەورووبەری مەغریب بوو کە کۆبوونەوەیەک کرا و بەهادور ئازەری دوای باسێکی کورت لە سەر عەمەڵیات و شوێنەکەی ، تیمەکانی خوێندەوە و هەرکام لەو تیمانە جیابوونەوە.

دوو شوێن دیاری کرابوو کە پایەگای سوپای پاسدارانبوون. یەکیان پایەگای خۆشەکۆ و ئەوی تریان پایەگای دەربەند بوون . کە حەرەکەتمان کرد من لە بیرم نیە بۆچی تەئخیر بووینو بۆ تەئخیر بووین، بەڵام کە گەیشتینەوە گوندی دەربەند سەعات نیزیک ١١ شەو بوو. بەو مانایە کە تیمی سەر پایەگیا خۆشەکۆ ئەگەر چووبانایە دەبا زیتر لە یەک سەعاتی دیکەش بڕۆن . ئەوەبوو کۆبوونەوەیەکی کورتی بەرپرسانی نیزامی کرا و گوتیان لە لیدانی خۆشەکۆ واز دێنین و تیمی خۆشەکۆ دەچنە سەر پایەگای شاخی خێبەر لە سەرەوەی دەربەند بوو.

ceifer_mahmud_pour_3

ئەوەبوو جووینە سەر پایەگای دەربەند و هاوڕێیانی دیکەش پایەگای خێبەر. جەعفەر و فەرامەرز عوسمان(ڕووحی شاد) بەرپرسی تیمی هوجووم بۆ ناو پایەگای دەربەند بوون. لە ماوەیەکی کورت دا گەیشتنە ناوی دەرکی پایەگا و ئیدی مەجالی دەست کردنەوەیان نەمابوو. بەڵما بەداخەوە لەوێ دا بەهۆی نارنجۆکی دەستی کە جاشەکان لە پایەگا را فڕییان دابوو، جەعفەر و هاوڕێ یەکی دیکە( خۆم لە ناو هێنانی دەپارێزم) بریندار بوون. ئەوەبو بریندار بوونی ەئو هاوڕێیانە بوو بە هۆی ئەوە کە بکەوینە فکری دەربا سکردنیان و هەمیش گولە ئارپی جی و ئەوانەشمان کەم ببون، نەمانتوانی پایەگا کە بگرین و گەڕاینەوە. پایەگایخێبەریش بە هەمان شیوە بەهۆی نارنجۆکی دوژمن هەردوو بەرپرسی تیمی هووجووم بۆ نا وپایەگا بریندار بون کە یەکیان کاک دێوانە عەبدوڵا زادەو ئەوی تریشیان خۆم لە ناوهێنانی دەپارێزم.

دیسان هەورازی کوور و دوورمان بڕی و ئێمە و تاوهەڵاتن پێکەوە گەیشتینە ناوقەدی شاخ و وابزانم ئاخەرین تیمی هاوڕێیان کە سەرکەوتنەوە میربهال، دەوروبەری سەعات ١١ ی نیوەڕۆ بوو.

ئەوە یەکەم برینداریی کاک جەعفەر بوو. بەڵام هەرجەند برینەکەی جارێ بەتەواوی ساڕێژ نەببۆوە، بە بڕیاری مەڵبەند، هەر ٣ لک بەرەو ناوجەکنای سۆما، برادۆستو شپیران سەڵماس وەڕێ کەوتین.

لەوێش بەرنامەیان دانا بۆ ئەوەی هاوکات و لە یەک شەودا پایەگایەک لە کەنار بەڕۆژ و یەکێکیش لە شپیران بگیرێ. ئێوارەکەی ڕۆژی ١٧ ی خەرمانان ئێمە لە پشتی گوندی سپی دەرەی ناوچەی شپیران بووین و بەرنامەمان ئەوەبوو کە هەم پایەگای گوند بگرین و هەم خەڵکی گوند کە بەزۆر چەکدار کرابوون، چەکەکانیان لێ وەرگرین، ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران خەبەری ئیعدامی فەرماندەری لێهاتووی حیزب، خەلیل خەلەبانی خوێندەوە ، بۆیە بڕیار درا بە تۆڵەی ەئو شەهیدە بێ. ئوەبوو پایەگاکە گیرا و تەنیا کاک عەسکەر عەلیزادە کە بەرپرسی تەشکیلاتی ناوچەی شپیران بوو بریندار بوو عەمەڵیات بە سەرکەوتوانە کۆتایی هات.

بەڵام  بەهۆی هیندێک تەئخیر کەوتنەوە لە دەرباس بوونی ئەو بەشەی دیکەی هێز لە سۆما بۆ کەناربەڕۆژ، ئەوان شەوی دواتر (١٨ ی خەرمانان) عەمەڵیاتەکەیان کە گرتنی پایەگای گوندی زەنگەکان بوو، ئەنجام دابوو. ئەوانیش زۆر بە سەرکەوتوویی   و بە دانی یەک بریندار کە ناسر فەرنیا(ڕووحی شاد) بوو پایەگاکەیان گرتبوو. بەڵام کاتێک کە جەک و چۆڵکەنا کۆدەکرێنەوە کاتی ئەوەیە کە پایەگا بسوتێندرێ، جەعفەر دەیەوێ ماتۆر بەرقی پایەگا بسووتێنێ، بەهۆی بڵاو بوونی بەنزین، ئاگر دەگات کاک جەعفەر و بە ڕێژەیەکی زۆر سووتاندی . ئەوانەی کە لەوێ بوون زۆر جار باسیان کردووە کە هیچکامیان بەهیوای مانەوەی جەعفەر نەبوون. ئێوارەکەی سەرکەوتینە چیای دووگوهی بلمباسان و حەسەن بازووکە هەوڵی دا تەماس بگرێ، بەڵام دیار بوو کە ئەو هاوڕێیانە لەبە رئەوەی کە برینداریان هەبوو و نەیان دەویست دوژمن شوێنیان بزانێ، بێسیمەکانیان داخستبوو.

بەداخەوە ئەوان ئەوشەوە (١٩ ی خەرمانان)کە هاتبوون بۆ ئەوەی دەرباسی ئەوبەری برادۆست ببن، لە ناو گوندی گۆلەگەنی کەوتنە کەمین ولەوێش پێشمەرگەیەکی قارەمانی ئێمە بە ناوی حەیدەر ئاغازادە شەهید و سراجەددین جاجۆیی (ڕووحێ شاد)بریندار بوون. من جەعفەرم دوای سێ مانگ بینی کە ئیدی وەزعی باش ببوو و بنکەکانمان ئەوێ ساڵێ لە گوندی کاولان بوون.

ceifer_mahmud_pour_9

پێشمەرگایەتیی کاک جەعفەر و نرخی بنەماڵەکەی

هەروەک لە بەشی سەرەوە دا باسم کرد، کاک جەعفەر لە بنەماڵەیەکی مەڕدار و وەرزێر گەورە ببوو. ئەو سەرەڕای ئەوەی کە هاوکار و پشتیوانی دایکو بابی بوو، توانیبووی دەرس بخوێنێ و بە حەقیش خۆی پێگەیاندبوو.

مام فارس باوکی جەعفەر من زۆر جار بەخزمەتی گەیشتبووم، ئینسانێکی باوەڕ بەخۆ، خاوەن ئەزموونی ژیان، خاوەن ڕێز و حورمەتی زۆر لە نێو خەلکی ناوچە دا، دراوسێکانی حیسابیان بۆ دەکرد و ڕێزیان دەگرت. ئەو ئینسانە هەر لەو ڕۆژەی کە کاک جەعفەر بووە بە پێشمەرگە، ئەوەی ڕەفتاری وەحشیانە و دژی مرۆڤانەبوو ئەفرادی ڕێژیم لەسەری تاقی کردەوە. بە دەیان جار زیندانی کردن، شکەنجەی سەخت و ئازاری گیانی و ڕووحی و تەهدید و بێ حورمەتی بە خۆی و بنەماڵەکەی دەکرا. بەڵما نە ڕۆژێک ئەو ئینسانە و بنەماڵەکەی ئەو سەختیانەیان دایە پاڵ جەعفەر و نە جارێک ناوچاوانیان لە پێشمەرگە تاڵ کرد. دایکی جەعفەر هەر دایک نەبوو، هەر ژنێکی ئاسایی نەبوو، ئەو لە ئەرک دا هەم ژن بوو، هەم پیاو بوو، هەم دایک بوو، هەم باوک بوو. مندالەکانی پێیان دەگوت نازۆ( قەت نەمپرسیوە ناوی چ بوو، بەڵام وابزانم ناوی نازدار، یان نازێ بوو) .

لە تەواوی ئەوساڵانە دا کە هاوینان دەهاتنە کوێستانەکانی تەڕگەوەڕ هەموو ساڵێ چەندین جار دیومن و بوومەتە میوانیان، دەتوانم بە هەموو سەداقەتەوە بڵێم کە ئەو دایک و باوکە و مناڵەکانیان فەرقی منێک کە نەیاندەناسم وجەعفەری کوڕیان نەدەزانی. هەمیشە بە ڕوویەکی خۆش و بە دڵگەرمی وەری دەگرتین وورەی پێ دەبەخشیین. ئاخەر جار کە مام فارس بنەماڵەکەیم بینی ئاخر ڕۆژەکانی هاوینی ساڵێ ١٣٧١ بوو کە کاک جەعفەر تازە ئیزدواجی کردبوو و لە کوێستانی “شیواکلی بوون” . ئەو دایکە فیداکارە سەرەرای ئەو هەموو کارەی کە دەبا ڕۆژانە دەست و پەنجەی لەگەل نەرم بکا، وەک چۆن پەپوولەیەک بە دەوری شەمع دا دەسووڕێ، بە دەوری جەعفەر و خیزانی دا دەسووڕا و دڵخۆش و دەم بە بزە بوو.

ساڵی ٧٢ من لە مەڵبەند نەمابووم و نەقڵی کۆمیتەی بانەی حیزب کرابووم. ئەوسالەش دیسان بەکرێگیراوانی ڕێژیم مام فارس یان گرتبوو و ئەوەی ڕەفتاری دڕندانە بوو خۆیان نەپارستبوو. بەداخەوە ئەو شکەنجە و ئازارانە کاڕی خۆیان کردبوو و مام فارس ئیدی تاقەتی نەهێنا و پاش نیزیک بە ساڵێک تەحەموڵ کردن، لە هاوینی ساڵی ١٣٧٣ کۆچی دوایی کرد ، ڕووحی مام فارس شاد.

لە یەک ڕستە دا: بنەماڵەی جەعفەر لە ناوچەی تەڕگەوەڕ یەکێک لەو بنەمالانە یە کە زۆرترین ئازار و ئەزشکەنجەیان دیوە لە سەر ئەوەی کە کوڕێکیان پێشمەرگە بووە و نرخی هەرەگەورەکەشیان لەدەست دانی چیایەک بوو بە ناوی مام فارس بوو لەو گەدرلێکرای یە دا.

ceifer_mahmud_pour_2

چەعفەر مەحموود پوور لە چەند دێر دا

هەروەک لە سەرەوە باسم کرد جەعفەر مەحموود پوورلە تەمەنێکی زۆر گەنج دا بۆتە پێشمەرگە و هەر لەو تەمەنیشە دا بۆتە کەسێکی جێی متمانە و ئامادەیی وەرگرتنی ئەرک و بەرپرسایەتی حیزبیی هەبۆوە.

دوای ئەوەی برینەکەی ساڕێژ بۆوە، ئەوجار ئیدی لە بەشی نیزامی ڕا چووە بەشی تەشکیلات و لە کۆمیتەی شارستانی ورمێ وەک هاوکاری کادرو دواتر کادری پلەی چوار دەست دەک ابە کاروباری تەشکیلاتی لە ناوچەی تڕەگەوەڕ و شاری ورمێ.

جەعفەر بە سروشتی کەسیی خۆی ئینسانێکی کۆمەڵایەتی و خۆ ڕێکخەرە لەگەل دەوروبەری. کەسێکی مەجلیس خۆشە و هەمیشە قسەی تازەی پێ یە بۆ گوتن و چ ئەوکات و چ دواتر کاک جەعفەر کەسێکی خاوەن نەزەر و لە هەمانکات دا خاوەن هەڵوێست بۆوە لە هەموو جەریاناتی نێو حیزب و ئۆرگانەکەی دا. هاوڕێیانی جەعفەر هەم ڕێزیان لێگرتووە و هەم لەزەتیان لە دۆستایەتی و هاوڕێ یەتیی بردووە. ئەو هەم ڕێز لە هاوڕێکانی دەگرێ و هەم زۆر وەفادارە بە دۆستەکانی. یەکێک لە نیزیکترین هاوڕێیان و هاوکارانی شەهید کامیل ئیبراهیمی کادری تێکۆشەری کۆمیتەی شارستانی ورمێ بوو. سەدان بیرەوەری و داستانی خۆش و سرنج ڕاکێشی لە گەل هاوڕێیانی وەک شەهید کامیل ئیبراهیمی و لەگەل کاک کەماڵ شەریفی هەیە کە ساڵانێکی زۆر پێکەوە هاوکار و هاوتیم بوون لە کار و ئەرکی تەشکیلاتی دا.

جەعفەر هەم خۆی هەوڵی دابوو و هەمیش لە سەر ئەساسی ئیعتیبارێک کە بنەماڵەکەی لە ناوچە دا هەیانبوو، پەیوەندییەکی بەرینی لەگەل خەڵک هەبوو و جێی باوەڕی خەڵك بوو. لەگەل ئەوەی کە گەنج بوو، خەڵکی ناوچە بە گەورە و بچووک ڕیزیان دەگرت و قسەی دڵی خۆیان لەگەل دەهێنایە بەرباس. وەک نموونەیەک پێمخۆشە باسی بیرەوەرییەک بکەم کە خۆم شاهیدیم. ساڵی ٦٦ ئێمە تیمێکی ٦ کەسی لە لکی سێ چووبووینەوە دەوروبەری شاری ورمێ بۆ هیندێک ئەرکی حیزبی. لە جێگایەک چاومان بە دوکتۆرێک کەوت کە لە بواری نەتەوەیی دا کورد نەبوو. ئەو دوکتۆرە زۆر بەگەرمی وەریگرتین و دوای باس و خواسێکی کورت ،باسی جەعفەری کرد و لە ئەحواڵی پرسی. کە لێمان پرسی چۆن جەعفەر دەناسی ، گوتی من جەعفەرم بە منداڵی ناسیوە و لەگەلیان ئاشنام و هەر لە مناڵی دا جەعفەر کەسێکی محترم و قسەخۆش و کۆمەڵایەتی بوو. هەڵبەت ئەو باسە زۆرتر و زانیاریی زۆرتری تیدایە و لەبەر بواری ئەمنیەتیی ئەو دوکتۆرە بەڕێزە خۆم لە باس کردنی دەپارێزم.

ceifer_mahmud_pour_6

جەعفەر وەک بەشی زۆری هاونەسڵەکانی لە خەباتی پێشمەرگایەتی دا هەم زەحمەتی زۆری کێشا، هەم نرخی زۆری لەو پێناوە دا بەخشیوە. وەک خۆی دووجار برینداربوو و جاری دووهەم ئێستاش ئاسەوارەکانی لە سەر جەستەی دیارن. بنەماڵەکەی هەتا ئاستی لە دەستدانی مام فارسی باوک نرخیان پێشکەش بە ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەیان کرد.

ڕۆژی ٢٠ ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٧٣ کۆنفڕانسی مەڵبەندی شیال مان هەبوو کە کاک سەید سەلام عەزیزی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی ئەوکاتی کۆمیسیۆنی سیاسی، نیزامی(ڕووحی شاد) و کاک سەید برایم هاشمی بەشدار بوون. لە کاتی بەحس و کارەکانی کۆنفڕانس بوون، پێشمەرگەیەک هات و نامەیەکی دایە دەستی کاک سەید سەلام. دوای چەند دەقیقەیەک کاک سەید سەلام گوتی: هاوڕێیان ئەوە بۆیان نووسیوم کە کاک جەعفەر کورە کەی مردووە و سەرەخۆشیی کرد لە کاک جەعفەر. کوڕەکەی تازە هاتبووە دونیا و بەداخەوە لە تەمەنێکی کورت دا ژیانی بەجێ هێشت. جەعفەر نەک تەرکی کۆنفڕانسی نەکرد، زۆر لە سەرەخۆ دانیشت و کە نۆرەی هات قسەکانیشی هەر بە هەمان لەسەرەخۆیی کردی. ئەوەش نیشانەی باوەڕ ی قووڵی ئەو بوو بە ڕێىازێک کە هەڵیبژرادبوو.

جەعفەر لە ژیانی حیزبیی خۆیدا بەشداری ٣ کۆنگرەی حیزب بووە(کۆنگرەکانی ٩،١٠ و ١٣) هەم لە ناوخۆی وڵات ئەرک و بەرپرسایەتیی زۆری لە کۆمیتەی شارستانی ورمێ دا لەسەر شان بووە، هەم دوای ئەوەی کە ساڵی ١٩٩٧ هاتۆتەوە وڵاتی نۆروێژ لە کۆمیتەی ئەو وڵاتە دا ئەرکی حیزبی بەڕێوە بردووە و یەکێک لە ئەندامە دڵسۆز و وەفادار و لە هەمان کات دا خاوەن نەزەر و هەڵوێستەکانی جیدی یە، ئەو لە قسە کردن دا هەم ماهیرە، هەم قسەکانی لە دڵەوە و زۆر بەجیدی دێنێتەوە بەرباس. کادرێکی کۆمیتەی شارستانی ئەوکاتی بانە بۆی باس کردم کە لە کۆنگرەی ٩ دا کاتێک جەعفەر قسەی کردووە لە سەر وەزعی مەڵبەندی شیمال و بێ مودیریەتیی لە ئیدارە کردنی مەڵبەند دا، ئەوجار کادری کۆمیتەی بانە بڕیاری دا وە لە جەریانی دەنگدان بۆ ئەندامانی ڕێبەرایەتی و لە ژێر کاریگەریی ڕەخنە   و باسەکانی جەعفەربە نیسبەت مەڵبەند دا دەنگی داوە. لە هەموو جەریانات و دابڕانەکانی نێو حیزب، کاک جەعفەر وێڕای بەرگری لە ڕێبازی حیزبەکەی، سنەگەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی بە سەنگەری هەرە قایم و پیرۆزی کوردایەتی زانیوە و هەڵیبژاردووە. ئەوەش زیاد بکەم کە جەعفەر لە وەرزشی واڵیباڵیش دا هەم فەعال بوو، هەم عیلاقەیەکی زۆری پێ بوو و واڵیباڵ لە بەینی کاک جەعفەر و کاک بەهرام ئازاد فەر(ڕووحی شاد) لەززەتی تایبەتیی خۆی هەبوو.

ceifer_mahmud_pour_12

هەرچەند لەسەر هاوڕێم کاک جەعفەر بنوسم هەرکەمە، باس لە کەسایەتی، دڵسۆزی، وەفاداری ، ئەو نرخانەی کە پێشکەشی بارەگای ئازادیی کردوون، قسە خۆشی و مەجلیسە گەرمەکانی بکەم هەر کەمە. بۆیە لێرە دا بەو پاراگرافە کۆتایی دێنم بە نووسینەکەم: جەعفەر مەحموود پوور لەو تێکۆشەرانەی ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە کە من وەک خۆم شانازیی پێوە دەکەم و هەمیشە ڕێز و حورمەتم بۆی هەبۆوە و هەیە. ئەو کورتە نووسینەم تەنیا وەفادارییەکی بچووکە بە هاوڕێیەکی حیزبیم و لە داهاتووش دا ئەگەر عومر باقی بێ هاوڕێی تر بەسەر دەکەمەوە و دڵۆپێک لە دەریای خەبات و تێکۆشانیان باس دەکەم.

هەر شاد و سەرفیراز بن کاک جەعفەر و مەهدی یەخانم و مندالەکانیان و سڵاو دەنێرم بۆ دایکی هێژای کە منیش بە دایکی خۆمی دەزانم.

تێبێنی: دۆستانی ئازیز ، من ئەو نووسراوەیەم کە نووسیوە تاقە یەک شتیشم لە کاک جەعفەر نەپرسیوە و ئاگاداریش نەبۆوە لەو نووسینە، هەروەها لە رابردووشدا لەسەر هەر هاوڕێ یەک نووسیبێتم لێم نەپرسیوە، تەنیا ئیتیکام بەو زانیاریانە کردووە کە خۆم هەمبوون. بۆیە ڕەنگە کەم و کۆرێی زۆری هەبێ کە هەیەتی.

ئێوەش هەر شاد بن

کاووس عەزیزی.دانمارک

ceifer_mahmud_pour_11

ceifer_mahmud_pour_8ceifer_mahmud_pour_5ceifer_mahmud_pour_4ceifer_u_hawreyan

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی