"an independent online kurdish website

لە وەتی ئۆباما لە ئەمریکا بووە بە سەرۆک کۆمار لۆبی کۆماری سێدارە کاریگەری لە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا لە پێوەندی لە گەڵ ئێراندا سەرکەوتووتر بووە!reuf-gulbeden

جگە لە کارتێکەری لۆبیەکە، سیاسەتی نەرمی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران بۆ ئەوە بوو کە دەسەڵاتدارانی تاران لە بازنەی ڕووسیا و چین دوور بخاتەوە بەڵام بە پێچەوانەی ڕوانگەی ئەمریکا تاران هەم لە ڕووسیا زیاتر نزیک بووەتەوە هەمیش لە خۆبایی بووە، خۆی لێ بووە بە کەڵەگای ناوچەکە و تەنانەت لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا هەنگاوی هەڵگرتووە!

نە سیاسەتی نەرمی ئەمریکا و نە پێکهاتنە ئەتۆمییەکەی نیوانیان، نە بەڵێنی لابردنی بایکۆتەکان و نە بەڵێنی گەڕاندنەوەی پارە بلۆک کراوەکان نەبوونە هۆی ئەوەی کە ئێران دەست لە ڕووسیا هەڵبگرێت چ بگا بەوەی کە لە ئەمریکا نزیک ببێتەوە! * 1

ئەمریکا ناتوانێت لە یەک کاتدا لە گەڵ ئێران هەم لە سەر بەرنامەی پەرەپێدانی زاخاوکردن و پیتاندنی یۆرانیۆم ڕێکبکەوێ و هەم لەو لاشەوە چاوپۆشی لە هاوپەیمانەتی ئێران لە گەڵ ڕووسیا بکات کە عێراق و سووریا و گرووپی ترۆریستی حێزبۆڵاشی لە گەڵدایە!

ئەمریکا و ناتۆ لە سەر گاز و نەوت کێشەیان لە گەڵ ڕووسیا هەیە و هەر لە سەر کێشەی ناردنی گاز بۆ ئورووپا بوو کە شەری کەریمە و ئۆکراینی لێ هەڵگرسا و شەڕ درگای بە ڕووسیاش گرت کە هەموو ئەمانە هەتا ئێرە بە قازانجی ئێران شکاوەتەوە!

رووسیا ئێستە دەستی بە سەر کەریمەدا گرتووە کە یەکێ لە شوێنە ستراتێژییەکانی سەر دەریای ڕەشە و ڕێگەی گواستنەوەی گازی ناوچەکەی خستە ژێر چاوەدێری هێزەکانی خۆیەوە هەتا بە ئەمریکا و ناتۆ بسەلمێنێ کە لە سەر بەرژەوەندییەکانی لە گەڵ کەسدا سازش ناکات!

هێشتا گرژییەکانی سەر دەریای ڕەش دوایی نەهاتووە کە ڕووسیا کە بە ڕیسک کردن بە ناوبانگە، هێزێکی گەورەی بەرەو سووریا جووڵاند کە دواتر، دەرکەوتنی هاوپەیمانەتی ئێران و ڕووسیای لێکەوتەوە، هەر بە جارێک ئەمریکا و ناوچەکەی ڕاچڵەکاند و ناوچەکەی خستە دۆخێکی شۆکاوییەوە!

ئەو شۆکە جارێ هێشتا لەرینەوەی هەیە و لەوانەیە دەستەیەک لە حێزبە کوردییەکانیش بە تایبەت ئەوانەی وا لە ژێر هژموونی ئێرانیاندان بەناچاری بەرەو ئەو هاوپەیمانییە ڕاکێش بکرێن!

ئەگەر ئێران لە ڕاکێشانی ئەو بەشە لە کورد بە لای خۆیدا سەرکەوتوو نەبێ، کار بۆ ئەوە دەکات لانی کەم نەچنە ناو بەرەی دژبەرانی ئێرانەوە!

دوو وڵاتی عێراق و سووریا لە پرۆسەی دابەشبووندان و دۆخەکەش تازە بە کەس ناگەڕێتەوە!

نە تورکیا ئەو هێزەیە کە بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بە سەر ئەوانی‌تردا بسەپێنێ و نە ئێرانیش ئەو هێزەیە کە براوەی ئەم شەپۆلە گۆڕانکاریەی ناوچەکە بێت!

شیمانەی ئەوە دەکرێت پێکهاتنێک لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا بە بێ ئێران و تورک لە سەر ناوچەکە بە گشتی و لە سەر سووریا بە تایبەت کرابێت!

دوور نییە کە پێکهاتنی زلهێزەکان لە پێوەندی بە کوردستان و ناوچەکە ببێتە سەرەتایەک بۆ هاوکاریکردن یان کارێکی هاوبەش بە بێ بەشداریکردنی ئێران و تورکیاش لە داهاتووی ناوچەکە!

 

تورکیا و ئێران

 

تورکیا لە ناوخۆدا بە جۆرێک تێکچووە کە ئەگەر ئائەوا بڕوات لەوانەیە پرۆسەی دابەشبوون تورکیاش بگرێتەوە کە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی تورکیا دەکەوێتە ناو ئەم پرۆسەوە!

دەمێنێتەوە ئێران کە وەک دیتمان لە سەر کێشەی حەج هەڕەشەی لە عەرەبستان کرد بەڵام وا دیارە بار و دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئێران نەبوو هەر بۆیە، نێوانیان هێور بووەتەوە و هەر دوو لا بێدەنگیان لێ هێنا و دیزە بە دەرخۆنەیان کرد!

لە ڕاستیدا ئێران لە دوای هەڕەشەی عەرەبستان لە هەڵوێستە تۆندئاژۆکانی خۆی پاشەکشەی کرد! ئەو پاشەکشەیە دەرخستەیەکی بچووکە لە پاشەکشەکردنە گەورەکانی ئێران لە یەمەن!

 

ڕووسیا و ئێران

 

ڕووسیا و ئێران وەک دوو هاوسێی کۆن، مێژوویەکی دوور و درێژیان لە شەڕ و لە پەیمان بەستن پێکەوە بووە و هەیە کە هەمیشە براوەی یەکەم ڕووس بووە و ئێرانیش دوای هەر دۆڕانێک لە شەڕەکانیدا چەندها شار و ناوچەی لەکیس چووە! وەک بڵێی ئێران لە مێژوو پەند وەرناگرێت!

با چاوەڕوان بین بزانین لە لایەن ڕووسیاوە ئەم جارە چ تورکمانچایەک بە سەر کۆماری سێدارە دا دەسەپێ! * 2

ئێران لەوانەیە هاوپەیمانەتی لە گەڵ ڕووس بکاتە ئاتۆ بۆ پووان وەرگرتن لە ئەمریکا، بەڵام تۆ بڵێی ڕووسی بۆ بخەڵەتێ؟

ئێران لە گەڵ ئەوەی خۆی وەک بەهێز نیشان دەدا بەڵام بە پاشەکشەی لە یەمەن و کزبوونی لە سووریا و هەروەها بە لابردنی مالکیش لە عێراقدا بارەکەی خوار بووە و ئێستە ئیتر ئەستێرەی بەختی هەتا دێت بەرەو داچوون دەچێت!

ئێران هێشتا نەخراوەتە ناو کایەکەوە بەڵام هەر کەسە و دەبێ ڕۆڵی خۆی لە شانۆکەدا بگێڕێت!

تۆ بڵێی ئێران بێجگە لە ترۆر و دووبەرەکی نانەوە و دەستێوەردان، چ ڕۆڵێکی دیکەی ماوە کە لە شانۆی ناوچەکدا دەبێ بیگێڕێت؟!

 

کوردستان

بە هەر حاڵ دۆخی ناوچەکە بەرەو تەقینەوە دەچێت!

لە باشووری کوردستانیش وەک دەبینین ناوە ناوە لە کتوپڕدا بار و دۆخەکە ئاڵۆز دەکەن کە لە ژوورە داخراوەکاندا بڕیاری لە سەر دەدرێ و جاری وایە کەس خۆی ناکا بە خاوەنی، ئەوە دەردەخات کە ئێران دەیهەوێت زەخت بکاتە سەر کورد بۆ ئەوەی پەلکێشی ناو بەرەی شێعەی بکات!

بە باوەڕی من بەرەی ئێران لە کوردستان سەرکەوتوو نابێت، لە بەرئەوەی کە ئێران تەنیا دەسەڵاتی بە سەر بەشێک لە شێعەی عێراقدا هەیە و تەنانەت بەغدای بە تەواوەتی بۆ کۆنتڕۆڵ ناکرێت، چ بگات بە هەرێمی کوردستان هەر بۆیە ئەم خەیاڵانەی بۆ ناچێتە سەر!

هەر ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە دەبێتە هۆی شکستهێنانی پیلانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا!

کوردستان ئەوڕۆکە بە کردەوە خاوەنی لانی کەم دوو دەسەڵاتی بەهێزە: یەکەم دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشوور و دووهەم دەسەڵاتی ڕۆژئاوا کە بۆ خۆیان ڕاست لە چەقی شەڕی دژی داعشدان لە ناوچەکەدا!

ئەمە ئەو خاڵە بنەڕەتی و گرینگەیە کە ئێران پێی پەستە و لەم دۆخەدا هەست دەکات کە دەبێ ڕۆڵی دژە داعش لە کورد بستێندرێتەوە هەتا خۆی دۆن کیشۆت ئاسا بکاتە پاڵەوانی گۆڕەپانەکە!!

ئێران لەم هەل و مەرجە ناسکەدا نایهەوێت کورد ڕۆڵ و دەوری لە ناوچەکەدا پێ بدرێت لە بەر ئەوەی کە ڕٶڵ گێڕانی کورد بە مانای گرینگی پێدان بە کێشەی نەتەوەی کورد لێکدەدرێتەوە کە ئەمە لە گەڵ سیاسەتەکانی ئێران ناتەبایی هەیە و بە زیانی بەرەی ئێران واتە بەرەی شێعەش دەشکێتەوە!

ئەگەر داعش کز بکرێت هەم ئەسەد دەڕووخیت و هەمیش دەستی ئێران لە ناوچەکەدا کورت دەبێتەوە و ئیتر ناتوانێت بە بیانووی شەڕی داعش پەل بۆ عێراق و سووریا و کوێ و کوێ بهاوێژێت، واتە شەڕی دژی داعش لە لایەن کوردەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێران ڕۆڵی بە شێوەیەکی چالاک لە ناوچەکدا نەمێنێ!

ئەو بیانووە کە ئێران بە بۆنەیەوە خۆی لە هەموو شوێنێک تێهەڵدەقورتاندووە لە لایەن کوردە پووچەڵ دەبێتەوە و ئێران دەستی لە بن هەوانەکەوە دەردەچێت!

لێرە بە دوا کێشەکانی نێوان ئێران و کورد وردە وردە پەرەدەستێنێ! لە بەر ئەوەی کە ئێران هێزی دەستێوەردانی لێ دەستێندرێتەوە و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە کێشەکان ڕوو لە ناوخۆ دەکەن و کاریگەری ناوچەکە لە ئێراندا ڕەنگ دەداتەوە و ئیتر ئێران دەبێ لە گەڵ بار و دۆخی تازە خۆی ڕابێنێ یان خۆی بۆ گرفتی تازە ئامادە بکات و هتد…

 

کورد دەبێت وریای خۆی بیت و لە گەڵ ئەمریکا و رووس لە سەر بنچینە و بەرژەوەندی باڵای کوردستان بجووڵێتەوە و نەکەونە ناو داوی کۆماری سیدارەوە کە ئەنجامی کۆمارەکەی خۆیشی نادیارە!

کوردستان سنووری ناتۆیە!

 

کوردستان خۆی هێزێکی بنەڕەتی تۆکمەیە کە دەتوانێت هاوکێشەکان بە لای خۆیدا ڕابکێشێت!

کوردستان بە کردەوە بووە بە پارێزەری سنووری ناتۆ واتە هەمان ڕۆڵ کە پێشتر بە تورکیا درابوو!

ئەوڕۆکە کوردستان بووە بە سنووری ناتۆ ئیتر ئەمە بەو مانایە دێت کە تورکیا لە بەر زۆر هۆ کە تەنیا یەکێ لەاوانە کێشەی کوردە نەیتوانیوە وێنایەکی شارستانی و ئورووپاییانە بە خۆی بدات هەر بۆیە هەڵوەشاندنەوە پەیمانی سایکس- پیکۆ دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی ڕۆڵی تورکیا لە ناوچەکەدا کز بکرێت، بە تایبەتیش دوایی ئەوەی کە تورکیای ئەندام ناتۆ فڕۆکەخانەی ئینجێرلیکی بە سەر ناتۆ و ئەمریکادا داخست کە ئەم هەڵوێستەی بوو بە مایەی نیگەرانی ئەمریکا و ناتۆ! لە ڕاستیدا تورکیا لە ترسی کورد بەو جۆرە پشتیوانی لە مانەوە سەدام دەکرد!

ئەوڕۆکە کوردستان بووە بە ڕاستییەک و سووریا و عێراق بە کردەوە دابەش بوون و تورکیاش لە بەرانبەر ئاڵ و گۆڕێکدایە کە یان سەری خۆی تێدا دەبات و یانیش ئەگەر تورکیا بمێنێتەوە تازە نابێتەوە بەو تورکیایەی وا لە مێشکی هەمووماندا بوونی هەیە!

ئایەکوو کورد لە بڕگەیەکی مێژوویدا ڕانەوەستاوە؟

ئەرکی تاک بە تاکی کوردە کە نەهێڵن ئەو بڕگە مێژووییە بە سەرماندا تێپەڕێت و داهاتووی سەد ساڵی خۆمان با نەدەینە دەستی چارەنووس!

 

بژی کورد و بژی کوردستان

 

 

ڕەوف گوڵبەدەن

6.10.2015 ز

 

1 . ئەمریکا لە ڕێگەی لۆبی ئێرانەوە کە زۆربەیان ئەندامانی سپای پاسداران و ئیتلاعاتی بوون لە ڕاستیدا هەڵخەڵەتێندرا! هەر وەک چۆن ڕەخنەیان کردووەتە ناو بەشی فارسی رادیۆی ئەمریکاوە ئائەواش توانیان کاریگەریان لە سەر پیوەندیی هەر دوو لا بێت! دیارە درزیشیان خستوەتە ناو دەم و دەزگای بی‌بی‌سی لە لەندەن و ئێستا هەر دوو بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا و بی‌بی‌سی لە ژێر هژموونی پان ئیرانیستەکاندایە کە ئەوە نیشانەی بە هێزبوونی لۆبی ئێرانە لە ئەمریکا و هەروەها تا ڕادەیەکیش ئینگلیس!

 

*2. ناوی گرێبەستێکە لە نێوان ڕووس و ئێران لە ساڵی 1828 ز کە پاش شکستی ئێران لە شەڕ لە گەڵ ڕووسدا، ئێران ناچار کرا ناوچەی قوقاس و یەریڤان و نەخجوان بدات بە ڕووس! ( ویکیپێدیا)

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی