پێشمەرگەکان: رادیۆ زەمانە لە رێگای تەلەفوونەوە گفتوگۆیەکی لەگەڵ زیندانی سیاسی ناسراوی کورد”محەممەد نەزەری” ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێناوە.
کاک محەممەد” پاڵەوانی نێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران” کە ٢٢ ساڵە بە تاوانی ئەندامەتی لە نێو رێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە زیندان دایە بە سەربەرزییەوە دەڵێ:” پاش ٢٢ ساڵ لە پێناو پێدانی مەرەخەسی تەنانەت ئازادیش تا ئێستا سەرم بۆ هیچ کەسێک دانەخستووە. من ئەندامێکی سادەی حیزبی دێموکراتم. دەمێنمەوە و شانازیشی پێوە دەکەم”.
.
دەقی دیمانەکەی رادیۆ زەمانە لەگەڵ محەممەد نەزەری :
رادیۆ زەمانە: بۆ ئێوە رۆژێکی ئاسایی نێو زیندان چۆن تێپەر دەبێ؟
محەممەد نەزەری: خۆزگەی ئەو پرسیارەتان لە باقی دۆستانی ئێرە کە دەیان ناسن، دەکرد.
● بۆچی؟ … ئەلٶ… { بێدەنگی}
_ …لە باری ڕۆحییەوە پێویستە شانازی بە خۆمەوە بکەم. پاش ٢٢ ساڵ لە پێناو پێدانی مەرەخەسی تەنانەت ئازادیش تا ئێستا سەرم بۆ هیچ کەسێک دانەخستووە. من ئەندامێکی سادەی حیزبی دێموکراتم. دەمێنمەوە و شانازیشی پێوە دەکەم.
● بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە و بۆ ئەوەی خۆراگر بمێننەوە، چیتان دەکرد؟
_ هەر ئەم حیزبی دێموکراتە بۆ من پیرۆزە. رێز و حورمەتێک کە بۆ ئەم حیزبە و ئامانجە پیرۆزەکانی و ئەو هەموو گەنجەی کە بۆ ئازادی کوردستان و ئێران گیانی خۆیان بەخشیوە. بۆ من بۆتە هێز و وزەیەک کە توانیم ٢٢ ساڵ خۆڕاگرم.
●لەو ساڵانەدا بۆ نموونە لە خواردنی نێو زیندان بێزار نەبووی؟ بۆ ئێوە دژوار نەبووە؟
_ من ٩٩% خواردنی حکوومی دەخۆم. بۆ ئەوەش شەرمەزار نیم چونکە لە کۆمەڵگا و لە نێو زیندانیش خەڵکانێک هەن کە دۆخی ژیانیان زۆر لە هی من خرابترە.من بۆ ئەوە سپاس گوزارم.
● لەو ٢٢ ساڵەدا ئێوە چوار دەوڵەت( لە هاشمی رەفسەنجانییەوە بگرە تا دەگاتە خاتمی و ئەحمەدی نژاد)تان لە بەندیخانە ئەزموون کردوە،ئایا هەستان بە گۆرانکاری سیاسی لەو ماوەیەدا کردووە؟
_ کاتێک قۆلبەست کرام، سەردەمی رەفسەنجانی و لووتکەی زەخت و گوشارەکان بوو. لە زیندانی ورمێ هەموو حەوتوویەک بەبێ جیاوازی حوکمی لە سێدارەدان بەرێوە دەچوو. بەداخم لەوەی کە هێندێک کەس وابیر دەکەنەوە بناژۆخوازەکان و ریفۆرمخوازەکان پێکەوە جیاوازییان هەیە. لەوانەیە بناژۆ خوازەکان بە سەرکوت و توورەیی ببزوێنەوە بەڵام ریفۆرمخوازەکان زۆر لەوان خرابترن. ئەوان بە بزە و لۆکە سەر دەبڕن. ئەحمەدی نژاد و رۆحانی تەنیا بە مەبەستی مانەوەی حکوومەت هەن. لەو سالانەدا لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری هیچ گۆرانکارییەکم نەبینیوە.
دەزانن ؟ من موبایلم نییە، پێوەندییەکی واشم لەگەڵ دەرەوەدا نییە، بەڵام هەر ئەوەندەی لە تەلەفزیۆن دەلێن ، دەبینم کەهیچ گۆرانکارییەک لە دۆخی ژیانی خەڵک دا رووی نەداوە.
● لە نێو ئەو دەوڵەتانەی بینیوتن، دۆخی زیندان چ جیاوازی یاخود ئاڵ و گۆڕێکیان بەسەردا هاتووە؟
_ ناکرێ حاشا لەسەردەمی خاتمی بکرێ کە لەسێدارەدانی زیندانیان بە بەراوەرد لەگەڵ سەردەمی رەفسەنجانی زۆر کەمی کردبوو. لەسەردەمی خاتمی دا خواردنی بەندیخانەی ورمێ باشتر بوو، بێرێزی هێندێک لە مەئموورەکان بە زیندانیانی سیاسی کە ئێستاش دەبینین هەیە زۆر کەمی کردبوو ، لەوانەیە هۆکارەکەی ترس بووبێ. لە بیرمە کاتێک لە “اندرزگاە”ی شەشەم بووم مەئموورێکمان هەبوو کە جنێوی دایک و خوشکی بە زیندانییەکان دەدا.
● هیوادارن کە رۆژێک لە زیندان ئازاد ببن؟
بڕوانن، حوکمی من هەتاهەتاییە. لە ماوەی ئەو ٢٢ ساڵەدا ئەزموون نیشانی داوە بەر لەوەی لە بیری ئازاد بوونم دابم،پێویستە بیر لەوە بکەمەوە لە باری رۆحی و جەستەیی سڵامەت بم. هیوا بە ئازادی هەیە، خۆ ئەگەر نەبوایە ئەوا نەمدەتوانی ٢٢ ساڵ خۆ ڕابگرم. بەڵام کەسانێکیش هەبوون کە بە وەهمی ئازادییەوە زیندانیان کێشا و سەرئەنجامیش ماڵئاواییان لە ژیان کرد.
● مەبەستان لە وەهمی ئازادی چییە؟
_ ئەگەر نوێنەری ئیتلاعات بە منی گوتبا کە بەرێز نەزەری دەمانهەوێ ئازادت بکەین و دواتر من بە خەیاڵی ئازادییەوە خەوتبام، دوو ساڵێش دەوامم نەدەهێنا. دەشکام. ئەگەر رۆژێک بەڵایەک بەسەر من بێ بەو هۆکارەیە کە متمانەم بە کەسانێک کردووە کە ناخیان دڕۆزنە. لەو ماوەیەدا لەبەر چی دایکم مرد؟ بە روونی دەلێم هۆکاری مەرگی دایکم تەنیا ئەوانە بوون. پاش ٢٠ ساڵ دایکم چووبووە بەیتی رێبەری. پێیان گوتبوو کە خاتوون! کوری ئێوە دەبوایە تا ئێستا لە سێدارە درابایە.بە شوێن لێخۆشبوونەوە بۆ کورەکەت مەبە. دایکم پاش سێ مانگ ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد. کەواتە من هەرگیز لەو تەوەهومەدا ناژیم. هیوادارم ئازاد بکرێم خۆ ئەگەریش نەکرام چ کێشە نییە. بەهەرحاڵ من کارێم کردووە کە لە روانگەی خۆمەوە رەوا بووە. کارم بە سەر قسەی خەڵک و حکوومەتەوە نییە، چ کێشەیەکم لە گەڵ زیندانی کێشانەکەشم نییە. من راحەتم. کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی خۆم و خەڵکیتر وزە و هێز بە من دەبەخشێ.
● لەو ساڵانەدا و ئەگەر دەرفەتی گۆرانکاری دۆخی زیندانەکان هەبوایە، حەزتان دەکرد چ جۆرە ئیمکاناتێک فەراهەم ببوایە؟
_ ئەگەر من شتێک لەم حکوومەت داوا بکەم، خۆم و کەسایەتیم لە ماوەی ئەو ٢٢ ساڵەدا دەچووە ژێر پرسیارەوە.
مافی خەڵکی بدەن، زیاتر لەوە درۆ نەکەن و ئەو هەموو دزی و گەندەڵییەش ریشەکیش بکەن.
● ئێوە لە ئازەربایەجان دەستگیر کراون. بۆچی بۆ زیندانی رەجایی شار دوور خرانەوە؟
کەس نەیزانی. تەنانەت لە مەهاباد بە بنەماڵەکەمیان گوت کە لەسەرەوە بریار دراوە.لەم وڵاتەدا کەس وڵامدەر نییە.ئێمە ٩ کەس بۆ ئێرە دوورخراینەوە. دوو کەسیان لەم زیندانەدا کۆچیان کرد. چوار کەسیش حکومی لێبوردنیان وەرگرت و ئازاد کران.
● ئەو دووکەسە مەحکووم بە هەتاهەتایی کە لێرە کۆچی دواییان کرد، کێ بوون؟
_ یەکیان زاهیر مستەفەوی و ئەویتر محەممەد مەهدی زالیە بوو. هەردوو حەپسی ئەبەدی بوون و نزیک بە ٢٠ ساڵ حەپسیان کێشا. زاهیر لە دێموکراتی جیابووەوە بوو و زالیەش ئەندامی کۆمەڵە.
● لە ماوەی ئەو ساڵانەدا شایەتی لە سێدارەدانی زۆریەک لە زیندانیانی سیاسی بوون. لەسەر لەسێدارەدراوانێک قسەمان بۆ بکە کە پێوەندیەکی باسترتان لەگەڵ یەکتری هەبووە.
_ پێدەچێ پتر لە پەنجا زیندانی سیاسیم بینیبێ کە لە سێدارە دراون، کەسێک هەبوو بە ناوی ئەنوەر جەوانمەردی. تورکی سەقز بوو. ئەگەر خوایەک هەیە با خۆی قەزاوت بکات. زۆر گەنج بوو. داییم پێکەوە گاڵتەمان دەکرد. رۆژێک کە ویستیان لە سێدارەی بدەن جێگای شانازی بوو.ئەو جل و بەرگەی پۆشی کە بۆ ملاقات لەبەری دەکرد.بۆنی لە خۆ دا، نوقڵ و شکولاتی پەخش کردەوە و وتی کە ئەگەر چاک یان خرابتان لێم دیوە، بمبوورن. ئەو دیمەنەم هەرگیز لە یاد ناچێتەوە.
● لە ماوەی ئەو ساڵانەدا حوکمی بەخشین، ئازادی مەرجدار و مەرەخەسی بۆ ئێوە پەسەند نەکراوە. ئایا بنەماڵەی ئێوە بەدواداچوونیان بۆ ئەوە نەکردووە؟
_ من مانم لە خواردن گرت. لە لایەن دادستانی گشتی وڵاتەوە نامەیان بۆ مەهاباد رەوانەکرد. پەروەندەکەمیان نارد ، داوای بەخشین بکەن. ئەمانە هەموو تەکمیل بوون. ئیتلاعاتی بۆکان نارەزایی دەربڕی. ئێمە چونکە بنەماڵە شەهیدین، کەس و کارم بەدواداچوونیان بۆ کاری من نەکرد. بەڵام سەلمێندرا کە پەروەندە سازیان بۆ کردووم. مەئموور لە ئیتلاعاتی تارانەوە چوو. لە ئیتلاعاتی پارێزگاشەوە مەئموور چوو. پاش بەدواداچوون رەزامەندی لەسەر داوای لێخۆشبوونم درا. ئێستاش ٣ مانگە پەروەندەکەم چۆتە کومیسیۆنی لێخۆشبوونی تاران. نازانم قبووڵی دەکەن یان نا،دوو حەوتوو پێش یەکێک لە نوێنەرانی ئیتلاعات پاش ٢٢ ساڵ هات و پرسیاری کرد کە ئێوە لە ئەندامەتی حیزبی دێموکرات پەشیمانن ؟ وتم ئەگەر بڵێم پەشیمانم ئەو پەڕی نەزانییە. لەکۆتاییدا بە منی گوت کە زۆر بەداخە.
● پێتانوانییە کە سەردانی نوێنەری یتلاعات بۆ ئازادکردنی مەرجدار بووە؟
_ من پێموانییە کە ئەگەر ئیتلاعات من ئازاد بکا پێویستی بە پەشیمانی و تۆبەنامەی من نابێ. بەڵام من کارێکم نەکردووە کە پەشیمانی لێ دەرببڕم. نە دزیم کردووە، نە دەستدرێژی و نە هیچ شتێکیتر.
● ئایا چالاکی چەکداریتان کردووە؟
_ بە هیچ جۆرێک چالاکی چەکداریم نەبووە. من لایەنگرێکی سادەم. بۆ وەزیری ئیتلاعات و لاریجانیش هەر ئەو قسانەم نووسیوە. ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکردم پێمی دەگوت کە تۆ بنەماڵە شەهیدی، تورک زمانی، شیعەی، چیت بەسەر حیزبێکی کوردییەوە داوە؟ بەلام بۆ من تەنیا پەروەندە سازی کراوە.
● گەشبینی بەوەی کە رۆژێک کوردەکان و تورکەکان بە شێوەی فیدراڵی بەرێوەبەری خۆیان بکەن؟
_ من ٢٢ ساڵە لێرەم. تا ئێستا دوو جار سیاسەتی حیزب گۆردراوە. سەردەمێک خۆبەرێوەبەری، خودموختاری و فیدراڵیزم هاتە ئاراوە.کورد، تورک،بلووچ و عەرەب بەپێی یاسای بنەڕەتی پێویستە بە مافەکانیان بگەن. فەرق ناکات فیدراڵی بێ یان خودموختاری. حکوومەت بە پێی یاسا کار ناکات. بە پێی خاڵی ١٥ یاسای بنەڕەتی پێویست ناکات هەموو ئێرانییەکان بە فارسی قسە بکەن. ئایا تورکەکان، عەرەبەکان و بلووچەکان مرۆڤ نین. لە کاتی شەڕدا شەهید دەدەن. سەرانە دەدەن بەڵام کاتێک دەگاتە سەر مافەکانیان، دەبن بە وڵات فڕۆش و سیخور. کێشەی ئێمە لەگەڵ سیستمە. یاسایەکی باشمان هەیە ئەگەر کاری پێ بکرێ.
● دەگوتڕی لە ئەگەری خودموختاری دا، کەمایەتییەکانی تورک زمان لەگەڵ فارس زمان بە شەڕ دێن، ڕاتان لەو پێوەندییەدا چۆنە؟
_ تاوانباری سەرەکی هەموو ئەو پرسانە خودی حکوومەتە. شەڕی نەغەدەتان لە یاد ماوە؟ باعیسی سەرەکی ئەو شەڕە تەنیا حکوومەت بوو. سەرەتایی شۆڕش ناوچەی ئێمە لە دەستی دێموکرات و کۆمەڵە و پەیکاردا بوو. ئەمڕۆ لە ناوچەی میاندواو و بۆکان ناتوانی بڵێی کە کێ تورکە و کێ کوردە. تێکەڵ بەیەک بوون. پێکەوە ژن و ژنخوازییان هەیە. ئاستی تێگەیشتووی خەڵک گەشەی کردووە. من بڕوا ناکەم شەڕ ببێ. ئەمڕٶش هەرچی دووبەرەکیمان هەبێ بە قازانجی حکوومەتی ناوەندییە.
.